مەرگی ژینا ئەمینی، بنەمای سەرهەڵدانێکی شکۆدار (بەشی پێنجەم)
Friday, 25/11/2022, 15:37
ئاخۆ دەبێ ئەو ڕۆژە بێ کاوەی کوڕم جانتای سەفەر کاتە شانی
دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە، هاوار بکەن؛ سلێمانی، قامیشلۆ، دیاربەکر؟
"جەلال مەلەکشا"
کاتێک بەپێی ڕێکەوتننامەی لۆزانی ساڵی 1923 کوردستان بە سەر چوار ووڵات دا دابەشکرا: (باشور بە عێراقەوە لکێندرا، خۆرهەڵات درایە ئێران، خۆرئاوا بەر سوریا کەوت، باکور خرایە سەر تورکیا)، ئیدی کورد لە هەر پارچەیەک و لە سەر خاکی خۆی بوویە کەمینە، دووچاری هەموو جۆرەکانی جینۆساید و ئیتنۆساید بویەوە، لە پێناو مافە ڕەواکانی دا لە هەر پارچەیەک دەیان سەرهەڵدان و بەخۆدانی ئەنجامدا، سەرئەنجامی هەموو تێکۆشانەکانی شکست بوو، لەلایەک بەهۆی سیاسەتی ئاسن و ئاگری نەتەوەی سەردەست، لەلایەکی دیکە بەهۆی ڕێکەوتننامەی ناوچەیی و پیلانگێڕی نێودەوڵەتییە.
لێرەوە دەگەینە ئەوەی بڵێین کورد لە هیچ کام لە پارچەکان ناتوانێت لە ڕێگەی ڕاپەڕین و شۆڕش و بەرخۆدانەوە بگاتە مافە ڕەواکانی کە لە ماوەی یەک سەدە دا مێژوو ئەمەی سەلماندووە، ئەوان خاوەن تەکنەلۆژیایی سەربازی پێشکەوتون، ئەندامی هاوپەیمانییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانن، بە نمونە تورکیا ئەندامی ناتۆیە، سوریا و ئێران هاوپەیمانی ڕووسیان، ڕژێمی عێراق بەپێی قۆناغە مێژووییەکان هاوپەیمانی خۆرئاوا، یا ڕووسیا بووە. بەهۆی ئەم پیلانگێڕییە ناوچەیی و نێودەوڵەتیانەوە و بەهۆی هۆکارە نەرێنییە لە ئەژمار نەهاتووەکانی کورد خۆی، کوردستان ببووە کۆڵۆنیایەکی نێودەوڵەتی. کورد لە خۆرئاوا نەیتوانی هەم لە ڕێگەی خەباتی چەکداری هەم سیاسی دژی دەسەڵاتی عارەب بەمافەکانی بگات، کورد لە باشور نەیتوانی دژی حکومەتە عەرەبییەکانی عێراق سەرکەوتوو بێت، کورد لە خۆرهەڵات نەیتوانیوە دژی فارسی شیعی دەسەڵاتدار سەرکەوتوو بێت، کورد لە تورکیا نەیتوانیوە دەستی بە مافە نەتەوەییەکانی بگات لە خەبات دژی دەسەڵاتی تورکی سونی.
هەروەها بەهێزی دوژمنانی کورد لە مانەوەی هەر چواریان و یەکگرتنیان دا بوو دژی کورد، ئەوان لە هەموو بابەتێک دا ناکۆک و دژبەیەک بن، لە دژایەتی کورد دا کۆک و هاوپەیمانن، کە لەم ڕووەوە چەندین ڕێکەوتننامەی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی و چوار قۆڵیان هەیە.
کەواتە نەخشە ڕێگە و ڕێگەچارەی کورد ئەوەیە: کۆمەڵگاکەی لە هەر پارچەیەک بەڕێکخستن بکات، پەیوەندییەک ئاشتی و دبلۆماسی لەگەڵ دەرەوە دا گرێ بدات، سەرهەڵدانەکان مەدەنیانە و دۆستایەتی گەلان بێت، خۆبەڕێوەبەرییەکانی نمونەیەکی جوانی دیموکراتی بێت. دواجار لەم ڕێگەیەوە سوود لە ڕووداوە مێژووییەکان وەربگرێت، کە تاکو ئێستا لە دوو پارچە سوود لە ڕووداوە مێژووییەکان وەرگیراوە و خۆبەڕێوەبەری بنیادنراوە. بۆ نمونە
کاتێک ساڵی 1990 ڕژێمی بەعسی عێراقی پەلاماری ووڵاتی (کوێت)دا ئەمریکا هاوپەیمانەکانی دژی ئەم داگیرکارییەی سەددام بوون، ئەمە بوویە ڕووداوێکی مێژوویی گرنگ و کورد لە باشور ڕاپەڕی لە 5/3/1991 دا. کاتێک لە ساڵی 1991 بەهۆی ڕاپەڕینی باشوری کوردستانەوە، ڕژێمی بەعس لە باشور کشایەوە، ئیدی یەک لە پایە و کۆڵەکەکانی چوار دوژمنەکە لاواز بوو، ساڵی 2003 کە ڕژێمەکەی سەددام حسێن ڕووخا، ئیدی پایەیەکی چوار دوژمنەکە بۆ هەمیشە بێ کاریگەر بوو.
کاتێک شەڕی ناوخۆیی سوریا بە دەستتێوەردانی دەرەکی لەساڵی 2011 سەرهەڵدا، شۆڕشی خۆرئاوا لە ساڵی 2011 دا سەریهەڵدا دژی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدی بەعسی و دواتر گروپ گەلە چەتەییەکان، و دواتر دامەزراندنی خۆسەری خۆرئاوا، (دیموکراتی و پێکەوەژیانی گەلان). بە نەمانی ڕژێمی سەددام و لاوازی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەدامەزراندنی حکومەتی هەرێمی باشوری کوردستان لە ساڵی (1992) دا، بە بنیادنانی خۆبەڕێوەبەری خۆرئاوا لە دوای (2011)ەوە ئیدی ئەو بەهێزییەی کە لە یەکگرتنی چوار دوژمنەکەدا بوو دوو پایەیی ڕووخان و بێ کاریگەر بوون.
ئەمڕۆ بێت یان سبەی ڕژێمی ئاخوندی سێدارە کە ئێستا پرچی (ژینا ئەمینی) بۆتە بڵێسەی بەرخۆدانێکی شکۆدار لاواز و بێ کاریگەر دەبێت.
دەمێکیشە بەرخۆدانێکی هزری و سیاسی و دیموکراتی و گەریلایی کوردی بۆتە مۆتەکەی سەر وجودی ڕژێمە فاشستە تورکییە مەغۆلییەکە.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرخۆدانی میللەت لە هەر پارچەیەک دا پەیامێکە بۆ ئەو پارتانەی کە زیاتر لە نیو سەدەیە گرێدراویی (ساواک و ئیتلاعات و میت)ن...!، پەیامێکە بۆ ئەو دەسەڵاتەی سی ساڵە بە گرێدراویی ئاخوند و گورگەبۆرەکان درێژە بە گرێدراویی و مافیایی و چەتەگەرێتی دەدەن...
خۆری ئەو بەهێزییەی لە یەکگرتنی چوار دوژمن دا بوو بەرەو ئاوابوونی مێژوویی دەچێت. چەتەگەریی و گرێدراویی دەرەکیش! بێ کاریگەر، و بەرنەفرەت مێژوو دەکەوێت.
٭ پانۆڕامای خۆپیشاندانەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان
لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندان و سەرهەڵدانەکان شارەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان، لە چەند زانكۆیەكی ئێران لەوانەش تاران، تەبرێز و یەزد خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەوام بوو. لە زانكۆی زانست و پیشەی تاران، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، بەهۆی دەستێوەردانی هێزەكانی بەسیجی ئێرانیشەوە، خۆپیشاندانەکە توندوتیژیی لێكەوتەوە. هاوکات لە زانكۆی یەزد و زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی شاری تەبرێزیش لەلایەن خوێندكارانەوە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو. لە شاری تاران كاسبكاران و دوكانداران بۆ شەرمەزاركردنی كوشتنی ژینا هاتنە سەرشەقام و بە وتنەوەی چەند دروشمێك ناڕەزایەتییان دەربڕی، لە بەرامبەر دا هێزەكانی ئێران بەتووندیی هێرشیان دەکردە سەر خۆپیشاندران و لێیان دەدەن.
٭سەردانی ئیسماعیل قائانی بۆ بەغداد
ڕۆژی دوو شەممە 14/11/2022 ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بە سەردانێک گەیشتوەتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوەتەوە، ئامانجی سەردانەکەش تایبەت بوە بە پارتەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان کە لە بارەگانیان لە هەرێمی کوردستانە.
ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس لە راپۆرتێک دا بڵاویکردەوە، کە ئێران داوای لە محەمەد شياع سودانی، سەرۆک وەزیران و د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و پارتەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کردوە کە پێویستە پارتەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لە هەرێم لە چەک دابماڵرێن. ئیسماعیل قائانی وتویەتی ئێران دوو مەرجی هەیە و ئەگەر جێبەجێیان نەکەن، ئەوا هێرشی زەمینی دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان.
دوو مەرجەکەی ئێرانیش ئەوە بووە کە: پێویستە پارتەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان چەک بکرێن. هەروەها پێویستە سوپای عێراق لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی کوردستان جێگیربکرێن.
٭سەردانی وەفدی سوپایی پاسداران بۆ هەرێمی باشوری کوردستان
لە هەمانکاتدا وەفدێكی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاگاداری حكومەتی عێراق هاتونەتە هەرێمی كوردستان، وەفدەكە سەردانی هەولێر و سلێمانیان كردوە، بەرەسمی بە حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی پارتی و یەكێتیان راگەیاندووە: حزبە كوردییەكانی خۆرهەڵات هەڕەشەن لەسەر ئێران، لەبەر ئەوە دەبێت چەك بكرێن و نابێت چەكیان پێ بێت. ئەگەر چەكیان نەكەن، ئەوا لە زووترین كاتدا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی لەناو خاكی هەرێم دەست پێ دەكەن بۆ سەر بنكە و بارەگای ئەو هێزانە لەهەر شوێنێك بن.
وەفدەكەی سوپای پاسداران ئاگاداری بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیان كردووە كە لە هەرێمی كوردستانەوە چەك و كەلوپەلی سەربازی دەچێتە ئێران و دەدرێتە گروپ و چالاكانی كورد لە ئێران، وەفدەكە بەروونی رایانگەیاندوە: "لەماوەی رابردوودا دەستبەسەر ژمارەیەكی زۆری چەك دا گیراوە كە لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی ئێران كراوە".
لەسە ئەو بنەمایە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "سەرلەبەری ئەو هەواڵە بێ بنەمایە ڕەتدەكەینەوە، كە چەك لە هەرێمی كوردستانەوە بە قاچاغ برابێت بۆ ئێران، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی هەرێمەوە تێك بدرێت".
ئەم هەڕەشانەی سوپای پاسدارانی ئێران هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا بۆسەر باشور و رۆژئاوای كوردستان، بۆیە پێدەچێت ئۆپەراسیۆنەكان بە هەماهەنگی ئەنقەرەو تاران بێت.
٭کوشتنی عەقید بایرامی بەرپرسی هەواڵگری پاسداران
لە درێژیی خۆپیشاندان و سەرهەڵدانەکان ڕۆژی 18/11/2022 لە شاری سەحنەی پارێزگای كرماشانی خۆرهەڵاتی كوردستان، عەقید بایرامی بەرپرسی هەواڵگری پاسداران درایە بەرچەقۆ و کوژرا.
جەهانبەخش زەنگەنە تەبار، قایمقامی شاری سەحنە لە پارێزگای کرماشان بە ئاژانسی ئیرنای ڕاگەیاند، ژمارەیەک کەس، لە میانی ڕێوڕەسمێکدا لە شاری سەحنەی خۆرهەڵاتی کرماشان، بە چەقۆ هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان، بەهۆیەوە عەقید بایرامی بەرپرسی هەواڵگری پاسداران کوژراوە. وتیشی: ئەوانەی دەستیان هەبووە لە کوشتنی بەرپرسەکەی پاسداران لە شاری سەحنە، دەستبەجێ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ڕادەستی دادگا کران.
٭ یەکگرتنەوەی هەر دوو کۆمەڵە
هەردوو كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستان لە وڵاتی سوید یەكگرتنەوەیان راگەیاند.
لە كۆبونەوەی نێوان عەبدوڵا موهتەدی سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و عومەر ئیلخانیزادە سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان یەكگرتنەوەیان راگەیاند.
٭تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ
ڕۆژی 18/11/2022 لە شەقامی ئیستیقلالی شاری ئیستەنبوڵ تەقینەوەیەک ڕوویدا، کە بووە هۆی کوشتنی (6) هاوڵاتی و بریندار بوونی (81)کەس.
هەر سەرەتا دەوڵەتی تورکیا تەڤگەری ئازادیی کوردی لە باکوور و خۆرئاوای کوردستان تۆمەتبارکرد، بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئەستەمبوڵ. فواد ئۆکتای، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا، دەربارەی تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ ڕایگەیاند:" لەلێکۆڵنەوە سەرەتایەکاندا دەرکەوتوە، کە تەقینەوەکەی مەیدانی تەقسیم لەلایەن ژنێکەوە ئەنجامدراوە".
هەر لەو بارەوە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، "ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ ئافرەتێکە بەناوی ئەحلام ئەلبەشیر، کە خەڵکی سووریایە و تەمەنی 23 ساڵە." هاوکات ئاسایشی ئیستەنبووڵیش لەبارەی ئەو کەسەوە، گوتی: "ئەحلام ئەلبەشیر ئەندامی پەکەکەیە و لە عەفرینەوە هاتووەتە تورکیا."
لە بەرامبەر دا پەکەکە و هەسەدە ئەو تۆمەت و تۆمەتبارکردنەیان ڕەتکردەوە، مەزوڵم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، لە تویتێکدا ڕایگەیاند: "هێزەکانمان هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکەی ئەستەمبوڵەوە نییە و ئەو تۆمەتانەش ڕەت دەکەینەوە کە دەدرێنە پاڵمان. سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانیان و گەلی تورکیا دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خوازم".
هاوکات، نوری مەحمود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە، ڕایگەیاند: "حکومەتی ئاکەپە دەستیکردووە بە دروستکردنی سیناریۆی خەیاڵیی و دوور لە ڕاستیی بۆ تۆمەتبارکردنی هێزەکانمان. جیهان باش ئاگادارە لە شێوازی شەڕکردنی هێزەکانمان، کە بەرگریکردنە لە مافی گەلەکەمان، شەڕ دژی تیرۆر و ڕەتکردنەوەی هەر ئۆپەراسیۆنێک کە خەڵکی مەدەنیی بکاتە ئامانج.
هەروەها ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە وتی: "پیلانگێڕییەکەی ئەستەنبوڵ سەرکەوتوو نەبوو، لەبەرئەوە تورکیا دەستی بە هێرش کردووە".
٭ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی چنگ - شمشێر
لهكاتی گهڕانهوهی له لوتكهی (G20) له ئیندونیزیا بۆ توركیا ئهردۆغان فەرمانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی "چنگ-شمشێر" بۆ سهر ناوچه سنوورییهكانی ههرێمی كوردستان و شارهكانی خۆرئاوای كوردستانی دایە (خولوسی ئاكار)، وهزیری بهرگریی تورکیا. هەروەها رایگەیاند، دوای دانووستانە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ لایەنەکان لە سووریا، ئۆپەراسیۆنەکانیان دەستپێکردووە و ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکوری عێراقیش بەردەوام دەبن.لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکان ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئۆپەراسیۆن لە سووریا لەگەڵ (جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمۆر پوتن سەرۆکی ڕوسیا) قسەی نەکردووە. گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بەسە و بۆ ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی، وەزارەتی بەرگری و ئیدارەی سەرۆک کۆمار بڕیارێک دەدەن".
سەبارەت بە کۆبانێ، سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی: "کۆبانی هەمیشە لە نێو ئامانجەکانماندا بووە و لە دژی کۆبانی کاری پێویستمان کردووە و بەردەوامیش دەبین".
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان هاتە دەنگ و لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئەم هێرشە لەبەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی هیچ کارەساتێک روونەدات، بەڵام ئەگەر شەڕ رووبدات هەموو لایەک زیان لە ئەنجامەکانی دەبینن".
ڕۆژی دوو شەممە 21/11/2022 (5) مووشەک ئاراستەی شارۆچکەی گلگامشی پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان کران
لەو بارەیەوە سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەو هێرشەی کراوەتە سەر شارۆچکەی گلگامشی پارێزگای دیلۆک بە گولـلە هاوەن بووە، بەو هۆیەوە (3) کەس گیانیان لەدەستداوە و (10) کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی پەکەکە و یەپەگە بە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، هێزێکی سەربازی زۆر رەوانەی ئەو شارە کراون.
لە لایەکی دیکەوە وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند: "لە ناوبردنی حەشارگە و پەناگە و ئەشکەوت و تونێل و کۆگاکانی سەر بە تیرۆریستان بە سەرکەوتویی ئەنجامدرا و بەردەوام دەبین لە هێرش بۆ سەر ئەو کەسانەی، کە ئاسایشی وڵاتەکەمان و میللەتەکەمان دەکەنە ئامانج، وەک چۆن پێشتریش هێرشمان کردووەتە سەریان".
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماری زیانە گیانییەکانی بۆردومانی تورکیای بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوێکدا هەسەدە رایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەی تورکیا (14) هاووڵاتی و شەڕڤان لە خۆرئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە و (6) هاوڵاتی مەدەنیش بریندار بوون. هەروەها (15) سەربازی سوپای سووریا بەهۆی بۆردومانی تورکیا کوژراون. هەسەدە راشیگەیاندووە، لە کات و شوێنی گونجاو دا وەڵامیان بۆ هێرشەکانی تورکیا دەبێت.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی خۆرئاوای کوردستان و باکووری سووریا (9) شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و (6) سەربازی سوپای سووریا گیانیان لەدەستدا، هەروەها 30 کەسی دیکە لە خۆرئاوای کوردستان بریندارن و برینی هەندێکیان سەختە.
سایتی ئەلمۆنیتەر، دیمانەیەکی لەگەڵ جەنەراڵ مەزلوم کۆبانێ ئەنجامدا، کە تێدا هەندێک زانیاری گرنگ پەیوەست بە تەقینەوەکەی ئەستەمبوڵ و دۆخی خۆرئاوای کوردستان و مەترسییەکانی تورکیا باس کراوە.
ئەلمۆنیتەر، تۆ یەکێکی لەوانەی لەلایەن تورکیاوە داواکراوی، ئایا تۆ ئامانجێکی ئەو هێرشانەی ئەم دواییە بوویت؟
مەزلوم کۆبانێ: ناتوانم بە دڵنیاییەوە ئەوە پشتراست بکەومەوە کە بۆ ئەمجارە ئامانج بوومە، بەڵام پێشوو لە گەلێ جاردا تورکیا ویستویەتی بمکوژێت، بەڵام ئەوەتا لێرەم لەسەر کارەکانمم.
ئەلمۆنیتەر،ئایا لەو باوەڕەدایت کە تورکیا پێش هێرشەکانی، ئەمەریکای ئاگادارکردبێتەوە، بەتایبەتی هێزەکانی ئەمەریکا لەو دەڤەرە بوونیان هەیە و بەتەنیشت فەرماندەیی گشتی ئێوەن؟
مەزلوم کۆبانێ: تورکەکان دەزانن ئەمەریکییەکان لێرەن، دامەزراوەی هاوبەشمان پێکەوە هەیە، راهێنانی هاوبەشمان هەیە. پێویستە ئەو پرسیارە لە خودی ئەمەریکییەکان بپرسیت کە ئایا تورکیا ئاگاداری کردوونەتەوە یا نا؟ بەگوێرەی زانیارییەکانی من، ئەو کارەیان بە دیفاکتۆ بەسەر ئەمەریکییەکان دا سەپاندوە، یا ئەمەریکایان خستۆتە ناو ئەمری واقی.
ئەلمۆنیتەر، مەبەستتان چیە؟
مەزلوم کۆبانێ: باوەڕ ناکەم ئەمەریکییەکان پێشینە بەو هێرشەیان زانی بێت. دەتوانین بڵێین هێرشەکە روویدا، وێرای بوونی ئەوان(ئەمەریکییەکان).
ئەلمۆنیتەر، بە دڵنیاییەوە دەزانم بۆ ئەو هەڕەشانەی تورکیا بۆ داگیرکاریی قسەتان لەگەڵ ئەمەریکییەکان کردوە. ئایا پێیان گووتن کە ئەوان رێگانادەن بەو داگیرکارییە؟
مەزڵوم کۆبانی: ئەوە هەڵوێستی ئەوانە تاوەکو ئێستا. دەڵێن ئەوان رازی نیین بۆ ئەنجامدانی کارێکی لەو جۆرەی تورکیا، لە دژی دەبن. پاش ئەو هێرشانەی ئیمڕۆ قسەمان لەگەڵ بەرامبەرەکانمان لە ئەمەریکییەکان کرد، بەلام ئەو رەوشەی ئێستا زۆر جیاوازە لەبەرئەوە بەیەکەوە رەوشەکە هەڵدەسەنگێنین.
ئەلمۆنیتەر،ئێستا من لە هەولێرم، لێرە بەرپرسەکان دەڵێن ئەگەر ئێوە هێلێکی جیاکاری لە نێوان خۆتان و (پەکەکە - پارتی کرێکارانی کوردستان) دابنێن، ئەوا تورکیا ئامادەیە مامەڵەتان لەگەڵدا بکات، وەڵامت بۆ ئەوە چییە؟
مەزلوم کۆبانێ: پێموانییە ئەوە کێشە سەرەکییەکە بێت، ئەوە تەنها پاساوە، تورکیا دژی هەر دەستکەوتێکی کوردانە، ئەگەر بهاتبایە (ئەنەکەسە - ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سوریا)ش ئێرەی بەڕێوە بردایە، تورکیا دوژمنکاریی دەکرد. تورکیا دژی کوردانە.
ئەلمۆنیتەر، بەشێک لە شرۆڤەکاران لە تورکیا دەڵێن: ئەو تەقینەوە ئەندامانی دەوڵەتی قوڵ ئەنجامیانداوە بۆ ئەوەی هەوڵەکانی ئەردۆگان بەکرانەوە بەرامبەر کوردان بەتایبەتی سەرۆکی پەکەکە، ئۆجەلان سەرنەگرێت. ئایا ئەوە بە لۆژیک دەیبینیت؟
مەزلوم کۆبانێ: ئەو تێورییانەمان گوێ لێ بووە. لەراستیدا پێش هەڵبژاردن لە بەردەم ئەردۆگان دوو رێگا هەیە: یا دەبێت لەگەڵ بزاڤی رزگارریخوازی کوردان رێکبکەوێت کە ئەوەش دەستی بەهێز دەکات، یا ئەوەتا شەڕێک هەڵبگیرسێنێت، ئەوەتا ئەردۆگان شەڕی هەڵبژارد.
ئەلمۆنیتەر، بەرای تۆ کێ تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵی ئەنجامدا؟
مەزڵوم کۆبانێ: پێموایە کارێکی تێکدەرانە بوو بۆ ئەوەی رێگا خۆش بکەن بۆ شەڕێک دژی ئێمە. لێکۆڵینەوەی زۆرمان ئەنجامدا و گەیشتینە ئەوەی کە ئەوەی ئەو تەقینەوەی ئەنجامدا، گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریان کە لە ژێر دەسەلاتی تورکیادا کاردەکەن. بۆ نمونە ئەوەمان سەلماند و بۆ یەکەمجاریشە بۆ دەزگای میدیاکان ئاشکرای دەکەم، کە ئەو ژنە لە خێزانێکەوە هاتووە پەیوەندییان بە رێکخراوی تیرۆریستی (داعش - دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام)ەوە هەیە، سێ برای لە ریزەکانی داعش دا کوژراوە، یەکێکیان لە رەققە کوژراوە، دووەمیان لە مەنبەج و سێهەمیشیان لە ناو ریزەکانی داعش دا لە عێراق کوژراوە. هەروەها یەکێک لە براکانی تری ئێستا فەرماندەی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە لە عەفرین کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، لە ماڵباتێکن کە لە حەلەب دەژین. بە هیچ شێوەیەک ئەو کردەیە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و سیاسەتێکی ئاواشمان هەرگیز نییە.
هەروەکو سەرەتا وتمان بە نەمانی ڕژێمی سەددام و لاوازی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەدامەزراندنی حکومەتی هەرێمی باشوری کوردستان لە ساڵی (1992) دا، بە بنیادنانی خۆبەڕێوەبەری خۆرئاوا لە دوای (2011)ەوە ئیدی ئەو بەهێزییەی کە لە یەکگرتنی چوار دوژمنەکەدا بوو دوو پایەیی ڕووخان و بێ کاریگەر بوون. بە لاوازی ئێرانیش کورد زیاتر پێشدەکەوێت و دەبێتە ژمارەیەکی بەهێز لە ناوچەکە دا، ئەمەش هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر بەرژەوەندی و هێزی چوار ووڵاتی کوردستان بە سەر دا دابەشکراو، لەبەرئەوە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ و ئۆپاراسیۆنی تورکیا بۆ باشور و خۆرئاوای کوردستان، و هێرشی موشەکی بەردەوامی ئێران بۆ سەر باشور و بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات و پاک و پژاک پیلانگێڕیی ئێران - تورکیا یە، تاکو کورد لەوە زیاتر پێشنەکەوێت.
٭ هێرشی و موشەکی و درۆنی ئێران
ڕۆژی دووشەممە (14ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبهری 2022)، لهلایهن ئێرانهوه هێرشکرایە سەر کەمپ و بنکەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێز، لە بانەگەور و زڕگوێز له سلێمانی و كهمپی (جێژنیکان)ی كوردانی خۆرههڵات له شارهدێی بهحركه له پارێزگای ههولێر بۆردومانكران. كه بووههۆی گیان لهدهستدانی (2) كهس و برینداربوونی (8) كهسی دیكه.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی ئەو هێرشە، عهلی بوداغی، ئهندامی رێبهری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) راگهیاند، بههۆی بۆردوومانهكانی ئێرانهوه له سنووری قهزای كۆیه پێشمهرگهیهكیان بهناوی (بههزاد) شههید بووه.
دواى هێرشهكهش محەممەد پاکپور فەرماندەی گشتیی هێزی وشکانی ئێران لەتویتێکی نوێدا ڕایگەیاند: "بنکەو بارەگاکانتان کۆبکەنەوەو دەرچن یان چاوەڕوانی هێرشی دیکەمان بۆ سەر بارەگاکانتان بن".
ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی خۆیدا لەبارەی هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان وتی: "ئێران هەوڵدەدات ئاسایشی خۆی دابین بکات و هەڕەشەکان دووربخاتەوە. ئێران هەوڵ دەدات حکومەتی عێراق دەسەڵاتی خۆی لە سنوورەکانی بسەپێنێت و تاران ناچار نەبێت بۆ بەرگری لە خۆی پەنا بۆ رێکاری دیکە ببات. لە مانگی رابردوودا دوو کۆبوونەوەی ئاسایش لەنێوان ئێران و عێراق لە بەغدا و تاران بەڕێوەچوون. کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانییەکانی خۆی بە لایەنی عێراق راگەیاند. ئێران چاوەڕوانیی هەیە کە نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی هەناردەکردنی چەک و کەرەستەی سەربازی. ئەو چەک و کەرەستانەش جوداخواز و تیرۆریستەکان بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ئێران بەکاریان بهێنن. تاران پشتیوانی لە سەروەری و دەسەڵاتی عێراق بەسەر سنوورەکانیەوە دەکات. حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنیان داوە کە خاکی عێراق نەبێتە شوێنی مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، بەڵام پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان نەبوون، لەبەرئەوە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ئاسایشی خۆی دابین بکات و هەڕەشەکانی سەری نەهێڵێت. نابێت هەرێم ببێتە شوێنی هەناردەکردنی چەکو کەرەستەی سەربازیی بۆ ئێران".
هاوكات محەممەد کازم باڵیۆزی ئێران لەبەغدا ڕایگهیاند: "ئێران داوای لەلایەنی عێراقی کردوە تا سنورەکانی خۆی کونتڕۆڵ بکات و چالاکی حزبەکانی خۆرهەڵات کە نەیاری ئێرانن کونتڕۆڵ بکاتو ئەوان لهچهك دابماڵێت. هەندێک کەسی ناو حزبەکانی خۆرهەڵات بەگوێرهى ڕێکەوتننامەی نێوانمان لهگهڵ عێراق، لهلایهن دادگاکانی ئێرانهوه داواكراون، لەبەرئەوە لهههوڵداین بۆ ئهوهى دواى تێگهیشتنى تهواوهتى نێوانمان، ڕادهستمان بكهنهوه".
لەلایەکی دیکەوە سەردار عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی گشتی سوپای ئێران: "پێش هێرشەکە بۆ سەر بارەگای گروپەکان کە لەهەریمی کوردستانن، هۆشداریمان بە عێراق و هەرێمی کوردستان دابوو، تا دوژمنانی ئێران لە خاکی ئەواندا بن ئێمە هێرشیان بۆ دەکەین و لەناویان دەبەین. دەوڵەتمەدارانی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەبێت ئەو بەڵایە لە ناو خاکی خۆیان بکەنە دەرەوە.کاتێک زۆرێک لە خراپەکاران لەو خاکەدا هێلانە بکەن، زایۆنیستەکان و ئەمریکییەکان لەگەڵیان بن و پیلانگێڕی لە دژی ئێمە بکەن، بە دڵنیاییەوە لە توڕەیی و کردەوەی ئێمە ڕزگاریان نابێت و لە ئارامیدا نابن. پێش هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو بارەگایانە دەبێت زانیاری هەواڵگریمان هەبێت، ئەگەر ئەو زانیارییەمان نەبێت ناتوانین چالاکیی ئەنجام بدەین، لە هێرشی دوێنێ شەو بۆ سەر بارەگاکانیان زانیاری هەوڵگری لە سەدا سەدمان هەبوو. پێش هێرشەکان زانیاریمان دەبێت لەسەر بارەگاو ماڵەکانیان تا کاتی هێرشەکان خێزانەکانیان لە شوێنی هێرشە موشەکییەکانمان نەبن، چونکە ئەگەر خێزانی کەسێک لەو خراپەکارانە بریندار ببێت یان بکوژرێت لە رێگەی میدیاکانیانەوە دنیامان لێ پڕ دەکەن. پێش هێرشەکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان زانیاریمان دابوو بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، هێرشەکەی پێشووتریش بە هەمان شێوە زانیاریمان پێدابوون، لە هێرشیی ئایندەش هەم عێراق و هەم حکومەتی هەرێم ئاگادار دەکەینەوە. زانیاری تەواو بە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم دەدەین کە لە کوێ هێزەکانی کۆمەڵە و حزبی دیموکرات جێگیرن، دەبێت لە خاکی خۆیان بیانکەنە دەرەوە، ئێمە ئەوان بە ئامانج دەگرین".
٭ڕاگەیاندراوی (حدكا)
یەکشەممە لەسەر دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە مووشەک و درۆن چەند بنکەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە نیزیک کۆیە و جێژنێکان کردە ئامانج. ئەو هێرشە مووشەکییە نوێیەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب زیانی گیانیی لێ نەکەوتۆتەوە. هەر بەپێی هەواڵەکان لەو هێرشە مووشەکییەدا بنکەکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز نیزیک لە سلێمانیش بە دڕۆن لێی دراوە.
هێڕشی مووشەکیی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە حاڵێکدایە کە پێشتر لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەریشدا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنەوەی هەموو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە مووشەک بەئامانج گرت بوو، کە ئەم هێرشە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگە. هەروەها لە ڕۆژی ٦ی ڕەزبەریشدا کە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی بەئامانج گرتبوو، ٩ کەس شەهید بوون کە سێ کەس لەوان ژن و منداڵ بوون.
بەردەوامیی ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە کاتێکدایە کە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی نێوخۆی کوردستانیش بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێ و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەس لە خەڵکی کوردستان لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمدا شەهید و سەدان کەسیش بریندار بوون.
هەروەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ بە زەبروزەنگ و کوشتاری خۆپێشاندەران و لە دەرەوەش بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دوا پەلەقاژەکانی بەر لە نەمانی دەکات.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ویڕای مەحکومکردنەوەی جینایەت و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕوو لە وڵاتان و ناوەندەکانی بڕیار لە کۆمەڵگەی جیهانی ڕادەگەیەنێتەوە کە هەتا بەربەستێکی جیدی بۆ سنوور بەزاندنەکانی کۆماری ئیسلامی دانەنرێ، ئەم هەڕەشە و هێرشانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبن.
٭ لێدوانی کۆمەڵە
نەوید میھراوەر ئەندامێکی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، بە میدیاکانی راگەیاند: ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر بارەگاکانیان لە زڕگوێز. خۆشبەختانە لەو هێرشەی ئێراندا زیانی گیانیمان نەبووە، تەنها زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە".
22/11/2022 سوپاى پاسدارانى ئێران چوار موشەکى ئاراستهى بارهگاكانى پارتى ئازادى كوردستان (پاك)ی نزیک لە (پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق) كردوه. حوسێن یەزدان پەنا سەرۆکی پارتی ئازادی ڕایگەیاند: "ئێران بەدرۆن و موشەک لەبارەگاکەیانی داوە".
محەمەد پاکور فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران وتی: "هێرشی سوپا بۆ سەر بنکەی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی چەک دادەنێن. داواشی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە دوور بکەونەوە".
٭هەڵوێستی ئەمریکا
ئەلینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "شەوی رابردوو پێشێلکارییەکی تری سەروەریی عێراقی لەلایەن ئێرانەوە بەخۆوە بینی. هێرشی مووشەک و درۆنی ئێرانی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنیی بێتاوان دەخەنە مەترسییەوە و دەبنە هۆی وێرانکردنی ژێرخانی عێراق".
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسی: "زۆر لەو راپۆرتانە نیگەرانین کە باس لە فراوانبوونی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و بەتایبەت لە شاری مهاباد لەلایەن بەرپرسانی ئێرانییەوە دەکرێت. ئێمە دەمانەوێت کەسانی بەرپرسی ئەو رووداوانە وەڵامدەر بن و هاوکات بەردەوامین لە پشتگیری خەڵکی ئێران".
رۆژی 19ـی تشرینی دووەم، رێوڕەسمی باخاکسپاردنی کەمال ئەحمەدپوور کە لە خۆپێشاندانەکانی مهاباد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرابوو، بەڕێوەچوو. ئەو رێوڕەسمە بوو بە خۆپێشاندانێکی فراوان. هێزە ئەمنییەکانی ئێران کاردانەوەیان بەرامبەر بە خۆپێشاندانەکە نیشاندا، دەنگی تەقەی بەردەوام لە زۆربەی گەڕەکەکانی مهاباد دەبیسترا و لە شەودا کارەبای بەشێک لە شار پچڕا. بە پێی زانیاریی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیاکان بڵاوبوونەتەوە، هێزی تایبەت و زرێپۆش لە ناو شاری مهاباد جێگیرکرا بوون.
٭ جەنەراڵ مایکل ئێرێک کەریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە تویتێکدا رایگەیاند، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین. هێرشەکانی ئێران ژیانی هاووڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە و سەروەری خاکی عێراقی پێشێلکردووە. هێرشی لەمجۆرە، سەقامگیری عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە".
٭ هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان
نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە رایگەیاند: "هێرشی دووبارە و پێشێلکردنی سەروەری عێراق دەبێت رابگیرێت، ئەم کارە شەڕانگێزییانە نەك هەر بە بێباکانە گرژییەکان زیاتر دەکات، بەڵکو کارەساتیشی لێدەکەوێتەوە. تاکە رێگە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە دەرەکییەکانی وڵاتانی دراوسێ بریتییە لە بەکارهێنانی ئامرازە دیپلۆماسییەکانی دامەزراوەکان".
جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق وتی: "هێرشە بەردەوامەکانی ئێران شیاوی قبووڵکردن نییە". هەروەها وتی: "بەداخەوە تەنها دەتوانین وتەکانمان دووبارە بکەینەوە. پێویستە عێراق وەك یەك مامەڵە بکات بۆ ئەوەی بوار بە هەڕەشەی زیاتر نەدات، هێز لە دەرەوەی وڵات لە یەکڕیزی ناوخۆییەوە دەست پێدەکات".
٭ هەڵوێستی ئەڵمانیا
کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر لە بارەی هێرشەکانی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەم هێرشانەی ئێران پێشێلکارییەکی زەقی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی عێراقن. جگە لە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران داوا لەو وڵاتە کرد "دەستبەجێ ئەم هێرشانە رابگرێت.".
٭هەڵوێستی فراكسیۆنه كوردستانییهكانی پهرلهمانی عێراق
دووشهممه 21ـی تشرینی دووهمی 2022، فراكسیۆنه كوردستانییهكانی پهرلهمانی عێراق لهبارهی هێرشه مووشهكییهكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سهر بنكه و بارهگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمهڵهی زهحمهتكێشانی كوردستان له سنووری ههولێر، كۆیه و سلێمانی بەیاننامەیەکیان بڵاوكردهوه.
له راگهیهندراوهكهیاندا هاتبوو: فراكسیۆنه كوردستانییهكان داوا له پهرلهمانی عێراق دهكهن ههڵوێستی جددی لهبارهی ئهو هێرشه مووشهكییانه وهربگرێت و كار بۆ راگرتنیان بكات. ههروهها داوا له ههر یهك له توركیا و ئێران دهكهین كار بۆ پاراستنی ئاسایش و سهقامگیری ناوچهكه بكهن و هێرشه مووشهكهكانیان بۆ سهر ناوچه سنوورییهكانی ههرێمی كوردستان رابگرن. داوا له نهتهوه یهكگرتووهكان، ئهمهریكا و كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی دهكهین ههڵوێستیان ههبێت و سیستهمی بهرگری مووشهكی بۆ ئاسمانی عێراق دابین بكهن بهمهبهستی پاراستنی خاكی عێراق".
٭ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی باشوری کوردستان
حکومەتی ھەرێم ماوە بۆ درێژکراوە (کە لە 6/11/2022ەوە تەمەنی ئەم کابینەیە تەواو بووە) له ڕاگهیهنراوێك دا لهسهر هێرشهكانى ئێران بۆسهر حزبهكانى خۆرههڵاتى كوردستان لهناو خاكى ههرێم دەڵێت "بەتوندترین شێوە ھێرشی شەوی ڕابردوی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر ھەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین. پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکراو زەقی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندیی دراوسێیانەیە. پێویستە ئێران ئەم شاڵاوە لەدژی ھەرێمی کوردستان ڕابگرێت، چونکە سەقامگیریی، ھەرگیز لەڕێگەی توندوتیژییەوە دەستەبەر نابێت. داوا لەدۆست و ھاوبەشان لەحکومەتی فیدراڵی و نەتەوەیەکگرتووەکانو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی دەکەین، کە ھەڵوێستێکی ڕون و ڕاشکاویان بەرامبەر ئەم ھێرشە بەردەوامانەی ئێران ھەبێت".
٭هەڵوێستی پەڕلەمانی هەرێمی باشوری کوردستان
پەرلەمانی باشوری کوردستانی ماوە بۆ درێژکراو دوای 20 کاتژمێر لە هێرشی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لەبەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: "بەتووندی سەرکۆنەی دواین ھێرش و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان دەکەین. پەرلەمانی کوردستان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لە دوایین ھێرشی مووشەکی و درۆنی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەوی 20 لەسەر 21 ی 11 ی 2022، بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای ھەولێر و پارێزگای سلێمانی دەڕوانێت و بەتووندی ئیدانەی ئەم ھێرش و پەلامارە بێ پاساوانە دەکات. وێڕای جەختکردنەوە لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەل سەرجەم درواسێکان لەسەر بنەمای ڕێزی ھاوبەش و بەرژەوەندیی ھاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری و پابەندبوونی تەواو بە یاسا و ڕێسا نێوەدەوڵەتییەکان، ھێرش و پەلاماری سەربازی لەھەر لایەکەوە بێت سەرکۆنە دەکەین و پێمان وایە چارەسەر و میکانیزمی سەربازی نەک ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، بەڵکو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتیی ناوچەیی دەخاتە مەترسیی زیاترەوە. پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ زیاتر بە ئەرکی دەستووریی خۆی بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ھەستێت و ھەموو ڕێگایەکی دیپلۆماسی بۆ ئەو ئامانجە بگرێتە بەر. ئەرکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەیی و جیھانی و بەرگرتن لە پەرەسەندنی ناسەقامگیری، بە ئەرکی سەر شانیان ھەڵبستن".
٭ هەڵوێستی زانایانی ئاینیی خۆرهەڵاتی کوردستان
لە بەیاننامەیەک دا کە لەزاری زانایانی ئایینی و وتاربێژانی ناوچە کوردنیشنەکانى خۆرهەڵات بڵاوکراوەتەوە، داوای بەڕێوەچونی ڕیفراندۆمێکی خێرا دەکرێت.
بە گوێرەی بەیاننامەکە زانایانی ئایینی دهڵێن: "ئێمە وەک مامۆستایانی سنوری کوردستان و سنە و دێگولان و شارەکانی دیکە، داوای ڕیفراندۆمێکی خێرا دەکەین کە بەئامادەبونی ناوەندە نێودەوڵەتی و کەسانی بێلایەن و چاودێرى نێودهوڵهتى ئەنجامبدرێت کە لەگەڵ خواست و پێکهاتەکەی خەڵکی کوردستان دا بگونجێت تا لەم دۆخە ئاڵۆزهو بەسەربازگەکردنی ناوچهكانمان دەربچین. دەبێ تەواوی بەندکراوانی خۆپیشاندانەکان لەنمونەی م.ئەحەمەدی خزر نەژاد کە مامۆستایەکی ئایینی بەناوبانگی سنورەکە بوە بێ هیچ کۆتوبەندێک ئازادبکرێن کە تاوانی ئەوان بەس پشتیوانی لەخەڵک و داواکانیان بووە.
تەواوی ئەو کەس و بەرپرسانەی کە ڕۆڵیان لە کوشتن و فهرماندان بەکوشتنی خۆپیشاندەران هەبوە بەئامادەبونی خەڵک و دادوەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک، دادگایی و سزایی پێویست بدرێن.
ههروهك داواش کرد بوو ئهو كۆتوبهندهى لهسهر كهناڵهكانى تهلهفزیۆنى و تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان دانراوه لاببرێت تا داواکاری ڕاستەقینەی خەڵکی ئەم دەڤەرە بەگشتی بە دونیای دەرەوە و ناوەوە بگات.
٭ژمارەی کوژراوان
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە بارەگای سەرەکی لە ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویجە لەدوایین راپۆرتیدا ژمارەی کوژراوانی ڕاگەیاند لە سەرەتایی دەستپێکردنی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان و ئێران، زیاتر لە (416) کەس لە سەرانسەری ئهو وڵاتە لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، کە (51) کەسیان منداڵ و (27)یان ژنن. لە ماوەی یەك هەفتەدا (42) هاوڵاتی لە شارەكانی رۆژهەڵاتی بەتەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەكانی ئێران شەهید بون و زیاتر لە (1500) كەسیش برینداربوون.
لە ماوەی یەك هەفتەدا (42) هاوڵاتی لە شارەكانی خۆرهەڵاتی بەتەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەكانی ئێران شەهید بون و زیاتر لە (1500) كەسیش برینداربوون. لە شاری بۆکان (12) شەهید، شاری جوانڕۆ (7)شەهید، شاری سنە (7)شەهید، شاری مەهاباد (4) شەهید، شاری پیرانشار (4) شەهید، شاری کامیاران (2) شەهید، شاری سەقز (2) شەهید، شاری دیواندەرە (2) شەهید، شاری دێولان (1)شەهید، شاری بانە (1)شەهید.
٭داوای ڕادەستکردنی سەرکردەیی پارتەکانی خۆرهەڵات
ئێران لهكۆبونهوهیەکی دا لهگهڵ حكومهتى ههرێم و عێراق، داواى ڕادهستكردنهوهى سهرۆكى سێ حزبى خۆرههڵاتى كوردستانى كردەو ماوهیهكیشى بۆ جێبهجێكردنى داواكاریهكهى دیاریكردوه. ئێران به ههولێر و بهغداى وتووە: ئهو داواكاریهیان پێویسته لهماوهیهكى دیاریكراو دا جێبهجێبكرێت، ئهگهرنا ئهوان كۆمارى ئیسلامى بهرپرس نابێت لهههر كاردانهوهیهكى توندى سهربازیی. محەممەد کازم باڵیۆزی ئێران لەبەغدا ڕایگهیاند: "هەندێک کەسی ناو حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بەگوێرهى ڕێکەوتننامەی نێوانمان لهگهڵ عێراق، لهلایهن دادگاکانی ئێرانهوه داواكراون، لەبەرئەوە له ههوڵداین بۆ ئهوهى دواى تێگهیشتنى تهواوهتى نێوانمان، ڕادهستمان بكهنهوه".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست