حیزبەکان ئامرازێکن بۆ بەکۆیلە کردنی کۆمەڵگا
Wednesday, 15/11/2017, 14:13
زۆر جار لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا و لەنێویاندا دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان هەمیشە هەوڵی بەکۆیلە کردنی تاک دراوە و دواجار کۆمەڵگایەکی کۆیلەی لێبەرهەم هاتووە، کارەکتەرەکانی دروستبوونی کۆمەڵگای کۆیلایەتی چەند جۆرێکن کە سەرەکی ترینیان کۆیلەی ئاینی و کۆیلەی سیاسین ، چونکە ژیانی ئاینی و ژیانی سیاسی دوو گەورەترین توێژن کە کۆمەڵگایان لە سەر بنیاد نراوە .
لەسایەیی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی و سیاسەتی چەوتی حیزبەکانەوە ، دەتوانرێت بوترێت زۆر ترین مرۆڤی کۆیلە لە کوردستان بوونی هەیە و زۆربەی چین و توێژەکانی گرتۆتەوە تەنانەت توێژەکانی رۆشنبیران و نووسەران مامۆستایان و فەرمانبەران یشی گرتۆتەوە ،کە ئەوە بە سانایی هەستی پێ دەکرێ، ئەوەش بۆ خۆی لە کۆتاییدا دەبێتە مەترسییەکی زۆر گەورە بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو کە هەروەک لە ئێستادا لە کوردستان ئەنجامە کانی دەرکەوتووە و بنبڕکردنیشی کارێکی سەخت دەبێت .
لەماوەی حکومڕانیاندا حزبەکان و سیاسیەکانی کوردستان هێندەی لەخەمی زیادکردنی نفوسی جەماوەری خۆیاندا بوون نیو هێندە بۆ بەسیستەم کردنی کۆمەڵگا هەوڵیان نەداوە ، هەموو حیزبێک لەدنیادا مافی خۆیەتی زۆرترین دەنگ و هەوادار لە بەرنامەو پڕۆگرامی خۆی کۆبکاتەوە بەڵام بەکار و چالاکی و خزمەتکردنی هاوڵاتیان نەوەک بە کڕینی دەنگ و بیر و هزریان ، لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە و ئەوکاتەی کەلەسەدا حەڤدەی بودجەی عێراق تەرخان کرا بۆکوردستان پارەکە هێندە زۆر بوو پارتی و یەکێتی کەوتنە کڕینی وەلائی تاکی کورد و بەکۆیلە کردنی کۆمەڵگای کوردی ،
هەرلەسەرەتاوە بە بەشینەوەی ئۆتۆمبێلی گران بەها ،موەچەی زۆر ، ئەرزە ، دەمانچە ، دامەزراندنی بەلێشاو خاوەن دیوەخان و کەسایەتیە عەشایەرەکانیان کڕی تا گەیشتنە چینی ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستەکان دواتر هاتنە خوارەوە بۆ خەڵکی ئاسایی .
بە بەرنامەیەکی داڕێژراو زۆر بەی چینەکانی کۆمەڵگایان کردە بندیوار و موچە خۆری بێ بەرهەم ڕۆشنبیر ،ئاغا ، کوێخا ، مەلا، شێخ ، دەروێش عەلمانی و ایسلامی دابەش بوون بەسەر دوو بەرەی سەوز و زەرد دا ،ئیتر گۆمەڵگای کوردی بوە کۆمەڵگایەکی کۆیلە و ڕازی .
لەماوەی ڕابردودا و هەتا وەکو ئێستا پەروەردەی حیزبی لەکوردستان پەروەردەیەکی تەندروست نەبووە ،تەواوی حیزبەکانی کوردستان کاریان لەسەر گەمژاندن و بەکۆیلە کردنی هەوادار و لایەنگر و ئەندامەکانیان دەکەن ، هەمیشە بەناوی پەیڕە و پڕۆگرام و پرەنسیبی حیزبیەوە لەهەوڵی بێدەنگ کردن و ڕازیکردنی شوێنکەوتە کانیاندا بوون ،
ئەگەر سەرنج بدینە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چەندین کۆیلەی حیزبی لە عەلمانی و ئیسلامی دەبینین ،کە هەموو کارێکیان بۆتە جوانکردنی سەرکردە و حیزبەکانیان ، بەجۆرێک بەشان و باڵیاندا هەڵ دەڵێن کە حیزبایەتیان گۆڕیوە بۆ بەندایەتی و پەرستن
حیزب لەکوردستان لەئامرازەوە گۆڕاوە بۆ پەرستن ، سەرکردەو سیاسیەکان لای خەڵک واوێنا دەکرێن کە پیرۆزن و نابێت قسەیان لەسەر بکرێت ، کەئەمە هەموو حیزب و سیاسیەکانی گرتۆتەوە ، سەرجەم هەوادارو لایەنگرانی حیزبەکان کار بۆ پیرۆز کردنی سەرکردەکانیان دەکەن ، لە هەر حیزبێک دەنگێکی ناڕازی دژی سەرکردەو کاری ڕێخراوەییان هەبێت هەرزوو هەوڵی کپ کردنی یان وەدەرنانی دە درێت ، کە ئەو دیاردەیە حیزبە سۆسیال دیموکرات و بزوتنەوە جەماوەریەکانیشی گرتۆتەوە کەدیار ترینیان وەدەرنانی فەرهاد سەنگاوی لەیەکێتی و ڕابون مەعرف لەگۆڕن بوو .
ئەمەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە حیزبەکانی کوردستان لەیەک کار و خەباتدا هاو ئامانجن ئەویش بەکۆیلە کردنی کۆمەڵگایە لەبەرژەوەندی خۆیان، ئەوەش لەئاکامی ئەو مرۆڤانەیە ،کە لە نێو ژیانی کۆمەڵایەتی دا دەترسێن ونایەنەوێ لە پێناوئازاد بوونی خۆیاندا ڕووبەڕوی مەترسی ببنەوە ، واتا بەهیچ شێوەیەك بیر لە ململانێ ناکانەوەو خۆپاراستن ومانەوە دەکەنە دروشمی خۆیان و دەبنە ئامرازێک بۆ بنیاد نانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر وخۆسەپێن ، چونکە چاولەدەستی حیزبن ، گەر نەبنە ئەو ئامرازە ، لەوانەیە برسی بن وبەرگەی برسێتی نەگرن ، یا بە واتایەکی تر بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوەو لە پێگەکەی خۆیاندا وەدەر دەنرێن ، بۆیە من وای دەبینم کەتەواوی حیزبەکانی کوردستان یەک ئامانجیان هەیە ئەویش دەستگرتنە بەسەر بیرو هزری جەماوەرەکەیاندا و بەکۆیلە کردنی کۆمەڵگای کوردیە لەپێناو مانەوەی خۆیاندا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست