نرخی نەوت و سەرۆکی حەکیم
Thursday, 28/04/2016, 21:10
دیارە سەردەمانێکی زۆر لەوەتەی من چاوم کردۆتەوە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە، قسەیەک زۆر باوبووە و دەگوترا لەسایەی سیاسەتە حەکیمانەکەی بارزانیەوە ئەم دەستکەوتانەمان بە دەستهێناوە. بەکورتی و بە پوختی مێشێکیان لێدەکردینە گامێشێک، هەرچی پیاوەتی و دەستکەوت بوایە لە بەرژەوەندی سەرۆک لێکدەدرایەوە، بەڵام هەرچی برسێتی و ناحەقی ونەهامەتیش بوایە میللەت خۆی لێی بەرپرسیار دەبوو. بەو واتایەی کە سەرۆک هەردەم دەبووە فریاد رەس و پاڵەوانی هەموو داستانەکان و هەرگیز نوشوستیەک و بەرپرسیاریەتیکی لەسەر حساب نەدەکرا. ئەمەش بێگومان زۆر بە ئاسانی سەریدەگرت بۆ مەسعود بارزانی بەهۆی ئەو دەزگا راگەیاندنە نا پیشەییەی کە پارتەکەی بەکاریان دەهێنا بۆ ئەو مەبەستە.
بەدرێژای چارەکەسەدەی ڕابردوو نموونەی زۆرمان لەبەردەستە کە شایەنی باس کردن بێت:
هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد پارتی و یەکێتی دەستیان کرد بە دەماقاڵێ و بۆڵە بۆڵ و دزینی سەروەت و سامانی ئەو میلەتە. کامیان بارەگایەکی زیاتری بگرتایە ئەویتریان دەچوو دوو شۆڤڵی ئاودیو دەکرد. بەهەرحاڵ کار گەیشتە ئەوەی کە شەڕی ناوخۆی خوێناوی لێکەوتەوە، ئاماژە بە هەندێ سەرچاوە فەرمی و نافەرمیەکان دەوری (٥٠٠٠ - ٨٠٠٠) هاوڵاتی کوردی ڕەش و ڕووت و خێر لەخۆ نەدیو بۆ بەرژەوەندی کەسی دوو سەرکردە بەکوشتدران. ئینجا لێرەدا سەیر لەوەدایە کە مەسعود بارزانی لەساڵی ٢٠٠٢ هاتە سەر ستەیجی پەرلەمان و خۆی لەم کارەساتە بێبەری کردو ووتی من و مام جەلال بێتاوانترین کەسین لەهەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ! هەربەدوای ئەوەشدا ڕاگەیاندنە زەبەلاحە نابابەتیەکەی پارتی دەستیانکرد بەدرۆ هۆنینەوەو سەرۆکەکەیان وەک فریاد رەس و بێتاوان نیشاندا، سیاسەتە بەناو حەکیمانەکەی مەسعود بارزانیان کردە سەنگی مەحەک بۆ ئاشتبونەوەی پارتی و یەکێتی.
نموونەیەکی تری حاشا هەڵنەگر ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ بوو، کە مەسعوود بارزانی داوای لە حکومەتی سەدام حوسێن کرد کە هێزی بۆ بنێرێت و هەولێری لە یەکێتی بۆ پاک بکاتەوە. دیارە پلانەکە ئەوە بوو کە سەدام هەولێر لە ماوەیەکی کورتدا چۆڵبکات و بەرامبەر ئەوەش حکومەتی عێراقی بە چاو ساغی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەشبگیری و کوشتن و بڕینی ئۆپۆزسیۆنەکەی خۆی بکات کە لە هەولێر خۆیان داڵدەدابوو. ئەمەشیان هەر زۆر جێی تێڕامانە کە پارتی لە ئاستی سەرکردایەتی و ڕاگەیاندنە ناپیشەییەکەی خۆیەوە چەندین جار ئەمەیان بەسیاسەتی حەکیمانەی بارزانی لە قەڵەم داوە، بگرە بە وەرچەرخانێکی میژوویی لە قەڵەمی دەدەن و دەڵێن ئەگەر ئەوە نەبووایە یەکێتی پلانی دانابوو کە پارتی لە هاوکێشەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەربکات بە هاوکاری ئێران.
هەر زۆر دوور نەڕۆین هێزی تیرۆرستی داعیش لە دوو ساڵی ڕابردوو هاتوو پەلاماری شار و شارۆچکەکانی کوردستانی دا، کار گەیشتە ئەوەی شاری شەنگاریان داگیر کردو جینۆسایدێکی گەورەیان بە کوردە یەزیدیەکان کرد دوای ئەوەی کە پارتی زۆر بە ئاسانی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی خەڵکی شارەکە بارەگاکان و سەنگەرەکانی خۆیان چۆڵکرد، کەچی سەرکردەیەکی پارتی دەڵێ بە سیاسەتە حەکیمانەکەی بارزانی بەرامبەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش دەوەستین.
لە دوا نموونەدا باس لە نرخی نەوت و سیاسەتە حەکیمانە لەبن نەهاتووەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین. دیارە لێرەدا دەستی سەرۆک لە هەموو ئاستەکاندا زۆر دیارە بەم سامانە سروشتیەی وڵاتەوە، هەر لە دزین، دەرهێنان، ناردن، بەفیرۆبردن، پاوانکردن هتد... ئەوەی سەرۆک دەسەڵاتی ناشکێتەوە بە سەریدا تەنها نرخی نەوتە، بەڵام باڕاوەستین ئەم هەڵکشانی نرخی نەوتەش هەر دەبەسترێتەوە بە سیاسەتە حەکیمانەکەی بارزانیەوە، ئەمجارەش سەرۆکی ماوەبەسەرچوو زۆر بە بێمنەتی لەو هەموو قەیرانی دارایی و نەهامەتیانەی میللەت دەردەچێت. ئەمەش سەرەتاکانی وا زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت. لە ١٧ ی شوباتی ٢٠١٦ کە نرخی بەرمیلێک نەوت نزمترین ئاستی بەدەستهێنا ئەویش بە ٢٧$ بۆ یەک بەرمیل نەوت، پارتی ترسی لێنیشتبوو. سەرۆکەکەیان دەیگوت با ڕێکەوین و ئامادەیی خۆی پیشاندەدا بۆ لێک نزیک بوونەوە، بەڵام وا ئێستا نرخی نەوت نزیک دەبێتەوە لە ٥٠$، ئەمەش زۆر کافیە بۆ ئەو لەتە مووچەیەی کە حکومەتی هەرێم دەیدات لەگەڵ ئەو زیادە مەسرەفی و دزی و تاڵانیە کە بە دانەبڕاوی تاوەکو ئەمڕۆ کردویانە، بۆیە با چاوەڕوانبین هەر سیاسەتە حەکیمانەکەی بارزانیە کە لەم قەیرانەش ڕزگارمان دەکات و نرخی نەوتیش بەرز دەکاتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست