نرخی ئینسان و یارمه‌تی ماڵی!؟
Friday, 26/02/2010, 12:00
ژماره‌ی ئه‌ندامانی کوژراوی حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به ده‌ستی هێزه‌کانی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران، له گه‌ڵاوێژی ئه‌م ساڵه‌وه تا سه‌ره‌تای ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی 2709، ده‌گاته 15 که‌س. رابه‌ڕانی سیاسی ئه‌و حزبانه، مه‌ئموریه‌تی ئه‌و که‌سانه بۆچوونه‌وه ناو کوردستان، له چه‌ند خاڵدا گردوکۆ ده‌که‌نه‌وه:
- کاری ته‌بلیغی هه‌موو که‌س ده‌زانێ ته‌بلیغ کردن کارێکی به‌رده‌وام و رۆژانه‌یه و که‌سی موبهلغ له پرۆسه‌یه‌کدا ده‌توانێ چاوه‌ڕوانی ئاکامی کاره‌که‌ی خۆی بێت.
ناردنه‌وه‌ی که‌سانی چه‌کدار بۆ ناوخۆی وڵات، بۆ ئه‌نجامدانی کاری ته‌بلیغی چه‌نده له راستییه‌وه نزیکه؟ ده‌کرێ دۆستان بۆ خه‌ڵکی روون بکه‌نه‌وه که مه‌به‌ست له کاری ته‌بلیغی چه‌کدارانه له ژێر سیستمی چاوه‌دێری نیزامی و سیخوڕی کۆماری ئیسلامی‌دا چییه؟
ئایا له گونده‌کان خه‌ڵک له گۆڕه‌پانی ئاوایی و له مزگه‌وته‌کان کۆ ده‌که‌نه‌وه و وه‌ک ساڵانی 57 و 58 وتار ده‌ده‌ن؟ ئایا له شاره‌کان خه‌ڵک له چوار ڕێ و مه‌یدانه‌کان کۆده‌که‌نه‌وه و ته‌بلیغ ده‌که‌ن؟ یا ماڵ به ماڵ له گوند و شار ده‌گه‌ڕێن وخه‌ڵک روون ده‌که‌نه‌وه؟ ئه‌و کاره تهبلیغییهی که ئه‌و ئه‌ندامانه ده‌بێ ئه‌نجامی بده‌ن چییه، که له رێگای رادیۆ و ته‌له‌وزیۆن و ئینترنێت و رێگاکانی دیکه‌وه ناکرێ و ده‌بێ چه‌کدارانه بۆی بچنه‌وه ناوخۆی وڵات و ئاوا بکه‌ونه بۆسه‌ی رژیمه‌وه و گیان به بێ ده‌ستکه‌وت له ده‌ست بده‌ن؟!
- کاری ته‌شکیلاتی کاری ته‌شکیلاتی مانای کارکردن له ناو سیستمێکدایه، گه‌ر سیستمێکی وا له گۆڕێدابێ، که‌سانی ناو سیستمه‌که که له شار و گونده‌کان ده‌ژین، خۆیان کاری خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبانه ته‌شکیلاتی نهێنیشیان هه‌بێ، که‌سی چه‌کدار چۆن ده‌بێ له که‌سانی ناو ئه‌و سیستمه نزیک بێته‌وه؟
حزبه‌کان ته‌نیا له یه‌ک حاڵه‌تدا که‌سی چه‌کدار ده‌نێرنه‌وه، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ی حزووری خۆیان بسلمێنن، بۆ ئه‌وه‌ش که‌وتوونه‌ته کێ به‌رکێ و موسابقه له‌گه‌ڵ یه‌کتر. له کاتێکدا ئه‌و حزبانه شه‌ڕی چریکی و نیزامیان دژی رژیم راگرتووه، مانای ته‌بلیغ به شێوه‌ی چریکی و چه‌کدارانه چییه؟
گه‌ر ئه‌و حزبانه ته‌شکیلاتیان له ناو شار و گونده‌کانی وڵات هه‌بایه، کۆماری ئیسلامی و سیخوڕه‌کانی نه‌یانده‌توانی ئاوا به هاسانی 15 ئینسان له ناو به‌رن و میلله‌تێک و بنه‌ماڵه‌کانیان داخدار که‌ن!
- پاره کۆکردنه‌وه(یارمه‌تی ماڵی) ئه‌وه‌ی بارودۆخی ماڵی حزبه‌کانی کوردستان چۆنه و چۆن بووه و داهاتی ئه‌و حزبانه له کوێوه دابین ده‌کرێ، نه ته‌نیا خه‌ڵک و مێدیا لێی ئاگادار نییه، به‌ڵکوو که‌سانی ناو حزبه‌که‌ش زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان نازانن ده‌خڵ و خه‌رجی حزبه‌که‌یان چییه و چۆنه؟! گه‌ر پرسیاریشیان لێ بکرێ، له وڵامدا ده‌ڵێن له رێگای وه‌رگرتنی حه‌قی ئه‌ندامه‌تییه‌وه حزبه‌که‌یان به‌ڕێوه ده‌به‌ن. به‌ڵام زۆر هاسان ده‌کرێ له ڕێگای ژماره‌ی به‌شدارانی کۆنفرانس و کۆنگرهکانیانهوه سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئه‌و حزبانه حیساب بکرێ. پاره‌ی ئه‌ندامه‌تی هیچکام له‌و حزبانه ده‌ره‌قه‌تی خه‌رجی مانگێکی ته‌له‌فیزیۆنه‌کانیان نایه‌ت. ڕه‌مزوڕازی مه‌سه‌له‌ی ماڵی ناو حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به ده‌ستی یه‌ک دوو که‌س ده‌کرێته‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش، هه‌ر کام له‌و حزبانه رابه‌ری مادام العومریان هه‌یه.
ئه‌گه‌ر بگوترێ حزبه‌کان بۆ کۆکردنه‌وه‌ی پاره ناچار به دانی قوربانی ده‌بن، نه ته‌نیا جێگای باوه‌ڕ نییه، به‌ڵکوو دڕدۆنگی ساز ده‌کات. چۆنه له ئوروپا حه‌ولی پاره کۆکردنه‌وه ناده‌ن و پێشمه‌رگه‌ی چه‌کدار ره‌وانه‌ی گونده‌کان ده‌که‌ن؟ وه‌زعی ژیانی گوندنشینه‌کانی ئێمه له رژیمی فاسدی ولایه‌تی فه‌قێ دا، ئه‌وه‌نده باش نییه که بتوانن خه‌رجی لۆردانهی سه‌رانی ئه‌و حزبانه له باشوور و ئوروپا دابین بکه‌ن، جگه له‌وه زیاتر له 65 له سه‌دی خه‌ڵکی کورد له شاره‌کان ده‌ژین و ئه‌گه‌ر پاره‌ش هه‌بێ ئه‌وه له‌وێ هه‌ڵده‌سووڕێ نه‌ک له گونده‌کان.
بێ گومان گونده‌کان ئه‌و شوێنه نییه که حزبه‌کان پاره‌ی چاکی لێ به‌ده‌ست بهێنن، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبانه که‌سیان هه‌بێ و خاوه‌نی ته‌شکیلات و خه‌ڵک بن، پێویستیان به‌وه نییه چه‌ک به‌ده‌ست گوند به گوند و ماڵ به ماڵ بگه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌د تمه‌ن سهدتمهن پوڵ کۆکه‌نه‌وه. حزبه‌کان له یه‌ک حاڵه‌تدا پێویستیان به چه‌ک و گونده‌کان- ئه‌ویش گونده‌کانی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت و شاره‌کانی سه‌ر سنوور هه‌یه، ئه‌و شوێنانه‌ی که کۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام خه‌ریکی ڕاوکردنی کۆڵبه‌ر و که‌سانی ماڵ كڕ و ماڵبه‌ر و ماڵ هێنه‌ر له‌م دیو بۆ ئه‌و دیوی کوردستانه. حزبه‌کان بۆ وه‌رگرتنی باج - یان به وته‌ی خۆیان گومرک له کاروانچییه‌کان، پێویستیان به چوونه ناو گونده‌کان به چه‌که‌وه هه‌یه، ئایا ئه‌وه بووه مه‌ئمووریه‌تی ئه‌و "پێشمه‌رگانه" که گیانیان له ده‌ست داوه؟
حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ماوه‌یه‌که جاڕی شه‌فافیه‌ت و ئاشکراوێژی ده‌کێشن، خه‌لک و مێدیاش چاوه‌ڕوانن که سه‌رانی حزبه‌کان ڕاستگۆیانه له گه‌ڵیان بدوێن بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی کۆڕ و کۆمه‌ڵگای ناو کوردستان په‌یدا بکه‌ن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست