کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بزووتنەوەی گۆڕان و جیاوازیکردن لەنێوان کۆکا کۆلا و بیبسی کۆلادا !

Sunday, 25/09/2016, 23:53


ماهیەت و کڕۆکی هەر حیزب و ، بزووتنەوەیەکی مەدەنی، بریتییە لە خۆپیشاندان و مەیدانەکەشی سەر شەقامە ، بزووتنەوەی گۆڕانیش هەر لەسەرەتایی دەرکەوتن و دامەزراندنیدا ، وەک بزووتنەوەیەکی مەدەنی خۆی ناساند و پێناسە کرد، بەڵام ئەو بزووتنەوەیە ، لەدوای 8 ساڵ لەتەمەنی و ، سەرەڕای دەیان ڕووداو و ، کارەساتی سیاسی و ، ئەخلاقی و ، ئابووری ، کە ئەم دەسەڵاتە بەسەر ئەم میللەتەیدا هێنا ،تا ئێستا نەمانبینیووە تەنها یەک خۆپیشاندانی وەکو حیزب و بزووتنەوەی گۆڕان لە دژی دەسەڵات ئەنجام دابێت و لەگەڵ ئەوەشدا ، بڕواشی بە شۆرش و خەباتی چەکداری نییە بۆ گۆڕانکاری ، لێرەدا حەقی خۆیەتی بپرسین ئەو بزووتنەوەیە دەیەوێت بەکام ڕێگا و شێواز بیگۆرێت ؟ کە دروشمی سەرەکی و چەندین هەڵبژاردنی ڕابردووی ئەو بزووتنەوەیە (دەیگۆرین....دەیگۆرین) بوو !!
کاتی خۆی قەزافی ، بیروباوەرە سیاسیەکانی خۆی ، بۆ گەلی لیبیا لە کتێبێکدا بەناوی ( کتێبی سەوز) نووسیەوە ، لە بارەی خۆپیشاندانەوە ، وەک گاڵتە پێکردن بەگەلی لیبیای دەگوت ئێوە ئازادن ، لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان بەس بە بەدوو مەرج :-
1_نابێت قەڕەباڵغی دروست بکەن.!
2_نابێت بڕژێنە سەر شەقامەکان .!
ئەرێ بەڕاست ، دەبێت پارتی هەمان مەرجەکانی قەزافی بۆ خۆپیشاندان بەسەر گۆڕاندا نەسەپاند بێت لەکاتی ویستی ئەنجامدانی خۆپیشاندان؟؟؟ بۆیەش تا ئێستا نەیتوانیووە دوای 8 ساڵ خۆپیشاندانێکی ڕسمی وەک بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام بدات و ، هەمیشە سواری کۆڵی خۆپیشاندانی خۆرسکانەی خەڵکی ڕەش و ڕووت بووە .!
ئەرێ بەڕاست خەڵکی نەوشێروان مستەفای بۆ ڕۆژانێکی ڕەشی وەک ئەمڕۆ نەبێت بۆچیەتی ؟؟ کە دووەمین جارە ئەو شوانە ، بە بیانووی نەخۆشی ، ئەو میللەتە ئاوا وەک مێگەل لەژێر چنگ و چەپۆکی دەیان گوڕگی بڕسی جێ دەهێڵێت .؟
واز لەو قسەیە بێنن ، بڵێن جا ئەو پیرە پیاوە چی بکات؟ چۆن چی بکات ؟؟، خۆ خەڵک چاوەرێی ئەوە ناکات نەوشێروان مستەفا ، کلاشینکۆفە رزیووەکەی جارانی هەڵبگرێتەوە پێشیان بکەوێت بۆ سەر بارەگاکانی یەکێتی و پارتی و ، هەڵمەت بەرێت ، میللەت چاوی لە بڕیار و پێشەنگایەتی کردنیەتی ، وەکو ڕێنمایی و ڕێ نیشادەر بۆ دەربازبوون لەو دۆخە چەک بەستووەی دووچاری هاتووە ، ئاخر بەم شێوەیەی ئێستا ، میللەت پێش گیرخواردن بەدەست دەسەڵاتەوە گیری خواردووە بەدەست بزووتنەوەی گۆڕانەوە ، ئاخر ئەو بزووتنەوەیە ، نە بڕوای بەخەباتی چەکداری هەیە ، نەک بزووتنەوەیەکیشە بێ منەتانە بوێری خۆپیشاندانی هەبێت لەترسی پارتی ، نەوەک پارتی تۆمەتباری بکات ، بە دەست هەبوون لە خۆپیشاندان و هێرش کردنە سەر بارەگاکانیان !! کە وابوو هەبوونی بزوونتەوەی گۆڕان بۆ و لەپێناو چیش؟
هەر حیزب و بزوونتەوەیەکی سیاسی شەقامی لەدەستدا نەبێت ، ڕیسوا و زەلیل و زەبوون دەبێت ، بیرتانە ، ئەو کاتەی بزووتنەوەی گۆڕان لەساڵی 2011 شەقامی لەگەڵ بوو ، چۆن بەتەنیا یەکێتی و ، پارتی لێ تۆقیبوون و ، خەوی زڕاندبوون ، ئەی ئێستا چی ؟؟ ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان ، یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتووشی لەگەڵدایە ،ناتوانێت بچووکترین فشار لەسەر پارتی و یەکێتی بە ئاراستەی چاکسازی دروست بکات ، ئەوەش لەئەنجامی لەدەستدانی شەقام ، بە هۆی ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی ، کەبەهۆیەوە هەموو ئەو فایلە ڕەشانەی ،کە یەکێتی هەیبوو ، لەسەر مافی مڕۆڤ و ، تیرۆرکردنی دەنگی ئازاد و ، تاڵانی سامانی نیشتمانی ، بزوونتەوەی گۆڕان و میدیاکانی لێ بێ دەنگ بوون و خۆیان لەباسکردنی باناند ، هاوکات چاوپۆشی کردن لەو دەیان ملیار دۆلارەی یەکێتی ، لەڕابردوودا بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی دا بەڕێگە و شێوازی جیاواز لە میللەیان دزی و لەنێوان خۆیاندا دابەشیان کرد .
ئاخر خەڵکی کوردستان باش ئەوە دەزانێت ، پارتی و یەکێتی لەماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا ، وەک بیبسی کۆلا و کۆکا کۆلا بوونە ، واتا هەردووکیان یەک شت ( بیبسی ) بوونە ، بەڵام بەناوی جیاواز . بۆیە جیاوازی کردن لە نێوان ئەو دوو حیزبە ، لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە ، هەزاران کەسی لە خەون و ئاواتی، هاتنەدی گۆڕانکاری ڕیشەیی سارد کردەوە ، کە ئەو بزووتنەوەیە لەسەرەتای دامەزراندنیدا بانگەشەی بۆ دەکرد ، ئاخر گۆڕان بەتەنها بە ڕێککەوتنامەیەکی جێبەجێ نەکراو لەگەڵ یەکێتیدا ،کە تا ئێستاش یەکێتی لەگەڵ گورگ گۆشت دەخوات ، لەهەموو تاوانەکانی ڕابردووی ئەو حیزبە خۆش بوو ، ئاخر بێ دەنگ بوونی میدیاکانی گۆڕان ، بەواتای ڕازیبوونە بە تاوانەکانی ڕابردووی یەکێتی ، ئەی لەمێژە نەیانگوتووە بێ دەنگی نیشانەی ڕازیبوونە !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە