لەهەر كوێ بۆنى خیانەت هات مەسعود لەوێیە
Friday, 08/08/2014, 12:00
لەبەروارى 15 /6 دا نوسینێكم لە ژێر ناوى(مەسعود و داعش چى یەكن) لەم ماڵپەڕە بەڕیزە بڵاو كردەوە و تیایدا ئاماژەم بە پەیوەندى و داعش و توركیا و هاوكارى ژێر پەردەى داعش و، بەرجەستەكردنى پیلان و مەرامى مەسعود لەدژى كوردان بەتایبەتى خۆرئاوا خستبوە روو.
ئەگەر دوێنێ زۆرێك لەخەڵكى باوەڕیان بەو تاوان و خیانەتەى پارتى نەدەكردو، ئەو راستەیەیان بێ هەرس نەدەكراو پێیان وابوو،ئەوتۆمەت و تاوانەى دەخرێتە پاڵ پارتى و مەسعود، زیاتر شەڕ و دژایەتیە لەبەرامبەر ئەو پێشنیازە درۆینە و خۆش خەیاڵیەى جەنابى مەسعود، كە بۆ سەربەخۆى جاڕى بۆدەدا. ئەوا ئێستا رووى راستى و پیلان و مەرامى گڵاوى مەسعود دەركەوت،جارێكیتر وبەپشتیوانى دوژمنى توركیا و ئەردۆگان ژەهرى خیانەت لەدژى شۆڕشى باكور و باشور دەڕێژێت و ،دەخوازێت لەژێرناوى شەڕى داعش و روونتر بڵێن بەهاوكارى و پشتگیرى چەتەكانى داعش، خەون ومەرام و ئاواتى دەیان ساڵەى توركیا و حكومەتى كەمالیزم بەرجەستە بكات.
دروستبونى داعش و گەورەكرنى زیاد لە قەبارەى خۆى و هێرش و پەلامارى بۆ سەر موسڵ و شەنگاڵ و ناوچە سنوریەكانى نێوان سوریا و ئێراق، شتێكى سەرسوڕهێنەرە،كە هیچ عەقڵێك ئەوە قبوڵ ناكات هێزێكى نا رێكخراو و بێ دیسپلین و بتوانێت لەماوەیەكى كورت و بە ژمارەیەكى كەم چەكدارو زەخیرەوە سەركەوتنێكى گەورە تۆمار بكات، ئەگەر بێت و هێزێك و دەستێكى گەورە پاڵپشتى نەكات.كارى وا تابڵێى ئەستەم و خەیاڵیە.
كەوتنى شەنگال و زوممار و نزیكبوونەوەى داعش لە مەخمور و دەوروبەرى و تەداخولى پەكەكەو یەپەكە و بەهاناوە چوونى ئەو ناوچانە، هەمولایەكى خستە ناو ئەمرى واقیعەوە،كە پارتى و مەسعود بەنیازى چ جۆرە پیلان و ناپاكیەكن!
پارتى بەو شەڕە ویستى چەند ئەنجامێك بپێكێت و مەرام و خواستى توركیا بێنێتە دى، داعش وەك كارەكتەرێك بەكار بێنێت و، ئەو مەرام و خەونەى كە هەیەتى لە رێگەى ئەو چەتانەوە بەرجەستەى بكات ، شۆڕش و بزاڤى رۆژئاوا زیندە بەچاڵ بكات و كۆڵەكە و بڕبڕە پشتى پەكەكە كە سوریایە بشكێنێت، ئەویش
1- پارتى دەخوازێت كە سنورى نێوان هەرێم ورۆژئاوا بەردەوام نائارام بێت و هەموو كات شەڕ و كوشتار و هێزى داعشى تێدا بێت، بۆ ئەوەى ئاستەنگ و رێگر بۆ پەكەكە و یەپەكە وجموجو ڵیان دروست بكات و قەندیل و رۆژئاوا لەیەك داببڕێت. سەرهەڵدانى رۆژئاوا سنورداربكات و تەمى دروستبونى كیان و هەرێمێكى كوردى لەو ناوچانە بڕەوێنێتەوە
2- لەپاش سەرهەڵدانى شۆڕشى سوریا و باڵادەست بوونى كورد لەناوچە كوردیەكان، ترس و سامێكى گەورەی بۆ توركیا خوڵقاندوە، كە تابێت هێزى كورد روونتر بڵێن گەریلاكانى پەكەكە پێگەو بونیان قایمتر ئەبێت و پشتگیرى زیاتر بەدەست دێنن، بەتایبەت لەو ناوچانەى كە هاوسنورى توركیا یەو پەكەكە بەسانایى جمو جوڵى تێدا دەكات، بەمەش سنورى شەڕ و چالاكى پەكەكە بەرفراوانتر دەبێت، بۆ ئەوەش تا پەكەكە هەمیشە وبەردەوام هێزى یەدەك و ئامادەى لەو ناوچانە هەبێت ,پێویستى بەسەربازگە و شوێنی سەخت و عاسى وقایمە هاوشێوەى قەندیل، چیاكانى شەنگالیش بۆ ئەوان باشترین شوێنن، جا توركیا بۆخۆى ناتوانێت ئەو كارە بكات، دەربازى سنور بێت و بەچەشنى زاخۆ و دهۆك سەربازگە و بنكە دابنێت، بۆیە ئەو كارەى روبەروى پارتى كردەوە،پارتیش ناتوانێت ئەركێكى وەها لەئەستۆ بگرێت ، پارێزگارى لە سنور و ناوچەیەكى سەخت وپڕ زەحمەت بكات، بۆیە پیلانى چۆڵكردنى شەنگال و دەوروبەرى بەبێ تەقەو بەرەنگارى كردە تاكتێك تا بەوهیوایەى داعش ئەو كارەى بۆ بكات و، لەسەرێك شەڕەكە لەخۆى دووربخاتەوە، لەسەرێكى دیكەوە،تاوان و كوشتار تراژیدیاكان بخاتە ئەستۆى داعش و بۆخۆى لێى قوتار بێت
3- هاوشێوەى ئەوەش بەهەمان شێوە ویستى ئەو سیناریۆیەش لە مەخمور دوبارە بكاتەوە، بەتایبەت لەنێو كەمپی مەخمور كە تەواوى دانیشتوانەكەى كوردى باكورن و هاوسۆزو لایەنگرى پەكەكەن و، بەدەیان وسەدان ئەندام بریندار و كەم ئەندامى پەكەكەى تێدایە و ، مەخموربۆ پەكەكە بۆتە گەورەترین پاڵپشت ، لەهەموو روویەكەوە، چ بۆ حەوانەوە چ بۆ هاوكارى چ بۆ پەروەردە و راهێنان، پارتى خواستى داعش وچەكدارانى پەلكێشى ئەو ناوچەیە بكات و، لەرێگەى ئەوانەوە شەر لەوناوەدا بخوڵقێنێت و، دانیشتوانى ئەو ناوچەیەش لەو شەڕەوە بگلێنێت و لەو كەمپەدا كوشتار و دڕندەیى بخوڵقێنێت. كە ئەمەش پیلان و بەرنامەى چەندین ساڵەى رژێمى توركیایە. بۆ جێبەجێكردن و داخستن و تەسلیم كردنەوەى تەواوى خەڵكەكەى چاوەڕێى هەنگاوى پراكتیكى پارتى یە و بۆ بەجێهێنانى زۆرێك بەخشیش و گفت و بەڵێن بەمەسعود دراوە، وەك كردنى بەسەرۆكى كۆنگرەى نەتەوەیى و،دروستكردنى كیانێكى سەربەخۆ، كە لەگەڵ رێزم ئەوەى تۆزێك عەقڵ وئیداركى هەبێت، ئەزانێت ئەو وەعد و بەڵێنانەى توركیاى دوژمنى سەرسەختى كورد بە مەسعودى داوە،لەدرۆ و لەخشتە بردنێك زیاتر هیچى دیكە نى یە.پارتیش كە چەندین جار زەبرى پەكەكەو گەریلاى وێكەوتوە،دەزانێت شەڕ كردن لەگەڵ ئەو هێزەدا ئاكامەكەى چى دەبێت، بۆیە ئەخوازێت ئەوشەڕە بەوان بكات و تا سبەى رۆژ خۆى لەتاوان و خیانەتەكە بێ بەرى بكات. بەلام خۆشبەختانە هەرزوو دەستەكەیان ئاشكرا بوو، دەست وبرد پەكەكە و سەركردایەتیى كەى لەمەرام پیلانى (پارتى توركیا) تێگەیشت و ئەویش لەقەندیلەوە كەوتە جوڵانى هێزەكانى بۆ بەهاناوە چوونى دۆست وئەندام ولایەنگرانى. بەمەش شانس وبەختى مەسعود لەم مانگە پیرۆزەدا كە مانگى ئابە نەبوە یاوەرى، جا بەوهۆیەوە مەسعود وپارتەكەى تەواو شپرزە و تەنگە تاو بوون، روبەروى سەدان و هەزاران رەخنەو لۆمە و وتەى رەق و حەق بونەتەوە،تەواوى میدیا و كەناڵ و راگەیاندنەكان،سەرزەنشتى مەسعود وتاوانە نەزۆكەكەى ئەكەن، بەتایبەت لەسەر ماڵپەر و پێگە ئەلیكترۆنیەكان كە كردویانن بەپەڕۆى بێنوێژ، لەبەرامبەردا پارتى هیچى بەدەستەوەنەماوە نازانێت بەچ رویەكەوە خۆى لەو شەرمەزاریە قوتار بكات، چ پاساوێك بهێنێتەوە،هەستاوە لە هەولێر ودەوربەرى فەیسبوك و تویتەرى راگرتوە،تا لەوەزیاتر ئیحراج نەبێت و،خەڵكى زیاتر لەمەرامى گڵاو و خەونە نەزۆكەكەى ئاگادار نەبن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست