سەرۆکی دەوڵەتی کوردی، یان سەرۆکی خێڵی بارزان!
Tuesday, 28/06/2016, 23:41
چەندێك حوکمەتی عێراق قێزەونە لای تاکی کوردی، دوو ئەوەندەش سەرانی بنەماڵەی مەسعودی کوردفرۆش و مافیاو ستەمکار قێزەونترن، بە بەڵگەوە دەتوانم ئەو راستیە بڵێم کاتێك بودجەی کوردستان لە لایەن حوکمەتی عێراقەوە دەنێردرا موچەی مانگانە پێش کاتی خۆی دابەش دەکرا، خەڵكان لە خۆشگوزەرانیدا بوون، بەڵام لە ٢٠١٢وە کە بنەماڵەی خائینی بارزانی مۆنۆپۆڵی پترۆڵی خەڵکی کوردستانیان کردووە، دزی لە موچەی فەرمانبەرانیشدا دەکەن و ساڵانە چەند موچەیەکی ناتەواویان پێ دەدرێت، ئەمە لە کاتێکدایە موچەی بن دیوارێکی عەشیرەتی بنەماڵەی بارزان لە ٣٠ گەڵا کەمتر نییەو مانگانە بە ڕێکوپێکی پێیان دەدرێت، ٢٥ ساڵە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەم گەرمایە ١٠ سەعات کارەبای نیشتیمانی دابین دەکەن، لە هەفتەیەکدا ١ سەعات ئاو دەدەنە هاونیشتیمانیان، ئیعلانی دەوڵەتی کوردیشمان بۆ دەکات!! پێشینان راستیان فەرمووە حەمام بە تڕ گەرم نابێت، ئەم ریکلامە تەنیا بۆ چەواشەکردنی بەشێك لە خەڵکانی ساویلکەی کوردستانە، ئەگینا کێ رێی لە مەسعود گرتووە گەر راست دەکات ئیعلانی دەوڵەتی کوردی بکات؟ یان هەر بە چاو سوورکدنەوەیەکی ئاغاکانیان لە تورکیا میز بە خۆدا دەکەن ، نەك بوێرن باسی سەربەخۆیی کوردستان بکەن، مەسعوود جیاوازیی خستووەتە نێوان دەڤەرەکان و عەشیرەتەکانیشەوە، وای دادەنێت بارزانیەکان نەتەوەی هەڵبژێردراوی خودان هەر وەك جووەکان دەڵێن، لەبەر ئەمەیە دەبینین ئەوەی لە راگەیاندندا مەسعوودو زوڕنا سووکەکانی باسی دەکەن تەنیا هەڵخەڵەتاندنی خەڵك و یاریکردنە بە هەست و سۆزییان، مەگەر هەرچی کاری تیرۆرکردنی کەسایەتیە دیارو دڵسۆزەکانی کورد بوو بە دەستی ئێوە شەهید نەکران؟ مەگەر منداڵانی کوردتان خەڵتانی خوێن نەکرد لە دوو راپەرینەکەی ٢٠١١ و ٢٠١٤دا؟ مەگەر مەلەفی جاشایاتی ساواك و میت و بەعس پیشەی هەمیشەیی ئێوە نەبووە؟ بەبەرچاوی هەموو خەڵکەوە داهاتی نەوتی دزراوی خەڵکی کوردستان بە بۆری رۆژانە ملیۆنێك بەرمیل نافرۆشن و پارەکەی تەخشان و پەخشان ناکەن و ئاستی هەژاری میللەتیشتان بە جۆرێك هەڵکشاندووە گەنجان وڵاتە کاولکراوەکەیان بۆ ئێوەی بارزانی دزو مافیاو دوژمنی کوردو کوردستان جێ هێشت! زۆر مەعقولتر بوو ئەمجارە لەبری چەواشەکاریەکانی باسکردنی ئیعلانی دەوڵەتی کوردی و یاریکردن بە هەست و میزاجی تاکی کوردی زۆر گونجاوترە بۆ شەرم و حەیاشتان باشترە باس لە دامەزراندنی دەوڵەتی بارزانیەکان بکەیتەوە، چونکە هەموو مافێکت بەوان داوەو هیچ ئەرکێکیشیان لەسەر نییە جگە لە ئاژاوەو کوشتن و سوکایەتیکردن نەبێت، بەڵام تۆ کە لەوەتەی بۆریە نەوتەکان کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی خۆتەوە موچەی فەرمانبەرانیش نادەیت کە زۆر مافێکی سادەو رەوای خەڵکە، ئاوها تاکی کورد رسواو زەلیل دەکەیت، دەك خوا زەلیلت بکات، کاتێك ئەوانە کارمەندێکن و ئەرکەکەی خۆیان مانگانە جێبەجێ دەکەن دەبێت موچەی بژێوی ژیانیان لە بەرامبەردا پێ بدرێت، تۆ لە بەر دزی و مافیایی و سیخوڕو ماستاوچییان و گزیرو وەزیرو پیاوکوژەکان بیر لە کەسی تر ناکەیتەوە، تەنیا ئەوانەی بەرژەوەندی و دەسەڵاتەکەت دەهێڵێتەوە خەمیان دەخۆیت، چونکە تەنیا تۆ سەرۆکی ئەوانەیت و میللەت دوژمنتە، ئەی سەرۆکی تەزویر تۆ لە دنیای خەیاڵی خۆتدا دەژی و واقیعیش سەداسەد پێچەوانەی ئەوەیە کە قەناعەتت وایە: گەل مەڕو ماڵاتێکەو وەکو عەشیرەتی بارزانیەکان و دەتوانیت چیان لێ بکەیت و چۆنیان بێنیت و ببەیت سەریان لە ڕیتا بێت و هەر دەڵێن ئەز بەنی! ئەم خەیاڵە بەرەو کۆتایی دەچێت و میللەت وا پەنگی خواردووەتەوە تەخت و تاراجی زوڵم و ستەمتان لە بن دێنێت و بەر نەفرەتی جیهانتان دەخات و ئەوسا بە چارەنووسی چاوچیسکۆش ئاواتەخواز بە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست