کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كه‌ركوك له‌دیدی جاشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا

Thursday, 27/10/2016, 2:35


كه‌ركوك له‌ دیدی پارتی و بارزانیدا به‌قه‌د ڕومادی گرنگه‌، هه‌رهێنده‌ گرنگه‌ كاتێ له‌ده‌می به‌رپرسێكی پارتی ناوی كه‌ركوك دێته‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌رهێنده‌ به‌های هه‌یه‌ كاتێ له‌ وتارێكی خه‌ڵه‌تاندندا وه‌سفێكی شاعیرانه‌ی ئه‌كرێت.
مسته‌فا بارزانی گوایه‌ گوتوویه‌تی: (كه‌ركوك دڵی كوردستانه‌)، به‌ڵام بۆ ئه‌م سه‌رده‌میش ته‌نها بۆ خه‌ڵه‌تاندن و گه‌وجاندن به‌كارهێنراوه‌، ئه‌گینا كرداری به‌گرنگ زانینی كه‌ركوك هه‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا ئه‌بینرێت.
پارتی هیچ كاتێ ئاره‌زووی له‌ئه‌منیه‌تی كه‌ركوك نه‌بووه‌، كاتێ عبدالئه‌میر زێدی به‌ره‌و باكور هه‌ڵكشا، سه‌ركردایه‌تی پارتی دوژمنكارانه‌ به‌رهه‌ڵستی ئه‌كردن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووه‌ كه‌ركوك بكه‌وێته‌ ژێرده‌ستیان، هێنده‌ ناسیاسیانه‌ مامه‌ڵه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕێك بخاته‌ نێوان هێزه‌ كوردیه‌كانی كه‌‌ركوك و هێزه‌كه‌ی عێڕاق، تاكو له‌ سه‌روبه‌ندی به‌یه‌كداكێشانی سه‌ربازیشدا مه‌خمورو شه‌نگال ئاسا كه‌ركوك ته‌نها جێبێڵێ و ڕێنوێنیكاری سوپای عێڕاق بێت، به‌ڵام هێزه‌كه‌ی یه‌كێتی زۆر دیپلۆماسیانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كه‌ كرد.
پارتی له‌شه‌ڕی دژ به‌داعشدا زۆرجاران هه‌وڵی به‌ده‌سته‌وه‌دانی كه‌ركوكی داوه‌، لاوازترین ئه‌ندامی خۆی كرده‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی كه‌‌ركوك، به‌چه‌ك و تفاقێكی زۆره‌وه‌، كه‌چی هه‌میشه‌ له‌سه‌روبه‌ندی هێرشه‌كانی داعشدا به‌ره‌ی جه‌نگی جێهێشتووه‌ و چه‌كه‌كانیشی به‌بێ دابه‌شكردن به‌سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌دا ئاودیوی سنوری زه‌رد كردۆته‌وه‌، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی دژ به‌داعشدا به‌فه‌رمانی بارزانی ڕێگری له‌ لێدانی ساتر و دیاریكردنی سنوری نێوان داعش و هێزی پێشمه‌رگه‌ كردووه‌‌، زۆرینه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ی بۆ شه‌ڕی دژ به‌داعش هێنرانه‌ كوردستان له‌جبه‌خانه‌كانی تایبه‌ت به‌ پارتی هه‌ڵگیران، له‌سنوری كه‌ركوك كه‌مترین چه‌ك دابه‌شی سه‌رهێزی پێشمه‌رگه‌ كران، هێزی به‌رگری هه‌رخۆی زۆربه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌كانی دابین كرد.
له‌م نێوه‌نده‌شدا زۆرترین قوربانی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاره‌مانانه‌ به‌درێژایی سنوری كه‌ركوك تۆماركران، پارتی دیموكڕاتی كوردستان چاوی به‌م قاره‌مانێتیه‌ هه‌ڵنایه‌ بۆیه‌ به‌هه‌رجۆرێ بێت ئه‌یه‌وێ سنوری به‌رگری كه‌ركوك تێك بشكێنێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ناو جه‌ماوه‌ری زیندووی كورد له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان پارتی به‌ چۆڵ كردنی به‌ره‌ی جه‌نگ و به‌ده‌سته‌وه‌دانی ناوچه‌ كوردستانیه‌كان به‌داعش تاوانبار ئه‌كرێت، بۆ له‌كه‌داركردنی هێزه‌ به‌رگریكاره‌كانی تری مه‌یدانی پاراستنی سنوری كوردستان هه‌وڵی نانه‌وه‌ی پشێوی و نائارامی ئه‌دات له‌و ناوچانه‌ی كه‌ خۆی تێیدا باڵاده‌ست نیه‌.
كه‌ركوك له‌دواهه‌مین شه‌ڕی له‌گه‌ڵ داعشدا ئه‌گه‌ر هێزی جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی ئه‌وشاره‌ نه‌بوایه‌ به‌ته‌واوی ئه‌كه‌وته‌ ده‌ستی داعش، چونكه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان زۆرینه‌ی هێزی چه‌كداری خۆی له‌ژێر فه‌رمانی بارزانی خسته‌ جوڵه‌ به‌ره‌و ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ، له‌و ئان وساته‌شدا ده‌رگا به‌ڕووی چه‌كدارانی داعش تا ڕادده‌یه‌ك كه‌وته‌ سه‌رپشت، به‌هاوكاری هاوپه‌یمان و هاوسیاسه‌ته‌كانی، داعش توانی بخزێته‌ نێو شارو له‌گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كان ده‌ست بكات كرده‌ی تیرۆریستی، بێ ئه‌وه‌ی له‌هیچ سه‌رسنورێك و بازگه‌یه‌ك هه‌ست به‌هاتنی ئه‌و هێزه‌ تیرۆریستیه‌ بكرێت، بۆیه‌ لێكدانه‌وه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رئه‌خه‌ن كه‌ ده‌ستێكی نێوخۆیی هه‌ماهه‌نگ بووه‌ له‌گه‌ڵ هێزێكی ده‌ره‌كی بۆ په‌لكێش كردنی چه‌كدارانی داعش.
ئه‌گه‌ر ئه‌م چاڵاكیه‌ی داعش به‌‌كه‌وتنی كه‌ركوك كۆتایی هاتبوایه‌ ئه‌و‌كات پارتی ئه‌و په‌ڵه‌ ڕه‌شانه‌ی كه‌ له‌به‌ده‌سته‌وه‌دانی شه‌نگال و مه‌خمورو دیبه‌گه‌و سنوره‌كانی كوردستان-موسڵ ته‌وێڵی داگرتبوو ئه‌یخسته‌ ته‌وێڵی یه‌كێتیش، به‌م شكسته‌ی یه‌كێتیش شكسته‌كانی خۆی له‌به‌ره‌نگاری داعشدا گوم ئه‌كرد، به‌ڵام كه‌ركوكیه‌كان وشیارتر له‌جه‌ماوه‌ری هه‌رناوچه‌یه‌كیتر زۆر به‌توندی به‌رپه‌رچی سه‌ره‌تایی داعشیان دایه‌وه‌و خه‌ونی به‌توركیابوونی كه‌ركوكیان خسته‌ گۆڕستانی مه‌رامه‌كانی پارتی.
‌ئاره‌زوكردنی پارتی له‌كه‌وتنی كه‌ركوك فاكته‌رێكی تریشی هه‌یه‌، كه‌ به‌های نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ژێرپێ ئه‌خات، پارتی له‌نێو جه‌ماوه‌ری كه‌ركوك نامۆیه‌و به‌ئاسته‌م جێگای بۆته‌وه‌، نفوزی پارتی له‌كه‌ركوك به‌قه‌د نفوزی كۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌ له‌ ده‌هۆك، به‌هه‌بوونی كه‌ركوك باڵانسی هێزه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی پارتی و بارزانی به‌رزئه‌بێته‌وه‌، خاوی له‌جێبه‌جێكردنی مادده‌ی ١٤٠یش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، چونكه‌ ئه‌وكات كه‌ركوك به‌ژداری له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌كات.
پارتی ئاره‌زومه‌ندی سه‌ره‌كیه‌ له‌به‌توركیابوونی كه‌ركوك، چونكه‌ پاشكۆبوونی به‌توركیاوه‌ له‌م به‌توركیابوونه‌ی كه‌ركوك پارتی ئه‌كاته‌ باڵاده‌ستی یه‌كه‌م له‌ده‌ستكه‌وتی داهات له‌ڕێگای نه‌وت وگازه‌وه‌ كه‌ له‌هه‌رێمه‌وه‌ به‌ره‌و توركیا به‌ڕێ ئه‌كرێت.
به‌كه‌وتنی كه‌ركوكیش ڕێگای ده‌ست تێوه‌ردانی توركیا واڵا ئه‌بێت، هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی توركیاش ڕاسته‌وخۆ به‌ قازانجی پارتی دیموكڕاتی كوردستان ئه‌شكێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی ده‌ست و پێوه‌ندی توركیا له‌هه‌رێمی كوردستان و عێڕاق ته‌نها پارتیه‌ زیاتر له‌ڕه‌وته‌ توركمانیه‌كان.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێ بكرێت به‌ده‌ر له‌ئاره‌زووی پارتی و سیاسه‌تی توركیا ئه‌ویش فه‌شه‌ل پێهاتنی خه‌ونی دوو قۆڵی توركیا-بارزانیه‌ به‌رله‌هاتنه‌دی، چونكه‌ ئێران وه‌ك چه‌تری ئاسمانی كه‌ركوك وناچه‌كانی ژێرهه‌ژمونی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌بینرێت، تاكو ئێران نه‌كه‌وێت خه‌ونی توركیاو پارتی له‌كه‌ركوك مایه‌پوچه‌، وه‌ك چۆن خه‌ونی به‌ئێران بوونی زاخۆ به‌هه‌بوونی توركیا ئیفلیجه‌.
مێژوو جارێكیتر سه‌رده‌می میرنشینی بابان و بادینانی بۆ نمایش كردین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە