کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خۆپیشاندان و مەدەنییەت ... ئومێدێک لەسایەی دەسەڵاتێکی نادیموکراتدا

Sunday, 25/09/2016, 15:47


خۆپیشاندان وەک ئامڕازێکی مەدەنیانە مافی رەوای هەر گروپ وتاکێکی کۆمەڵگایە بۆ دەڕبڕینی ناڕەزایی وگەیاندنی داواکارییەکان بە دەسەڵاتداران ولایەنە پەیوەندیدارەکان.  پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران وراگرتنی ئاسایشی شوێنی ئەنجامدانی چالاکیەکە بۆ رێگریکردن لە توندوتیژیی،لانی کەمی ئەو ئەرکەیە کە دەسەڵاتداران دەبێت لەئەستۆی بگرن.  بەڵام هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەزمونێکی تاڵیان لەگەڵ خۆپیشانداندا هەیە لەسایەی دەسەڵاتێکی بێباکی خۆماڵیدا.  بەجۆرێک ئەم دەسەڵاتە هەر بەهەڕەشەکردن وترساندن وگرتنی رێکخەرانی خۆپیشاندان وبەلاڕێدابرنی ئاڕاستە وداواکارییەکانی خۆپیشاندانەکە ناوەستێت بەڵکو بێباکانە شەقامەکانی شار بەخوێنی گەنجانی ناڕازی وبەشداربوانی خۆپیشاندانەکان سورئەکات.  شەهیدانی هەڤدەی شوبات نمونەی زیندون بۆ شایەتیدان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەی دەسەڵاتی کوردی لەگەڵ پرسی خۆپیشاندان ودەربڕینی ناڕەزایی.
لەدوای زنجیرە خۆپیشاندانە خوێناویەکەی هەڤدەی شوباتی ۲۰۱۱ەوە، واجارێکی دیکە دەنگە ناڕازییەکان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ خۆپیشاندان بەسەرپەرشتی بەرەی خەڵک کە لەرۆژی ۱۷ ی ئەیلولدا پێکهێنرا ولە نۆزدە ئەندام پێکدێت. ئەمە لەکاتێکدایە کەناڕەزایەتی خەڵک لە نادادی کۆمەڵایەتی وتوڕەیی لە پرسی گەندەڵی ودزی وبەتاڵانبردنی سامانی سەرزەوی وژێرزەوی لەلایەن تاقمێک بازرگان وچەتە کە خۆیان لەبەرگی سیاسی وحوکمڕاندا دەنوێنن، لەوپەڕیدایە. هاوکات هاوڵاتییاننائومێدبون لە ئەدا وپشتیوانی پارتە سیاسیەکان بۆ هەنگاونان بەئاڕاستەی چاکسازیی یان گۆڕینی دۆخەکە.ساتی روداوەکانی هەڤدەی شوبات،خەڵک ئومێدی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان هەڵچنیبوو بۆ پشتیوانیان چونکە داخوازیی خۆپیشاندەران، بەرنامەی کاری بزوتنەوەکە بو وەک کاراترین ئۆپەزسیۆنی قۆناغەکە.  میدیای گۆڕان کەئەوکات وەک سەنگەری بەرگریی لە چالاکوانە مەدەنیەکان رۆڵی دەبینی وببوە سەکۆی دەنگە ناڕازییەکان، ئێستاکە بێدەنگە.  لەم دۆخەدا خۆبەدورگرتن وفەرامۆشکردنی ناڕەزایەتیەکان لەلایەن میدیای بزوتنەوەی گۆڕانەوە جێی سەرنجە ودەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورە.
لەمیانەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەم خۆپیشاندانە، هەرزوو دەسەڵاتدارانی هەرێم کەوتونەتە گرتن رفاندنی چالاکوانی مەدەنی وکپکردنی دەنگانی ناڕازیی وداکۆکیکارانی مافی خەڵک.  لەم نێوەندەشدا۲۰ی ئەم مانگە، پێنج چالاکوانی ئەو بەرەیە دەستگیرکران ودواتر ئازادکران.  هەروەها رۆژی ۲٤ی ئەم مانگە دوو ئەندامی دیکەیان لەلایەن چەند چەکدارێکی دەمامکدارەوە لە سلێمانی رفێنراون ودواتر ئازادکراون.لەکەناڵی ئێن ئاڕ تیەوە، مامۆستا عادلحەسەن، یەکێک لەو چالاکوانانە رایگەیاند کە رفێنەرەکان کەلەپچەیان کردۆتەدەستی وتورەکەیان کردۆتەسەری وخۆیان وەک پۆلیسی بەرەنگاربونەوەی تاوان ناساندوەو داوایان لێکردوە تا ۱۰ی ئۆکتۆبەر لەماڵەوە نەیەتەدەرەوە. لەبەرامبەر ئەم کارە ناشارستانی ونامرۆڤانەیەدا، لێدوانی عه‌مید حه‌سه‌ن نوری، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی سلێمانی وسه‌ركه‌وت ئەحمەد، وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانیلەم بارەیەوە جێگەی تێڕامانە کە بێئاگایی خۆیان پیشانداوە لە رفاندنی ئەو چالاکوانانە.  ئەمەش جگە لە تۆخکردنەوەی ئەو گومانەی کە پۆلیس وئاسایش ناتوانن پارێزەری گیان وسەلامەتی هاوڵاتیان بن، ئەشمانخاتە بەردەم ئەو پرسیارەی ئایا ئەو هێزە کێیە کە رفاندنەکەی ئەنجامداوەو لەسەروو دەسەڵاتی ئاسایش وپۆلیسی سنورەکەوەیە؟
یەکێکی تر لەو سەرنجانەی لەسەر ئەم پرسی خۆپیشاندانە هەیە پەیوەستە بەو راگەیاندراوە هاوبەشەی کە یەکێتی وگۆڕان وکۆمەڵ ویەکگرتوو بڵاویانکردەوە کە داوا لە حکومەت ئەکەن پەلەبکات لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک.  ئەم جۆرە بانگەوازە شەرمنانەبۆ خۆدزینەوەیە لە واقیعەکە ودوبارەکردنەوەی ئەو لێدوانەبێمانایانەی سیاسیەکانی ئەم هەرێمەیە کە لەگەڵ سەرجەم مافەڕەواکانی خەڵکدان وپشتگیریی داخوازییەکانیان دەکەن، بەبێئەوەی هەنگاوێک بەڕوی چاکسازییدا هەڵبنێن.  ئایا پشتگیریکردن یاخود پشتگیریی نەکردنیئەولایەن وکەسایەتیانەلە داواکارییەکانی خەڵکلە ئێستادا چی لەدۆخەکە گۆڕیوە؟!  ئایا ئەو پارتە سیاسیانە خۆیان بەشداری ئەو حکومەتە نین؟
لەم بارودۆخە نادیموکراسییەی کە هەرێمی کوردستان ئەزمونی دەکات، جێی دڵخۆشیە کە هێشتا خەڵک هەرپەنا بۆ ئامڕازی ئاشتییانەودیموکراسیانە دەبەن بۆ دەربڕینی داواکاری وناڕەزایەتیەکانیان وهەتا هەنوکەش ئومێد بە کاری مەدەنیانە ماوە بۆ بەدیهێنانی خواستە رەواکان.  لەم قۆنا‌غە ناهەموارەی کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت، باشترین بژاردەی بەردەم خەڵک فشاری جەماوەری وخۆپیشاندانی هێمنانەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە