کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەوی پێشمەرگە و ڕۆژی جاش

Wednesday, 07/11/2012, 12:00


ئەمە ناونیشانى نوسینى کاک (مستەفاى حەسەنە گەورە)یه‌، كە لە كوردستان پۆست بە دوو بەش دابەزیوە، من وەكو خۆم بەحوكمى ئەوەى خەڵكى ئەو ناوچەیەم ئەو ساڵانەش كە ئەو بەرێزە باسی دەكات تەمەنم كامڵ بوو و زۆر شت و دیمەن و راستیم دیتوە كە رەنگبێت لەگەڵ ئەو نوسین و گێڕانەوەى ئەو بەڕیزەدا له‌ هه‌ندێک خاڵدا یەك نەگرێتەوە، بۆیە حەزدەكەم وەكو خوێنەرێك هەندێك خاڵ وسەرنجى خۆم بخەمە روو ، هەرچەندێك كاتەكەشى دواكەتوە بەڵام پێم وابێ هێشتا هەركاتیەتى. ئەمڕۆ لەسبەینێ باشتره‌.
سەرەتا بەرێزى لە چالاكى و سوڕانەوەكەیاندا باسى گوندى كونە سەى دەكات كە گوندێكە لە بنارى كێوەڕەش و شوێنێكى ستراتیژى و هەستیار بووە بەنیسبەت حكومەتەوە هەروەها لەسەدا نەوەدى بەرەو ژوورى خەڵكەكەى جاش و چەكدارى ئاكۆى عەباس مامەندبوون كە ئەویش ئەگەر فریشتەش بووبێت هەر جاش بووە و بەشى خۆى خراپەى كردوە و پێشمەرگە و كەسو كاریانى بەگرت داوە، چۆن بە چوار كەسەوە چونەتە ناو ئەو گوندەو پاشان دانوساندنیان لەگەڵ ژمارەیەكى زۆر جاش كردوە لەگەڵ كەمینێكدا ئەمان ناچاریان كردوون كە تا قوڕەگۆ نەك(قوڕە جۆ) پاسەوانیان بن بیان پارێزن كە هیچ خزمایەتى و ئاشناى و ناسیاویان نەبوون؟!، لەكاتێكدا هەموو خەڵكى رانیە و بیتوێن دەزانێت كە ئەو دەمە بەهۆى شەڕى عێراق ئێران و ئەو ناوچەیە كە تاگەرێگەى قیرتاو بو بەرەوە سنورى ئێران چۆن چاودێرى دەكراو دەپارێزرا بۆ یەدەك وكاتى تەنگانەو رماندنى رێگاى دەربەند رێگایەكى لەشاخەكەوە لێیدابوو چونكە ئەو شوێنە زۆر ستراتیژى وبە بایەخ بوو هەروەها قوڕەگۆش لەباوەشیدا بوو، هەمیشە وبەردەوام كەمین و هێزێكى بێ شومارى لێ بوو ئەوە خەڵكى بیتوێن وپشدەر گەواهیدەرى ئەوەن. لەولاشەوە دەربەندى رانیە و قەیاغەكە بوو كە هیندە جەیش و جاشى لێ بوو وەها تەنیبویان چۆلەكەش لێى دەرباز نەدەبوو، ئیدى چۆن و چۆنى پەڕینەوە بۆ بەرى سەنگەسەرى كۆن ئەوەیان نازانم چۆن بووە و موعجیزەیە چیە؟؟،من گومانم هەیە، پاشان دەڵێت چوینەتە ناو سەنگەسەر لەكاتێكدا بەهار بووە ئاوى گاڤڕێنیش ناوى خۆى بەخۆیەوە بووە چۆن پەڕینەوە لەئاوەكەكە كەلە وكاتەدا ئاو و روبار زۆردەبن و هەلدەستن خوڕى ئاوەكە نەك گا بگەرە فیلیش رادەماڵێت، ئەگەریش بە سەرجادە دا رۆیشتون ئەى چۆن لەبازگەكەى سەنگەسەر قوتاریان بووە؟؟ بێجگە لەوە ناو سەنگەسەر زیاد لە 3 فەوجى جاشى عەباس بایز وبرایم كانەبى و حەمەى ئەحمەدە رەش و دەیان سریەى موخابەرات و ئەمن و مونەزەمەو شتى تیا بوو،نەك ئەوە ئەو سەردەمە هەوو سەنگەسەر گیرۆدەى دەستى دەدوانزە پۆلیس بوو ئەوان حكومەت بون و كەس نەیدەوێرا بڵێت لەل ج جاى پیاوانى بەعس و جەیش وجاش كە هەموو ئەو ناوەیان تەنیبوو، هەروەها حكومەت بەگەورەیى لەسەر دیوار و لەوحە نوسى بوى هەر كەسێك پیاوى خراپ یان چەك لەماڵیدا بێت ئەوە ماڵەكە دەروخێنێت و خەڵكەكەشى دوجارى گرتن دەبێت، چۆن چۆنى لەناو سەنگەسەر كە ماڵ نەبوو یەك دوو چەكدار و جەیشى شەعبى نەبێت، ئەوان ئاوا بە ئاشكرا شەڕیان كرد، لەكاتێكدا ئەو جاشانە بۆراوە پیشمەرگە دەچونە قوڵایى قەندیل و ماغ و بزنان وسورەدێ و سەرسنور،ئەى چۆن ئەوان بۆخۆیان وەكو پۆڕى خوراو هاتونەتە ناوقەفەسیانەوە هیچیان لێنەكراوە؟؟ پاشان دەڵێت لەوێ رۆیشتوین بەرەو كەنجارە و دواتر لەچۆمى ژاراوە وزێى بچوك نزیكى سندۆڵان پەڕیونەتەوە ؟ من چەندین جار بەچاوى خوم دیتومە ئاوى ئەو چەمە هێندە بەهێز و بەخوڕ بووە تراكتۆرى راماڵیوە، ئەوە باسى زێیەكە ناكەم چونكە لەو كاتەى كەباسیدەكات كۆتایى زستان وسەرەتای بەهارە هەموو دەزانن زێ روبارەكان چۆن هەڵدەستن و زۆردەبن و شێتانگیر دەبن،پاپۆڕیش رادەماڵێت ئەوە باسى سەرما و ماوەى دریّژى ئەو زێیە ناكەم كە لەمبەر بۆ ئەوبەر بە بەلەمیش 20 دەقیقەت دەوێت، تەنانەت لەناوەڕاستى هاوینیش ئەوەى مەلەوانى زۆر چاك و لێهاتوو نەبێت ناتوانیت لێ نزیك بكەوێتەوە، بەڵام ئەوان بەبێ هیلاكى وماندوبون و تەنها بەمەلە پەڕیونەتەوە زۆرم لا سەیرە. پاشان بەڕێزى بەبێ هیچ ئامانج ومەبەستێك دەڵێت پەڕیوینەتەوە بۆ بەرى ئاسوس و چوینەتە ناوچەى مەرگە،پاشانیش بەبێ هیچ شتێك گەڕاونەتەوە بۆخاڵى دەست پێك ،ئەگەر مەبەستەكەیان جەولە بێت ئەوامن دڵنیام پێشمەرگە هەرگیز لەزستاندا جەولەى نەكردوە و زۆركەم جوڵاوە ،ئەگەر بۆ كار وئیشى تایبەتیش بوە ئەوا بۆچى رونی نەكردۆتەوە؟ پاشان لەگەڕانەكەیان بەردەوام دەبن ودەگەڕێنەوە بۆ هەمان شوێنى پێشوو بۆ سوڵتانەدێ، بەچیش بەتراكتۆر ،ئەگەر كەسێك شارەزاى ئەورێگەو بانە بێت دەزانیت لەبەر سەختى ئەوشوێنە لە زۆر جێگە چۆم و بەرزایى و دۆڵ وكەند هەیە نەك تراكتۆر بگرە شوفلیش بە سانایى رێ دەرناكات.

پاشان لەبەشێكدا باسى شەڕ و لێدانى جاشەكانى ئۆردوگاى بەستەسێن (جاشەكانى حەمەى مەلا شەریف) دەكات، پێم سەیرە چۆن ولەبەر چى ئەوان پێشتر لەسەنگەسەر بەرەو لاى بەستەسێن بەرەو كەنجاڕە رۆیشتون بەسەریدا بازیان داوە و هیچیان لێنەكردون دواتر پاش چەند رۆژى تر بەهیلاكى وبرسێتى گەڕاونەتەوە بۆ هەمان شوێن ،بەبێ ئەوەى باسى ئەوەبكات كە لە سەرو خۆیان ئەمریان پێكراوە چالاكیەكى ئاوها بكەن، ئایا پێشمەرگە ئەوەندە بێ سەرو بەر نەبوە هەرچى هەستابێت دووسێ كەسى دواى خوى خستبێت رۆیشتبن بۆ جەولە و چالاكى، لەوەش بترازێت ، پێشمەرگە و هیزى شۆڕشى ئەو دەمە ئەگەر تەواو تەواو نەفام وگەمژەش بوبێت لەگەڵ رێزمدا بایى ئەوەندە هۆشى هەبووە كە چالاكیەكى ئاوها لەسەر رێگەى سەرەكى و لەدژى هەزاران جاش و چەكدار بە چوار پێشمەرگە شتێكى زۆر زۆر نا مەنیقیە، مەگەر فیلمەكانى جیمس بوند و ئارنۆڵد دیمەنى واى تێدابێت یان باشە تەقاندنى دوو ئاربیجى و یەك دوو دەستڕێژ كە لەنوسینەكەى خۆیدا دەردەكەوێت هیچ ئامانجى نەپێكاوە مەبەست و مەرام لێى چى بووە ؟ ئەم هەموو سوڕانەوە بێ ئامانج و حەسانەوەیە بەرهەمەكەى چى بووە؟دەزانن ئەو دەمە بەستە سێن لێوان لێو بوو لەجاش ئەوە حەمەى مەلا شەریف ئەوە كۆمەڵك جاشى حەمە بچكۆل و عەریف بابەكر و جاشەكانى شێنى و زودى و تیابوون، من سوێند دەخۆم ماڵ نەبوو جاشى تیا نەبێت ،نەك لەبەر خیانەت و پێشمەرگە كوشتن و دژایەتى شۆڕش بەڵكو لەبەر ئەوەى هەموویان خەڵكى گوندەكانى بنار و سنورەكان بوون و حكومەت رایگواستبون ئەوانیش بۆ كەسابەت و مەعیشەت یان دەبوایە جاشێتى یان قاچاغچێتیان بكردایە، لەوەش بترازێت بەردەم دەروازەى بەستە سێن یەك بازگە هەبوو مێشولەش لێى دەرنەدەچوون هەمیشە سى بۆ چل سەرباز ودۆشكەو مودەرەعەى لێ بوو،هەروەها دەوران دەورى بەستەسێن پڕى رەبایە بوو، لەولاتریشەو گوندەكانى خرە جۆ و گەنجارە و هەردوو سوڵتانە دێ و دۆڵە بەفرە و خەندەكە نزیك بون ئەوانیش كەم و زۆر چەكداریان هەبوو، 


وە چەندین رەبایە لە دەوروبەریان هەبوو،چۆن توانرا ئەو شەڕە بكەن و دەستگیر نەكرێن و بەسەلامەتى دەربازبن، كە هەموو دەزانین ئەگەر لەهەر شوێنێك پێشمەرگە چالاكى و شەڕى بكردایە ئەوا بۆبەیانى ئەبوو بەچ فەرتەنە ئۆپەراسیۆنێك ، تەنانەت كۆپتەر و فڕۆكەش بەكاردەهات ، هەروەها دەڵێت جارێكى تر بە چواركەسەوە دەگەڕێینەوە بۆ هەمان شوێن بۆلاى قورەگۆ و لەوێ بازگە دادەنێن و داواى ناسنامە و شت دەكەن ، كە ئەمەیان زۆر قورس و نا مەنتقیە ،لەبەر ئەوەى ئەو شوێنەى باسیدەكات رێگەیەكى سەرەكى وتایبەتى سەربازى هەبوو رێك دەچووە سەر بارەگاى فیرقەى 24 كە ئەو فیرقەیە یەكێك بوو لەفیرقە هەر دڕندەو شەڕكەرەكان، هەروەها ئەو شوێنە لەبەر ئەوەى نزیك دەربەندى رانیە بوو ورێگایەكى دیكەشى لەسەر شاخەكەوە بۆ كاتى پێویست لێكرابوو كرابوو بەردەوام لەژێر چاودێرى ورد دا بوو هەموو دەموكاتێك كەمین و مەفرەزەى گەڕۆك هاتوچۆى دەكرد ،چۆن نەكەوتنە شەڕەو و تەنانەت دیلیشیان گرتوە و بوێرانە چونە ناو بۆسكێن، ئەو لادێیە لەگەڵ رانیە چەند دەقیقە لیكەوە دورن، ناو رانیەش ئەو دەمە دەزانن چى تێدا نەبوو.هیوادارم لەو بەڕێزە كە بە ویژدان و ئینساف و دیقەتەوە روداوەكان بگێڕێتەوە ، من وەكو پێشتر پێم وتن خەڵكى ئەو ناوچەیەم لە كانى مارانەوە ناسیاوم هەیە تا بەرى خانێ ومهاباد بست بەبستى ئەو ناوچەیە شارەزام و تەیم كردوە ، ئەوەندە دەزانم كە خەڵكى ئەو ناوچەیە تەواو تەواو پابەندن بە داب و نەریتى عەشایەریەوە، ئەگەر دوژمنەكەشیان پەناى بۆهینان ئەوان تا دواڕادە رێزى دەگرن و سەرو ماڵى دەپارێزن، ئەوە كاك مستەفا لەمن چاكتر ئەو راستیە دەزانێت، هەروەها بەهۆى عەشیرەت و خزمایەتى تۆڵەكردنەوەو دوژمنایەتى كەم شتى وا رویدەدا كە پێشمەرگە و جاشى ئەوناوچەیە دەستەو یەخە شەڕیان كردبێت، گەر دیقەت بدەن كەمترین شەڕو چالاكى لەو دەڤەرە هەبوە كەمترین خوێن لەوێ رژاوە ، زۆرجاران لەچەندین گوندى وەك و بارەبانە و گرد ئەستێرە دیتومە كە جاش وپێشمەرگە پێكەوە لە جێگایەك نانیان خواردوە و خەوتون كەسییان هیچى نەكردوە چونكە هەمویان قەوم و عەشیرەت و ئامۆزابوون ن تەنانەت ئاگادار بووم بە سەیارەى هینۆ و لانكدرۆزەرەكان پێشمەرگەیان گواستۆتەوە و بەبازگەكاندا دەربازیانكردون، باشترین بەڵگەشم بۆ ئەوە شەهیدكردنى شەهید هاوارە، بۆچى ولەبەر چى شەهیدبوو؟ چونكە ئەو كوڕێكى شارى بوو،پێ پیشت وپەنا و عەشیرەت بوو، خەڵكى ئەوێ نەبوو تا قەوم وعەشیرەت تۆڵەى بكەنەوە لەسەرى بێنە جواب، دەى با لەعەشیرەتى ئاكۆ یان مەنگور یان مامەش یان هەرچى بوایە،بزانە چۆن تۆڵەى دەكرایە یان هەر خوێن لەلوتیشى دەهات؟ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە