نەمانى متمانە بە هەڵبژاردن
Saturday, 21/04/2018, 1:24
لەدەستدانى متمانە بە گشتى و لە دەستدانى متمانەى ئابوورى و سیاسى بە شێوەیەکى تایبەتى هەر بە شێوەى سروشتى خۆى خێراتر لە دەست دەچێت بەڵام بۆ بە دەستهێنانەوەى کاتێکى زیاترى پێویستە . خەڵکى عیراق و کوردستان بەتایبەت کە متمانەى بە پارتە سیاسیەکان و کەسایەتیە سیاسیەکان و دەسەڵاتى سیاسى و حکومەت نامێنێت بێ هۆ نیە ، لەبەر ئەوەى خەڵکى بۆى ڕوون بوەتەوە کە پارتە سیاسیەکان و کەسایاتى و بەرپرسى سیاسى ئەوەندەى کۆشش و هەوڵدەدەن بۆ بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان ئەوەندە بۆ بەرژەوەندى گشتى خەڵکى بەشمەینەتى و زوڵم لێ کراو هەوڵ نادەن .
خەڵکى بەردەوام لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەى ڕێگا چارەیەک بۆ چارەسەرى کێشەى سیاسى و ئابوورى ناو کۆمەڵگا کە بووەتە هۆى قوربانیدان و ماڵویرانى و ئاوارە بوون لە پێناو ئەوەى دادگەرى بەرپابێت و مافى هەمووان ڕەچاو بکرێت . کە بە ناو سیاسیەکان دەگەنە شوێنى مەبەستى خۆیان هەمیشە لە خەمى ئەوەدان چۆن ڕێگاو هۆکارانە بۆ قازانج و بەرژەوەندیى خۆیان و گرووپ و لایەنگرانیان ئاراستە بکەن ، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیى گشتى . هەر لەبەر ئەوەیە خەڵکى تا ڕادەیەکى زۆر متمانەیان بە پارتە سیاسیەکان نەماوە و باوەڕیشیان بە دەنگدان نەماوە و دەڵێن دەنگ نادەین و هەمیشە بوین بە پرد بۆ گواستنەوەى کەسە سیاسیەکان بۆ پەرلەمان و دەستەڵات تەنها بۆ بەرژەوەندى و گیرفانى خۆیان دەڕۆنە پەرلەمان ، نەک بۆ خۆشگوزەرانى و بەرژەوەندى گشتى . هێزو پارتە سیاسیەکان لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا گاڵتە بە هەستی خەڵک دەکەن ، دەبینن کاتێک چۆن بەڵێن بە خەڵکى دەدەن و پاشان لێى پەشیمان دەبنەوەو هیچ ئەنجامێکى نابینن ئیدى چۆن متمانەیان بە دەسەڵاتى سیاسى دەمێنێت .
لە سیاسەتدا ئەگەر ڕەوشت (ئەخلاق) وەک پێویست نەبوو ئیتر دەسەڵاتداران بە ئارەزوى خۆیان بەڵێن دەدەن و جێبەجێى ناکەن ، خەڵکى دەزانن کە هیچ بنەمایەکى سیاسى لەم پارتە سیاسیانەدا نیە ، چونکە سیاسەت تەنها بۆ خزمەت کردنى خەڵکى و نیشتیمانەکەیەتى کە بتوانێت لە نیشتیمانى گەلانى کە بەهیزتربێت و خەڵکەکەى لە خوشگوزەرانى کەمیان نەبێت . بەڵام لە کوردستان و عیراق خۆیان هەڵواسیوە بە تیوەرى سیاسى و ئابوورى تەنها بۆ پێگەى هێزى ئابوورى و سیاسى و سەربازى خۆیان وە سامانى نیشتیمان بۆ خویان بە تاڵان دەبەن . خەڵک کە سەرچاوەى پێگەیاندنى پارتە سیاسیەکان و کەسە سیاسیەکانە وە هەمیشە بونەتە پرد بۆ ئەوەى گۆڕانکارى لە بەڕیوەبەردنى حکومەتدا بکەن ، بەڵام بە پێچەوانەوە خەڵکى برسى دەکرێت و بێکار دەبێت و خزمەتگوزاریە سەرەتایە کانیشى لێ پەراوێز دەکرێت ، بارى دەروونى خەڵکى تێکچووە بەهۆى ئەم کێشە سیاسى و ئابوورى و سەربازیانە کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات ، وە نەبوونى خەمخۆرێکى دڵسۆز بۆ خەڵک و نیشتیمانەکەیان .
پارتە سیاسیەکان و پارتە دەسەڵاتدارەکان کە بونەتە هۆى لاوازى پێگەى کورد لە بەغدادیش ڕۆژ لە دواى ڕۆژ پەیوەندى نیوان هەریم و بەغداد لاواز دەبێت و کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن . خەڵکى پێیان سەیرە کە سەر لە نوێ داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت کە متمانەیان پێ بکەنەوە بۆ سەر سندوقەکانى دەنگدان کە بەڵێن و پەیمان دەدەن و دووبارەو سەدبارەى دەکەنەوە بەبێ هێنانەدى بەڵێن و پەیمانەکانیان . ئەگەر ئەم هەڵبژاردنەى پەرلەمانى عیراق ڕێژەیەک متمانە بە پارتە سیاسیەکان بکەنەوە پێویستە دەسەڵاتى سیاسى بایەخ و گرنگى تەواو بدات بە سەرمایەى کۆمەڵایەتى وەک سەرمایە جۆراوجۆرەکانى ترى حکومەت وە خوشگوزەرانى . بۆ ئەوەى ڕووى بێت بۆ هەڵبژاردنێکى تر بتوانێ داواى دەنگیان لێبکات و ببێتەوە جێى متمانە و گرنگى پێدانیان . ئەگەر بەڵێن و داواکاریەکانى هاوڵاتیان جێ بەجێ نەکرێت ، ئەوا هەڵبژاردنێکى کە لە پێشەوەیە بۆ پەرلەمانى کوردستان وە سەر لە نوێ داوا لە هاوڵاتیان و دەنگدەران دەکەنەوە بۆ متمانە پێدانەوەیان ، ئەو ڕێژە کەمەى هاوڵاتیانیش بێ ئەمەل دەبن لە متمانە دانەوە بە پارتە سیاسیەکان و هاوڵاتیان باوەڕیان بە هەلبژاردن نامێنێت جونکە هەڵبژاردن هیچ خواستێکى هاوڵاتیان دەستەبەر ناکات.
-----------------------------
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست