کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌متمانه‌وه‌ ده‌ڵێم وێنه‌ كۆڵه‌كه‌ی شیعره‌

Thursday, 04/04/2019, 21:01


خاتوو سوهه‌یلا مێهه‌می یه‌كێكه‌ له‌ ژنه‌ شاعیره‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، ئێستا له‌ سنه‌ ده‌ژی. كۆمه‌ڵێ پرسیارمان ئاراسته‌ كرد و ویستمان رازه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ شیعر و شاعیرێتی بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ بدركێنێ. به‌ سوپاسه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی داینه‌وه‌، له‌ رێی وه‌ڵامه‌كانییه‌وه‌ تێده‌گه‌ین باكگراوندێكی رۆشنبیریی باشی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ شیعر و دنیای ئه‌ده‌ب به‌گشتی، خۆشحاڵین كه‌ له‌م په‌نجه‌ره‌یه‌وه‌ سوهه‌یلا مێهه‌می به‌ خوێنه‌ران و ئه‌ده‌بدۆستان ئاشنا بكه‌ین. ئه‌وه‌ش به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمان ده‌زانین ئه‌م په‌نجه‌ره‌یه‌ به‌ كراوه‌یی بهێڵینه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌و ئه‌دیبه‌ گه‌نجانه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌كی روانینیان نییه‌ و ده‌یانه‌وێ لێره‌وه‌ به‌سه‌ر خوێنه‌راندا بڕوانن و رازه‌كانی ئه‌زموونی خۆیان و دنیای ئه‌ده‌بیان بۆ ئاشكرا بكه‌ن.

ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

1-2

*به‌ر له‌هه‌ر شتێك ده‌مه‌وێ وه‌كو ده‌ڵێن ئیعتراف بكه‌یت و كورته‌یه‌كی ژیانی خۆت باس بكه‌ی، ئاماده‌ی؟
-من سوهه‌یلا مێهه‌می له‌ شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئه‌ده‌بدۆست له‌ دایكبووم، واته‌ باوكم شاعیره‌ و هه‌ر له‌ كاتی منداڵییمه‌وه‌ به‌ وشه‌ی جوان و ده‌قی جوان ئاشنابووم، ده‌بێ بڵێم هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ گوێچكه‌م به‌ تێكستی ئه‌ده‌بی ئاودراوه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌و ساتانه‌ی باوكم شیعری مامۆستایانی گه‌وره‌ی كوردی ده‌خوێنده‌وه‌ ده‌بووه‌ هۆی خه‌یاڵاتی جوان له‌ مێشكمدا. به‌ره‌به‌ره‌ قۆناغه‌كانی خوێندنم ته‌واو كرد كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی زمانی زاڵ، زمانی فارسی بوو له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا منیش شیعره‌كانم به‌ زمانی فارسی بوو، به‌ڵام هه‌ر له‌ خه‌ڵوه‌تی خۆمدا بوو كه‌ هێندێ جار به‌ مامۆستایانی ئه‌ده‌بیات پێشانم ده‌دا و هیچكات هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌یانم نه‌ده‌دا له‌سه‌ر كێش و سه‌روا و ئه‌وان باسمان ده‌كرد، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ده‌ب به‌ هۆی هێندی كێشه‌ی ژیان دواكه‌وتم .. ئه‌وه‌ی به‌ هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات ئاشنا بێت ده‌زانێ ئه‌وانه‌ی ده‌ست بۆ قه‌ڵه‌م ده‌به‌ن ئه‌سته‌مه‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و رێگایه‌ بن به‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی خۆم ده‌ستم كرد به‌ فێربوونی زمانی كوردی و ده‌ستم كرد به‌ نووسینی شیعر به‌ كوردی واته‌ به‌زمانی دایك له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا به‌شدارییم كردووه‌ و زۆربه‌ی شیعره‌كانم له‌ گۆڤاره‌كانی رۆژهه‌ڵات و هێندێ رۆژنامه‌ی باشووریش بڵاوبووته‌وه‌ وه‌كو ئه‌زموونی ئه‌وانم هه‌یه‌ ئێستایش له‌ بواری كۆمه‌ڵناسی له‌ زانكۆدا ده‌خوێنم و كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكم به‌م زووانه‌ له‌ چاپ ده‌درێت.

*به‌ده‌ر له‌ پێناسه‌ باوه‌كانی شیعر به‌ڕای خۆت چۆن پێناسه‌ی شیعر ده‌كه‌ی؟ یان شیعر به‌لای تۆوه‌ چییه‌ و چی ده‌گه‌یه‌نێ؟
-به‌ بڕوای من شیعر واته‌ زمان، به‌هۆی زمانێكی فانتازیایی كه‌ مرۆڤ چێژ له‌ جوانییه‌كانی وه‌رده‌گرێ، شیعر گوزارشته‌ له‌ ئازار و جوانییه‌كانی ژیان به‌ زمانێكی شیعری كه‌ هێندێ كه‌س تێكه‌ڵ به‌ مۆسیقای زمانی ده‌كه‌ن كه‌ جیاوازه‌ له‌ ده‌قی ساكار. گۆڕینی ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ ده‌ستیان له‌ ئازاریی مرۆڤدا زه‌ق كردووته‌وه‌ و ئه‌و جوانیانه‌ی پێویستی ژیانه‌ بۆ دۆخێكی فانتازیایی كه‌ له‌ تێكستدا به‌رهه‌م دێت. به‌ واتای وشه‌، شیعر واته‌ زانست و ئاوه‌زی شاعیر كه‌ ژیانه‌وه‌یه‌ له‌ جیهانێكی جیاواز و توخمێكه‌ چه‌شنی گۆڕینی ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌رده‌كه‌ون. له‌ مێژه‌ شیعر له‌ به‌رامبه‌ری نه‌سردا دانراوه‌ كه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ شیعر خۆی له‌گه‌ڵ هیچ شتێكدا دانانرێت شیعر شتێكه‌ كه‌ ده‌توانێ له‌ هه‌موو شوێنه‌كانی ژیان و جیهان بیبینی واته‌ له‌ بیركاریدا له‌ زانستدا، لە په‌یكه‌رتاشیدا، لە نه‌قاشییدا و ….تاد واته‌ شیعر نیگایه‌كی جیاواز له‌ هه‌موو هونه‌ره‌كانی دیكه‌دا شێوه‌ی بینینی مرۆڤه‌كان كه‌ به‌ ئه‌سته‌م ده‌توانی شێوه‌ نیگایه‌كی جوان ببینی ئه‌وه‌ شیعره‌ ئه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ ناتوانین راڤه‌یه‌كی گشتی له‌ شیعر بكه‌ین چۆن شیعر خۆی هه‌موو كات له‌ تازه‌گه‌رییدایه‌ و به‌پێی رۆژ و هه‌نووكه خۆی شرۆڤه‌ ده‌كات به‌ پێی نیگای شته‌كان نیگای ئه‌و ده‌گۆڕدرێت واته‌ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی مێژوودا كاركردێكی جیاوازی هه‌بووه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌رستۆ فه‌یله‌سووفی مه‌زن باسی ده‌كات كه‌» كاری شاعیر ئه‌وه‌ نییه‌ باسی رووداوه‌كانی وه‌كو خۆیان بكات به‌ڵكو ده‌بێ به‌ ئه‌و شێوازه‌ كه‌ ده‌بووا رووبدا ده‌بێ بگوازێته‌وه‌ كه‌ واته‌ شیعر، شعوره‌ و زانسته‌ به‌ جیهانێك كه‌ ئێمه‌ی له‌خۆی گرتووه‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ناتوانین له‌ بازنه‌یه‌كدا شرۆڤه‌ی گشتی له‌سه‌ر واتای هه‌ر هونه‌رێك بكه‌ین ئه‌و شرۆڤه‌یه‌ حوكمی كۆتایی ئه‌و هونه‌ره‌یه‌، شیعر هه‌موو ئازاره‌كان و جوانییه‌كانی ژیان له‌به‌ر ده‌گرێ و هه‌ر رۆژ گۆڕانكاری ده‌كات له‌ به‌ڕۆژبوونه‌وه‌ی خۆی، هه‌روه‌ها كه‌ قه‌بانی ده‌ڵێت: شیعرێك كه‌ گۆڕانكاری له‌ ناخی مرۆڤ و جیهاندا نه‌كات شتێكی بێهووده‌یه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: په‌یوه‌ندی شاعیر و خه‌ڵك په‌یوه‌ندییه‌كی مه‌ودایی روخساری و ئاوێنه‌یی دایه‌. زمان سه‌ره‌كیترین ده‌وری شیعر ده‌گێڕێت كه‌ به‌هۆی زمانه‌كه‌یه‌وه‌ چێژ له‌ پێكهاته‌ جوانه‌كانی وه‌رده‌گرین به‌رهه‌مهێنانی زمانی شیعر گرنگترین ئه‌ركی شاعیره‌ و شاعیر له‌ زمانی دواندنی كه‌سانی دیكه‌دایه‌ كه‌ زمانێكی جیاواز ده‌خۆڵقێنێ و له‌ په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كاندا مانای تازه‌ دێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ ناخ ده‌هه‌ژێنێ، له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌ر شاعیره‌ زمانی تایبه‌ت به‌ خۆی ده‌بێت. هه‌ر وه‌كو پۆل رۆمپر ده‌ڵێت: «له‌ شیعردا وشه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ ئافراندنی له‌ دایكبوونی خۆیان.» ته‌نیا له‌ هونه‌ری شیعر دایه‌ وشه‌كان ده‌چنه‌ نێو یه‌كه‌وه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مانای یه‌كدی. زمانی شیعری پێكهاته‌یه‌كه‌ له‌ فۆرم و نیشانه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و پێكهاته‌ كه‌ به‌رده‌نگ مه‌جبوور ده‌كات به‌دوای دۆزینه‌وه‌دا بێ، ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ناوه‌رۆك
شیبكه‌یته‌وه‌ و چونكه‌ خۆی له‌ خۆیدا شیعر نامێنێت واته‌ به‌ شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆك شیعر ده‌كوژین جوانی شیعر له‌ شێواز و فۆرم و زمان و ده‌نگ و تاد پێكهاتووه‌. شیعر ئوسلوبێكی عه‌قڵانی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ئوسلوبێكی گڕ و تین و هه‌ست و سۆز. گواستنه‌وه‌ی توخمێكی زمان بۆ توخمێكی دیكه‌ی زمان.

*دیاره‌ شیعرنووسین یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌ره‌ قورسه‌كان به‌ چ وزه‌ و توانایه‌كه‌وه‌ بڕیارت داوه‌ خۆت له‌و بواره‌ بده‌ی؟
-تاكه‌ شتێك منی به‌ شیعره‌وه‌ به‌ستووته‌وه‌ یه‌ك وشه‌یه‌ «عه‌شق». ئه‌وه‌ی كه‌ من له‌ ئازاره‌كانی ژیان دوور ده‌خاته‌وه‌، دوور خستنه‌وه‌ وه‌ك دۆزینه‌وه‌ نه‌ك فه‌رامۆشی، تاكه‌ رێگایه‌كه‌ له‌وێ پێناسه‌ی خۆم و هه‌روه‌ها ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئاوێنه‌ی ژیانی بوومه‌لێڵ كردووه‌ به‌گشتی شیعر بۆ من په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌ یان دەرچه‌یه‌كه‌ بتوانم ده‌رباز بم له‌ ته‌نگه‌ژه‌كانی ژیان، كه‌ چۆن بژیم و جیهانبینیەكه‌ هه‌نگاوه‌كانم به‌چڕتر هه‌ڵگرم به‌ره‌و خود دۆزینه‌وه‌، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م رێگایه‌ دیسان ئاسان نییه‌ چۆن له‌وێ له‌ به‌رزه‌خه‌كان ده‌دوێ، به‌ڵام هاوارێكه‌ به‌سه‌ر بێده‌نگییدا و بێده‌نگییكه‌ به‌ واتای ده‌نگ هه‌ڵبڕین.

*تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دای وێنه‌ی شیعری گرنگترین پێكهاته‌ی شیعره‌ و له‌ كاتی وه‌رگێڕانیدا ئه‌گه‌ر ئاواز و ریتمه‌كه‌شی بڕوات وێنه‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌؟
-هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاكانی كه‌وناره‌كانی ژیان مرۆڤ به‌ وێنه‌ ده‌ستی به‌ نووسین كردووه‌ تاكو ئێستای سه‌رده‌م و له‌ رێگای نه‌خشاندنی ئه‌و وێنانه‌وه‌ له‌سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وته‌كان مه‌به‌ستی خۆی راده‌گه‌یاند، سه‌ره‌تای خوێندنی شیعر باكگراوندێك ده‌سپێده‌كات كه‌ خوێنه‌ر بۆ خۆی رابكێشێ وه‌كو شیعری جوان و به‌هێز ئه‌م باكگراونده‌ وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات وێنه‌یه‌ك بگوازرێته‌وه‌ بۆ چاو و مێشك و خه‌یاڵییدا ئێمه‌ له‌ شیعری كوردییدا ده‌توانیین بڵین وێنه‌ و وێناندنمان هه‌یه‌ به‌رده‌نگ له‌ خوێندنه‌وه‌ی وێنه‌ی شیعری وێناندنێكی تایبه‌تی بۆ خۆی هه‌یه‌ واته‌ وێناندن ئافراندنی وێنه‌یه‌ له‌ چاوی خوێنه‌ردا لێره‌دا خه‌ێاڵكردنه‌وه‌ سه‌ره‌كیترین كه‌ره‌سته‌ی وێنه‌یه‌ یا خه‌یاڵكردنه‌وه‌ داینامۆی وێنه‌یه‌. وێنه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زمانی ده‌قی شیعر له‌ ده‌قی ساكار جیاواز ده‌كات وه‌كو مۆسیقای شیعر پانتایی زمان بۆ هێژاندنی عاتیفه‌ به‌رچاو ده‌كات. وێنه‌ خه‌یاڵییه‌كانی جیهانی شاعیر له‌ شیعردا ده‌یخوڵقێنێ له‌ به‌راوردی جیهانی واقیعدا كه‌ خوومان گرتووه‌ جیاوازی زۆره‌ و هه‌ر ئه‌م جیهانی نوێ و سه‌یره‌ی شیعر ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ وردتر به‌ ده‌قدا بروانین. شاعیر به‌س «داله‌كانی» خۆی له‌ پێش چاوی خوێنه‌ر راده‌خات و دۆزینه‌وه‌ و په‌رژیانی به‌ خوێنه‌ر ده‌سپێرێت. بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌ باشی له‌ هه‌ستی نووسه‌ر تێبگات وێنه‌سازی یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین به‌شی ده‌ق، ده‌سپێكی شیعر به‌وێنه‌وه‌ ده‌سپێده‌كات و ده‌قی شیعر له‌ پێكهاته‌ی له‌ وێنه‌ جۆرواجۆره‌كاندا دروست ده‌بێت لێره‌دا به‌متمانه‌وه‌ ده‌ڵێم وێنه‌ كۆڵه‌كه‌ی شیعره‌، وێنه‌ هه‌موو خه‌یاڵكردنه‌وه‌ له‌خۆی ده‌گرێ و ده‌قی جوان هه‌ڵگری وێنه‌یه‌. ئه‌وه‌ دێڕه‌كانن كه‌ هه‌ڵگری وێنه‌ن و له‌گه‌ڵ خۆیاندا خه‌ێاڵ په‌لكێش ده‌كه‌ن، ئێمه‌ شاعیری گه‌وره‌ شێركۆ بێكه‌سمان هه‌یه‌ كه‌ شیعره‌كانی تژییه‌ له‌ وێنه‌ی جوان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ وه‌رگێڕانی ده‌قێك جوانییه‌كان و پێكهاته‌ی شیعر ده‌توانین بپارێزین ئه‌وه‌ كارێكی ئه‌سته‌مه‌ و بۆ هێندێ له‌ پێكهاته‌كان ناكرێ، وێنه‌ له‌ هه‌ر حاڵدا ده‌مێنێ به‌ڵام ئه‌و ده‌قی ئاهه‌نگین و ده‌نگ و ئه‌وانه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ زمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ له‌ وه‌رگێڕاندا ده‌مرێت و هێندێ زۆری له‌ جوانییه‌كانی ئه‌و ده‌قه‌ له‌ ده‌ست ده‌چێ. وه‌رگێڕان له‌ خۆیدا له‌ ده‌قه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ هیچكات وه‌كو ده‌قی سه‌ره‌كی نانووسرێته‌وه‌ و له‌ شیعردا زۆر خه‌ساره‌ ئه‌گه‌ر شیعرێ وه‌ربگێڕدرێت ئه‌وه‌ چه‌نده‌ها شتی پێكهاته‌ی له‌ ده‌ست ده‌دا و خه‌سارێكی گه‌وره‌ ده‌بینێ ئه‌و ده‌قه‌ هه‌رچه‌ند وه‌رگێڕانه‌ لێهاتووه‌كانیش نه‌یانهه‌وێ به‌ ده‌ق خه‌سار بگه‌یه‌نن به‌ڵام هه‌ر له‌ روانگه‌ی ئاهه‌نگ و ده‌نگه‌وه‌ خه‌سار ده‌بێنێ شیعر له‌ناو ده‌قه‌كاندا سه‌ربزیوه‌ و خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ نادات له‌ وه‌رگێڕاندا ئه‌و زمانه‌ی كه‌ نابێته‌ زمانێكی دیكه‌ و له‌ جیهانێكی فره‌ ڕه‌هه‌ند ده‌سپێده‌كات و ئامانجی زمانی له‌ پشته‌وه‌یه‌ و سرك و بزێوه‌ خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ نادات له‌ وه‌رگێڕاندا. گه‌وره‌ شاعیری ئێرانی شاملو ده‌ڵێت: «وه‌رگێرانی شیعر وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ بولبولێك سه‌ر ببڕیت بۆ خواردنی گۆشته‌كه‌ی، به‌ڵام بولبول بۆ چریكاندن سوودی لێ وه‌رده‌گرین.» له‌هه‌ر حاڵدا وه‌رگێڕانی شیعر خه‌سارێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ كه‌ ئه‌و زمانی وه‌رگێڕاوه‌كه‌ چۆن پێناسه‌ی زمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ده‌كات كاتێك له‌و زمانه‌دا نه‌ژیاوه‌ له‌ شیعردا كۆمه‌ڵێك توخم یه‌كده‌گرن كه‌ وه‌رگێڕ ناتوانێت ئه‌وانه‌ له‌ ته‌رجه‌مه‌كه‌یدا بهێنت و ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین خه‌سار له‌ شیعر له‌ زمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی.
-------------------
خاتوو سوهه‌یلا: نهێنی هونه‌ر له‌وه‌دایه‌ هونه‌رمه‌ند ناتوانێ هه‌موو كه‌س له‌ خۆی رازی بكات

2-2

*به‌تایبه‌تی لای ئێرانییه‌كان ناڵێن شاعیر شیعر ده‌نووسێت، ده‌ڵێن شیعر ده‌ڵێت، ده‌شێ وا لێك بدرێته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ شاعیر به‌ جوانترین ریتم و جوانترین نواندن و ئاماژه‌ شیعره‌كه‌ی بخوێنێته‌وه‌، تۆ تاچه‌ند له‌م بواره‌دا راهێنانت كردووه‌ و ده‌توانی به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش شیعری خۆت بخوێنیته‌وه‌؟
-له‌ڕاستییدا كاتێك ده‌قێك ده‌نووسم كات هه‌یه‌ چه‌ندین جار وشه‌كان ده‌گۆڕم و تا ئه‌م كاته‌ به‌ وه‌سواسه‌وه‌ ده‌قه‌كانم چه‌ندین جار ده‌ستكاری كردووه‌ وه‌كو گۆڕانكاری له‌ وشه‌یه‌كدا و دێڕێكدا، پێداچوونه‌وه‌ بۆ شیعره‌كانم ده‌كه‌م و كاتی بۆ داده‌نێم و فایلی سه‌وتی لێ به‌رهه‌م دێنم و خۆم گوێ له‌ خۆم ده‌گرم و دیسان بڕیار ده‌ده‌م چه‌ند جارێكی دیكه‌یش به‌ شێوازگه‌لێكی جۆرواجۆر بیخوێنمه‌وه‌ و تا شێوازێكم به‌ دڵ ده‌بێت. چۆن ئه‌وه‌ شیعره‌ بڕیار ده‌دا چۆن بیخوێنیته‌وه‌ و ریتمی بۆ به‌ ده‌نگ هه‌ڵبێنی كه‌ پێویست ده‌كات شاعیر كاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ی له‌ ده‌نگ و ریتم و جووڵانه‌وه‌ی هێندێ له‌ ئه‌ندامگه‌لی وه‌كو ده‌ست و سه‌ری له‌ شیعره‌كه‌یدا به‌شدار بكات. شێوازی خوێندنه‌وه‌ی شیعر له‌سه‌ر خوێنه‌ر خاڵێكی كاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر شیعرییه‌تی ده‌ق، كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌نگ خوێندنه‌وه‌ی شیعر دووباره‌ بوونه‌وه‌ی شیعره‌، چونكه‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعر به‌س خوێندنی خه‌ت به‌ خه‌تی ده‌ق نییه‌ ئه‌گه‌ر جوان ئه‌دا بكرێ، كاریگه‌ری له‌سه‌ر خوێنه‌ر ده‌بێ و چێژی لێ ده‌بات ئه‌گه‌ر جوان ئه‌دا نه‌كرێ به‌رده‌نگ نه‌فره‌تی لێده‌كات. له‌ رێگای خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌وه‌ هێندێ جار ده‌توانی كه‌م و كووڕییه‌كانیشی بسڕیته‌وه‌. كه‌ واته‌ نووسین و ئه‌داكردنی شیعر پێكه‌وه‌ پێگه‌ی شیعر به‌رز یا نزم ده‌كاته‌وه‌. هه‌ر له‌مێژه‌ نووسه‌ران و كه‌سه‌ ئایینییه‌كان له‌ رێگای وتنه‌وه‌وه‌ به‌ده‌نگی خۆش بووه‌، په‌یامی خۆیان راگواستۆته‌وه‌ نێو خه‌ڵك. باش ئه‌داكردنی شیعر چه‌ند خاڵی گرنكی هه‌یه‌، یه‌كه‌م پێكهاتنی په‌یوه‌ندی به‌ینی شاعیر و خوێنه‌ر و دووهه‌مین خاڵی كاریگه‌ر بوون و سێهه‌م گواستنه‌وه‌ی مانایه‌، چواره‌میش له‌ چێژ وه‌رگرتندایه‌.

*هه‌ندێك باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ ده‌بێ دێڕه‌كانی شیعر بیرۆكه‌یه‌ك به‌یه‌كیانه‌وه‌ ببه‌ستێ و مانایه‌ك ببه‌خشن، هه‌ندێك دژی ئه‌مه‌ن و گوێ به‌و مه‌رجه‌ ناده‌ن، تۆ له‌گه‌ڵ كامیانی و بۆچی؟
-مه‌به‌ست له‌ فۆرمی شیعر شێوازی داڕشتن و هه‌موو پێكهاته‌كانی شیعرییه‌ته‌ و شیعر به‌ واتایه‌كی گشتی نه‌ له‌بازنه‌ی راڤه‌دا ده‌گونجێت نه‌ له‌فۆرمدا به‌درێژایی مێژووی ده‌ق، شاعیران و خوێنه‌رانیش فۆرمه‌كانی جیاوازی ده‌قیان به‌ ره‌سمی قبووڵ كردووه‌. له‌ شیعری هاوچه‌رخدا فۆرمی شیعری سپی به‌شێوازی ستوونی بێت. شێوازی شیعر ئه‌وه‌یه‌كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تاوەكو كۆتایی یه‌كده‌ستی و یه‌كبوونه‌وه‌یه‌كی فیكری تێدایه‌ له‌ جووڵه‌ی به‌رده‌وامی فیكری شاعیردا پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیان ده‌بێ، به‌ڵام له‌ تییۆرییه‌كانی شیعری هاوچه‌رخدا هه‌ر شوێن په‌نجه‌كانی خۆی دیاریده‌كات شیعر له‌ شێوازی ریوایه‌ت و به‌رداشت و حوكمی كۆتایی خۆی ده‌رباز ده‌كات شێوازی ستوونی له‌ شیعری هاوچه‌رخدا له‌ روانگه‌ی داڕشتن و وێنه‌وە، پرژانێكی تێدایه‌ و شیعر له‌ بازنه‌ی ئه‌ندێشه‌دا به‌ یه‌كبوون ده‌گات. شێوازی ستوونی له‌ شیعری هاوچه‌رخدا ئافراندنی چه‌ند وێنه‌ ده‌كات خه‌یاڵی شاعیر له‌ فه‌زا و شێوازی وشه‌كان پێشكه‌ش ده‌كات. شیعری هاوچه‌رخ خۆی ده‌رباز كردووه‌ له‌ كۆمه‌ڵێ چوارچێوه‌ كه‌ به‌ربه‌ستن و ده‌ستی قه‌ڵه‌م كۆتا ده‌كه‌ن له‌وه‌ی به‌ ئازادی ئافراندنی وێنه‌كانی خه‌یاڵ بكات. سه‌ره‌كیترین لایه‌نی جوانیناسی شیعری هاوچه‌رخ له‌ هه‌بوونی زۆرینه‌ی ئیلهام و ئه‌و ئاڵۆزی هه‌ڵچنراوه‌ی شیعردایه‌ لایه‌نی زاڵی شیعری له‌به‌ر گرتووه‌ به‌ڵام له‌ هێندێك شیعریشدا ئیلهامێكی جوانی تێدا نییه‌. شیعری هاوچه‌رخ دوو ره‌هه‌ندی هه‌یه‌ یه‌كه‌م ره‌هه‌ندی مێژووی شیعرێكه‌ له‌گه‌ڵ شیعری شاعیرانی كۆندا جیاوازی هه‌یه‌ و ره‌هه‌ندی دووهه‌م ره‌هه‌ندێکی جیاوازه‌ شیعرێكه‌ نابێ له‌ شیعری شاعیرانی هاوكاتی خۆیاندا لێكچوونه‌وه‌ی هه‌بێت چۆنییه‌تی ئه‌م جیاوازبوونه‌ وایه‌ كه‌ بایه‌خ ده‌دا به‌ شیعر. له‌ شیعری ئه‌مڕۆدا چه‌ند ده‌نگی زۆره‌ و له‌ هه‌ر نووسراوه‌یه‌كدا بێشك دال و مه‌دلوولێك ده‌قه‌كان پێكدێنن به‌ڵام له‌ شیعری هاوچه‌رخدا خۆی نابه‌ستێته‌وه‌ به‌ ماناوه‌ هه‌رچه‌نده‌ پێكهاته‌ی شیعری هاوچه‌رخ دوور له‌ مانا نییه‌ به‌ڵام مانا به‌ دوادا ده‌خات و ئێمه‌ ده‌بینین دێڕه‌كان ره‌نگه‌ پێكه‌وه‌ نه‌به‌سترێنه‌وه‌، شیعری هاوچه‌رخ خۆی نابه‌ستێته‌وه‌ به‌ مانایه‌ك یان شرۆڤه‌یه‌كی تایبه‌ت و هه‌ر ئه‌وه‌ خۆی بۆ من زۆر وروژێنه‌ره‌ و چێژ به‌خش.

*له‌ شیعردا زمان تێكده‌شكێنرێ و جوانییه‌كی نوێی لێ دروست ده‌كرێ لای تۆش هه‌مان رێسا هه‌یه‌؟
-دژه‌باو بیركردنه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ به‌ ئاسانی نه‌توانێت كه‌سانێكی دیكه‌ وا قبووڵی ئه‌وه‌ی ناكه‌ن رازی بكه‌یت تاكو وه‌كو ئه‌و بیر بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام نابێ هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات خه‌ڵك وه‌كو ئه‌و بیر بكه‌نه‌وه‌ رازیكردنی هه‌موو كه‌س ده‌بێته‌ نهێنی دۆڕاندن، نهێنی هونه‌ر له‌وه‌دایه‌ هونه‌رمه‌ند ناتوانێ هه‌موو كه‌س له‌ خۆی رازی بكات. مانیفێستی شیعری هاوچه‌رخ له‌ رۆژبوونه‌وه‌دایه‌ و تازه‌گه‌ری له‌ ناخیدایه‌ تێكشكاندنی زمان وه‌كو كلتووری باو ڕاسته‌ نه‌ك وه‌كو تێكشكاندنی رێزمان به‌ڵام شۆڕش زمانی له‌ شیعری هاوچه‌رخدا زۆر باوه‌ وه‌كو شۆڕش دژی «نه‌حو» و كێش و سه‌روا و به‌رهه‌مهێنانی زۆرینه‌ی وێنه‌ و … شاعیری هاوچه‌رخی ئێرانی ره‌زا به‌راهه‌نی ده‌ڵێت : «زمان بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ زمان ده‌بێ به‌رده‌وام دانانی خۆی له‌ مه‌ترسی بێ واتا بووندا بێ، تاكو دانانی به‌شگه‌لی نێوی زمانیدا له‌ دوور ده‌سته‌كاندا، به‌ دره‌نگ به‌ ده‌سته‌وه‌دانی فامكردنی ئه‌و شیعره‌ چێژ هێنه‌رتر بێ زمان ده‌بێ به‌ مردنی زمان و مردنی شادی هێنه‌ری زماندا ئاگادار ببێته‌وه‌». شیعر به‌رده‌وام له‌ گۆڕانكاری یاسا كۆنه‌كاندایه‌ هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌ڵ دیكتاتۆریه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا به‌ شه‌ڕ دێت. له‌و بڕوایه‌دام هه‌ر شتێك له‌ كۆمه‌ڵگادا و ده‌سه‌ڵاتدا ببێته‌ عاده‌ت و كرداری كلتووری، به‌ره‌به‌ره‌ له‌ چه‌مكی چه‌قبه‌ستویی و كرداری كلتووری زۆرداری داده‌نرێت. به‌ڵام شیعر به‌ پاككردنه‌وه‌ی عاده‌ت و ملهوڕی كلتووری ده‌رده‌كه‌وێت.

*قه‌ت ئه‌وه‌ روویداوه‌ گوێگرتن له‌ شیعری خۆت بتخاته‌ گریان؟
-به‌ڕاستی هێندێك كات روویداوه‌ دێڕێك یا شیعرێك بمخاته‌ گریان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر رۆح و هه‌ستمدا بێ بیرهێنانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كی ئه‌و كاتی نووسینی ئه‌و شیعره‌ و ریزكردنی وشه‌گه‌لێك په‌نجه‌ بۆ داگیركردنی هه‌ستم ده‌هێنن بێگومان شیعری كوردی مێژووێیكی درێژی له‌ پشته‌وه‌یه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ مێژووی كورد ته‌ژییه‌ له‌ تراژیدیا به‌ هۆی نیشتمانێكی داگیركراو و ژنیش له‌م ناوچه‌یه‌دا رووبه‌ڕووی زۆر نه‌هامه‌تی و نه‌ریتی داسه‌پاو و چه‌وساوه‌یی ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وانه‌ ره‌نگدانه‌وه‌یان زۆره‌ له‌ شیعره‌كانمدا هیچكات شه‌ڕه‌ نه‌خوازراوه‌كان سێبه‌ریان وه‌ده‌رنانێن له‌م ناوچه‌یه‌دا نه‌یانهێشتووه‌ شیعریش رووی خۆشی ژیان ببینێ و ئاوڕێكیش بۆ دڵداری و بووژانه‌وه‌ له‌ جوانییه‌كانی ژیاندا بداته‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە