کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شکستى بنەماڵە و بە سەربازگەکردنى شار

Tuesday, 26/12/2017, 2:09


خۆپیشاندان لە چەندین شار و شارۆچکەى هەرێمى کوردستان دەستى پێکردووە و لەو نێوەندەشدا بریندار و کوژراویش بوونى هەیە و چەندین دام و دەزگاى حکومى و بارەگاى حێزب و لایەنە سیاسیەکان سوێنراوە، هێزێکى زۆریش بۆ کپکردنەوەى ئەو دۆخە جوڵەى پێکراوە.
سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکانى هەرێمى کوردستان لەشار و شارۆچکەکانى ناوچەى سەوز کە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دەسەڵاتى حیزبى بەسەریدا هەیە و لە پاڵ ئەوانیشدا هەر یەکە لە بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان بەپێ قەبارەى خۆیان دەسەڵاتیان هەیە، بەڵام لەم خۆپیشاندانانەى کە لە چەند ڕۆژى رابردوودا دەستى پێکردووە و بەردەوامى هەیە، جگە لە حیزبى یەکێتى کە باڵادەستە لە ناوچەکەدا و دژایەتى خۆپیشاندانەکە دەکات، تاوەکو ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى نەک هەنگاوى کردارییان نەناوە، بەڵکو تاوەکو ئێستادا زیاتر قسەیە و پێشەنگى راستەقینەى خۆپیشاندەران نین.
لەداوى هەفتەیەک لە خۆپیشاندان 5 کەس کوژراون و نزیکەى 200 کەس بریندار و زیاتر لە 300 کەس دەستگیرکراوە و هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەیى میدیاى نالیا کە هەر یەکە لە کەناڵەکانى ئێن ئاڕ تى و ئێن ئاڕ تى عەرەبى و ئێن ئاڕ تى دوو  و ڕادیوى نالیا و تۆرى دیجیتاڵى میدیاى نالیا دەستى بەسەردا گیراوە و بەشێکى زۆرى کەلوپەل و ئامێرەکانى ناو دەزگاکە براوە و بەشێکیشى شکێنراوە و چەندین رۆژنامەنووسى کەناڵەکانى دیکە بۆ ماوەیەک دەستگیرکراون و کەلوپەلە رۆژنامەنوسى و کامێراکانیان شکێنراوە و شاسوار عبدالوحید کە سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێیە لە پاش گەڕانەوەى لە بەریتانیاوە لەنێو فرۆکەخانەى سلێمانیەوە لەلایەن هێزەکانى دژە تیرۆرەوە رفێنراوە و تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراوە.
لەکاتێکدا ئەم خوپێشاندانانە کە دەستپێکرد بەشێکى زۆرى هۆکارى کەمکردنەوەى موچەى هێزەکانى پێشمەرگە و نەدانى موچەى فەرمانبەران لە کاتى خۆیدا و بێکارى گەنجان و کوشتنى رۆژنامەنوسان و مامۆستایانى ئاینى و چەندین تر بوو کە وایکرد دەنگى نارەزایى بەرز ببێتەوە  و خوپیشاندان دەست پێبکات.
سەربارى هەموو ئەمانە هەر یەکە لە بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى لە سەر ئاستى باڵا بڕیارى کشانەوەیان لە پێکهێنانى حکومەتى بنکەفراواندا و دوور بە دوور پاڵپشتى لە بەردەوامى خۆپیشاندانەکان دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکێک لەو سەرکردە دیارانەى ئەو دوو حیزبە نەچونەتە پێشەوەى خۆپیشاندانەکان تاوەکو هیوا و ورە بدات بە خۆپیشاندەران و هانى گەنجان و فەرمانبەران بدات تاوەکو رێژەى خۆپیشاندەر زیاتر بێت و فشارەکان زیاتر بێت تا کاریگەرى لەسەر باشکردنى دۆخکە هەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا هەر یەکە لە یەکێتى و پارتى دەسەڵاتێکى تەواو دیکتاتۆرى باڵى کێشاوە بە سەر خەڵک و دامەزراوەکان، هەر چەندە ئەم دوو حیزبە لە رابردوودا بە ملێونان دۆلاریان لەم وڵاتە بە هەدەرداوە و کۆشک و بانکە ناوخۆیى و نێو دەوڵەتییەکانیان لێ پر کردووە و خاوەنى دەیان کۆشک و تەلارن لە ناوخۆیى کوردستان و وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکى کەمى لە کەسانى نزیک لە بنەماڵەکانیان لێیان سود مەند بوونە، ئەگەر نا مانگانە بە هەزران گەنج بە دەریاى ئیجەدا کۆچدەکەن و بەشێکیان دەخنکێن و بەشێکیان دەگەنە وڵاتانى ئەوروپا، لە ناوخۆیى کوردستاندا وا دەبێتە دیاردا کە فەرمانبەران لە گیرفانى بەتالێدا خۆیان دەکوژن و کۆتایى بە ژیانى خۆى دەهێنێت، بەڵام من تێناگەم ئەم بنەماڵانە لە پاش 26 ساڵ لە بەرێوەبردنى ئەم وڵاتە پر لە نەوت و کانزا، هێشتا پێیان وایە هەر دەبێت ئەمانە فەرمانڕەوایى بکەن و رێگانادەن کۆتایى بە دەسەڵاتیان بێت و کورسیەکانى دەسەڵات بەجێبهێڵن.
سەرەڕاى هەموو ئەوانە، ئەمەى لە هەرێمى کوردستاندا دەکرێت سیاسەت نیە و جگە لەوەى گوێرانە و بە بەکارهێنانى هێزە دەمامکدارەکان و دژە تیرۆر و پاراستن و هێزەکانى ئاسایش لولەى تفەنگەکانیان ڕوو دەکەنە هاوڵاتیانى خۆیان، لەکاتێکدا ئەمانە دەبێت بەرگرى و پارێزگارى لە خۆپیشاندەران بکەن، بەڵام بونەتە مەترسى بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیى و ژیانى کۆمەڵگەى کوردستان، بۆیە هیچ پاساوێک نیە بە بەکارهێنانى هێز لە هەولێرەوە بۆ سلێمانى بە چەگى قورس و سوک و هامەر و میک زەمنى و باجەر لە دژى خۆپیشاندەران بەکاربهێنن، چونکە ئەمە دەستپێکى شۆرشێکى مەدەنیە و مانەوەى هەر دوو حیزبى بنەماڵە لە سەر ئاستى ئەمریکا و ئەوروپا لەبەرژەوەندى ئەواندا نیە و دەبێت کۆتایى پێ بێت، سیستەم و جۆرێکى دیکە لە حکومڕانى لە ناوچەکەدا بەدى بێت و لەسەر دەستى ئەوان مافەکانى کورد بەدى بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە