کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕووماڵى میدیاى کوردى و هێرشى داعش بۆ کەرکوک

Monday, 24/10/2016, 20:48


ڕۆژى 20/10/2016 لە بەرەبەیانى هەینیدا و دزە کردنى ژمارەیەک چەکدارى تیرۆرستى داعش بۆ نێو شارى کەرکوک، جارێکى دیکە هەمووانى توشى شوک کرد، شوک بوون بەو مانایە نا کە خەڵکى ترسابێت، بەڵکو بەو ماناییەى کە وا یکرد هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانى کورد دەبێت بە پلانێکى ورد تر شارى کەرکوک بپارێزن، چونکە دەبێت کورد بەتایبەت لەم بارودۆخەدا دوور لە بیرى ئاینى و سیاسى و حزبى و نەتەوەیى، بەبیرى نیشتیمانى پاراستنى خاکى کەرکوک لەئەستۆ بگرن.
بۆیە لەم بارو دۆخەدا هەردوو هێزى سەرەکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان، کە خاوەنى هێزێکى ئەمنى و سەربازین و بەشێکى زۆرى پلانى ئەمنى شارەکە دادەرێژن، دەبێت لە لێدوانە نا بەرپرسیارییەکان خۆیان بە دوور بگرن و رێگا نەدەن میدیا، بەتایبەت میدیاکانى نزیک لەحزبەکانیان ئەو ناکۆکییەى لەشارەکەدا هەیە بەرەو هەڵدێر بەرن.
 لەکاتێکدا ئەرکى هێزە ئەمنییەکانى شارەکەیە کە پارێزگارى لە کەرکوک بکەن، بەڵام شان بەشانى هێزە ئەمنییەکان خەڵکى سڤیل لەو شارەدا تا ڕادەیەک پاڵپشتییەکى باشى ئەو هێزانەن، چونکە هەمیشە خەڵکى ئەو شارانە بە هەستێکى نەتەوەییەوە تێروانینیان بۆ پاراستنى شارەکەیان هەبووە و بە کردار ئەوەیان سەلماندووە، چونکە ئەو خەڵکەى بەچەک  و فیشەکى خۆى بەرگرى دەکرد، خۆ دەکرا لەبرى بیرکردنەوەى لە هاوکارى و پاڵپشتى هێزە ئەمنییەکان، بەرەو شارەکانى دیکەى هەرێم هەڵبێن، بەڵام لەم نێوەندەدا چەند میدیایەکى کوردى رۆڵێکى زۆر خراپ و نا ئێتیکیان بەرپا کرد.
ڕووماڵى میدیای کوردى
  ڕۆژى یەکەمى ئەو هێرشەى چەکدارانى داعش بۆ شارى کەرکوک چەند میدیایەکى کوردى ماوەى 15 کاتژمێر لە رووماڵکردنى ئەو رووبەرووبونەوەیەدا یەکێک بوو لە هەرە فاکتەرە بەهێزەکان بۆ ترساندنى خەڵکى سڤیل و بڵاو کردنەوەى وێنەى ترسێنەر و پیشاندنى شڵژاوى هێزە ئەمنیەکان و نیشاندنى جۆرى چەک و حاڵەتەکانى بەرگرى و ئاشکرا کردنى هەنگاو بە هەنگاوى پلانەکانى هێزە ئەمنیەکان و هێزەکانى پاڵپشتى،  وەرگرتنى لێداونى جیاواز لە بەرپرسە سەربازییەکان و خەڵکى خۆبەخشى مەدەنى، ئەمەش بەشێک بوو لەو فاکتەرە بەهێزانەى داعش لە رووى میدیاییەوە کار بۆ دەکات و لەبرى بوونى کامێرى چاودێرى ئەو رێکخراوە تیرورستییە، میدیاى کوردى ئەو پۆشیاییە گەورەیەى بۆیان پر کردبووەوە.
رۆڵى وەزارەتى رۆشنبیرى
لەکاتێکدا کە لەرۆژى یەکەمدا بەشێوەیەکى خراپ هێرشەکە ڕووماڵ کرا، رۆژانى دواتریش چەند میدیاییەکى کوردى هەمان هەڵەى رۆژى یەکەمیان دووبارە کردەوە، دەبوایە ووتەبێژى سەرۆکایەتى هەرێم و وەزارەتى رۆشنبیرى ئەو ڕووماڵە نا ئێتیکییەى کەناڵەکان رابگرێت و سزایى یاسایى بدرێن.
پیشاندنى ڕووى قارەمانى داعش
سەرەڕاى ئەوەى میدیاکان پێشبرکێیان لەسەر ئەوە دەکرد کە چۆن ڕووماڵى خراپتر بکەن، بەپرسانى سەربازى شارى کەرکوک و ئەفسەرانى هێزەکانى پێشمەرگە و بەرپرسە باڵاکان، لێداوانى نەگونجاو و دوور لەپاراستنى پلانى ئەمنى و سەربازى خۆیان و ئاماژەکانیان بۆ گەڕانەوەى لیواکانى پێشمەرگە لە بەرکانى شەڕەوە بۆ شارى کەرکوک و هاتنى سات بە ساتى هێزەکانى دیکە بۆ ئەو شارە، وایکرد بەردەوام ڕووماڵەکانیان بە ئاراستەى ترساندنى خەڵکى سڤیل و پیشاندنى رووى قارەمانى چەکدانى داعش و تێکچونى ئەمنى ئەو شارە بێت، لەبەرامبەر هاتنى نزیکەى 100 چەکدارى داعش.
تەنانەت لە چەند کاتژمێرى ڕۆژى یەکەمى ئەو هێرشەدا میدیایەکى کوردى باسى لەوە دەکرد کە "چەکدارانى داعش لەرێگاى بڵندگۆکانەوە داوا لەخەڵک دەکات بە هانایانەوە بچن و پێویستیان بە یارمەتى خەڵکە"، ئەمە نەک تەنیا پێشێلکارییە یاسا، بەڵکو ئەم میدیایە دەبێت پەخشى ڕابگیرێت و توندترین لێپێچینەوەى لەگەڵدا بکرێت.
نەبوونى زانیارى راست لاى بەرپرسان
لەلایەکى دیکەش زانیارى هەڵەى بەرپرسە باڵاکان وایکردووە تاوەکو ئێستا نەزانراوە کە چەند چەکدارى داعش لەو هێرشەدا بەشدارى کردووە و لەکویوە هاتوەتە شارى کەرکوکەوە، لە دواى نزیکەى 9 کاتژمێر رووبەرووبونەوەى لاهۆر شێخ جەنگى بەرپرسى ئاژانسى پاراستن و زانیارى هەرێمى کوردستان باسى لەوە دەکرد کە ژمارەى چەکدارانى داعش (40-50) کەسن، کۆسرەت رەسوڵ عەلى جێگرى سەرۆکى هەرێمى کودرستان باسى لەوە دەکرد کە ژمارەیان 120 چەکدار بووە، شایەتحاڵتێک باس لەوە دەکات کە گوایە (30- 40) چەکدار بووە، بەرپرسانى پارتیش بەردەوام تەکیدیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ژمارەیان دیارى کراو نیە. 
جێگاى ئاماژە بۆ کردنە کە نابێت جارێکى دیکە میدیاى کوردى بەم جۆرە ڕووماڵى هێرشێکى لەو جۆرە بکات کە بەردەوامى مەترسى روودانى لێ دەکرێتەوە، چونکە ئەمە تەنیا پەیامنێر و کامێرمان بەرپرس نین، بەڵکو بەرێوەبەرى کەناڵەکان و سەرنوسەرانى بەشى هەواڵ نابێت رێگا بدرێت بەم جۆرە خراپ و نا ئێتیکییە ڕووماڵى جەنگ و هێرشەکانى داعش بکرێت، چونکە دواجار جگە لەوەى وەک میدیایەکى کارپێکراو بۆ داعش، کارەکانیان نە خزمەت بە میدیاى کوردى دەکات و نە خزمەت بە خەڵک و بارى ئەمنى دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە