ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و به‌ر کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر وه‌ک بنکه‌ی هونه‌ر و که‌لتووریی کوردستان که به‌م دوواییه له به‌ریتانیا دامه‌زرا، له ڕێگه‌ی (نه‌جات خان)ه‌وه سه‌ردانی مێژوونووسی کورد به‌ڕێز(دکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر)مان کرد. (نه‌جات خان) خوشکی د. که‌ماله، من به‌ش به‌حاڵی خۆم زۆر شادمان بووم له نزیکه‌وه دکتۆر که‌مال ببینم و بیناسم،هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و زۆر به‌خێرایی له‌لایه‌ن میوانه‌کانییه‌وه کۆمه‌ڵێ پرسیاری لێ‌کرا، ئه‌ویش به هێمنیی و له‌سه‌ر ڕاهاتنی پێشینه‌ی خۆی یه‌که به یه‌که وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی ده‌دانه‌وه، زۆر به ووردیی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ قسه‌کانی خۆیدا ده‌کرد، ئیتر منیش بووارم بۆ ڕه‌خسا و داوام لێکرد، ئه‌گه‌ر کاتی هه‌بێت بتوانیم دیمانه‌یه‌کی له‌گه‌ڵدا ساز بده‌م، ئه‌ویش به‌خۆشحاڵییه‌وه ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دا و ڕۆژ و کاتمان دیاری کرد. شایانی باسه هه‌ردوو هاوڕێم (کاک ئامانج کاملی شێوه‌کار) و (کاک برایمی مه‌لازاده‌ی نووسه‌ر) له‌و چاوپێکه‌وتن و دیداره‌دا له‌گه‌ڵمدا بوون.
من ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌م له‌به‌ر سێ هۆی جیاواز کرد، له خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی گفتوگۆکانماندا،خوێنه‌ر ده‌توانێت هۆکاره‌کان بناسێته‌وه، ئه‌ویش:
1- کۆمه‌ڵه ڕه‌خنه‌یه‌ک که له‌لایه‌ن نووسه‌رانه‌وه ئاراسته‌ی کرابوو، منیش پاش لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون کردوومن به پرسیار.
2- بێجگه له‌وه‌ی که دکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر مێژوونووسه، له هه‌مان کاتدا مێژوویه‌کیشی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه.
3- ئه‌و چاوپێکه‌وتنه کاڵوکرچه‌ی، که ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، که به‌بێ گوێدانه ڕاوبۆچوونه‌کانی د. که‌مال خۆی، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات به‌ئاره‌زووی خۆی ووشه‌کانی ڕیز کردووه.
-----------------------------------------
پرسیار: هه‌ندێ سه‌رچاوه ده‌ست بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشن، که له سه‌رده‌میی مه‌لیکی عێراقدا، عه‌ره‌ب هاتۆته ده‌شتی حه‌ویجه له که‌رکوک، که‌چی ئه‌و هاتنه بوو به سه‌ره‌تای ته‌عریبی ئه‌و شاره، ئه‌مه‌ش به‌ئاشکرا له سه‌رده‌می مه‌لیکی عێراقدا ده‌رکه‌وت. ئایا ئه‌مه ڕاسته، له لایه‌کی تره‌وه به‌ڕێزتان له‌و چاوپێکه‌وتنه‌ی له‌مه‌ڕ خه‌باتددا که له‌گه‌ڵتاندا کراوه، ووتووتانه سه‌رده‌می پادشایه‌تی ئه‌وه‌نده تووندڕه‌و نه‌بوون؟ که‌چی هاتنی عه‌ره‌ب بۆ ده‌شتیی حه‌ویجه هه‌ر له سه‌رده‌میی پادشایه‌تیدا بوو؟
(تێبینیی کوردستانپۆست: به هه‌ڵه ناوی شێخ مه‌حمود له‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌دا هاتبوو، پرسیاره‌که ڕاست کرایه‌وه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا حه‌ویجه و که‌رکووک به ده‌ست حکومه‌ت و مه‌لیکی عێراقه‌وه بووه، نه‌ک مه‌لیکی کوردستان. پێشتر شێخ مه‌حمود مه‌لیکی کوردستان بووه، واتا ده‌سه‌ڵاتی له ناوچه‌ی سلێمانییدا هه‌بووه، له‌و سه‌رده‌مه‌شدا که عه‌ره‌ب هاتوونه‌ته حه‌ویجه، شێخ مه‌حمود، ده‌سه‌ڵاتی وه‌ک مه‌لیکی کوردستان نه‌مابوو، به‌ڵکو له خوارووی عێراق ده‌ست به‌سه‌ر بووه)
وه‌ڵام: قسه‌کانی تۆ ئاو زۆر ده‌کێشێ، پێویسته ئه‌م بابه‌ته له زۆر لایه‌نی مێژووییه‌وه شیبکرێته‌وه و یه‌که به یه‌که‌ی ڕووداوه‌کان شیبکرێته‌وه، تا بگه‌ینه ئه‌نجامێکی ڕاست و به‌سوود. من به‌ته‌واوه‌تی ئاگاداریی ئه‌م ڕووداوه‌م و کتێبی که‌رکوکیشم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نووسیوه و بۆچوونی منیشی تێدایه که خوێنه‌ر ده‌توانێت ئه‌وه به‌دی بکات، که بۆچوونم له چ ڕوویه‌که‌وه‌یه، به‌ر له‌وه‌ی که مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ جڵه‌وی عێراق بگرێته‌ده‌ست،یان به‌ر له‌وه‌ش که مه‌لیک مه‌حموود ببێته مه‌لیکی کوردستان به سه‌دان ساڵ من باسی ئه‌وه‌م کردووه له سه‌ر بنچینه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی باوه‌ڕپێکراو و قسه‌ی گه‌شتیاره‌کان و ده‌یان نه‌خشه‌ی مێژوویی له شێوه‌ی ئه‌و نه‌خشانه‌ی که تۆ بۆت هێنام (شایانی باسه من له‌لای خۆمه‌وه دوو نه‌خشه‌ی مێژوویی سه‌باره‌ت به کوردستان وه‌ک دیاری پێشکه‌ش به د. که‌مال کرد)، هه‌موو باس له‌وه ده‌که‌ن و ده‌یسه‌لمێنن، که هیچ هۆزێکی عه‌ره‌بی له ناوچه‌ی که‌رکوکدا نه‌بووه، به‌ر له‌وه‌ش له دێر زه‌مانه‌وه باپیرانی کورد له‌م دیووی ڕووباری دیجله‌وه ژیاون، له‌به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و ڕووباره‌دا هه‌مووی کورد بوون، هه‌رچی سامییه‌کانن له‌وبه‌ری ڕووباره‌که‌وه بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕووباره‌یان ناو ناوه خه‌تی جیاکردنه‌وه‌ی ئێمه یان خه‌تی پاراستنی ئێمه، واتا سنووریان ئه‌وێ بووه له‌به‌ر ئه‌وه عه‌ره‌ب به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌م به‌ری ڕووباری دیجله‌وه نه‌بوون و نه‌ژیاون و ئه‌وێش ووڵاتی کوردان بووه، ئیتر پاش ئه‌وه‌ی که ووڵاته‌که به‌ره‌و پێش ده‌ڕوات و تێکه‌ڵی بازاڕی سه‌رمایه‌داریی ده‌بێت، هه‌ندێ له هۆزه عه‌ره‌به‌کان به‌ره‌و کوردستان هاتوون، ئه‌وانه‌ش هاتنیان په‌یوه‌ندی ته‌نها به له‌وه‌ڕگاوه هه‌بووه و هیچ هۆزێکی عه‌ره‌ب له‌و جێگایانه‌دا نیشته‌جێ نه‌بوون، هیچ دۆکۆمۆنتێک له‌به‌رده‌ستدا نییه، که باس له نیشته‌جێ بوونی پێش وه‌ختی ئه‌وانه بکات له‌م خاکه‌دا، هه‌موویان بۆ له‌وه‌ڕگا هاتوون و پاشان گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ته‌نها له ناوه‌ندی سییه‌کاندا که پرۆژه‌ی حه‌ویجه درووست کرا، ئه‌ویش ده‌بوو ئه‌و پرۆژه‌یه که درووست کرا دابه‌ش بکرێت به‌سه‌ر هۆزه کوردییه‌کاندا، چونکه ئه‌وان زیاتر پێویستییان به‌و زه‌وی و زاره‌نه هه‌بوو، تا به‌ته‌واوه‌تیش نیشته‌جێ ببن. هه‌ندێکیان نیمچه‌کۆچه‌ر بوون نه‌ک کۆچه‌ریی ته‌واو، چونکه عه‌ره‌به‌کان کۆچه‌ری ته‌واو بوون. وه‌ک ووتم کورده‌کان ته‌نها له شێوه‌ی نیمچه کۆچه‌ردا بوون،له‌وێدا ته‌نها یاسین هاشمی که نه‌ته‌وه‌په‌رستێکی عه‌ره‌ب بوو، خودی خۆی له بنچینه‌دا عه‌ره‌ب نییه که ڕایه‌ک هه‌یه کورد بووه، یان ڕایه‌کی تر هه‌یه ده‌ڵێت باپیرانیان له ناوه‌ڕاستی ئاسیاوه هاتوون، له ڕاستیدا خۆی عه‌ره‌ب نییه، به‌ڵام توند ڕه‌وێکی عه‌ره‌ب بووه، سوواری ئه‌و شه‌پۆله بوو و هه‌ر ئه‌ویش عه‌ره‌به‌کانی هێنا و ئه‌و زه‌وی و زارانه‌ی دابه‌ش کرد به‌سه‌ر هۆزه‌کانی عوبێد و جبوور و ئه‌وانی تر‌دا. له سه‌رده‌می شێخی نه‌مردا هه‌موو سه‌رۆک هۆزه‌کانی عه‌ره‌بی ئه‌و ناوچانه وه‌ک ئه‌وانه‌ی باسم کرد، زۆر لایه‌نگری شێخ مه‌حموود بوون، پاش ئه‌وه‌ی که شێخ مه‌حمود له شه‌ڕی 1919 دا له شه‌ڕی به‌رده‌قاره‌مان له ده‌ربه‌ندی بازیان شکا و به‌دیل گیرا، ئیتر دوور خرایه‌وه بۆ هندستان، له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا که له کفرییه‌وه گه‌ڕایه‌وه، یه‌کێ له‌وانه‌ی به گه‌رمی پێشوازیان له شێخی نه‌مر کرد، سه‌ره‌ک هۆزه عه‌ره‌به‌کان بوو، شێخ‌یش له کاتێکدا حکومه‌ته‌که‌ی دامه‌زران، لیژنه‌یه‌کی باڵای دامه‌زراندبوو، له‌و لیژنه‌یه‌دا نوێنه‌ریی ئه‌و هۆزانه‌ی تێدا بووه. ئێمه ده‌توانین شانازیی به‌وه‌وه بکه‌ین. ئێمه ده‌بێت شانازی به‌وه‌وه بکه‌ین، که کورد به شێوه‌یه‌کی کراوه ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کاندا کردووه و به‌لوت به‌رزییه‌وه ڕه‌فتاری نه‌نوواندووه، ئه‌مانه‌ش ده‌بێت له به‌رچاو بگرین. من ته‌نها ئه‌وه ئه‌هێنمه‌وه یاد: کاتێک سه‌رۆکی دادگاییکردنه‌که‌ی شێخی نه‌مر هێرش ده‌کاته سه‌ری، ئه‌ویش یه‌کسه‌ر 14 به‌نده‌که‌ی سه‌رۆک ویڵسن له قۆڵیدا و له ژێر گوله به‌نده‌که‌ی دێنێته ده‌ره‌وه و به فارسی پێ ی ده‌ڵێت: (پده‌ر سوخت من به‌م به‌ندانه خه‌باتم کردووه له ڕێگای مافی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆم) هه‌ستی کوردایه‌تی له‌لای شێخ ئاوابووه و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیش وا ده‌بێت ئه‌گه‌ر شاعیر بێت هه‌ستی ناسکی شیعره‌کانی هه‌مووی ته‌عبیر له نه‌ته‌وه‌که‌ی بکات، به‌لای منه‌وه وایه.
پرسیار: به‌ڵام پێشتر عه‌ره‌ب نه‌هاتوونه‌ته کوردستان و له‌وێ نیشته‌جێ نه‌بوون؟ ئه‌وه‌ی که هه‌یه سه‌ره‌تای داگیرکردن و به‌عه‌ره‌بکردنی ناوچه کوردییه‌کانه؟
وه‌ڵام : من پێم ووتی که یه‌کێکی وه‌کو(یاسین هاشمی) ئه‌و کاره‌ی کردووه، ئاخر له مێژوودا تۆ ده‌بێت به پێی کات و به پێی شوێن و به پێی سه‌نگ حوکوم به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بده‌یت. مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ له بیسته‌کاندا که له ساڵی 1933 دا کۆچی دووایی کرد و له‌و کاته‌دا ئه‌و زۆر باش له کوردی ڕووانی بێت و قایل بووبێت له به‌یداخی عێراقدا دوو ئه‌ستێره دابنێت و بڵێت ئه‌و دوو ئه‌ستێره‌یه پێناسه‌ی هه‌ردوو گه‌لی گه‌وره‌ی عێراق (کورد و عه‌ره‌ب)ه که ئێستا ئاڵا بووه به کێشه‌یه‌کی گه‌وره و قبووڵ ناکه‌ن ئه‌وه‌ی کورد ده‌یه‌وێت له‌و ئاڵایه‌دا بێت، که هی سه‌رده‌می سه‌ددامه، به بێ ده‌ستکاریکردن ماوه‌ته‌وه. ئێمه ده‌بێت ئه‌وه‌مان بیر بێته‌وه، که مسته‌فا که‌مالی ئه‌تاتورک چۆن ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ کورددا کردووه، ئه‌بێت ئه‌وه بێنینه‌وه پێش چاوی خۆمان که حه‌مه ڕه‌زا شا و شاکانی په‌هله‌وی له‌و کاته‌دا چۆن ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ گه‌لی کورددا کردووه. ئێمه پێویسته هه‌موو ئه‌وانه بخه‌ینه ته‌رازوویه‌که‌وه و بیکێشین و به‌ووردی لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ین، له‌و قوژبنه‌وه ئێمه حوکم به‌سه‌ر مه‌لیک فه‌یسه‌ڵدا بده‌ین، به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی که مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ ئه‌وسا کردوویه‌تی بیهێنیته‌وه بۆ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک، ئه‌مه چۆن ده‌گونجێت ئاخر ئه‌وه شتێکی کۆنه و بۆ ئێستا ده‌ست نادات، به‌ڵام بۆ ڕۆژه‌کانی ڕابووردوو و ڕۆژگاری خۆی ئه‌وه هه‌نگاوێکی گه‌وره بوو.
پرسیار: بۆ به‌ڕێزتان له‌نامه‌ی دکتۆراکه‌تاندا هه‌وڵتان داوه خیانه‌تکارێکی کورد بهێننه‌وه بۆ ڕیزی شۆڕشگێڕان؟ ئه‌ته‌وێت چی بڵێیت له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌کانی ناسر حه‌فید؟
وه‌ڵام : من ئه‌وانه‌ی که نووسیومن هیچم به بێ به‌ڵگه نه‌نووسیوه،نه‌ک هه‌ر به‌ڵگه ئینگلیزییه‌کان به‌تایبه‌ت بۆ مه‌سه‌له‌ی (موشیری حه‌مه‌ی سڵێمان)دوو جار چوومه‌ته چه‌مچه‌ماڵ و له‌گه‌ڵ که‌ریم ئاغای هه‌مه‌وه‌نددا کۆبوومه‌ته‌وه و هه‌ندێ به‌ڵگه‌شی پێدام، من هه‌ر شتێکم نووسیبێت که ژیان مردنی تێدایه و تا ئه‌و کاته‌ی که کۆچی دووایی تێدا ده‌که‌م بێجگه له خزمه‌ت کردنی گه‌لی کورد هیچ شتێکی تر نامبزوێنێ،من به‌دووای خزمه‌ت کردنی ووشه‌ی کوردی،مێژووی کورد،هه‌ر شتێک په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نی چاکه‌ی کورده‌وه بێت ده‌گه‌ڕێم،من عه‌وداڵی ئه‌و شتانه‌م،من هه‌رگیز ڕۆژێ له ڕۆژان پێنووسه‌که‌م به‌کار نه‌هێناوه له باسێکی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌دا،من هه‌میشه کوردایه‌تی له سه‌دا سه‌د له مێشکمدا بووه،ته‌نانه‌ت کاتێک دێینه سه‌ر سه‌رمایه که هه‌ندێک که‌س له‌به‌رده‌م ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا لاوازه،من ده‌ڵێم ماڵی کورد هه‌تیوه،هه‌موو که‌سێک خیانه‌تی پێ بکات نابێت کورد خۆی بیکات،چونکه له‌بارێکی ناسکدا ئێمه ئه‌ژیین، ئه‌وه ئه‌وانه‌ن بیروباوه‌ڕی من، جا (موشیری حه‌مه‌ی سڵێمان) ئامۆزای منه؟ یان مامی منه؟ چی په‌یوه‌ندییه‌ک به‌یه‌که‌وه ده‌مانبه‌ستێته‌وه؟، به‌ڵام من سه‌یرم کرد ئه‌و به‌ڵگه‌نامه و دۆکۆمێنتانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ن نیشانی ده‌ده‌ن که‌وا (موشیری حه‌مه‌ی سڵێمان) تاوان بار نییه له‌و کۆسپه گه‌وره‌یه‌دا، یان له‌و کۆسپه گه‌وره‌یه‌ی که‌وا له بزووتنه‌وه‌کانی شێخ مه‌حموود دا هاتووه،ئه‌بێ ئه‌مه له‌سه‌ری بڕۆم.
پرسیار: ببووره دکتۆر که پێت ده‌بڕم، (ئه‌حمه‌د ته‌قی و ڕه‌فیق حیلمی و ئه‌حمه‌د خوواجه) که‌من خۆم به‌دوواداچوونم کردووه هه‌موویان باسی خیانه‌تی ئه‌م کابرایه ده‌که‌ن؟
وه‌ڵام :تۆ ده‌بێت ڕاوه‌ستیت بۆ ئه‌وه‌ی من وه‌ڵامت بده‌مه‌وه،به‌ڵێ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام که ڕه‌فیق حیلمی و ئه‌حمه‌د ته‌قی و ئه‌حمه‌د خوواجه هه‌موویان مامۆستای گه‌وره‌ن و هه‌موویان پایه بڵندن له‌لای که‌مال مه‌زهه‌ر،من زۆر شتیان لێوه فێر بووم،به‌ڵام هه‌موو که‌س قابیلی ئه‌وه‌یه که بکه‌وێته هه‌ڵه‌وه،که‌مال مه‌زهه‌ریش قابیلی ئه‌وه‌یه که بکه‌وێته هه‌ڵه‌وه،له‌وانه‌یه ڕۆژێ له ڕۆژان ئه‌وه ئاشکرا بکرێت که که‌مال مه‌زهه‌ر له‌و بابه‌ته‌دا که‌وتۆته هه‌ڵه‌وه، ئه‌وه چیی تێدایه؟، من هه‌ندێک جار چاو ده‌گێڕمه‌وه به بۆچوونه‌کانی جارانمدا،به‌ڵام کاکه گیان مه‌سه‌له‌ی موشیری حه‌مه‌ی سڵێمان هه‌ڵه‌که له شێخ مه‌حمووده‌وه‌یه،هه‌رچه‌ند له‌لای من شێخ مه‌حموود زۆر زۆر گه‌وره‌یه و سه‌ره‌تای قسه‌کانیشم تۆ ئاگادار بوویت که‌من چۆن به‌هه‌سته‌وه به‌رامبه‌ر به‌و زاته دووام،به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین که شێخ له‌ده‌ربه‌ندی بازیاندا که‌وته هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌وه،چۆن ده‌بێت ئه‌و شه‌ڕی جه‌بهه‌یی له‌گه‌ڵ سوپایه‌کی گه‌وره‌ی وه‌کو ئینگلیزدا بکات؟ که سوپای ئینگلیز دووه‌م سوپا بوو له جیهاندا له‌و ڕۆژگاره‌دا،چۆن ده‌بێت شه‌ڕی جه‌بهه‌یی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بکات؟ هه‌ڵه‌که لێره‌وه‌یه له شێخ مه‌حمووده‌وه‌یه،ئه‌و که‌وته ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه،پاشان ئه‌وه‌ی که ژێر ده‌که‌وێت به‌دووای پاکانه‌دا ده‌گه‌ڕێت بۆ خۆی یان بۆ هه‌ڵه‌کانی،ئه‌و ده‌بوو شه‌ڕی چه‌ته‌گه‌ری بکات،ئه‌و کاته‌ی که شێخ مه‌حموودیش شه‌ڕی چه‌ته‌گه‌ری ده‌کرد تووانی زۆرێک له‌داخوازییه‌کانی گه‌لی کورد ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر ئینگلیزه‌کان و حکومه‌تی مه‌لیک فه‌یسه‌ڵدا،که‌چی ئه‌وه‌تا که ژێر که‌وت دێت و به‌دووای بیانوویه‌کدا ده‌گه‌ڕێت که‌گووایه خیانه‌تی (موشیری حه‌مه‌ی سڵێمان)ه ،جا من ئه‌ڵێم چی؟ ئه‌ڵێم ئه‌وه چ بزووتنه‌وه‌یه‌که،چ حه‌ره‌که‌تێکه،که به خیانه‌تی تاقه کوردێک ئاوا بڕووخێ؟ چۆن وائه‌بێت؟ ئه‌ڵێن جه‌نه‌راڵ فرێزه‌ر ڕێگه‌ی کوردستانی نه‌زانییوه،ئاخر ئه‌مه که‌ی قسه‌یه که ئه‌وترێت؟ ئینگلیزه‌کان بست به بست پێش جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌وه خاکی کوردستان شاره‌زا بوون و ئه‌زانن،جه‌نه‌راڵ فره‌یزه‌ر پێویستی ی به‌وه بووه که(موشیری حه‌مه‌ی سڵێمان)ڕێگای نیشان بدات تاکو له پشته‌وه له شێخ مه‌حموود بدات؟ که‌ی ئه‌و چووه له پشته‌وه له شێخ مه‌حموود بدات؟هه‌ر که فڕۆکه‌کان هاتن ئه‌وه بوو به‌رگه‌ی نه‌گرت و گه‌ڕایه‌وه تاسڵوجه،من ئه‌ڵێم ئه‌و هه‌ڵانه‌ی که سه‌رۆکه‌کانیش کردوویانه ئه‌بێت ئێمه ده‌ست نیشانیان بکه‌ین و که‌ڵکیان لێ وه‌ر بگرین،ئه‌گینه دیسان دووپاتی ئه‌که‌مه‌وه که(موشیری حه‌مه‌ی سڵێمان) به نیسبه‌ت منه‌وه هه‌ر هیچ نییه،هه‌ر نایناسم،هه‌ر نازانم کێیه؟ وێڕای ئه‌وه دووکوڕی حه‌مه‌ی سڵێمان پێشمه‌رگه‌ی زۆر زۆر دڵسۆزن له‌وه‌ته‌ی شۆڕشی ئه‌یلول ده‌ستی پێ کردووه له کوردستانا،ئاخر ئه‌مانه‌ش ده‌بێت له‌به‌رچاو بگرین،ئیتر ئه‌وه بابه‌ته‌که‌ی منه،ئه‌گه‌ر ده‌ست ده‌دات بۆ مێژوو ئه‌واباشه،ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه گوێ ی مه‌ده‌نێ و بیخه‌نه ئه‌و لاوه.
پرسیار: تاکوێ جیاوازی ده‌که‌یت له‌نێوان دۆکۆمێنته ئینگلیزییه‌کان سه‌باره‌ت به شۆڕشی شێخ مه‌حموود که تۆ پشتیان پێ ده‌به‌ستی و ئه‌و دۆکۆمۆنتانه‌ی (که‌ی جی بی) که دکتۆر که‌مالی سه‌ید قادر به‌کاری هێناون سه‌باره‌ت به بارزانی؟
وه‌ڵام: ئێمه له سه‌ره‌تای دانیشتنه‌که‌ماندا باسی به‌ڵگه نامه‌مان کرد و ووتمان به‌ڵگه‌نامه زۆر بایه‌خی هه‌یه و من چه‌ند نموونه‌یه‌کم بۆ هێنانه‌وه که به‌ڵگه نامه چه‌ند به‌نرخه؟ئه‌وه قه‌ناعه‌تی ته‌واوی منه،به‌ڵام توێژه‌ر ده‌بێت خۆی ئاغای نووسینه‌که‌ی خۆی بێت،ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌نامه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو بایه‌خه‌دا تۆ نابێت ببیت به‌کۆیله‌ی به‌ڵگه‌نامه،پێویسته به‌جۆرێک له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌نامه‌دا ڕه‌فتار بکه‌یت که لێکی بده‌یته‌وه و هه‌ڵی سه‌نگێنی ئینجا بێیت و به‌کاری بهێنی به‌و جۆره‌ی که خۆت شیی ده‌که‌یته‌وه و که:ڵکی لێ وه‌رده‌گریت له‌سه‌ر ئه‌ساسی قه‌ناعه‌ت،با بڵێین ئێمه به‌ڵگه‌نامه‌مان هه‌یه و زۆریش بایه‌خیان هه‌یه و دووکه‌س بهێنین که که‌سێکیان فه‌ره‌نسی و که‌سێکی تریان ئینگلیز(لۆرانس ئینگلیز) و (غۆرۆ فه‌ره‌نسی که‌له سووریا بووه که به‌داخه‌وه ڕه‌نگه ناوه‌که‌م لێ تێک چوو بێت و بکه‌ومه هه‌ڵه‌وه به‌ڵام پێم وایه غۆرۆیه) بێین و داووا له‌هه‌ردووکیان بکرێت که یه‌کێکیان ئینگلیز و ئه‌وی تریان فه‌ره‌نسی،دوو به‌ڵگه‌نامه‌ی جیاواز بنووسن ده‌رباره‌ی مه‌لیک فه‌یسه‌ڵی یه‌که‌م،هه‌ردووکیان له‌خاڵه سه‌ره‌کییه‌کاندا یه‌ک ده‌گرنه‌وه،چونکه مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ خاڵی ئیجابی و سه‌لبی هه‌یه و ئه‌وانیش موته‌فیقن له‌سه‌ری،به‌ڵام بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ هه‌ستی دوشمنایه‌تی ی غۆرۆ یان گۆرۆ به‌رامبه‌ر مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ نیشان ئه‌دات چونکه مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ فه‌ره‌نسییه‌کانی له سووریا ده‌رکردله‌به‌ر ئه‌وه فه‌ره‌نسییه‌کان ڕقیان لێیه‌تی،غۆرۆ و ئه‌وان دوورخرانه‌وه،به‌ڵام لۆرانس وه‌کو برای مه‌لیک فه‌یسه‌ڵی یه‌که‌م وابوو و هه‌تا له‌به‌ر خاتری مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ دینی عه‌ره‌بی له‌به‌ر کردبوو و ناویان نابوو لۆرانسی عه‌ره‌ب،له‌به‌ر ئه‌وه له‌و دوو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا هه‌ست به جیاوازی ده‌که‌یت،که‌واتا نووسه‌ر ده‌بێت ئاگای له‌خۆی بێت،ئه‌بێت ئاگای له به‌ڵگه‌نامه‌کان بێت و چ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک به‌کار ده‌هێنێت،ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌نامه ته‌زویر ده‌کرێت،ئێمه ئه‌بێت به‌ڵگه نامه‌که‌ی هیتله‌رمان بیر بێت.ئه‌وه‌ی که هیتله‌ر په‌رله‌مانی سووتان و وویستی بیهێنێ به‌سه‌ر کۆمۆنیسته‌کاندا،که‌چی له‌دووییدا ده‌رکه‌وت که خۆی ئه‌و پیلانه‌ی داڕشتووه و ده‌ریش که‌وت که هه‌ر خۆی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی درووست کردووه،جا به‌نیسبه‌ت مه‌لا مسته‌فای بارزانه‌وه من قه‌ت ناتوانم قه‌ناعه‌ت بکه‌م که نه‌ک پیاوی ڕووس به‌ڵکو پیاوی هیچ لایه‌ک بووبێ،مه‌لا مسته‌فای بارزان ئه‌گه‌ر خراپ بێت زۆر به باشی من په‌لاماری مه‌لا مسته‌فای بارزانیش ئه‌یه‌م،هه‌ندێک شتی سه‌یرت بۆ ده‌گێڕمه‌وه،مه‌لا مسته‌فه‌ی بارزان چه‌ند پڕوپاگه‌نده‌ی بۆکرا که پیاوی ئیسرائیله،که‌واته ئه‌بێت دان به‌وه‌شدا بنێین که ئه‌و پیاوی ئیسرائیل بووه.
پرسیار: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه که بارزانی ده‌ڵێت (من له پێناوی گه‌له‌که‌مدا ده‌ستی شه‌یتانیش ماچ ده‌که‌م)؟
وه‌ڵام : ئه‌مه یه‌کێکه له‌و شتانه‌ی که بۆ ئه‌و پیاوه ده‌نووسرێت،به‌داخه‌وه من له‌وه‌ش زیاتر ئه‌ڕۆم و ئه‌ڵێم خۆزگه پیاوی ئیرائیل بووایه،خۆ ئه‌گه‌ر پیاوی ئیسرائیل بووایه قه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌سه‌ر نه‌ئه‌هات،به‌ڵام ئه‌و قه‌ناعه‌تی وابوو و ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌کان باوه‌ڕیان وابوو که له‌ڕێگه‌ی (سوڵتان عه‌بدولحه‌میده‌وه) شتێک بۆ کوردبکه‌ن، به‌ڵام بۆیان نه‌کرا و له دوواییدا شێخ عه‌بدولسه‌لام و ئه‌وان وایان بیر کرده‌وه که‌وا له‌وانه‌یه له‌ڕێگای ئیتیحادیه‌کانه‌وه بتوانێت وه‌ک ئیتیحادی ته‌ره‌قی،که‌چی ئیتیحادی ته‌ره‌قیش شێخ عه‌بدولسالامی کوشت له ساڵی 1909 له موسڵ،دووای ئه‌وه هاتنه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که له ڕێگای ئینگلیزه‌وه ئه‌توانن شتێک بۆ کورد بکه‌ن،دیسان بۆیان نه‌کرا،ئه‌مه نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئینگلیز نایه‌وێت بیکات،کاکه ئه‌مه سیاسه‌ته،سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی گه‌وره بیر له ئاره‌زووی میلله‌تانی تر ناکاته‌وه بیر له مه‌سڵاحه‌تی خۆی ئه‌کاته‌وه،مه‌سڵاحه‌تی ئه‌و له‌و کاته‌دا ته‌حه‌مولی ئه‌وه‌ی نه‌ئه‌کرد که دوشمانایه‌تی سێ میلله‌ت بۆ خۆی درووست بکات،عه‌ره‌ب و تورک و عه‌جه‌م،ئینگلیز موسته‌عید نه‌بوو له‌به‌ر خاتری کورد ئه‌وه بکات نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کوردی خۆش نه‌ده‌ویست به‌ڵکو کوردیان خۆش ده‌ویست خۆ ئه‌گه‌ر یه‌ک به‌یه‌ک پرسیاریان لێ بکه‌یت ئه‌وا دڵنیا ده‌بین که کوردیان خۆش وویستووه،پاش ئه‌وه‌ی که مه‌لا مسته‌فا هیچ ده‌رفه‌تێکی بۆ نه‌مایه‌وه و ڕای کرد بۆ مهاباد و له‌وێوه ڕێگه‌یان دا‌و پاشان په‌ڕییه‌وه بۆ ووڵاتی سۆڤێت و په‌نای برده به‌ر ووڵاتی سۆڤێت،وای چاوه‌ڕوان ده‌کرد که له ڕێگای سۆڤێته‌وه مه‌سه‌له‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات.
پرسیار: له‌کوێ بارزانی ڕوتبه‌ی جه‌نه‌راڵی وه‌ر گرت؟ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به سۆڤێته‌وه هه‌یه؟
وه‌ڵام :نه‌خێر په‌یوه‌ندی به‌سۆڤێته‌وه نییه ئه‌و ڕوتبه‌ی جه‌نه‌راڵی ی له کۆماری مهاباد وه‌رگرتووه،ئه‌و شانازی به‌وه‌وه ئه‌کرد که ئه‌ی ووت من سه‌ربازێک ده‌بم له کۆماری مهاباد دا و ڕوتبه‌ی جه‌نه‌راڵیان داپێ ی و پێویستیشیان به‌وه بوو،ئێوه سه‌د ده‌ر سه‌د له‌و کاته‌دا له‌دایک نه‌بووبوون و ئه‌و ڕه‌سمه‌ی که بارزانی به وێنه‌ی جه‌نه‌راڵی یه‌وه گرتبووی له کوردستاندا به‌دزییه‌وه ده‌یانفرۆشت و پاره‌یان پێ کۆده‌کرده‌وه بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان،به‌واتای هێنده له‌لای کورد پیرۆز بوو،ئه‌گینا ئه‌و ئه‌وه‌ی به خه‌یاڵدا نه‌هاتووه،پاشان سۆڤێتییه‌کان به‌پێ ی به‌ڵگه‌نامه به‌پێ ی ئاگاداری خۆم چونکه له‌وێ دیده‌نیم کردووه له‌گه‌ڵ زۆر که‌سدا و له‌گه‌ڵ کورده‌کانی ئێران که‌له‌وێ بوون و په‌نابه‌ر بوون له ووڵاتی سۆڤێت،که ئه‌په‌ڕێته‌وه ئه‌و پیاوانه دوواکه‌س بوو په‌ڕییه‌وه خۆ ئه‌مه کابرایه‌کی ئێرانی نوسیوێتی،که ئه‌په‌ڕێته‌وه گومانی لێ ده‌که‌ن و ئه‌یخه‌نه ژێر چاودێرییه‌وه چونکه زه‌مانی ستالین بوو و گومانیان له هه‌موو که‌سێک ده‌کرد،ستار ئه‌لحه‌دیدی بوو(شورای پۆڵایی) تاکو ستالین مرد هه‌ر به‌هان شێوه ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا کردووه،ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ (باگیرۆف) ئه‌وه‌ی ئازه‌ربایجان زۆر زۆر ڕقیان لێ ی ده‌بۆوه له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فادا،خۆی که هاته‌وه هه‌رگیز باسی ئه‌و شتانه‌ی نه‌ده‌کرد،من که‌چووم بۆ ووڵاتی شووره‌وی ئه‌و شتانه‌م زانی،ئه‌ی ئافه‌رین که باسی ئه‌و شتانه‌ی نه‌کرد خۆ ئه‌گه‌ر باسی بکردایه هه‌موو میلله‌تی کورد ڕقیان له سۆڤێت هه‌ڵئه‌ستا،ئه‌و کاتێک له سۆڤێت بوو سوکایه‌تیان پێ ده‌کرد ته‌نانه‌ت ناردوویانه بۆ کۆڵخۆز و قه‌سابییان پێ کردووه و پیاوه‌کانی خۆی قبوڵیان نه‌کردووه و خستوویانه‌ته سه‌ر ته‌وقی سه‌ریان و خۆیان چوون له‌بری ئه‌و ئیشیان کردووه،هه‌تا خرۆشۆف دێت و پاش ئه‌وه‌ی شۆڕشی 14ی گه‌لاوێژ ڕووی دا ئینجا ئاوڕیان له مه‌لامسته‌فا دایه‌وه و بایه‌خیان پێ ی‌دا و به بایه‌خیشه‌وه گه‌ڕایه‌وه،پاش ئه‌وه ئه‌گه‌ر مه‌لا مسته‌فا پیاوی(که‌ی جی بی)بێت بۆ ئه‌بێت بێته‌وه و کێشه بۆ عه‌بدولکه‌ریم قاسم درووست بکات به هاندانی ئه‌وان،به پێچه‌وانه‌وه خواخوایان بوو به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت کورده‌کان له‌گه‌ڵ عه‌بدولکه‌ریم قاسمدا ڕێک بکه‌ون چونکه کۆمۆنیسته‌کان زۆر به‌گه‌رمی پاڵپشتی عه‌بدولکه‌ریم قاسمیان ئه‌کرد،له‌به‌ر ئه‌وه من ناتوانم قه‌ناعه‌ت به‌وه بکه‌م که ئه‌و شتانه وایه.
پرسیار: دکتۆر من سه‌رله‌نوێ دێمه‌وه سه‌ر دۆکۆمۆنته‌کان،لاوێکی کورد کاتێک که دۆکۆمۆنتێکی له‌و شێوه‌یه‌یه‌ی دێته به‌رده‌م به‌لایه‌وه کارەساتێکە که سه‌رکرده‌که‌ی ئه‌و باوه‌ڕی پێیه‌تی و له‌لای خۆی قودسییه‌تی داوه‌تێ جاسووسێک بووبێت؟
وه‌ڵام : من پێم ووتی،به‌ڵام دڵنیام ئه‌وه‌ی ئێوه له په‌رۆشیتانه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر به نه‌ته‌وه‌که‌تان و حه‌ز ناکه‌ن شتی وا ڕووی دابێت،به‌ڵام من پێم ووتن که له مێژوودا ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌نامه‌ش ته‌زویر کراوه، ئه‌وه نه جارێک و نه‌دوو جار و نه سێ جار و گه‌لێ جار ئه‌و کاره کراوه،وێڕای ئه‌وه پێم ووتیت ئه‌بێ نووسه‌ر و مێژوونووس مه‌نتیق به‌کار بهێنێت لێکدانه‌وه‌ی خۆی به‌کار بهێنێت،ته‌حلیل به‌کار بهێنێت،من ئه‌و زانیاری و ئه‌و شتانه‌ی که کۆم کردوونه‌ته‌وه و ئاگام لێیانه ئه‌وانه قه‌ت مه‌ودای ئه‌وه‌م نادات یان ڕێگای ئه‌وه‌م نادات که دان بنێم به‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا،وا ته‌سه‌ور ئه‌که‌م که ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه مومکین نییه،ته‌سه‌ور ئه‌که‌یت که یه‌کێکی کوردی ئێران که مه‌یلی کۆمۆنیسته‌کانی هه‌بوو و ناوی ناهێنم و مامۆستایه‌کی زیره‌ک و ڕێک و پێک بوو،به‌ڵام زۆر زۆر له‌گه‌ڵ تووده‌دا ڕۆیی بوو و یه‌کێ بوو له‌و قوتابیانه‌ی که کۆماری مهاباد ناردنی بۆ خوێندن،ئاخر 50-60 قوتابیان نارد،هه‌ر زوو سۆڤێتییه‌کان تێ ی گه‌یشتن که ئه‌و زۆر لایه‌نگریانه و سه‌ر به تووده‌یه، بیرت نه‌چێت کاتی خۆی که مه‌لامسته‌فا په‌ڕییه‌وه له ئاراس چوو بۆ باکۆ بۆ ئازه‌ر بایجان، باگیرۆف ده‌عوه‌تی کردبوو و ده‌یان خوواردنی ڕه‌نگاوڕه‌نگی بۆ ئاماده کردبوو ئه‌مه سه‌دان جار بۆیان گێڕاومه‌ته‌وه ئه‌و ده‌ستی نه‌بردبوو بۆ خوواردنه‌که و ووتبووی قوربان من چۆن ده‌توانم نان بخۆم که 500 تا 600 که‌سم له‌گه‌ڵدایه که مردوون له‌برسا و من لێره دابنیشم و گۆشتی ئاسک بخۆم و ماسی بخۆم جا باگیرۆف نه‌وعێ بوو وه‌کو ستالین و پاشان هه‌ڵواسرا به تۆمه‌تی خراپه‌کاری و خیانه‌ت،ئه‌مه قسه‌ی باگیرۆفه جا ئه‌و براده‌ره خۆی وا نیشان نه‌دابوو که وا ئه‌و کورده،به‌ڵام مه‌لا مسته‌فا هه‌ستی پێ کردبوو و زانیبووی که کورده،ئه‌و مامۆستایه خاڵێکی پێوه‌بوو ،جا ئه‌و خوا عافووی کات کۆچی دووایی کرد له به‌ندیخانه‌کانی مه‌لاکانی ئێران،دووایی مه‌لا مسته‌فا جوابی بۆ ناردبوو و پێ ی ووتبوو(وه‌ڵڵاهی ئه‌و خاڵه‌شی لاببات من هه‌ر ئه‌یناسمه‌وه و هه‌ر به‌و پیاوه‌ی سۆڤێتی دائه‌نێم که هاتبوو قسه له من ده‌ربهێنێت،ئه‌و ته‌نانه‌ت به‌کوردی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانیدا نه‌کردبوو،ئیتر چ ئیحتیاجییه‌کی به‌وه هه‌یه که ئه‌و جۆره ڕه‌فتارانه بکات،دیسان ئه‌وه ته‌نها دوشمنانی کورد ئه‌و قسانه‌یان پێخۆشه،ئه‌و شتانه‌ی که ئه‌ووترێت به‌رامبه‌ر به ڕه‌هبه‌رانی کورد ته‌نها دڵی دوشمنان خۆش ده‌کات،باوه‌ڕ ناکه‌م که کوردێکی دڵسۆز ئه‌وه‌ی پێخۆش بێت.
پرسیار: ڕۆشنبیرانی کورد له‌و بڕوایه‌دان که بنه‌ماڵه‌ی بارزانی سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی کوردیان ئیستیغلال کردووه بۆ مه‌به‌ستی خۆیان،تا کوێ له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕایه‌دایت؟
وه‌ڵام : من هه‌میشه ئه‌یڵێم و ئه‌یڵێمه‌وه که سه‌رکرده کورده‌کان باره‌که‌یا‌ن یه‌کجار گران و قورسه،هه‌ر ڕێگه‌یه‌کیان گرتبێتبه‌ر،من دڵم به‌قه‌د دنیایه‌ک خۆش بوو که عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید له‌ته‌له‌فزیۆندا ده‌نگه‌که‌یان لێدایه‌وه که ئه‌ڵێت مام جه‌لال جوابی بۆ نارووم و ده‌ڵێت(تکات لێ ئه‌که‌م چی ئه‌ڵێیت ئێمه ئه‌یکه‌ین واتا دووره‌په‌رێزی هه‌ڵده‌بژێرین بزووتنه‌وه‌ی خۆمان ڕائه‌وه‌ستێنین ته‌نها خه‌ڵکه‌که ڕاپێچ مه‌که‌ن،ته‌نها کوردستان له کورد خاڵی مه‌که‌نه‌وه)ئه‌زانی ئه‌مه دوشمنه‌که‌ته ئه‌و قسه‌یه ئه‌کات و ئه‌یگێڕێته‌وه،به‌لای منه‌وانێ هه‌موو ڕابه‌ره کورده‌کان باریان یه‌کجار گرانه له ڕۆژگارێکی دژوار و سه‌ختا کار ئه‌که‌ن،هه‌موویان دڵسۆزی کوردن به‌لای منه‌وه ته‌نها خه‌می ئه‌وه‌مه که شه‌ڕی براکوژی نه‌بێته‌وه،نه‌ک شه‌ڕی براکوژی چونکه کورد ناوی نه‌نا شه‌ڕی براکوژی به‌ڵکو ناوی نا شه‌ڕی خۆ کوژی ئه‌و شه‌ڕه شه‌ڕی خۆکوژی بوو که‌له نێوان پارتی و یه‌کێتیدا ڕووی دا،ئێستا ئه‌وه زۆر زۆر گه‌وره‌یه که جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رکۆماری عێراقه له‌کاتێکدا که سه‌ددام حوسێن لێبووردنی گشتی بۆ هه‌موو عێراقییه‌ک ده‌رکرد به‌ته‌نها مام جه‌لالی لێ کرده ده‌ره‌وه،ئه‌مه که‌م نییه که کاک مه‌سعود و مام جه‌لال زۆر به‌ڕێزه‌وه ته‌عامول له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا ده‌که‌ن،هه‌ر بۆیه ئێستا ئه‌یبینین که کێ هه‌یه ڕووی نه‌کردبێته کوردستان،هه‌موو گه‌وره‌پیاوانی دنیا ڕوویان کردۆته کوردستان،یه‌کێ له‌وانه (رایس) ی وه‌زیری خارجی ئه‌مریکا به‌تایبه‌تی سه‌ردانی سه‌رکرده‌کانی کورد ده‌کات له کوردستاندا،ئه‌مه گه‌وره‌ترین هه‌نگاوه له مێژووی کورددا،ئێمه گه‌یشتینه حاڵه‌تی پاکتاو کردن و نه‌مان و له پێناوی مانه‌وه‌دا کۆششمان کردووه،که‌چی ئێستا سه‌رکۆماری پێشووی لوبنان سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی ده‌کات،وورده هه‌ڵه ده‌بێت به‌ڵام ووته‌یه‌کی جوانی لینین هه‌یه که ئێمه له‌گه‌ڵ مارکسیه‌تدا بین یان نا ده‌بێت هه‌میشه بیگرینه گوێ که ده‌ڵێت(من لایعمل لایغلگ) کاممان هه‌یه نه‌که‌وتنێتینه هه‌ڵه‌وه یان با ووته‌که‌ی حه‌زره‌تی بێنینه‌وه پێش چاوی خۆمان که ووتی( ئه‌و که‌سه با ده‌ست هه‌ڵبڕێت که ئه‌ڵێ گوناحم نه‌کردووه) کێ هه‌یه گوناحی نه‌کردبێت؟،کێ هه‌یه هه‌ڵه‌ی نه‌کردبێت له ژیانیدا؟،به‌ڵام ده‌بێت ئێمه بارودۆخی کورد ستان هه‌ڵسه‌نگێنین،ئێستا هه‌موو دوشمنانی کوردستان ده‌یانه‌وێت ئه‌م تاقی کردنه‌وه‌یه‌ی کوردستان سه‌رونگون بێت،کۆسپی گه‌وره‌ی بکه‌وێته‌ڕێ،ئێمه ده‌بێت ئاگامان له‌و شتانه بێت.
پرسیار: به‌ڕێزتان وه‌کو مێژوونووسێک تاکو کوێ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له عێراقدا به فیدراڵییه‌وه ده‌به‌ستیته‌وه؟
وه‌ڵام :من هه‌میشه ئه‌وه‌م ووتووه و ئه‌یڵێمه‌وه که ئه‌و کورده‌ی خه‌ون به سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌وه نه‌بینێت ئه‌وه کورد نییه،له دایک و باوکی خۆی له‌دایک نه‌بووه،ئه‌مه ده‌بێت خه‌ونی هه‌موو کوردێک بێت،به‌ڵام تۆ ده‌بێت مافی چاره‌ی خۆت هه‌بێت،منه‌تی که‌سی نییه که فیدراڵییه‌ت هه‌یه،ئه‌وه به خه‌بات و خوێنی ڕۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌له به‌رهه‌م هاتووه،کاتێ ئه‌مه چه‌سپاوه و مافی چاره‌نوسیش چه‌سپاوه که‌واته ڕۆژێک له‌ڕۆژان ده‌وڵه‌تی کوردیش داده‌مه‌زرێت،ئه‌مه له‌سه‌دا سه‌د بڕوام وایه که داده‌مه‌زرێت جا ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ینێ کێشه‌یه‌ک نییه،من نایه‌م بچمه مه‌یدانێکه‌وه که زیان به‌گه‌له‌که‌م بگه‌یه‌نم،تۆ بڵێ ی مام جه‌لال و کام مه‌سعود له که‌مال مه‌زهه‌ر زیاتر حه‌ز نه‌که‌ن که ده‌وڵه‌تی کوردی دابمه‌زرێت و ئه‌وان سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ته‌که بن؟به‌ڵام ئه‌وه‌ی که که‌مال مه‌زهه‌ر ده‌یڵێت ئه‌وان له‌پۆسته‌که‌ی خۆیاندا ناتوانن بیڵێن،به‌ڵام ئه‌مه له‌ناخی ده‌رونیاندایه،زۆر لایه‌ن هه‌یه دژی کوردن و به توندڕه‌وی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه که کورد له ئینگلیز و ئه‌مریکا دووربکه‌ونه‌وه و دوشمنان به سه‌ربه‌ستی په‌لاماری کوردبده‌ن و ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه له‌ناوی به‌رن.
پرسیار: ئێمه که دێینه سه‌ر باسی ده‌وڵه‌ت ده‌ڵێن خه‌ون،چۆن ده‌کرێت ئه‌م خه‌ونه بکه‌ین به واقیع؟
وه‌ڵام : نا ئه‌وه خه‌ون نییه به‌ڵکو ته‌نها ته‌عبیرێکی ئه‌ده‌بییه.
پرسیار:سه‌رکرده‌یه‌کی مرۆڤ کوژی وه‌ک سه‌ددام که ده‌ستی سووره به‌خوێنی گه‌لانی عێراق له‌پاش له‌سێداره‌دانی عه‌ره‌ب کردیه قاره‌مان،له‌گه‌ڵ به‌قاره‌مان کردنیدا چی ده‌ڵێیت؟
وه‌ڵام :مێژوو هه‌رگیز ناخه‌ڵه‌تێندرێت،به ڕاستی و وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه و ڕۆژێک حه‌تمه‌ن خۆی ده‌سه‌پێنێت،هه‌ڵه کرا و نه‌بووه به قاره‌مان،له‌لای که‌سانێک بووه قاره‌مان که نموونه‌ی ڕه‌فتاره‌کانی ئه‌ون و خۆیان له‌و چاره‌نووسه ئه‌ترسن،(میرابۆ) که‌ئه‌مه یه‌کێ بووه له سه‌رکرده‌کانی شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسی و له‌په‌رله‌ماندا بوو و قسه‌یه‌کی زۆر جوانی کرد له کاتێکدا که لویسی شانزه هاته په‌رله‌مان و ووتاره‌که‌ی خۆی خوێنده‌وه به تڕوفیزێکه‌وه و هه‌رواش چووه ده‌رێ،پاشان ڕه‌ئیسی ته‌شریفات هات و ووتی ئیتر کۆتایی هات کۆبوو نه‌وه‌که‌تان و بڕۆن واتا ماڵئاوایی لێ کردن که‌چی ئه‌و هه‌ستایه سه‌رپێ و به‌ده‌نگێکی جوان ووتی(اژه‌ب وقل لسیدک اننا هنا مجتمعون بارادە الڕمە ولن نبرح مکاننا ڕلا علی ڕسنە الحرە) ئه‌زانی ئه‌م قسه‌یه مانای چییه و چه‌ند به‌قیمه‌ته،که‌میرابۆش نه‌خۆش که‌وت فه‌ره‌نسا هه‌مووی نه‌خۆش که‌وت،شه‌وو ڕۆژ ئه‌چوون ئه‌چوون ئه‌یانپرسی ماوه یان کۆچی دووایی کردووه،نازناوێکی تازه‌شیان بۆ دانابوو و ناویان نابوو جگه له(خگیب الپورە) دووای ئه‌و قسانه‌ی که کردی پێیان ئه‌وت(قلب الپورە ینبپ) واته دڵی شۆڕش هه‌ر لێ ده‌دات>که کاتێکیش کۆچی دووایی کرد به‌جۆرێک بردیان بۆ گۆڕستانی تێکۆشه‌رانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی که پێش هه‌موو که‌سێک ده‌رگای ئه‌و گۆڕستانه بۆ میرابۆی کرایه‌وه،هه‌موو فه‌ره‌نسه بۆی گریا و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی که له ده‌ورووبه‌ری پاریس بوون به‌شدارییان کرد له مه‌راسیمی به‌خاک سپاردنیدا،پاش ماوه‌یه‌کی زۆر له‌دووای ئه‌وه‌ی لویسی شانزه گیراو ماریا ئنتۆنێت له سێداره درا،بیریشم نه‌چێت که میرابۆ نه‌ختێک له‌به‌رده‌م مادده‌دا لاواز بوو و حه‌زی له ژیان ئه‌کرد،میرابۆ له ژێره‌وه په‌یوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ لویسی شانزه و ماری ئه‌نتۆنیۆتدا درووست کردبوو،هه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه‌ی که دوێنێ به‌چاوی پڕ له‌فرمێسکی خوێنینه‌وه به‌ره‌و گۆڕستانی شه‌هیدانیان برد،هه‌ر ئه‌وان چوون له‌گۆڕ ده‌ریان هێناو پاشماوه‌ی ئێسک و پروسکه‌که‌یان سوتان و ناردیان بۆ گۆڕستانی تاوانباران،له‌به‌ر ئه‌وه که‌س ناتوانێت تاسه‌ر مێژوو هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنێ چونکه مێژوو حوکمێکی ڕه‌وایه و ئه‌مڕۆ نه‌بێت سبه‌ینێ هه‌ر ده‌رئه‌که‌وێت،جا با ئه‌وه بکرێت به‌قیاس بۆ هه‌موو قسه‌کانی تریشم،دیسانیش تیکراری ده‌که‌مه‌وه که ڕه‌نگه ڕۆژێک له ڕۆژان ده‌ربکه‌وێت که موشیری حه‌مه‌ی سڵێمان خیانه‌تکار بووه،قه‌یچێکه ڕنگه من وه‌ک هه‌ر مێژوونوسێکی تر بکه‌ومه هه‌ڵه‌وه،به‌ڵام خۆ ده‌بێت ئه‌و لایه‌نانه‌ی تر بگیرێته به‌رچاو که شێخ مه‌حموود نه‌ده‌بوو ئه‌و هه‌ڵه‌یه بکات هه‌رچه‌نده هه‌میشه له قوڵایی دڵما ئه‌ژی،من کتێبێکم هه‌یه به‌ناوی(چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک له مێژووی گه‌لی کورد)برای دڵسۆز مامۆستا عه‌بدووڵا زه‌نگه‌نه که ئه‌و ووتاره‌کانی کۆکرده‌وه و له کتێبێکی 700لاپه‌ڕه‌ییدا ئه‌و کتێبه دوو له‌سه‌ر سێ ی هه‌موو باس له شێێ مه‌حموود ده‌کات و هه‌مووی به‌رگری له شێخ مه‌حموود ده‌کات که چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌م تێدا به‌کار هێناوه بۆ داکۆکی کردن له خه‌باتی ڕه‌وای شێخ مه‌حم،وود،به‌ڵام ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که شێخ مه‌حموود که‌وتۆته هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌وه و که نه‌ئه‌بوو بچێت شه‌ڕی جه‌بهه‌یی بکات له‌گه‌ڵ حکومه‌تێکی گه‌وره و گراندا و ده‌بوو شه‌ڕی چه‌ته‌گه‌ری بکات،من ئاوا سه‌یری ئه‌و ڕووداوانه ده‌که‌م.
پرسیار: ئایا کابرایه‌کی وه‌ک مه‌عمه‌ر قه‌زافی هه‌قی خۆی نییه که تازییه‌بار بێت بۆ سه‌ددام،سه‌ددام خزمه‌تی عرووبه‌ی نه‌ده‌کرد؟
وه‌ڵام :نه‌خێر سه‌ددام حوسێن زه‌ره‌ری زۆر له عه‌ره‌ب و له عێراق دا،من شتێک ده‌ڵێم که ده‌زانم زۆر که‌س پێ ی ناخۆشه،سه‌ددام حوسێن کابرایه‌کی زۆر زیره‌ک بوو به‌ڵام به‌داخه‌وه زیره‌کییه‌که‌ی ته‌رخان نه‌کرد بۆ ڕێگای خێر،ئه‌و پیاوه ئه‌یتوانی عێراق بگه‌یه‌نێته پایه و مه‌قامێک که هه‌رگیز نه‌ده‌بوو ڕۆژێک له ڕۆژان ئه‌مریکا بێت و داگیری بکات،ده‌یتوانی به‌بێ یارمه‌تیدانی هیچ لایه‌نێک وه‌کو ئیماراتی لێ بکات،چونکه عێراق ووڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌نده،به‌ڵام ئه‌و هات و په‌لاماری هه‌مووانی دا،جا باوه‌ڕ بکه من له ساڵی حه‌فتاوه هاتوومه‌ته‌وه و له به‌غداش بووم و هه‌مه‌جۆریش براده‌رم هه‌یه ته‌نها ده تا دووانزه هه‌زار که‌س نه‌بێت که موسته‌فید بوون هیچ لایه‌نگیرییه‌کی نه‌بووه،مامۆستایه‌ک هه‌بوو قوتابیی من بوو و ده ئه‌وه‌نده‌ی من مه‌عاشه‌که‌ی زید بوو،ئه‌مه وای لێکردبوون،من زۆر جار ئه‌وه‌م ووتووه و شایانی ووتنه که عێراقییه‌کان نه‌فسییه‌تێکی ئیزدیواجییان هه‌یه دێن و له‌سه‌رجاده هوتاف ده‌کێشن و به‌سه‌ر سه‌ددامدا هه‌ڵ ده‌ده‌ن و پاشان ده‌چنه‌وه له ماڵه‌وه جنێوی پێ ده‌ده‌ن،بڕوا بکه هیوا هه‌یه که به‌عسی ی گه‌وره بووه و هاتۆته لای من سکاڵای کردووه و شتی وای ووتووه که عه‌قڵ ته‌سه‌وریت ناکات،به‌ڵام ئه‌و بڕوای به من بوو بۆیه ئه‌وانه‌ی له‌لای من ده‌درکان،نه‌خێر سه‌ددام حوسێن که‌سی له‌گه‌ڵدا نه‌بوو.
پرسیار:به‌ڕێزتان قه‌ت سه‌ددامتان له‌نزیکه‌وه دیوه و له‌گه‌ڵی دانیشتوون؟
وه‌ڵام : به‌ڵێ،ته‌نها جارێک.
پرسیار: ده‌توانیت به ووردی باسی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌م بۆ بکه‌یت و ڕۆشنایی بخه‌یته سه‌ر؟
وه‌ڵام :من نه‌ک ئه‌توانم به‌ڵکو زۆر حه‌ز ئه‌که‌م باسی بکه‌م.
پرسیار:جاری باسی ئه‌مه‌ت بۆ ڕۆژنامه‌کان درکاندووه؟
وه‌ڵام :به‌خوا نازانم،دڵنیا نیم،وابزانم ووتوومه له دیده‌نیدا،به‌ڵام بیرم نایه،جا ئه‌گه‌ر تۆ مه‌ودام بده‌یتێ من قسه‌ی خۆم ده‌که‌م،من له پێشدا ووتم ئه‌و پیاوه زیره‌ک بوو،یه‌کێ له زیره‌کییه‌کانی سه‌ددام حوسێن ئه‌وه بوو که له‌گه‌ڵ مێژوو نووساندا کۆده‌بووه وه،ئه‌مه پش ئه‌وه‌ی که بڕوخێ به ده ساڵ،له نه‌وه‌ده‌کاندا و هه‌ر شه‌وه‌ی ده مێژوو نووس ده‌بران له هه‌موو عێراقدا و له کۆشکی کۆماری موناقه‌شه‌ی بابه‌تی مێژووییان ده‌کرد،هه‌ڵبه‌ته ڕووداو و مێژووی هه‌مه‌جۆر،من ڕۆحم چوو‌بوو له‌وه ئێوه خۆتان ده‌توانن هه‌ر ئێستا له خێزانم بپرسن که هه‌ردووکمان چه‌ند ده‌ترساین و خواخوامان بوو که من بانگهێشت نه‌کرێم به‌هیچ جۆرێک،چونکه من نه‌مده‌توانی دژی ئه‌وه‌ی که خۆم قه‌ناعه‌تم پێیه‌تی بیڵێم وقسه‌کردنیش له‌ڕووی سه‌ددام حوسێن‌دا هه‌روا شتێکی ئاسان نه‌بوو،هه‌رچه‌ند من ته‌واوی بیروباوه‌ڕی خۆم خستۆته قاڵبێکی زانستییه‌وه،بۆیه ئه‌و بیروبۆچوونانه‌ی من قاچاخ بوو و ناوی منیش باش بوو هه‌ر نه‌بوو و نه‌یان ده‌ویست من بچم،دووکه‌س سه‌رپه‌رشتی ی هه‌ڵبژاردنی ناوه‌کانیان ده‌کرد،یه‌کێکیان (د.نزار الحه‌دیپی) که ڕاگری کۆلێژی ئاداب بوو و ئه‌وی تریان(محمد المشهدانی)بوو که سه‌رۆکی مێژوونووسانی عه‌ره‌ب بوو،من له‌گه‌ڵ(د.نزار الحدیپی)دا به‌ینم تێک چوو‌بوو ئه‌ویش له‌سه‌ر موناقه‌شه‌ی قوتابیه‌کی کچ بوو و من موشریفی دکتۆراکه‌ی بووم که له‌سه‌ر جه‌مال عه‌بدولناسر بوو،ئه‌م کچه خه‌ڵکی تکریت بوو و دکتۆر نزاریش خه‌ڵکی تکریت بوو ئه‌مان دووبه‌ره‌کییه‌کی حیزبایه‌تیان له نێواندا بوو له‌به‌ر ئه‌وه دکتۆر نزار بیانووی بۆ ئه‌م کچه دۆزیبوویه‌وه و نه‌یده‌هێشت سه‌ربکه‌وێت،هه‌رچی منیش بوو لایه‌نی قوتابییه‌که‌م ده‌گرت چونکه من هه‌موو قوتابییه‌کانم به ئیمتیاز ده‌رچوون و حاڵه‌تی واش له‌هه‌موو زانکۆکانی عێراقدا ده‌گمه‌ن بوو و منیش شانازی به‌وه‌وه ده‌که‌م نه‌ک بۆ خۆهه‌ڵکێشان به‌ڵکو ته‌نها هۆی ئه‌وه بوو که‌من کوردێکم و کاره‌که‌یشم هێنده سه‌رکه‌وتووبوو، بۆیه من له‌به‌رامبه‌ر دکتۆر نزاردا ئیستیقاله‌م دا،ئه‌مه له‌کاتێکدا بوو که زۆر که‌سیش ڕقی له‌م دکتۆره بوو، ئیتر ڕۆژنامه‌کان که‌وتنه سۆراخی و به مانشێتی گه‌وره نووسیبوویان و ته‌نانه‌ت له ته‌له‌فیزیۆنه‌که‌ی (عوده‌ی)دا ووتی (بۆچی دکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر ئیستیقاله‌ی کردووه)،پاشان لیجنه‌ی ته‌حقیقیشی له‌سه‌ر گیرا و دووایی وه‌زیر بانگی کردم ته‌نانه‌ت ووتی(له‌گه‌ڵیدا ئاشت ببه‌ره‌وه) منیش ووتن(نه‌خێر)،هه‌رچه‌ند من له پێشدا زۆرم خۆش ده‌ویست،ئه‌وی تریان که مه‌شهه‌دانی بوو منی زۆر خۆش ده‌ویست که ده‌یزانی من ناچم له‌وێ مه‌رایی بکه‌م،له‌به‌ر ئه‌وه ناوی منی نه‌هاورد، جا ڕۆژێکیان که 10 که‌س له مێژوو نووسه‌کان له‌وێ بوون دوو قوتابی منی تێدا ببوو که له دکتۆراکه‌یاندا من موشریفیان بووم،یه‌کێکیان که به‌داخه‌وه کورده به‌ڵام زۆر به‌وه‌فا نییه چونکه خۆی به عه‌ره‌ب دائه‌نێت که نامه‌وێت ناوه‌که‌ی بهێنم و له‌و بڕوایه‌دام که ڕۆژێک له ڕۆژان به‌خه‌به‌ر دێته‌وه و باوه‌ڕ بکه باوکی عه‌ره‌بی نه‌زانیوه و که به داخه‌وه کوڕێکی زۆر زیره‌کیشه،جا ئه‌و هه‌ندێک قسه‌ی کردبوو به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی من بهێنێت ده‌رباره‌ی ئێران که‌چی له‌به‌رامبه‌ردا سه‌ددام سه‌ری سووڕمابوو و ووتبووی (من زۆر ئاگاداری ئێرانم و زۆریشم بابه‌ت له‌سه‌ر ئێران خوێندووه‌ته‌وه به‌ڵام ئه‌م شتانه به‌نیسبه‌ت منه‌وه تازه‌یه) یه‌کێکی تیان که ئه‌ویش وه‌ک ووتم قوتابی ی من بوو یه‌کسه‌ر پێ ی ده‌ڵێت(گه‌وره‌م ئه‌م شتانه ئێمه نازانین ئه‌مه ته‌نها مامۆستای گه‌وره‌مان دکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر فێری کردووین) ئیت ئه‌و یه‌کسه‌ر داووا له سکرتێره‌که‌م ئه‌کات که که‌مال مه‌زهه‌ریش بانگ بکه‌ن بۆ سه‌ردانی ئاینده،ئیتر کاتێک هه‌واڵه‌که‌یان داپێم زۆر که‌س هه‌بوو پیرۆزباییان لێ ده‌کردم چونکه هه‌موو خواخوای ئه‌وه‌یان بوو که من بچم.
پرسیار: به‌ڕێزتان له‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ددام حوسێن‌دا ده‌ترسایت؟
وه‌ڵام : به‌ڵێ بێگومان من ده‌ترسام، له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌مدا تووشی دڵه‌ڕاوکێ ببووین و ما‌ته‌مینی ته‌واو باڵی کێشابوو به‌سه‌رماندا و لێم ده‌پاڕایه‌وه و ده‌یووت تکات لێ ده‌که‌م قسه مه‌که، منیش بڕیارم نه دابوو که چووم هیچ بڵێم یان نه‌ڵێم و هه‌وڵ بده‌م بزانم له دانیشتنه‌که‌دا چی ده‌بێت و پاشان بڕیاری ئێجگاری بده‌م، چووین بۆ ئه‌وێ، جا با بۆت بگێڕمه‌وه چوونه‌که‌مان چۆن بوو، ئێمه چووینه (باب الشه‌رجی) و له‌وێ بردیانین بۆ جێگه‌یه‌ک که سکرتاریه‌ت و ئه‌وانه بوون که ته‌نزیمی دیده‌نییه‌کانی سه‌ددام حسه‌ینیان ده‌کرد، له‌وێ بڕوا بکه هه‌موومان ڕووت و قوت کراوینه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت سه‌یری ته‌قه‌ڵه‌کانیان کردم جا من نه‌شته‌رگه‌ریی فتقم بۆ کراوه، لێیان پرسیم ئه‌وه چییه؟ ووتم ئه‌وه نه‌شته‌رگه‌رییه. ووتی کام لا؟ بڕوا بکه هێنده شڵه‌ژام که نه‌مزانی کام لایه‌مه تاکو سه‌یرم کرد و ووتم لای ڕاستمه، تومه‌س ئه‌وه ترسابوون که نه‌بادا من مادده‌ی ته‌قینه‌وه‌م له‌وێدا شاردبێته‌وه یان موسه‌جله‌م شاردبێته‌وه، ته‌نانه‌ت کچێکمان له‌گه‌ڵدا بوو ئه‌ویشیان وه‌کو ئێمه له جێگایه‌کی تایبه‌ت به ئافره‌تاندا پشکنی، جا سه‌ددام هه‌میشه شته‌کانی خۆی گه‌وره ده‌کرد، ئێمه ده‌بوایه یانزه‌ی شه‌و به‌یه‌که‌وه کۆ بووینایه‌ته‌وه، هه‌تا به‌ره‌به‌یان، جا شه‌وی یه‌که‌م که ده‌بووایه له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا کۆببووایه‌ته‌وه، که‌چی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌په‌له‌ی کردبوو له‌گه‌ڵ سه‌فیرێکی فه‌ره‌نسیدا و ئه‌وه‌ی ئێمه‌یان دوواخست بۆ شه‌وی ئاینده، ئینجا وه‌ره سه‌رله نوێ ئه‌و وه‌زعه ناله‌باره ببینه‌وه، بۆ سبه‌ی شه‌و هه‌ر هه‌مان شتمان له‌گه‌ڵدا کرایه‌وه، ئێمه دیده‌نییه‌که‌مان وه‌ک ووتم 11 ی شه‌و بوو، به‌ڵام له نیوه‌ڕۆوه ئاماده‌بووین ئه‌ویش به‌پێ ی ته‌علیماتی ئه‌وان، باوه‌ڕ بکه خێزانه‌که‌م ئه‌و ڕۆژه و هه‌تاوه‌کو گه‌یشتمه ماڵه‌وه هه‌ر نوێژی کردبوو و ئایه‌ته‌لکورسی خوێندبوو، که هیچم به‌سه‌ر نه‌یه‌ت، کاتژمێر بوو به یانزه‌ی شه‌و سه‌ددام حسێن هات، دیار بوو ئه‌وان ته‌رتیبیان کردبوو، منیان له‌لای ده‌ستی ڕاستی سه‌ددام دانا، سه‌فیرێکی عێراق هه‌بوو له چین که دکتۆرای هه‌بوو له مێژووی کۆندا و پله‌ی حیزبیی به‌رز بوو، ئه‌ندامی شوعبه بوو، که‌چی ئه‌ویان له‌لای چه‌پییه‌وه دانابوو به‌واتای شوێنێکی بایه‌خدارتریان بۆ من دانابوو، له‌ده‌ستی ڕاستی منه‌و،ه دکتۆر مه‌ناف شوکورنداوی، بوو که ئه‌ویش به‌عسییه‌کی گه‌وره‌بوو، به‌ڵام کوڕێکی زۆر باش بوو، به وه‌فا بوو بۆ من، که دانیشتین ئیبراهیم خه‌لیل هه‌یه ئه‌وه‌ی مامۆستایه له زانکۆی موسڵ، خۆی موسڵاوییه و وه‌ختی خۆی کۆمۆنیست بووه، به‌ڵام ئیتر له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌یاره‌دا ڕۆیی بوو و ئه‌و شه‌پۆله کاری تێ کردبوو، به‌ڵام زانایه، ئه‌و یه‌که‌م که‌س بوو که قسه‌ی کرد، قسه‌کانی ئه‌و هه‌مووی هێرش بوو بۆ سه‌ر ئێران و ئه‌وانه‌ی که له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌که‌دا نین، دوای ئه‌و باڵوێزه‌که‌ی که له‌چین بوو قسه‌ی کرد و هه‌ر خۆیشی داوای قسه‌کردنی کرد، به‌هه‌مان شێوه ئه‌ویش هه‌روای پێناسه بۆ شته‌کان کرد، ئیتر من هه‌ر بێده‌نگ ببووم، کاتێکم زانی سه‌ددام حسێن خۆی داوای لێ کردم و ووتی(دکتۆر ئه‌مه‌وێت ڕای تۆ بزانم) ئیتر بڕاوا بکه من زۆر به زه‌حمه‌ت خۆمم پێ گیر ببوو، ئێستا به‌ڵگه‌یه‌کیشت بۆ ده‌هێنمه‌وه، دیاره له دانیشتنێکی ئاوادا که ته‌واویان خه‌ڵکانی مێژوو نووس و زانان، من ناتوانم پشتیان له زه‌وی بده‌م بۆیه ووتم (سه‌رۆک من ڕێزم هه‌یه بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی که له پێش مندا قسه‌یان کرد، به‌ڵام جه‌نابی سه‌رۆک من ناتوانم له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانی ئه‌واندا ڕێک بکه‌وم، چونکه جیاوازیمان هه‌یه، پێغه‌مبه‌ری خواش ده‌فه‌رموێ که ئیختیلاف ڕه‌حمه‌ته) ئیتر که من ده‌ستم کرد به قسه کردن دنیام به چاوی خۆم نه‌ده‌دی و سه‌راحه‌ت ڕاکانی خۆم ووت، پاش ته‌واو کردنی قسه‌کانم زۆر به‌ئه‌ده‌به‌وه ووتی: (دکتور اعتژر لا اگدر اتفق ویاک)، جا سه‌یره‌که لێره‌دابوو که سه‌ددام حسێن و به‌و شێوه‌یه ته‌عامول بکات به‌ڕاستی سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو! چونکه ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌و به‌و شێوه‌یه ئاسان نییه، ئیتر که قسه‌کانمان کرد هه‌ستم ده‌کرد که سه‌ددام حسێن گوێگرێکی زۆر چاکه و دکتۆر مانافیش پێ ی ووتم کاتێ که تۆ قسه‌ت ده‌کرد ده‌ستی خستبووه بن چه‌ناگه‌ی و چاوی تێ بڕیبوویت و به‌ته‌واوی گوێی لێ گرتبوویت و ده‌یخوێنییته‌وه، تا من قسه‌کانم ته‌واو کرد به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قسه‌ی پێ نه‌بڕیم، من به‌ته‌واویی به دڵی خۆم قسه‌م کرد و ئه‌ویش ته‌نها ئه‌و دێڕه‌ی ووت، سه‌ددام حسێن ووتی: (من دانیشتنی ئه‌م شه‌وم زۆر زۆر پێ خۆش بوو، به‌ڵام باوه‌ڕ بکه‌ن کۆبوونه‌وه‌یه‌کی زۆر گرنگم هه‌یه، بۆیه ناتوانم که بۆ نان خواردن له‌گه‌ڵتان بمێنمه‌وه، به‌ڵام دوو داواکاریم هه‌یه لێتان یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه که ده‌مه‌وێت وێنه‌یه‌کتان له‌گه‌ڵدا بگرم و دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه که له دوای نان خواردن کاغه‌زێکتان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌که‌ن، چی داواکارییه‌کتان هه‌یه بینووسن و منیش به پێی توانا هه‌وڵ ئه‌ده‌م بۆتانی جێ به‌جێ بکه‌م)، جا که چووین ڕه‌سم بگرین له ناو هه‌موویاندا ده‌ستی منی گرت و یه‌که‌م ڕه‌سمی له‌گه‌ڵ مندا گرت و پاشان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا، جا ئه‌وان هه‌موو ئه‌و وێنه‌یه‌یان گه‌وره کردبۆوه و له ماڵه‌کانیاندا هه‌ڵیان واسی بوو، که‌چی منیش ئه‌و وێنه‌یه‌م برد و وه‌ک به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک له‌ناو کتێبخانه‌که‌مدا شاردمه‌وه و به‌هیچ جۆرێک ده‌رم نه‌هێنا ،دووای ئه‌وه‌ی که سه‌ددام حسێن ڕوخا، ئینجا ده‌رم هێنا و هه‌ڵم واسی و ئێستاش له کتێبخانه‌که‌مدا هه‌ڵواسراوه، چونکه ئه‌وه به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی مێژووییه، جا پاش ئه‌وه‌ی که کاغه‌زه‌که‌یان به‌سه‌ردا دابه‌ش کردین، بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌ر که‌سێک داخوازییه‌که‌ی بنووسێت، یه‌کێ له‌وانه که زۆریشم خۆش ده‌وێت نووسی بووی (کوڕه‌که‌م سه‌ربازیشی ته‌واو کردووه، که‌چی ته‌سریحی ناکه‌ن، تکا ده‌که‌م ئه‌مر بفه‌رمووی که ته‌سریحی بکه‌ن) من له دڵی خۆمدا پێم ووت هه‌ی قوڕم ساخ به 150000 دیناری ئه‌و کاته ته‌سریح ده‌کرا و هه‌موو شتێک له عێراقدا به ڕه‌شوه بوو، ئیتر بۆچی داواکارییه‌کی به جێ ناکه‌یت، به‌ڵام من نووسیم (گه‌لی کورد هێزێکی نیشتیمانپه‌روه‌ری خاوێنی دڵسۆزن و سه‌رۆکه‌کانی کورد خه‌بات ده‌که‌ن له پێناوی مافی ڕه‌وای خۆیاندا، شاری که‌رکوک هه‌میشه کوردستان بووه، بۆیه ئه‌وه ناهێنێت که تۆ له‌سه‌ر شاری که‌رکوک گه‌لێکی وه‌کو گه‌لی کورد بدۆڕێنی، من ئه‌زانم که‌وا ڕه‌هبه‌رانی کورد ئاماده‌ن که تۆ چاو له‌و مه‌سه‌له‌یه بپۆشیت و که‌رکوک ببه‌خشی به کوردستان و حوکمێکی زاتی ڕێک و پێکیان بده‌یتێ، (چونکه ئه‌و کاته هه‌ر باس له حوکمی زاتی ده‌کرا) من له‌و باوه‌ڕه‌دام که ئاو بکرێت به‌و ئاگره‌دا و جێ پێی ڕژێمه‌که‌ی تۆ خۆشتر ده‌بێت، منیش پێشنیار ده‌که‌م که کۆنگره‌یه‌کی وه‌کو ئه‌م کۆنگره‌یه ببه‌ستیت له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک له کورده‌کانی به‌غداد که خاوێنن وه‌کو (خه‌سره و تۆفیق و مامۆستا ئیحسان شێرزاد و حه‌سیب ساڵح و فوئاد عارف و ناوی یه‌کێکی تریش بوو بیرم نه‌ماوه، من ئه‌م پێشنیاره ده‌که‌م که له‌گه‌ڵ ئه‌واندا کۆ ببیته‌وه و ئینجا په‌یوه‌ندی بکه‌یت به سه‌رکردایه‌تی کورده‌وه)، له ڕاستیدا ئه‌و ئه‌مه‌ی په‌سه‌ند کردبوو و ده‌ستی پێ کرد، چونکه وه‌زیری ته‌علیمی عالی دراوسێی ماڵی مامۆستا ئیحسان شێرزاد بوو و چوو‌بوو بۆ لای و ئه‌ویش ئیحتیرامی مامۆستا ئیحسانی زۆر ده‌گرت، پێی ووت بوو که سه‌رۆک نیازی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی وای هه‌یه و له ئێستاوه پێت ڕاده‌گه‌یه‌نم که خۆت ئاماده بکه‌یت، به‌ڵام دووایی وازی لێ هێنا، ئه‌و شتانه‌ش که من نوسیبووم بۆ سه‌ددام حسێن له کاغه‌زی داواکارییه‌که‌دا هه‌مان ئه‌و قسه و ئه‌فکارانه بوو که پێم ووتبوو له دانیشتنه‌که‌ماندا.
پرسیار:
به‌ڕێزتان ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ له به‌غداد بوون له‌و کاتەوە چەند بەرهەم و نووسینتان هەیە؟ (کلیک)وه‌ڵام : من له ساڵی 1958 ه‌وه ده‌نوسم و خزمه‌ت ده‌که‌م، یه‌کێ له‌و نوسینانه‌ی که جێگه‌ی شانازی منه له ساڵی 1959 دا بڵاوم کردۆته‌وه زنجیره‌یه‌ک ووتاره که له شه‌ش به‌ش پێک هاتووه به ده‌رباره‌ی که‌رکوک نیشانم داوه که‌رکوک شارێکی کوردستانییه، ئاخر ئه‌و سه‌رده‌مه من هێشتا شاگردی زانکۆ بووم و زانکۆم ته‌واو نه‌کردبوو و له ڕۆژنامه‌ی(الاهالیه) بڵاوم کرده‌وه و گه‌لێ ووتاری ترم له ژین و له بڵێسه دا بڵاو کردۆته‌وه، هه‌ر که چوومه سۆڤێت توانیم ئیتر ڕووسی فێر بم و له ساڵی 1962 ه‌وه ده‌ستم کرد به ووتار نوسین و له 97% ی ده‌رباره‌ی کورد بووه، یه‌که‌م کتێبم له ساڵی 1967 دا بریتییه له نامه‌ی دکتۆرای یه‌که‌مم بڵاو کرده‌وه هه‌رچه‌نده من له ساڵی 1963 دا بڕوانامه‌که‌م وه‌ر گرت، شانازی به‌وه‌شه‌وه ده‌که‌م که زۆر به‌رز نرخێنرا، ئیتر دووای ئه‌وه و هه‌تاکو دکتۆرای دووه‌مم وه‌رگرت و له‌ساڵی 1970 گه‌ڕامه‌وه بۆ ووڵات و بۆ به‌غداد من هه‌ر به‌رده‌وام بووم له بڵاو کردنه‌وه‌ی کتێبه‌کانمدا و به‌شداریم کردووه له دانانی سێ تا چووار کتێب‌دا و هه‌ر گه‌ڕامه‌وه دووای به‌یاننامه‌ی 11ی ئازار یه‌که‌م ووتارم بڵاو کرایه‌وه له پاش 10 ڕۆژ له ڕۆژنامه‌ی ته‌ئاخیدا، ئیتر له‌و کاته‌وه ده‌ستم کردووه به بڵاوکردنه‌وه، زۆرم بابه‌تم بڵاو کردۆته‌وه خۆزگه بمتونیایه له‌وه زیاترم بڵاو بکردایه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت نه‌خۆشییه‌که‌م هه‌ر هی ئه‌وه یه تۆ خۆت ده‌زانیت نووسه‌ر، شاعیر و هونه‌رمه‌ند له کاره‌که‌یدا خۆی له‌بیر ده‌چێته‌وه من هه‌موو جارێک پێش ئه‌وه‌ی که بانگ بدات له‌سه‌ر ئه‌و مێزه ده‌ستم کردووه به نووسین و خوێندنه‌وه، بێگومان هه‌میشه من پشتم ئاوا نوشتابێته‌وه حه‌تمه‌ن تووشی ئینزیلاقی فه‌قه‌رات ده‌بم، جا ئه‌وه‌ش هی ئه‌وه‌یه، که من به‌پێ ی توانا هه‌وڵم داوه و به‌رهه‌مه‌کانم زۆرن، هه‌ندێکیان وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانه‌کانی بێگانه و له‌وانه ئینگلیزی و تورکی و فارسی و فه‌ره‌نسی، ته‌نانه‌ت زۆر شانازی به دوابه‌رهه‌می خۆمه‌وه ده‌که‌م که له ساڵی 1981 ه‌وه من خه‌ریکی ئه‌و کتێبه‌ی که‌رکوکم به‌دزییه‌وه و هاوسه‌رم هاوکاری زۆر ده‌کردم، ئه‌و شتانه‌ی که پێویستم بوو هه‌موویمان شاردبووه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ویست کتێبه‌که بڵاوبێته‌وه هه‌ردوو سه‌رکرده‌ی کورد به‌ڕێز مام جه‌ڵال و به‌ڕێز که‌ک مه‌سعودم ئه‌گادار کردبووه‌وه که من به کارێکی له‌و شێوه‌وه خه‌ریکم له سه‌ر که‌رکوک، وه‌ڵامی مام جه‌لالم پێ گه‌یشتبووه‌وه که 18ی مارتی 1992 ه‌و نامه‌یه‌کی چوار لاپه‌ڕه‌یی گه‌وره‌یه، جا له‌وێدا ئه‌و دڵی زۆر خۆشه به کتێبه‌که‌ی من و ئه‌ڵێ دووای ئه‌وه که کتێبه‌که‌ت ته‌واو ده‌بێت ئێمه هه‌وڵ ئه‌ده‌ین ته‌رجومه‌ی بکه‌ین بۆ هه‌موو زمانه زیندووه‌کانی جیهان، من ئه‌و کتێبه‌م به عه‌ره‌بی نووسیوه، به‌رگی یه‌که‌می که بڵاو بۆوه ئه‌وان ده‌ستیان کرد به چاپ کردنی و بڕیار وابوو بنووسرێت لیجنه‌یه‌ک ئه‌م کتێبه‌ی ده‌رکردووه، به‌ڵام وا ڕێکه‌وت که ڕژێم ڕووخا ئیتر برای خۆشه‌ویست مسته‌فا ساڵح که‌ریم سه‌رپه‌رشتی چاپه‌که‌ی ده‌کرد ئیدی ڕژێمیش ڕووخا من ناوی خۆم خرایه سه‌ر کتێبه‌که، ئه‌و کتێبه‌م زۆر شانازی پێوه ده‌که‌م، چونکه له ڕۆژگارێکی سه‌ختدا نووسیومه و له کتێبه‌که‌شدا گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ مێژوویه‌کی زۆر کۆن و دێرین، مێژووی نوێ و هاوچه‌رخیش مه‌یدانی منه، من گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ مێژووی هه‌ره دێرینی کورد و ناوچه‌که و کارێکی ئاسانیش نییه، وێڕای ئه‌وه کتێبه‌که هه‌ر یه‌کسه‌ر کرا به ئینگلیزی و مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی کردوویه‌تی به ئینگلیزی و کاکه موفید پێ ی ووتم وه‌رگێڕانێکی زۆر پوخت و جوان و باشه، جا ئه‌و خۆی موته‌رجیم بوو له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و مامۆستا بوو له یه‌کێ له‌و قوتابخانانه‌ی که نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌یبرد به‌ڕێوه و کوردێکی زۆر دڵسۆزه و به دڵ کردبووی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌بێ ئه‌ندازه دڵخۆشی کردم ئه‌وه بوو که تورکه‌کان به‌بێ ئیجازه‌ی من وه‌ریان گێڕابووه سه‌ر زمانی تورکی له ڕێگای کاک حه‌میده‌وه ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی به‌درخان ده‌رده‌کات زانیم و ئه‌و چوار نه‌سخه‌ی بۆ هێنام و ئێستاش وا ده‌کرێت به کوردی جا ئه‌و کتێبه یه‌ک به‌رگ نییه، من له‌سه‌ر به‌رگی دووه‌م کارم ده‌کرد که نه‌خۆش که‌وتم وبه‌رگی دووه‌میشی هه‌ر له‌سه‌ر که‌رکوکه و به‌رگی سێ یه‌میشی له‌سه‌ر خانه‌قینه و به‌رگی چوواره‌میشی له‌سه‌ر شنگاره له‌سه‌ر یه‌زیدییه‌کانه، جا ئه‌وه چوار به‌رگه و زۆریش خه‌و به‌وه‌وه ئه‌بینم که ئه‌و کتێبه‌م هه‌ر چووار به‌رگه‌که‌ی به‌چاپ بگه‌یه‌نرێت و ته‌واویان بکه‌م، چونکه له‌و کاته‌دا ده‌توانم بڵێم قه‌رزی خۆم دایه‌وه، هیچ منه‌تێکی تێدا نییه هه‌ر خزمه‌تێکی میلله‌ته‌که‌مان بکه‌ین و هه‌موومان قه‌رزاری نیشتیمان و میلله‌ته‌که‌ی خۆمانین، ئه‌گه‌ر من ئه‌و چوار به‌رگه ته‌واو بکه‌م ئه‌توانم به ئاسووده‌ییه‌وه به دڵنیاییه‌وه بڵێم قه‌رزی نه‌ته‌وه و نیشتمانم دایه‌وه.
زۆر سوپاس دکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر که سه‌ره‌ڕای نه‌خۆشییه‌که‌ت ئاماده بوویت ئه‌م چاوپێکه‌وتنه مێژووییه‌ت له‌گه‌ڵدا ساز بده‌م و هیوای چاکبوونه‌وه‌ت بۆ ده‌خوازم.