ئایا کورد نەژادە یان نەتەوە؟
Monday, 29/04/2013, 12:00
لەوانەیە زۆربەی خوێنەران ناونیشانی بابەتەکەی لا سەیربێت، هەڵبەت سەیر نابێت گەر بەردەوام بن لە خوێندنەوەو شیکردنەوەیەک بۆ هەردوو وشەکە بە تایبەتیی وشەی نەتەوە. نەژاد لەگەڵ نەتەوە دوو وشەی جیاوازن ، من قسەم لەسەر ئەوە نییە هەندێک کەس پێیان وابێت کە نەژاد وشەیەکی فارسییە. زۆرجار لە ڕاگەیاندنەکانەوە یان لە پەرتووکەکاندا وە یان لە دەمی فەیلەسوفەکانمانەوە گوێمان لێدەبێت دەوترێت نەتەوەی کورد. بەبڕوای من کورد هێشتا نەبوەتە نەتەوە کە هەر وایشە نەتەوە نییە و تەنها نەژادە.
1- ئایا کورد نەتەوەیە ؟ 2- بەکام کۆمەڵە کەسانە دەوترێت نەتەوە؟ 3- ئایا وشەی نەتەوە یانی چی؟
- نەخێر کورد هێشتا نەبووەتە نەتەوەو تەنها بە نەژاد هەژمار دەکرێت.
- نەتەوە بەو کۆمەڵە کەسە دەوترێت کە بنچینەی هاوبەشیان لە ، مێژوو، کلتوور ، زماندا هەیەو لە چوار چێوەی
دەوڵەتێکدا دەژین یان نیشتەجێن وە مەرج نییە یەک نەژادیش بن ، بەڵام بەیەک نەتەوە هەژمار دەکرێن.
- وشەی نەتەوە گەر ئێمە بێین وشەی نەتەوە وەرگێڕینە سەر زمانی ئینگلیزی دەبێتە نەیشن nation. بابزانین ئەم وشەی
نەیشن - ە چۆن پێناسە دەکرێت لە زمانی ئینگلیزیدا.
people of one or more cultures or races organized as a single state""
واتا کەسانێک کە یەک یان زیاتر لە یەک کلتوورو نەژادن و ڕێکخراون لە تەنها دەوڵەتێکدا.
کەواتە کورد هێشتا نەبووەتە نەتەوە گەر سەرنج بدەین دەوترێت نەتەوە یەکگرتووەکان کە مەبەستیان لێی وەرگێرانی ئەم دوو وشەیە united nations ئایا هەر یەک لەو وڵاتانەی کە ئەندامن لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێکهاتەی وڵاتەکەیان تەنها یەک نەژادە ؟ بێگومان نەخێر! زۆربەی ئەو وڵاتانە کە وەک یەک نەتەوە ئەندامن چەندین نەژادی جیاواز لە وڵاتەکەیاندا بونی هەیە هەموان پێکەوە دەبنە یەک نەتەوە. بۆ نمونە چەندین وڵات هەیە کە نەژادیان تورکە، بەڵام هەریەک لەو وڵاتانە نەتەوەیەکی سەربەخۆن بۆ خۆیان لە چوار چێوەی دەوڵەتێکی دیاری کراودا. بۆ نمونە:من و کوردێکی باکور هەردوکمان کوردین هاونەژادین گەر لە دوا ڕۆژدا کوردستان ئازاد بوو باکور ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ و باشوریش بەهەمان شێوە ئەوا ئەو کات من و کوردێکی باکور دەبینە دوو نەتەوەی جیاواز، بەڵام هەر هاونەژاد دەبین، وە لەگەڵ تورکمانێک دا کە لە هەولێر دەژی، من و تورکمانەکە بەیەک نەتەوە هەژمار دەکرێین. لەوانەیە تاکو ئێستاش هەر کەسانێک هەبێت بڕوایان بەم شیاکارییەی من نەبێت، چونکە وشەکە لە مێژە بەکارهاتووە بە هەڵە.
باشە نەیشن nation کە وەک باسمان کرد کورد پێیدەڵێت نەتەوە وە لەم وشەی نەیشن - ە وشەی nationality دروست بووە یان بە دیوێکی دی بڵێین وشەی ناشییوناڵێتی لە وشەی نەیشنەوە هاتووە. باشە کاتێک کەسێک لە کوردێکی عێراقی دەپرسێت ? what is your nationality دەبێت بڵێت ئایام ئیراکی . گەر بڵێت ئایام کوردیش وەڵامی کەسی پرسیارکەر ئەوە دەبێت من پرسیاری ناشیوناڵێتیم کرد نەک ئیسنیک. وەهەرکات کوردستان بوویە دەوڵەت کوردێک و تورکمانێک و عەرەبێک دەبنە کوردستانیی ، بەڵام نەژادیان جیاواز دەبێت بۆیە زۆر پێویستیشە وەک ریزگرتن لە نەژادەکانی دی بۆ هەندێک ڕێکخراو و ڕەوەند وشەی کوردستانیی بەکاربهێنرێت نەک کورد بۆ نمونە: ڕەوەندی کوردی هەڵەیە. گونجاوترە بوترێت ڕەوەندی کوردستانیی چونکە ئەو خەڵکانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین مەرج نییە هەموویان کورد بن بەڵام کوردستانیین.
با نمونەیەکی دی باسبکەم کاتێک کە باسی کورد دەکرێت دەبێت بوترێت کورد گەورەترین نەژادی گۆی زەوییە
بەبێ بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. نەک بەو شێوەی ڕاگەیاندن و کەسانی دی دەڵێن: کورد گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتە.
بەڵکو کورد گەورەترین نەژادی بێدەوڵەتە. بنواڕە ئەم ڤیدیۆیە کە باسی کورد دەکات و دەڵێت: (1)
Today, the worlds thirty million Kurds, equivalent to the population of Canada, make up the largest ethnic group in existence without a recognized state of their own.
ئەوەتا دەوترێت largest ethnic واتا گەورەترین نەژاد نەک گەورەترین نەتەوە، هەرچەند هەر لەدوای ئەم دێڕە دکتۆر
عەلی سەعید کە ئەوکات سەرۆکی زانکۆ سلێمانی بووە دەڵێت:
(We are neither Arabs, nor Turks, and not Persians. We are Muslims, but we are a different nation) هەڵبەت ڕاستە ئێمەی کورد نە عەرەبین نە تورکین وە نە فارسین ، بەڵام ئێمە نەژادێکی جیاواز لەوانین نەک وەک دکتۆر عەلی سەعید دەڵێت نەتەوە چونکە، گەر لە ڕووی وردییەوە لێی بڕوانین کوردێکی ڕۆژهەڵات و فارسێک بەیەک نەتەوە هەژمار دەکرێن وە عەرەبێکی عێراق و کوردێکی باشور بەیەک نەتەوە هەژمار دەکرێن چونکە لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتدا دەژین. دوای وتەکانی دکتۆر کەسێکی دی بە ناوی جانۆ ڕۆژبەیانی ورترو بە دیقەتتر قسەدەکات و دەڵێت:
(The fact that we Kurds are a completely different ethnic group than the Arabs and the Turks and even the Persians)
وە دواتریش پرۆفیسۆر نزار ئەمین قسە دەکات و دەڵێت:(We are trying to build a nation) واتا ئێمە هەوڵ دەدەین نەتەوە بنیات بنێین. ئەم ڕستەیەی ئەو بەڕێزە زۆر تەواوە ئێمە هەنووکە نەژادین ، بەڵام دەبێت هەوڵ بدەین نەتەوە بنیات بنێین.
گەر کوردستان بوویە وڵاتێکی سەربەخۆ ئەوکات کەسێکی کورد نەتەوەو نەژادی بەم شێوەیە جیادەکرێتەوە.
1- ناشیوناڵێتی(nationality): کوردستانیی. 2- ئیسنیسیتی (ethnicity) : کوردیش.
لێرەدا دەگەینە ئەم دەرئەنجامە هەروەک لەڕابردوودا ئاماژەم بە وشەی ڕەگەزپەرست کردبوو کە هەڵەیە بۆ
واتای (racist)وە هەروەها وشەی نەتەوەپەرست - یش بۆ کەسێک کە نەژادی خۆی لا پەسەندتربێت هەڵەیە. بەڵکو نەتەوەپەرست دەکرێت ڕقی لە کەسێک بێت کە هاونەژادیشن . بۆ نمونە عەرەبێکی یەمەنی دەکرێت ڕقی لە عەرەبێکی سعودی یان ئیماراتیی بێت ئەی خۆ هەموویان عەرەبنو ناتوانرێت ناوبنرێت نەژادپەرست .
بۆیە لێرەدا وشەکانی ڕەگەزپەرست،
نەژادپەرست،نەتەوەپەرست ، دەتوانین بەم شێوەیە دابەشیان بکەین بەسەر سێ وشەی ئینگلیزیدا.
- ڕەگەزپەرست ( sexist)
- نەژادپەرست (racist )
- نەتەوەپەرست ( nationalist ).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست