ئایا پەیامنێر “correspondent”ڕۆژنامەنووسە Journalist”؟
Sunday, 21/12/2014, 12:00
ڕاگەیاندنی کوردیی و تاکی کورد زۆر جار پەیامنێرانی کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆن بە ڕۆژنامەنووس ناو دەبەن، لەوەیش سەیرتر پێشکەشکارانی بەرنامەکان و هەندێجار کامێرەڤانانیش بە ڕۆژنامەنووس ناو دەبرێن، لەکاتێکدا هەندێ پەیامنێر، پێشکەشکاری یاخود کامێرەڤانی بەڕێز هەیە بە ژیانی وتارێکی نەنووسیوە؛ ئیدی چۆن دەکرێت پەیامنێر، پێشکەشکار یان کامێرەڤان بکەین بە ڕۆژنامەنووس...؟
ڕاگەیاندنی کوردیی و تاکی کورد، وشە و چەمکەکان ورد یان ڕوونتر ناکەنەوە، هەروەک لە کاتی کۆچی دوایی ڕۆماننووس(novelist)یان (author) پەرتووکنووس(گابرێل گارسیا) دا هەموو ڕاگەیاندنە کوردییەکان بە نووسەر(writer) ناویان دەبرد.
ناو بردنی ڕۆماننووس بە نووسەر وەک ئەوە وایە کەسێک خاوەنی دکتۆرا بێت، بەڵام بە خاوەن ماستەر بیناسێنین. بۆ نموونە: بەختیار عەلی، پێویستە پێش هەموو شتێک، و بە پلەی یەکەم وەک ڕۆماننووس ناو ببرێت، نەک نووسەر.
وتارنووسێک دەکرێت بە نووسەر ناوببرێت، بەڵام ڕۆماننووس نییە؛ بە پێچەوانەوە کە وترا ڕۆماننووس دەزانین کە ئەو کەسە لە بواری ڕۆماندا کاردەکات و بێگومان توانای وتار نووسینیشی دەبێت لە بوارێکدا؛ بۆیە کە وترا ڕۆماننووس گومانی تیادا نییە کە ئەو کەسە نووسەریشە بە پلەی دووەم.
ئەمانە و چەندان هەڵەی تری ڕاگەیاندنی کوردیی کە کەناڵەکانیان ( channel) بە تەلەڤیزیۆن (television) ناو دەبەن. بۆ نموونە درووستە بوترێت
(BBC Channel) (CNN Channel) نەک (BBC TV) یان (CNN TV) وەک ئەوەی کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان دەنووسن و دەڵێن:
Speda TV ، Rega TV،Net TV.
دیار و ڕوونە کە تەلەڤیزیۆن(television )ئامێرەکەیە و کەناڵیش (Channel)ناوەندەکەیە.
لە کۆتاییدا دەڵیم: من Samsung TV ،LG TV،Sony TV و چەندان ئامێری تەلەڤیزیۆنی دیم بینیوە، بەڵام پێدەچێت هێشتا ئامێرەکانی Speda TV، Rega TV،Net TV. نەکەوتبنە بازاڕەکانەوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست