شەرعیەت بەناشەرعیەت مەگۆڕنەوە
Thursday, 11/05/2017, 9:21
ئەوە (د.یوسف محمد) نیە كە شەرعیەتی نەمابێت تا داوای گۆڕینی بكرێت، بەڵكو مەسعود بارزانیە كە بەھەموو پێوەرەكان شەرعیەتی نەماوەو بەزەبری چەك خۆی بەكورسیەوە نوساندووە، دەبوایە تأكید لەسەر چەسپاندنی یاسا بكەنەوە نەك بەیەكجاری لەگۆڕنانی یاسا...
یوسف محمد نەك بگۆڕن فەرمون بیكوژن، منیشی لەگەڵدا بەزیندوویی بنێژن، بەڵام دڵنیابن داھاتووی یاساو حكومڕانی و ژیانی خەڵك زەرەر دەكات نەك بزوتنەوەی گۆڕان.
زۆر جار دەڵێن: یوسف محمد پیرۆز مەكەن، چی تێدایە با كەسێكیتری گۆڕان بێت، منیش دەڵێم; كەواتە مەسعود بارزانیش پیرۆز مەكەن، با كەسێكتر بێت و شەرعیەتی ھەبێت.
ئەزانن بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان داواكاری گۆڕینی یوسف محمد لەپەرلەمانی كوردستان ڕەت دەكاتەوە؟
-لەبەرخاتری كەسایەتی یوسف محمد نیە، بەڵكو لەپێناوی شەرعیەتە، ئەگەر ئەمڕۆش وەكو ڕۆژانی ڕابردوو داخوازیەكانی پدك جێبەبەجێ بكرێن ئەوا سەد بارەی چەسپاندنی ناشەرعیەت دەكرێت.
ئەزانن بۆچی پدك و شەریكەكانی سورن لەسەر لادانی یوسف محمد؟
-چونكە دەستی بردووە بۆ كورسیەكەی سەرۆكایەتی ھەرێم كە مەسعود بارزانی بەناشەرعی ئەوە چوار ساڵە حوكمی پێ دەردەكات، كەواتە لەم نێوەندەدا بەڕوونی دیارە كەبارزانی پیرۆز كراوە، بۆیە داوای لادانی شەرعیەت لەپێناو دامركاندنەوەی ڕقی ناشەرعیەت دەكرێت.
گریمان یوسف محمد گۆڕدراو كەسێكیتر بوو بەسەرۆكی پەرلەمان، ئەوكات قانونی سەرۆكایەتی ھەرێم چی بەسەردێت؟
خۆ ناكرێت پدك و شەریكەكانی چاوەڕوانی ئەوە بكەن ئەرسەلان باییز لەپشكی گۆڕان بێتە جێگای یوسف محمد!!!
چونكە ئەگەر ھەركەسێكیتر بێتە جێگای یوسف محمد ھەمان تێڕوانینی دەبێت بۆ پۆستە ناشەرعیەكەی مەسعود بارزانی و قانوونی سەرۆكایەتی ھەرێم، بۆیە ناكرێت چاوەڕوانی ئەوە لەھیچ ئەندامێكی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت كە ئەرسەلان باییز ئاسا ڕەفتار بكات، چونكە درێژكردنەوەی ناشەرعیەت لەئەجێندای گۆڕاندا بوونی نیە.
ئەوە ینك نیە لەگەڵ پڕۆژەی بەپیرۆز كردنی بارزانیدایە، بەڵكو چەند شەریكێكی پارتین لەناو ینك دا، ینك عیباڕەت نیە بەتەنھا لەم چەند كەسە، ئەوە سەركردایەتی ینك نیە داكۆكیكاری پۆستێكی ناشەرعیەو شەرعیەت دەگۆڕێت، چونكە ینك لەمێستا جگە لەسێ جەمسەرەكە جەمسەری جەماوەریشی ھەیە كەھەرگیز لەگەڵ پڕۆژەی بەبارزانیكردنی حكومڕانی ھەرێمدا نیە.
دەكرێت بەشە سەرەكیەكەی ینك لەپێناو ئیدامەدان بەڕێكەوتنە ستراتیجیە ئابوریەكەی لەگەڵ پدك خوازیاری بەردەوامی پڕۆژەی ناشەرعیەت بێت بەڵام لەنەتیجە زەرەر دەكەن چونكە جەماوەر ئەمەی قبوڵ نیە، لەبەرئەوەی جەماوەری ینك باجدەری یەكەمی سەرگرتنی ئەم پڕۆژەیە دەبن.
لەئەگەری سەرخستنی پڕۆژەی بەبارزانیكردنی حوكمڕانی ئەوەی بەنمرە یەك زەرەر دەكات سوڵتەیە، چونكە تائێستاش نەیانزانیوە ئەھمیەتی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان چیە و چ لافاوێكی ناڕەزایی لەسەر لاداون، خۆ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان نەبوایە ئێستا چیاكان پەناگەی ھەزاران دەنگی توڕەو ناڕازی دەبوون، كە بزوتنەوەی گۆڕان ھەموو ئەو ناڕازیانەی لەبازنەیەكی خەباتی مەدەنیدا كۆكردەوە، بۆیە ئەگەر بارودۆخ بەمجۆرە بڕوات گەلی ھەرێم لەسەر حەق دەبێت لەدوای ٢٥ ساڵ زوڵم ڕاچڵەكێ و بڕیاری بەرەنگاری چەكداری بدات بەڕووی حوكمی خۆماڵیدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست