مەترسیەکانی بەردەم چەسپاندنی دەستوری تورکیا
Wednesday, 19/04/2017, 23:03
ئەمرۆ پرۆسەی دەنگدان بۆ راپرسیەكەی توركیا لەسەر هەمواركردنەوەی دەستوری توركیا بەرێوەچوو ، بەپێی جیاكردنەوەی لە 71% دەنگەكان ، دەنگی بەڵێ بۆ هەمواری دەستوری توركیا لە پێش دەنگی نەخێرەوەیە. ئەگەر دەنگی بەڵێ لە راپرسیەكەدا زۆر ترین بێت ،ئەوا ئەم گۆڕانكارییانە لە دەستوری توركیادا روودەدات، دەسەڵاتێكی بەرفراوانی سەرۆك كۆمار دەگرێتەوە كە بریتین لە ؛
۱-سەرۆك خۆی حكومەت پێكدەهێنێت و پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵدەوەشێنێتەوە و جێگرێك یاخود زیاتر بۆخۆی دادەمەزرێنێت.
۲-سەرۆكی وڵات فەرماندەیی هێزە چەكدارەكان دەكات، جگە لەوەی دەسەڵاتی دامەزراندنی فەرماندەكانی سوپا و هێزە ئەمنییەكان و گەورە فەرمانبەرانی دەوڵەت و لەكارخستنیانی دەبێت.
۳-سەرۆک دەست لە كاری دادوەری وەردەدات لەڕێگای هەڵبژاردنی چوار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و داواكارانی گشتییەوە .
٤-بەرپرس دەبێت لە دامەزراندن و لەكارخستنی كەسایەتییەكانی دەسەڵاتی دادوەری، ئەمە لەكاتێكدا پەرلەمان تەنها دەسەڵاتی دامەزراندنی حەوت ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەبێت. ٥-سەرۆك لەبری پەرلەمان مافی سەپاندنی دۆخی كتوپڕی دەبێت، جگە لە رابەرایەتیكردنی پارتێكی سیاسیی، كە بەوەش ژمارەی پەرلەمانتاران لە ( 550) ئەندامەوە دەبێتە (600 )ئەندام و كەمترین تەمەنی رێگا پێدراو بۆ خۆ پاڵاوتنی پەرلەمانتار لە 25 ساڵەوە دەبێت بە 18 ساڵ.
٥-سەرۆك لەبری چوار ساڵ جارێك، هەموو پێنج ساڵ جارێك دەسەڵاتی رێكخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەبێت لەهەمان رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، هەرچی پەرلەمانیشە، ئەوا دەسەڵاتی یاسادانان و هەمواری یاسا و سەرپەرشتیكردنی ئەدای سەرۆكی دەبێت.
٦-سەرۆك دەسەڵاتی دەركردنی بەیاننامەی سەرۆكایەتی دەبێت لەسەر هەموو پرسەكانی پەیوەست بە دەسەڵاتە جێبەجێكارەكانی، گەر سەرۆكیش بە ئەنجامدانی تاوان یاخود گەندەڵی تۆمەتبار كرا، ئەوا پەرلەمان دەتوانێت بە دەنگی 360 پەرلەمانتار لەكۆی 600 پەرلەمانتار داوای كردنەوەی دۆسیەی لێكۆڵینەوە بكات، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی پڕۆژە نوێیەكە سەرۆك بۆی هەیە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تازە بكات، ئەمە جگە لەوەی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لەكۆی 15 دادوەری دادگای دەستووری، 12 دادوەر دابمەزرێنێت، كە دواجار هەر ئەو دادوەرانەش مافی دادگاییكردنی سەرۆكیان دەبێت گەر تۆمەتی ئاڕاستە بكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست