کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەوانەی ئەردۆگان دوریان دەخاتەوە

Monday, 20/02/2017, 23:28


سەرۆك كۆماری دەوڵەتی تورك (ئەردۆگان) نەیتوانی لەڕێگای  پەرلەمانەوە نەیارەكانی لەكار دوربخاتەوە، وە نەیتوانی سیستەمی ئەم وڵاتە بەئاراستەی بەخواست و ئامانجەكانی بگۆڕێت، بۆیە پەنای بردەبەر سیناریۆی كودێتا، لەڕێگای ئەم كودەتایەوە ڕۆژ بەڕۆژ دەستەڵاتی فراوان دەكات، سات بەسات كۆسپەكانی بەردەم ئامانجە دژ بەدیموكڕاسی و مرۆڤایەتی دەبڕێت.
   ھەر لەدوای كودێتاكەوە دەیان ھەزار فەرمانبەری دورخستەوە لەكار، بەھەزارانی خستە زیندان، دەستی برد بۆ دادگاو پەروەردە، تاكو بتوانێ لەبنچینەوە ئەم وڵاتە بگۆڕێ، ھەركەسێكیش بەئاستەم بۆنی ناڕازی بوونی لێبێت زیندان و لەكاردەركردن چارەنووسیەتی.
   لەم دواییانەدا لەڕێكەوتی ٨-٢-٢٠١٧، (٤٥٠٠) فەرمانبەری تری لەكارلادان;
- (٢٥٥٠) كەس فەرمانبەری پەروەردەن، لەم ڕێژەیەش (٦١٣) كەس لەسەندیكاكانی كوردو سۆسیالیست خوازەكانن.
 - (٣٠٣) كەس مامۆستای زانكۆن، لەم ڕێژەیەشدا (٧٠) كەسیان تەنھا بەھۆكاری واژۆكردن لەسەر پڕۆسەی ئاشتی دەوڵەت-ئۆپۆزسیۆن (PKK) دوورخرانەوە، لەناو ئەم ٧٠ كەسەدا چەندان كەسی بەناوبانگی ئەم وڵاتەن، بۆ نمونە; (پ. د. ئیبڕاھیم كابۆئۆغڵو) مامۆستاو پسپۆری دەستوری (ئانا یاسا)، یەكێك لەمەشھورترین كەسایەتیەكانی ئەم وڵاتەیەو نزەكەی ٤١ ساڵ ئەزموونی وانە وتنەوەی زانكۆیی ھەیە، ھەم بەھۆكاری واژۆ لەسەر پڕۆسەی ئاشتی-ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنەگرتن لەگۆڕانكاریە ڕیشەییەكانی دەستوری، جگە لەدوورخستنەوەی كابۆئۆغڵو بۆ ماوەیەك خرایە ژێر چاودێری ئەمنی، بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ھەموو ئەوكەس ولایەنانەی كە پەیوەندی پێوە دەكەن.
- لەڕێكەوتی ١٢-٢-٢٠١٧ عیرفان دەیمیرجی، نوسەرو ڕۆژنامەوان و بێژەری ھەواڵی بەناوبانگ لە KANAL D لەكارەكەی دەركرا، چونكە لەتویتێكدا نوسیبووی; بۆ بەڕیفراندووم دەڵێم (نەخێر)، ھەرچەندە ئەم كەناڵە ئیدیعای سەربەخۆیی دەكات بەڵام لەھەمانكاتدا (فاتیح چەكیرگە) لەھەمان كەناڵدا پلەكەی بەرزكرایەوە چونكە ئەمیان نووسی بووی; بەڵێ بۆ ڕێفراندۆم، بەڕوونی دیارە كە زۆرترینی میدیای ئەم وڵاتە كەوتوونەتە ژێر كاریگەری دەستەڵاتەكەی دوای كودێتا، پێچەوانەی سیاسەت و كردارەكانی سوڵتەی ئێستاش چارەنووسێكی ناھەموارە.
   سوڵتەی ئێستای توركیا تەواو پێچەوانەی گوتاری ڕابردووی ئاكەپەیە، چونكە لەمێستادا وەكو بەفرماڵ ھەرشتێك بكەوێتە پێش ئارمانجەكانیان ڕایدەماڵن، بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگاو بنەماكانی مافی مرۆڤ، لەماوەی ڕابردوو بەبیانووی دەست ھەبوون منداڵی خوار تەمەن ١٥ ساڵان خرانە زیندان، ھەموو ئەو گیراو و دوورخراوانە بەبڕوای بەندە دوورونزیك پەیوەندیان بەكودێتاوە نەبووە، خۆ ڕەنگە نیازێكی ئاوا ھەبووبێت بەڵام لەكودێتاكەی ١٦-٧ دا تەنھا ئەردۆگان سەرپەرشتیاری یەكەمین بوو، بەتێڕامان لەساتەوەختی ڕووداوەكەو دەرئەنجامەكانی.
  دەستەڵاتەكەی ئەردۆگان كێ دووردەخاتەوە؟ كێ زیندانی دەكات؟ كێ نانبڕاو دەكات؟
لەپڕۆسەی پاكتاوی نەیارانی سیاسەتەكەی ئاكپارتی بەكەمترین گومان تاكەكانی ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی توندوتیژی و لێكۆڵینەوەی ئەمنی دەوڵەت دەبنەوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستەڵاتی دادوەری.
   تاكو ئێستا زیاتر لە ٦٠ ھەزار فەرمانبەر لەم وڵاتە لەكارەكانیان دوورخراونەتەوە، كەئەمەش كاریگەریەكی زۆر دەكاتە سەر پەیوەندی نێوان جڤاك و حكومەت و كەلێن درووست دەكات، سەرەڕای ئەوەی كە ژمارەی زیندانیان و دەستگیركراوان لەزیادبووندایە، ڕاكردووان و كۆچ وڕەوی ئەوانەی كەلەسیاسەتی ئاك پارتی ناڕازین زێدەتر دەبێت ڕۆژبەڕۆژ، ھەموو ئەمانەش پێكەوە تەئسیر لەدۆخی سیاسی و ئیقتسادی توركیا دەكەن، چونكە بەتێكچوونی ئەمنیەت وێرانكاری درووست دەبێت، كاتێكیش وڵات تووشی بەربەرەكانێی توندی نێوان سوڵتەو ناڕازیەكان دەبێتەوە تێكڕای وڵات دادەڕوخێ و ڕزان لەحوكم ڕوو دەدات.
كارۆخ عوسمان-ئەنكەڕە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە