دیسانەوە شکاندنی شکۆی تاک
Thursday, 13/04/2017, 19:07
ئەم نوسینە خوێندنەوەیەکە بۆ ئەو گرتە ڤیدیۆییەی رۆژی 12 ی نیسان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکرایەوەو تیایدا دوو کەس بەجلوبەرگی مەدەنییەوەو بەچەکەوە لەشوێنێکی گشتیدا لە پایتەختەوە بە بەرچاوی خەڵکەوە پەلاماری فەرهاد پیرباڵ دەدەن و سوکایەتی پێدەکەن. چەندەها کەس لە نزیکەوە تەماشا دەکەن و وێنەی دەگرن. هەڵبەتە ئەم نوسینە خوێندنەوەیەک نیە بۆ کەسێتی وتایبەتمەندییەکانی پیرباڵ خۆی.
لەو دیمەنە کورتەی لەو ڤیدیۆیەوە دەیبینین، ئەکرێت خوێندنەوەیەک بۆ ئێستای کۆمەڵگەی کوردی لە باشوری کوردستان بکەین. یەکێک لە ئاماژە ترسناکەکانی دیمەنەکە، وەبیرهێنانەوەیەکە (چونکە وەک راستیەک هەموان دەیزانین) کە لەم هەرێمەدا کەرامەتی کەس پارێزراو نیە. جا کەسەکە هەر پیشەیەکی هەبێت ولەهەر پلەو پۆستێکدا بێت. چەندان نمونە هەن لەسەر لێدان وسوکایەتیکردن بە مامۆستاو خوێندکارانی زانکۆ، ئەشکەنجەدانی منداڵ لەناو خوێندگەکانداو لێدان لە ژنان و پۆلیسی هاتوچۆو پێشمەرگەو مامۆستای ئاینی وئەندام پەرلەمان وگرتن وکوشتنی رۆژنامەنوسان وهەتا دوایی.
ئاماژەیەکی دیکە، ئەو وێنایەیە کە دیمەنەکان سەبارەت بە هێزە ئەمنیەکان پیشانی دەدەن. لێرە، هێزە ئەمنیەکان هێما نین بۆ پاراستنی ئاسایشی تاک وئارامی کۆمەڵگە، هێزێک نین خەڵک لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانیان هانایان بۆ ببەن، ئەوان لێرەن بۆ ئەوەی لێیان بترسین چونکە ئەتوانن هەرکەسێک بیانەوێت لەهەر پلەو پۆستێکدابێت، لێیبدەن وسوکایەتی پێبکەن وبیگرن. ئەمەش ئەمانخاتە بەردەم ئەو بیروباوەڕە ترسناکەی هێزە ئەمنییەکان هەیانە کە پێیان وایە دەتوانن لەهەر کات و شوێنێکدا بێت پەلاماری نەیارەکانیان وهەرکەسێک بیانەوێت بدەن و ئەوەی حسابی بۆ نەکەن یاسایە. ئەو هێزە ئەمنییانە لەژێر سێبەری هەر حزبێکدابن وبەپاڵپشتی هەر بەرپرسێکی حزبی وئەمنی ئەو کارە بکەن، تەواو لەوە دڵنیان کە یاسا سەروەر نیە. بۆ هەر تاوان و روداوێک لیژنەیەک پێکدەهێنرێت وبەتێپەڕبونی کات راستیەکان ئەشاردرێنەوەو تاوانکاران دەرباز ئەکرێن. نەک لەسەر لێدان، بگرە لەسەر کوشتنی رۆژنامەنوسانیش کەسێک لەم هەرێمەدا وەک تاوانبار بەسزا نەگەیشت! لەپانۆرامای روداوەکاندا لە بەرواری 12 ی نیسانداو لە شاشەی تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕ تیەوە، پەرلەمانتار سۆران عومەر سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند کە لە ساڵی 2016 دا رۆژنامەنوسان داوایان لەبەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە تۆمار نەکردوە کە دەرهەقیان کراوە، لەبەر بێهیوابوونیان لە ڕێکارە یاساییەکان. هەموان دڵنیان کە یاسا کەسانێک ناگرێتەوە کە بەرپرسێک لەپشتیانە یان فەرمان لە بەرپرسێکەوە وەردەگرن.
داڕمانی بەهاکان ئاماژەیەکی ڕوونی دیکەی ئەو گرتەیەیە. تەماشاکەران لەبەرامبەر سوکایەتیکردن بە پیرەپیاوێک لەبەرامبەر دوو گەنجی چەکبەدەست بچوکترین هەڵوێست نانوێنن بۆ دەربازکردنی. کاردانەوەیەکی مرۆڤانە بە قسەش بێت لە تەماشاکەرانەوە نابینین! ئەو لێدانە پەیامە بۆ هەمووان، یان ملکەچ بن یان سەرئەنجامتان لە پیرباڵ باشتر نابێت. بێدەنگی خەڵک دەرهەق بەو پێشێلکارییانەی رۆژانە روبەڕوی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە دەبێتەوە، یەکێکە لەهۆیەکانی بێباکبونی ئەم دەسەڵاتە لەئاست ئەو گوزەرانە سەخت وژیانە دژوارەی خەڵکدا.
چۆن رێگری لە دوبارەبونەوەی ئەو کارەساتانە دەکرێت؟ پرسیارێکی گرنگە بەڵام بێ وەڵامە! شکاندنی شکۆی تاك ورسواکردنی یەکێکە لە سیماکانی کۆمەڵگەی ئێمە. رۆژانە ژیان لەگەڵ چیرۆکگەلێک دەگوزەرێنین کە سوکایەتی بە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە دەکرێت. یاسا ناتوانێت کەرامەتی کەس بپارێزێت وناتوانێت بێلایەنانە تاوانباران سزابدات. دەستەو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەکان جگە لە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەو چەندبارەکردنەوەی دەستەواژەی ''ئیدانەی روداوەکە دەکەین'' هیچی تریان پێناکرێت. هیچ گەرەنتیەک نیە بۆ رێگریکردن لە دوبارەنەبونەوەی ئەم روداوانە بەرامبەر بەهەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە چونکە هۆکارەکانی بەردەوامییدان بەم روداوانە هێشتا ئامادەگییان هەیەو میکانیزمەکانی رێگریکردن لێیان کارا نین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست