زمانى زبر لە ئایەتەکانى قورئاندا
Saturday, 28/01/2017, 19:37
گەر لە ئایدیاو بیرۆک و میتۆدى بەهرەمەندە مێژوویەکانى جیهان ووردبینەوە،کەم تا زۆر،وەک سوکایەتى و بۆ هێنانە خوارەوەى ڕێز و بەهاى کۆمەڵایەتى و کەسایەتى بەرامبەر،زمانى زبر،زمانى بازاڕى،بەکار هێنراوە.
ئەگەر چى ئاستى زمانەکە لە کات و شوێنى جۆراوجۆردا،لە ئاست شێوەى جیا جیاو بە شێوازى تایبەت و گشتى بەکارهێنراوەو هێورکردنەوەیەکى دەروونى بە بەکارهێنەرەکەى بەخشیوە،بەڵام جێى سەرسوڕمانە کە ئەم شێوە ئاخاوتنە کە بەم جۆرە زبر و بازاڕییە دەردەبڕێت، بێژەرەکەى خوداى ئیسلام بێت و وەک هەموو وشەیەکى دیکە چووبێتە ناواخنى ئایەتەکانى قورئانەوە.
یەکێک لەو بابەتانەى کە تا ئێستا بەڕادەیەکى باش گرنگى پێ نەدراوە ،زۆر بە کەمى دەستى بۆ براوە،بەکارهێنانى کۆمەڵێک ووشەى بازاڕییە لە دەقەکانى قورئاندا،کە خوداى ئیسلام وەک ئامڕازێک بۆ سوکایەتى لەبەرامبەر نەیارانیدا بەکارى هێناوە...
لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەو جۆرە زمانە زبرە یاخوود باشتر بڵێین بە کەم و سوک تەماشاکردنى خودا،بۆ نەیارانى لە چەند خاڵێکدا دیارى بکەم و ماناو لێکدانەوەکانیشى بەو سەرچاوانە شیبکەمەوە کە لەلایەن زانایانى ئیسلامەوە جێى متمانەو باوەڕن.
ئایەتى یەکەم:
(مثل الذين حملوا التوراة ثم لم يحملوها كمثل الحمار يحمل أسفارا بئس مثل القوم الذين كذبوا بآيات الله لا يهدي القوم الظالمين)
بۆ نمونە: ئەو کەسانەى تەوراتیان کردە بەرنامەى خۆیان و دواتر پەیڕەویان لێ نەکرد،ئەقڵیان وەک ئەقڵى ئەو گوێ درێژە وایە کە بارێک کتێبى هەڵگرتبێت،ئەمەش نمونەیەکى نالەبارە بۆ ئەوانەى کە بەڵگەکانمان بە درۆ ئەخەنەوە،خوداش هیدایەتى ستەمکاران نادات..
یان دەڵێت:
(فما لهم عن التذكرة معرضين (49) كأنهم حمر مستفرة(50)فرت من قسورة)
واتە: باشە ئەوە بۆچى لە یادکردنەوە پشت هەڵدەکەن و ڕوو وەردەگێڕن ،دەڵێى گەلە گوێ درێژى کێوین و دەسڵەمێنەوە لە ترسى شێر هەڵهاتوون.
لەم سێ ئایەتەدا زۆر بە ئاشکرا ئەوانەى کە گوێ لە قورئان ناگرن ،دەیان چوێنێت بە گوێ درێژ،ئەمەیە پێشێلکردنى ئەوپەڕى مافى قبوڵ نەکردن و جوێندان بە نەیارەکانى.
ئایەتى دووەم:
(ولقد درانا لجهنم كثيرا من الجن والانس لهم قلوب لا يفقهون بها ولهم أعين لا يبصرون بها ولهم آذان لا يسمعون بها أولئك كالانعام بل هم أضل أولئك هم الغافلون)
بێگومان ئێمە زۆرێک لە پەرى و ئادەمیزادمان بۆ دۆزەخ دروستکردووە،ئەوانە دڵیان هەیەو بەو دڵە لە ڕاستى تێناگەن،چاویان هەیەو حەقى پێ نابینن،گوێیان هەیەو حەقى پێ نابیستن،ئەوانە وەک ئاژەڵن بگرە خراپتریشن،هەمیشە بێئاگان لە حەق.
هەروەها (ابن کسیر) بۆچونى وایە،کە لێرەدا مەبەستى ئەوەیە،ئەوانەى هەستەکانیان بەکارناهێنن و سودیان پێ ناگەیەنێت،وەک ئاژەڵن،کە حەق نابیستن و نابینن و تێى ناگەن.
لەم ئایەتەدا دەکەوێتە بەکارهێنانى زمانى زبر،بۆ نەیارانى و بە کوێر و کەڕ و دڵێکى بێ هۆشیان لە قەڵەم ئەدات،پێیان دەڵێت وەکو ئاژەڵن بگرە لە ئاژەڵیش خراپترن،لەم کاتەدا سوککردن و کەمکردنەوەیان،تا ئاستى ئاژەڵیشى پێ کەمەو دەڵێت بگرە لە ئاژەڵیش خراپترن.
لێرەدا سنورى سوکایەتیکردنى قورئان نەک هەر ئینسانە نەیارەکانى بە ئاژەڵ سەیر دەکات،بگرە دەگاتە سوککردنى نەیاران بە جنۆکەکانیشەوە.
یان دەڵێت:
(أم تحسب أن أكثرهم يسمعون أو يعقلون إن هم إلا كالانعام بل هم أضل سبيلا)
واتە:ئایا وا دەزانیت زۆربەى ئەوانەى ڕاستییەکان دەبیستن،یان بیرو هۆشیان دەخەنە کار؟ ئەوانە ماڵات نەبێت (ئاژەڵ)هیچى تر نین،بەڵکو گومراتریشن لە ماڵات.
لێرەدا دەکەوێتەوە سوککردنى نەیارەکانى و بەو کەسانەى کە جگە لە قورئان ئاینێکى تر هەڵدەبژێرن و دواى ئارەزووى خۆیان دەکەون،پێیان دەڵێت: ئەوانە هیچ شتێک نین جگە لە ئاژەڵ نەبێت،کە بە ئاداتى (إستثناء) بەکارى دەهێنێت (الا) کە ئەم ئاداتە لە زمانى عەرەبیدا بۆ جیاکردنەوەیە.
واتە ئەوانە تەنهاو تەنها ئاژەڵن و لە مرۆڤایەتى بەدەرن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست