عەشق... خزانی رابەر... کاڵبونەوەی سەلەفیەت
Tuesday, 17/05/2016, 17:53
پەیوەندیە سۆزدارییەکەی مەلاعەبدولەتیف سەلەفی وکچە خوێندکارەکەی ناچێتە خانەی بابەتێکی شەخسییەوە، چونکە مامۆستا کەسایەتییەکی گشتییە وڕابەری سەلەفیەکانە لە کوردستان ورۆژانە بانگهێشتی خەڵک دەکات بۆ رەفتارکردن بە پێودانگی چی باشەو چی خراپە لە روانگەی رێبازەکەی خۆیەوە. بەمەش دەیەوێت بنەما رەوشتیەکانی کۆمەڵگا دابڕێژێتەوە بەوجۆرەی لە وێناو تێڕوانینی خۆیدا هەیە. هاوکات، مامۆستا مافی بەخۆی وهاوپیشەکانی داوە دەخالەت لە وردودرشتی ژیانی خەڵکدا بکەن.
ئەوەی ئەم پەیوەندییە سۆزدارییەی کردۆتە نائاسایی ودەنگدانەوەیەکی وا گەورەی لێکەوتەوە، خودی پەیوەندییەکە نیە بەڵکو ئەو دەبڵمۆراڵی ودووفاقیەیە لە وتە وکرداری مامۆستادا. هەرلە سەرەتاوە، مامۆستا ئەو دەنگۆ و بەڵگانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لەبارەی پەیوەندیەکەوە بڵاوبۆوە، رەتکردەوەو بەجۆرێک پیشانیدان کە مەبەست لێیان ناشرینکردنی ئیسلام و پەیامەکەیەتی، ئنجا ناوزڕاندنی ئەوە. هەربۆیە حاڵەتەکەی شوبهاندوە بەو رووداوە هاوشێوانەی کە بەسەر پەیامبەرانی خودادا هاتوە. مەبەست لەم خۆیەکسانکردنە بە دین وخۆشوبهاندنە بە پەیامبەران، خۆپیرۆزکردن وخۆبەفریشتەکردنە، هەروەها خۆبینینەوەیە لەسەرو هەموو رەخنەیەک، وجەختکردنەوەیە لەوەی ئەو بابەتانەی لە سەر میمبەر ولە روانگەی ئاینەوە باسیان دەکات هەقیقەتی رەهان و ناکرێت رەتبکرێنەوە. بینینەوەی خۆشی وەکو هەقیقەتی رەها، رەفتار و گوفتارەکانی دەباتە سەروو رەخنەوە چونکە لەو هەقیقەتەوە سەرچاوەیان گرتوە. مامۆستا لە وتار وئامۆژگاریەکانیدا عاشق بەڕسوای ئەم دنیا ودۆڕاوی ئەودنیا وێنا دەکا، وعەشق دەخاتە خانەی حەرامکراوانەوە، بەڵام خۆی کارێکی لەو جۆرە دەکات. کاتێک کە راستیودروستی بوونی پەیوەندییە سۆزدارییەکە لە تۆمەتەوە بو بە روداوێکی حاشاهەڵنەگر، هەموو ئەو تێڕوانین ولێکدانەوانەی خودی خۆی هەیبوون بۆ ژیان وعەشق ودین پێچەوانەبوونەوە وسیحرەکەشی لە خۆپیرۆزکردن وهەقبێژی بەتاڵ بۆوە.
ئەوەی جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە ئەوەیە کە ئەم رەفتارەی مامۆستا نە لەگەڵ پەیامە ئەخلاقیەکەی خۆیدا یەک دەگرێتەوە، نە لەگەڵ تێڕوانینی کۆمەڵگەی کوردیشدا بۆ عەشق پێکدێت، چونکە لە پەیامەکانی ئەودا رونە عەشق وخۆشەویستی نێوان پیاو وئافرەت حاڵی چۆنە، چونکە بە بۆچوونی مەلاعەبدولەتیف دڵ تەنها جێی عەشقی خودایە. لە کۆمەڵگای کوردیشدا بەستنی پەیوەندی سۆزداریی لەگەڵ ژنی مێردداردا ناچێتە چوارچێوەی عەشقەوە بەڵکو بە خیانەتی هاوسەری ئەژمار دەکرێت. ئەم پەیوەندییە سەرباری رەهەندە ئاینی وکۆمەڵایەتیەکەی، ڕەهەندی یاسایشی هەیە کە بەپێی یاسای باری کەسێتی ژمارە 15 ی هەموارکراوی ساڵی 2008 فرەژنی بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجە یاساییەکان سزای لەسەرە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەو بەشدارییە گەرموگوڕەی خەڵکە بەهەموو چین و توێژەکانەوە لە گەنگەشەکردنی بابەتەکە و گەڕان بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی پەیوەندییەکە وتاوتوێکردنی ڕەهەندە ئاینی وکۆمەڵایەتی و یاساییەکانی. دەرخستنی دووفاقی رابەری سەلەفیەکان لە کوردستان کاریگەریی دەبێت لەسەر سەرڕێخستنی نوێبونەوەیەکی فکریی بە رەتکردنەوەی دنیابینی وتێڕوانینی شوێنکەوتوانی رەوتی سەلەفیەت بۆ کۆمەڵگای کوردی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست