پەیامی نەورۆز
Saturday, 21/03/2015, 12:00
پەیامی نەورۆزی سکرتێری گشتی یەکێتیمان
هاورێ سمکۆ یەزدانپەنا
هاونیشتمانیانی خۆراگر
کچان و کوڕانی نەتەوە خواز
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
ئەگەر چی نوێ بوونەوەی ساڵ و هاتنەوەی هەر سەری ساڵێک بۆ هەر گەل و نەتەوەیەک جەژن و ئاهەنگ و خۆشی پێیە ، بەڵام مخابن بۆ ئێمەی کوردی وڵات داگیر کراوی بی دەوڵەت ، بەردەوام لەم سەد ساڵەی رابردوودا هەر کولانەوەی برینە کۆنەکان و زامی نوێ هەڵگرتنە .
دیارە ئەمەش لای هەر کوردێکی ژیر ئاشکرایە کە ئەم هەموو زامە ، باجی بێ دەوڵەتییە کە دەبێ بیدەین.
هەر چەندە هەر ئێستا بە درێژایی سەدان کیلۆمیتر لاوانی کورد لە شەرێکی نەخوازراو دان و ئەم نەورۆزەشمان وەک دەیان نەورۆزی پێشووتر بە خوێنی کچان و کوڕانی نەتەوەکەمان سوورە ،
بەڵام ، هەر ئەوەی کە بەرە بەرە سنورە دەستکردەکانی کوردستانی مەزن بەرەو هەڵوەشاندنەوەیەو پێشمەرگە و شەروان و شۆڕشگێڕانی نەتەوەیی پێکەوە لە یەک سەنگەردا بۆ دوا رۆژی ئەم گەلە بەرەنگاری دوژمنانی کۆن و نوێ دەبنەوە ، نەورۆزەکەمان رەنگین دەکات و هیوای دوارۆژێکی گەش دەبخشێت.
کوردستانیانی خۆنەویست بە گشتی و کوردانی رۆژهەڵات بە تایبەتی ، بە ناوی سەرکردایەتی حزبەکەم و سەرجەم کچان و کوڕانی گیان لەسەر دەستی ناو ریزەکانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان ، هاوکات لە گەڵ ئاراستە کردنی پیرۆزبایی گەرم بە بۆنەی جەژنی نەتەوەییمان '' نەورۆز '' ، لە هەمان کاتیشدا داواکارم لە لاوانی خۆنەویست و نەتەوە خوازی رۆژهەڵاتی نیشتمانەکەم کە لەم رۆژە تەنگانەیەدا کە بەرۆکی باشوور و رۆژئاوای کوردستانی گرتووە ، بە هەڵگرتنی چەک و هاتنەناو بەرەکانی بەرەنگار بوونەوەی دژمنانی نەتەوەکەمان چ لە رۆژئاوای کوردستان و چ لە باشووری کوردستان ، کە هەر ئێستا پێشمەرگە گیان لە سەر دەستەکانی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان خۆنەویستانە لە هەردوو بەرەکەدا چالاکانە بەشدارن ، ئەرکی ئەخلاقی و نەتەوەیی خۆتان بە جێ بگەیەنن .
من هەر لەم پەیامە کورتەدا ، بەڵێنیتان پێدەدەم کە نەورۆزی ئەمساڵ تا نەورۆزی ساڵی داهاتوو ، سنوورە دەستکردەکانی دەستی زلهێزانی جیهانی و داگیر کەرانی کوردستان هەڵدەوەشێتەوەو بە هیمەتی هەموو لایەک هێزە داگیر کەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی رادەماڵین .
لە کۆتاییدا
هەزاران سڵاو لە رۆحی بەرزە فری شەهیدانی رزگاری کوردستان بە گشتی و شەهیدی نوێمان کاک سیاوەش مورادیان کە بە خوێنی خۆی یەکێتی نەتەوەیی پتوتر کرد .
بژی کورد
پایدار بیت کوردستان
سمکۆ یەزدانپەنا
سکرتێری گشتی
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
21 / 3 / 2015
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست