کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوعای كوردی‌ ئیخوانی بۆ ئه‌ردۆگان

Friday, 29/07/2016, 21:12


موسوڵمانه‌ حزبیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌كوده‌تای میسردا له‌جیاتی موڕسی دوعایان بۆ سیسی كردبوو، به‌ڵام له‌كوده‌تا شانۆگه‌ریه‌كه‌ی توركیادا ناوی ئه‌ردۆگانیان باش ده‌رخ كردبوو.
شه‌رم بكه‌ن له‌دوعاكردن بۆ داگیركه‌رانی كوردستان.
شه‌رم بكه‌ن: ئه‌وانه‌ی ئێوه‌ دوعایان بۆ ئه‌كه‌ن هه‌روه‌كو كه‌مالیست و سیكۆلاریه‌كان له‌په‌نا په‌رده‌ی ئیسلام مرۆڤ ئه‌كوژن، تیرۆر به‌رهه‌م ئه‌هێنن، هاوكاری داعشن، جینۆساید ئه‌كه‌ن، كاره‌ساته‌كانی(ڕۆبۆسكی، نوسێبین، جزێرێ، گه‌ڤه‌ڕ، سورێ ئامه‌د، جۆله‌مێرگ، سڵۆپی، كۆبانێ، بناری قه‌ندیل و ده‌یان شوێنی تری كوردستان) بێننه‌ پێش چاوتان، خۆ ئه‌م كۆمه‌ڵكوژی و كاره‌ساتانه‌ له‌سه‌رده‌می حوكمی ئیخوانه‌كانی ژێر هه‌ژموونی ئه‌ردۆگاندابوون، بۆچی دوعایه‌ك هاوخه‌میه‌كتان ده‌رنه‌بڕی؟
ئه‌دی ئه‌وانه‌ش مرۆڤ نه‌بوون؟
به‌لای ئێوه‌وه‌ مرۆڤ بوون چۆنه‌؟ هه‌رده‌بێ جه‌ماعه‌تی ئیخوان بێت؟
دڵنیام كرانه‌وه‌ی توركیا به‌بیانوو ده‌‌هێننه‌وه‌ به‌ڕووی كورددا(زمان و خوێندن و ستران وكه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی)، به‌ڵام ئه‌مانه‌ ته‌نها بۆڕاكێشانی ڕای گشتی جیهانی بوون له‌پێناوی ئه‌ندام بوون له‌یه‌كێتی ئه‌وڕوپا، ئه‌گینا ئه‌مه‌ خزمه‌ت نه‌بوو به‌ دۆزی كورد، چونكه‌ خزمه‌تی ئه‌ساسی دۆزی كورد كرانه‌وه‌ی حه‌قیقیه‌ به‌ڕووی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و داننان به‌مافی ته‌واوه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.
ڕه‌نگه‌ بڵێن پشتیوانی كردنی ئه‌ردۆگانێكی بێگانه‌و مسوڵمان باشتره‌ له‌ هێزی په‌كه‌كه‌ی لادین، به‌ڵام بیرتان نه‌چێت په‌كه‌كه‌ داخوازی نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زڵومی چه‌وسێنراو ده‌كات، كه‌ له‌گشت قۆناغه‌كانی ده‌سته‌ڵاتدارێتی توركیا به‌ سوڵتان وسێكولاری و ئیسلامیه‌كانه‌وه‌ جه‌وری كوردبوون ده‌كێشێت.
ڕه‌نگه‌ بڵێن; ئه‌ردۆگان ناوی كوردی هێناوه‌ كه‌به‌رله‌حوكمی ئیخوان قه‌ده‌غه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ته‌نها له‌كاتی هه‌ڵبژاردن بۆ ڕێكلام و ڕاكێشانی هه‌ست وسۆزی كورد به‌خیتابی موژده‌به‌ر بۆچاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی دۆزی ڕه‌وای كورد ناوی كوردی ده‌هێنا، ئه‌گینا كرداره‌كانی ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن كه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ی سێكولاریه‌كان بڕوای به‌كوردو دۆزه‌كه‌ی نه‌بووه‌،  خۆ ئه‌گه‌ر به‌ناوهێنان بێت سه‌دام حسێن و  ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ته‌نانه‌ت جلی كوردیشیان پۆشی، كه‌چی به‌هه‌مان نه‌فه‌س دوژمنایه‌تی گه‌لی كوردیان به‌كرداری قێزه‌ون ده‌ربڕی.
دوعاو دیفاع له‌ دوژمنانی كورد بۆچی؟
ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ڵێت; من مسوڵمانم؟ خۆ سه‌دام حسێن و به‌شارئه‌سه‌دو حوسنی مباره‌ك و علی عبدوڵا سالح و معمر قه‌ززافی و زین عابدین و ئاخونه‌ سه‌ركۆماره‌كانی ئێرانیش ده‌ڵێن ;من مسوڵمانم.
ئه‌وه‌ی گوتی من مسوڵمانم ئیتر شایه‌نی دیفاع لێكردنه‌؟
ئه‌وه‌ بزانن ئێمه‌مانانیش دژی كوده‌تا و حوكمی سوپاین، جا له‌هه‌ركوێیه‌كی جیهان بێت، ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌مانا دژین ئێوه‌ نا، چونكه‌ ئێمه‌ دژی كوده‌تای حه‌قیقی و كوده‌تای شانۆگه‌ریشین، چونكه‌ له‌هه‌ردوو باردا گه‌ل تێیدا جه‌ورده‌كێشێ، به‌ڵام ئێوه‌ ته‌نها یه‌ك ڕووی ئه‌م ڕووداوه‌ ده‌بینن، ئه‌وه‌نده‌ی گه‌ل له‌دوای ئه‌و كوده‌تا چاوه‌ڕوانكراو وشانۆییه‌دا كه‌وتۆته‌ به‌رشاڵاوی پاكتاوی فكری و سه‌قافی و جینۆسایدی جودابینین بڕوامه‌كه‌ن له‌كوده‌تایه‌كی حه‌قیقیدا هێنده‌ ژیان شێواو كراوبوایه‌.
به‌رله‌كوده‌تا شانۆییه‌كه‌دا ئه‌ردۆگان داوای هه‌مواری ده‌ستوری ده‌كرد له‌پێناو هێنانه‌ به‌رهه‌می ئامانجه‌كانی پارته‌كه‌ی، یه‌كێك له‌و بڕگانه‌ی كه‌زۆر به‌لایه‌وه‌ گرنگ بوو بێگۆڕێ(سیسته‌می په‌رله‌مانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی)بوو، ئاخر ئێوه‌ بڵێن; كام سیسته‌م زامنی شه‌رعه‌یه‌ت و یاساو دیموكڕاسیه‌؟ كه‌سێك بڕیارده‌ری ڕه‌ها بێت یان ٥٥٠ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراوی په‌رله‌مانی؟
ئه‌ردۆگان ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كات ئه‌م ڕوداوه‌ كوده‌تایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ بوو چۆن ڕێی تێده‌چێت كوده‌تاچی له‌كوده‌تا به‌سه‌رداكراو به‌به‌زه‌یی تربێت؟
بینیمان چه‌كداره‌ به‌ناو كوده‌تاچیه‌كان له‌لایه‌ن تاكی بێچه‌كی لایه‌نگرانی ئه‌ردۆگان به‌رشه‌ق و شلاق ده‌ردان كه‌چی كاردانه‌وه‌ی توندوتیژیان نه‌بوو، بینیمان به‌شه‌ست چه‌كدار ته‌واوی فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌تاتورك له‌ ١٥٠٠ چه‌كداری كوده‌تاچی پاكرایه‌وه‌؟
بینیمان هێڵه‌كانی په‌یوه‌ندی له‌ئان وساتی كوده‌تادا نه‌پچڕێنران، سیناریۆی گرتنی سوپاسالار به‌ئاشكرا ده‌ركه‌وت، ئه‌ردۆگان له‌ڕێگای سكایپه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی هاتنه‌سه‌ر شه‌قامی له‌گه‌ل ده‌كرد، دواتر به‌ئاسانی توانی بچێته‌ ناو فڕۆكه‌خانه‌و خیتابی پێشكه‌ش كرد، ته‌نها دوو كاتژمێر دوای ڕوداوه‌كه‌  به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌یاره‌كانی تاوانباركرد، له‌یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی فعلیدا كه‌وته‌ لادان و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی دادوه‌ران و مامۆستایانی زانكۆ و داخستنی ناوه‌نده‌كانی مه‌عریفه‌، زیندانی كردنی هه‌موو ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی كه‌ بچوكترین گومانیان لێكراوه‌ به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ی به‌سوڵتانیكردنی توركیادانین، ئه‌وه‌ چۆن ده‌بێت ئه‌گه‌ر شانۆ نه‌بێت؟
سودی كورد له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی عوسمانی له‌كوێدایه‌ تا به‌مجۆره‌ وه‌سف و دیفاعی لێبكرێت؟ سودی كورد له‌سه‌رده‌مانی شه‌رعیه‌تی ئیخوانی له‌كوێدایه‌ تاكو به‌فریادڕه‌سی نیشتمانی كورد بناسێنرێت؟
ئاخر له‌پێناو چی ئه‌م هه‌موو خیانه‌ت له‌كورد كردنه‌؟
مامۆستای ئایینی كه‌ خاوه‌نی پێگه‌و مه‌قامی كۆمه‌ڵایه‌تی و حزبیه‌ له‌م هه‌رێمه‌ به‌هه‌مان تێڕوانینی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان دیفاع له‌م داگیركه‌ره‌ ده‌كات، كه‌چی به‌دێڕێك له‌كاتی كۆمه‌ڵكوژی كورد نه‌هاته‌ده‌نگ.
ئه‌م جۆره‌ خیتابه‌ ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر وڵاتێكی دیموكڕاسی و لیبڕاڵی بوایه‌ به‌خیانه‌تی نیشتمانی ده‌ژمێردراو، بۆیه‌ ئه‌م خیانه‌ته‌ به‌هیچ جۆرێ ناكه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی ئازادی فكرو ده‌ربڕینی ڕه‌ئی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە