کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەڵامی (بەرەی خەڵک) بۆ ڕوونکردنەوە"کەی قایمقامییەتی قەزای پشدەر

Wednesday, 16/08/2017, 11:19


سەبارەت بە "ڕاپێچکردن"ی کاک (سامان محەمەد) ی ئەندامی کارای "بەرەی خەڵک" لە قەڵادزێ بۆ بەردەم دادوەر، بەم چەند خاڵە وەڵامی ڕوونکردنەوەکەیان دەدەینەوە:
١- چەندبارە کردنەوەی ناوهێنانی (کاک سامان) وەک کوڕە شەهیدێک، مامەڵەکردنە بە خوێنی باوکی کاک سامان و داماڵینی خاوەندارێتی کوڕێکە لە شکۆی شەهیدیی و خەباتی باوکی. ئەو خەباتەی باوکی کاک سامان و شەهیدانی کوردستان، خیانەتی بەردەوامی لێدەکرێ و کراوەتە کاڵای بازرگانی حزبەکان و شەرعییەت پێدانی دەسەڵاتە بێزراوەکەیان.  
٢- لە سایەی دەسەڵاتی تاڵاندا (کە دزەکان و تاوانباران) بێ ترسی لێپێچینەوە دەسوڕێنەوە و پۆست و پلەی حزبی و حکومییان بۆ فەراهەمە، بۆ ئەوان یاسا و دادگا و بڕیارەکان " پووچن و بەها و هێزیان بەتاڵە". وە ڕاپێچکردنی کەسێک لەسەر گوتە و پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گاڵتەجارێ و لێدانە لەو کووچە تەسکەی ئازادی.
٣- بردنی کەسێک بۆ دادگا لەسەر داوای یاسایی قایمقامییەت و لە لایەن ئاسایشەوە بۆ ئامۆژگاریی کردنە یان دادگایی و تەمێکردن و سزادان! وە ئەگەر بۆ ئامۆژگاریی بووە، بۆچی بە کەفالەتی ١ ملیۆن دینار ئازادکراوە؟! 
٤- قایمقام لەژێر فشاری ئێمە و تێکڕای ئازادیخوازاندا ناچاری تەلەفۆنکردن بووە بۆ دادوەر "ئەگەر کردبێتی!". وە سەبارەت بە هۆشیاری یاسایی، ئەوە ئێوەن یاساکان بە باڵای خۆتان و دەسەڵاتەکەتاندا دەدوورن و یاسا لەبری پاراستنی هاوڵاتی بووەتە ئامڕازی سزا و تۆقاندن و گێچەڵپێکردنی کەسانی ڕەخنەگر.
لە کۆتاییدا هەموو ئەو دامودەزگایانەی دەسەڵاتی ئابڕووتکاوی ٢٦ساڵی چەوسانەوە و تاڵانکردنی نیشتمان، ئاگادار دەکەین کە دەستگیرکردن و گێچەڵپێکردنی ئەندامانی (بەرەی خەڵک) قابیلی قەبووڵ نییە و یاریکردنە بە ئاگری تووڕەیی خەڵک، چونکە ئێمە گۆڕانەکەی جەنابتان نین (ملازم فەرامۆش)ەکان فەرامۆش بکەین و ڕێ بە دەسەڵاتی ملهووڕ بدەین لە کوچی زیندانیان بخەن.
لێرەشەوە بە قایمقامی قەڵادزێ (بەکر باییز) ڕادەگەێنین، گەر تۆزێقاڵێک مۆراڵی سیاسی و ئیداری هەبووایە، دوای دەرکردنی وەزیرەکانیان و داخستنی پەرلەمان، دەبوایە ئەو پۆستەی جێبهێشتایە، نەک بۆ سزادانی خەڵکی ناڕازی مابایەتەوە. 
لێرەشەوە وەک (بەرەی خەڵک) سوپاسی هەڵوێستی ئەرێنی دادوەر "عومەر" دەکەین لە یەکلاییکردنەوەی کەیسەکەی (کاک سامان).
بەرەی خەڵک 
١٦ی ٨
٢٠١٧

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە