کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەک بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ و هێرۆ برایم ئەحمەد

Wednesday, 17/05/2017, 12:34


عەلی حەمە ساڵحی  پەرلەمەنتار ئەو نامەیە بۆ کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ دەنێرێت، کە پێی وایە ئەو دوانە دەتوانن دژی دزیی و گەندەڵی و پیسخۆری و ناشەفافی بوەستنەوە. لە نامەکەدا وا پیشان دەدات کە ئەمانە کەسانی لێهاتوو و شەفاف و بەتوانان، نە دزن، نە پیاوخراپ و نە پیاوکوژ.. بۆیە داوایان لێدەکات کە دژی کەسەکانی دیکە بجەنگن و بێنە پێشەوە و رەوشی هەرێم چاک بەکەن و دز و پیاوخراپەکان لە ناو بەرن.
 کوردستانپۆست ئەم نامە پڕ لە گاڵتەجاڕییەی عەلی حەمە ساڵح دەخاتە نێو ئەرشیفی بەڵگەکانەوە و بۆ پاشەڕۆژ دەیانپارێزێت.
-----------------------------
به‌ڕێزان/
- کۆسره‌ت ڕه‌سول 
- هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د 
- مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی 
ئاگادارم، دۆسییه‌ی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاره‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی کوردستان به‌گشتی و به‌رپرسانی یه‌کێتی گفتوگۆی له‌نێوانتاندا دروستکردووه‌. 
به‌پێیویستی ده‌زانم ئه‌م دۆسیه‌و چه‌ندین دۆسییه‌ی دیکةى‌ گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافی، که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌رپرسانی یه‌کێتی و سنوری سلێمانی لێره‌دا بخه‌مه‌ ڕوو. 
باسکردنی ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌، به‌رپرسانی پارتی زیاتریان کردووه‌و زۆرتریان بردووه‌، 
به‌ڵام که‌ ئێوه‌ ئه‌م ده‌رگاتان کرده‌وه‌، مه‌به‌ستمه‌ به‌ باشی بچمه‌ ژووره‌وه‌. 
یه‌که‌م: دۆسییه‌ی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاره: 
نامه‌وێت دۆسیه‌ی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاره‌ ته‌نیا له‌ شوقه‌کانی نزیک دۆسڵدۆرف له‌ ئه‌ڵمانیا کورتبکه‌ینه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و پاره‌ی له‌ کوردستانه‌وه‌ براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ سه‌دجار له‌ نرخی ئه‌و شوقانه‌ زیاتره.. 
به‌ڵێ چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌و زانیاریمان لایه‌ له‌سه‌ر ئه‌‌و ملیاران دۆلاره‌ی چووه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا و سویسرا، به‌ڵگه‌مان لایه‌ ١٣ ملیار دۆلار له‌ ڕێگای پێنج بانکی کوردیه‌وه‌ ڕۆشتووه‌‌، که‌ دیار نیه‌ کێ بۆ کێی ناردووه!‌، 
پشکی به‌رپرسانی پارتی له‌ یه‌کێتی زیاتره‌، چونکه‌ ئه‌وان زیاتریان ده‌ستکه‌وتووه‌.
زانیاریمان له‌سه‌ر شوقه‌و ڤێلاو موڵکه‌کانی دۆسڵدۆرف و کۆڵن و بۆن و شوێنی دیکه‌ش هه‌یه،‌ که‌ هی به‌رپرسانی حیزبه‌که‌ی جه‌نابتانن و په‌یوه‌ندیان به‌ نه‌وتی که‌رکوک و شه‌راکه‌تی چه‌ند به‌رپرسێک هه‌یه.
ساڵێکه‌ هاوار ده‌که‌ین ٤٠٠ په‌ڕه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاره‌ی عێراق و کوردستانمان لایه‌، کامتان داواتانکردلێمان. 
دڵسۆزی ئه‌وه‌یه‌ پێکه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و عێراق کاربکه‌ین بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و پارانه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان، که‌به‌پێی زانیاری ئێمه‌ نزیکه‌ی ٢٠ ملیار دۆلاره‌، نه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌م بڵێ فڵانه‌و ئه‌و بڵێ من نیم .
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ شه‌ش ملیار دۆلاری "شیرینی نه‌وت" که‌ به‌پێی قسه‌ی پارتی به‌شێکی دراوه‌ته‌ حیزبه‌که‌ی جه‌نابتان. کوا؟ لای کێیه‌؟ 

دووه‌م: داڕوخانی سلێمانی: 
له‌ واقعدا، حیزبه‌که‌ی جه‌نابتان 
له‌ سلێمانی و ده‌وروبه‌ری ده‌سه‌ڵاتداره‌و ئێستاش ئه‌م ناوچه‌ له‌ به‌رده‌م داڕوخانێکی گه‌وره‌دایه‌. 
١. دۆسییه‌ی نه‌وت گازی سروشتی:
هه‌رچه‌نده‌ کێڵگه‌ گه‌وره‌کانی گازی سروشتی له‌ سنوری سلێمانی و گه‌رمیانن، ده‌تواندرا به‌به‌رهه‌م هێنانی گازی سروشتی گرفتی کاره‌باو دارایی چاره‌سه‌ر بکرێن، ده‌تواندرا به‌ پرۆژه‌ی پترۆکیمیاوی هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ له‌ بواری پیشه‌سازی و زیادبوونی ده‌ستی کارو به‌رهه‌می ناوخۆی بچینه‌ پێش، به‌ڵام ڕێگای پێنه‌درا و ئێوه‌ش بێده‌نگن..
به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی نه‌وت له‌و سنوره‌دا ٢٠ هه‌زار به‌رمیله‌و به‌ره‌و نه‌مانيش ده‌چێت، پارتیش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر نزیکه‌ی ٧٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌ به‌رنامه‌ کراوه‌و هه‌ر بێده‌نگن. 
٢. داهاتی سلێمانی :
داهاتی مانگانه‌ی سلێمانی نزیکه‌ی ٥٠ ملیۆن دۆلاره‌، ئه‌م پاره‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێرو ته‌نیا به‌ ژماره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌م پاره‌ موچه‌ش خه‌رجناکرێت، هه‌رچه‌نده‌ پارێزگارو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ زانینی خه‌رجکردن و چاره‌نووسی هه‌وڵیاندا، به‌ڵام بێ ئه‌نجام بوو. 
بۆیه‌ دیاره‌ ئه‌م پاره‌ بۆ مه‌به‌ستی که‌سی و حیزبی به‌کاردێت. 
ئه‌گه‌ر وانییه..‌ بفه‌رموون یه‌ک مانگ ورده‌کاری خه‌رجکردنی داهات بهێننه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا. 
٣. داگیرکردنی زه‌وی و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌کان:
ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌مان له‌به‌رده‌سته‌ که‌ چۆن زه‌وی و شێوێنه‌ گه‌شتیارییه‌کانی سلێمانی له‌لایه‌ن چه‌ندین به‌رپرس و که‌س دامه‌زراوه‌ی حیزبی داگیرکراون و به‌شێکی فرۆشراوه‌( له‌ ئاینده‌دا وردتر باسی ده‌که‌م) 
٤.قومارخانه‌کان 
له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا، به‌بێ مۆڵه‌تی هیچ دامه‌زراوه‌یه‌کی حوکمی، چه‌ند به‌رپرسێکی حیزبی و دامه‌زراوه‌ی حیزبی سلێمانیان پڕکردووه‌ له‌ قومارخانه‌، شه‌ش قومارخانه‌ی بێ مۆڵه‌ت به‌هێزی ئه‌منی ده‌پارێزرێن، نه‌ پارێزگار و نه‌هیچ که‌سێک توانای داخستنیانی نیه‌، ناکرێت خه‌ڵک بێ موچه‌و بێ ژیانبێت و ئه‌وه‌شی پێیه‌ به‌ نایاسایی له‌ قومارخانه‌ی به‌رپرسه‌کاندا لێی ببرێته‌وه‌. 
فه‌رموون ئه‌گه‌ر هی به‌رپرسانی باڵای حیزبی نیه‌، ڕێگا بده‌ن پارێزگار دایبخات. 
٥. به‌شی هه‌ره‌ زۆری کۆمپانیاکانی سلێمانی مایه‌پوچ بوون
زۆربه‌ی کارگه‌کان به‌ره‌وداخستن ده‌چێت، بێ کاری و بێ پاره‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی مه‌ترسیدار زیادیکردووه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و بێ کاره‌بای وبێ ده‌رمانییه‌ی که‌ له‌ هاویندا به‌رۆکمان ده‌گرێت. 
ئه‌گه‌ر ئیراده‌ هه‌بێت هه‌موو ئه‌مانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌م دۆخه‌ بۆ ئه‌و به‌رپرسانه‌ش ناچێته‌سه‌ر ته‌نیا له‌ خه‌می خۆیاندان و وڵات وێران ده‌که‌ن. 
به‌ هیوام له‌ بری ڕاکێشان بۆ شتی دیکه‌، پێکه‌وه‌ ئه‌م دۆخه‌ چاکبکه‌ین. 
له‌گه‌ڵ حورمه‌تی زۆرم 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە