کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


راگەیاندراوی کومیتەی ناوەندی بە بۆنەی23هەمین ساڵۆەگەری دامەزراندنی یەکێتی شۆرشگێڕانی کوردستان

Tuesday, 20/05/2014, 12:00



هاونیشتمانانی خۆراگر
لاوانی ناسیۆنالیست
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
زیندانیانی سیاسی خۆراگر
لە 23هەمین ساڵۆەگەری دامەزراندنی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان ، کە بێ پسانەوە بەردەوام پێداگر بووە لە پێناو مافی دیاری کردنی چارەنووس و دەستەبەر کردنی ئاواتی لە مێژینەی نەتەوەکەمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردی، گەرمترین پیرۆزبایی سەرکردایەتی یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان ئاراستەی سەرجەم کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان دەکەین. 

کومیتەی ناوەندی یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان بەم بۆنەیەوە، وێرای ئەوەی کە سڵاو و رێزی خۆی ئاراستەی سەرجەم کادر و ئەندام و پێشمەرگە قارەمانەکانی ناوریزەکانی یەکێتیمان دەکات، هاوکات سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری و سەربەخۆیی نەتەوەکەمان بەگشتی و دامەزرێنەری یەکەم رەوتی سەربەخۆیخوازی نەتەوەکەمان لە سێ دەیەی رابردوودا و،سەرکردەی هەمیشە زیندووی یەکێتیمان، هاوڕێی شەهیدمان '' کاک سەعیدیەزدانپەنا دادەنەوێنین. 

دوای تێپەڕبوونی 23 ساڵ خەبات و خۆراگری یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان کە لە 30ی گوڵانی ساڵی 1991 لە هەلومەرجێکی تایبەت بۆ بەرەنگار بوونەوەی داگیرکەری نیشتمانەکەمان واتە کۆماری ئیسلامی وسەرجەم پان ئێرانیستەکان، وەک پێویستییەکی مێژووی و لە سەر بنەمای رزگاری نەتەوەیی وداکۆکی کردن لە مافەکانی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە رێبەری شەهیدی سەرکردەهاوڕێ '' سەعیدیەزدانپەنا'' و هاوبیرەکانی هاتە دامەزراندن، بە شانازییەوە و بە بێ دوودڵی و هیچ لە خۆبایی بوونێک هاتنی حیزبێکی سەردەمیانە و ناسیۆنالیست و هەبوونی رێبەرێکی بیرمەند و گەنج هاوکێشە سیاسییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵوگۆڕی جیددی بە سەرداهات و پەتای بێ باوەڕی بە خۆ و بە نیشتمان و بە ئیرادەی نەتەوەیەکی کۆڵنەدەر کۆتایی پێهات و ، وەرچەرخانێکی قوڵ لە ئەدەبیاتی سیاسی حیزبیدا سەری هەڵدا و ئیتر سامی باسکردن لە ناسیۆنالیزمی سیاسی شکا و خەبات لەو پێناوەدا رێچەکەی خۆی گرتەبەر. 

هەرچەند کە بەداخەوە دامەزرێنەری یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان هەر لە دەسپێکی خەباتەکەیەوە کەوتە بەر پەلاماری تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران و توانیان لە پاش 4 مانگ دوای دامەزراندنی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، رێبەری بیرمەنی یەکێتیمان سەرکردە'' سەعیدیەزدانپەنا'' تێرۆربکەن، دیارە بەمەش خەسارێکی گەورە و قەرەبوونەکراوی حیزبی و نەتەوەییمان لێکەوت، بەڵام بەرحەق بوونی رێبازە پڕلە سەروەرییەکەی هاوڕێ''کاک سەعید'' و خۆراگری رێبەرایەتی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، زۆرزوو توانرا یەکێتیمان ریزەکانی خۆی رێک بخات و رۆژلە داوی رۆژ کاروانی خەبات پتەوتر و بە گوڕتر بکات ،لاوانی نەتەوەخواز و ئەوانەی کە بۆ گەڕانەوەی سەروەری نەتەوەیی بە سروودی'' یان کوردستان یان نەمان'' مەرگیان دەستەمۆکرد و چۆکیان پێ داهێنا کاروانی خەباتیان تا ئەمرۆ هێناوە.

بەسەرنجدان بە رابردووی پڕ لە شانازی یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان و تێپەڕاندنی زۆرکەند و کۆسپ و پوچەڵکردنەوەی پیلانی دووژمنان و ناحەزانی نەتەوەیی مان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کومیتەی ناوەندی یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان لە دوای 23 ساڵ خەبات و قوربانیدان، بە ئیرادەیەکی بەهێزترلەجاران و بە لێکدانەوەی سەردەمیانەی رووداوەکانی ناوچەکە و جیهان، دەخوازێت چارەسەری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکاتە پلاتفۆرمی نوێی خۆی و لە بواری سیاسیشدا دوابەدوای بڕینی زۆر قۆناغی تفت و تاڵ بە بێ دابڕان لە رای جەماوەر و بیرمەندان و لاوانی شۆڕشگێڕ و ناسیۆنالیست، درێژە بە خەباتی نەتەوەیی و رزگاریخوازانەی خۆبدات. 

هەرلەم پەیوەندییەدا کومیتەی ناوەندی یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان لە 23 هەمین ساڵۆەگەری دامەزراندنی خۆی لە چەند خاڵێکدا رای خۆی و بانگەوازی هەمیشەیی خۆی دووبارە دەکاتەوە و هیواداریشین سەرجەم حیزب و رێکخراوە سیاسییەخاوەن هەڵوێستەکان بە دەم بانگەوازەکەمانەوە بێن.

1- بەسەرنجدان بە هەلومەرجی ئێستای کوردستان وئێران و جیهان و هەستیاربوونی قۆنا‌غەکە داواکارین بە بێ هێنانەوەی هیچ بیانوویەک سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو دامەزراندنی بەرەی کوردستانی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بە وتووێژ بکەن.

2 - داواکارین لە ئیستادا هەر چەشنە گلەیی وگازەندەیەک لە یەکتری وەلابنێن و ئەو حیزب و رێکخراوانەی دووچاری ئینشعاب هاتوون لە جیاتی سیاسەتی ئینکار با لە گەڵ یەک دانوستان بکەن و کێشەکان بە ئەخلاقی سەردەمیانە و سنگ فراوانیەوە چارەسەر بکەن کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا رێگا خۆشکەر دەبێت بۆ وەدی هێنانی بەرەی کوردستانی. 

3- باهەموومان داکۆکی کار بین لە پێناو بەرژەوەندییەباڵاکانی نەتەوەکەمان و لەهاوپەیمانی هەلپەرستانە و دژ بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەمان خۆ ببوێرین. 

4 - لە سەردەمی ئیستادا کە کۆماری ئیسلامی دووچاری چەندین قەیرانی لە بنەهاتووی ناوخۆیی و دەرەکی هاتووە، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەلی رەخساو بقوزنەوە و گۆرانکاری لە شێوازی خەباتی خۆیاندا پێکبێنن، یەکێتی شۆرشگێڕانی کوردستان بە لەبەر چاوگرتنی باروودۆخی سیاسی ناوچەکە بە تایبەت و گوڕانکارییەکان جیهان بە گشتی هەر چەشنە خەباتێک لەوانە خەباتی چەکداری لە پێناو پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی و سەر لە نوێ تیکەڵاوبوونەوە بە شەقامی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رەواو ئەرکی خۆی دەزانێت وبەجیددیش هەنگاوی بۆ هەڵدەگرێت. 

لەکۆتایدا بە ناوی کومیتەی ناوەندی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان پیرۆزبایی دەسپێکی 24هەمین ساڵی خەباتی یەکێتیمان ئاراستەی سەرجەم کادر و ئەندام و پیشمەرگە و لایەنگر و کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکەین. 

بژی کورد
پایەدار بێت کوردستان 

کومیتەی ناوەندی
یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
30 گوڵانی2714ی کوردی
20 مای ٢٠١٤زایینی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە