کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خودی بارزانی دژی ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانە

Wednesday, 13/07/2016, 21:16


ئه‌وه‌ی به‌حه‌قیقی هه‌ڵگری پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه له‌مێستادا به‌دژ ده‌ناسرێت، ئه‌وانه‌شی سه‌ربه‌خۆیی كورد له‌زهنیاندا نه‌بوو ئێستا دزی و كرده‌وه‌ی ناشه‌رعی پێوه‌ ده‌كه‌ن.‌
له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو پڕۆژه‌ی فیدڕاڵی بۆعێڕاق له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك خوێندكاری كورد له‌ئه‌وڕوپا ئاماده‌ ده‌كرێت و ده‌درێته‌ هه‌ندێ ڕێكخراو و په‌رله‌مانی وڵاتانی ئه‌وڕوپا، دواتریش له‌گه‌ڵ درووستبوونی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌و پڕۆژه‌و دیده‌گایه‌ی كه‌ بۆ فیدڕاڵی هه‌بوو چڕتربووه‌وه‌، له‌قۆناغه‌كانی دواتری ساڵانی هه‌شتاكان سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی نوێ داواكاریه‌كانی فیدڕاڵی تێپه‌ڕاندو داوای ڕێفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی عێڕاق هێنرایه‌ به‌رباس، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلولی ئاشبه‌تاڵ پێكراو بڕوای به‌عێڕاقێكی یه‌كگرتوو و حوكمی زاتی بۆ كورد هه‌بوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌مترین هه‌نگاو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌دی نه‌ده‌كرا، به‌ڵام له‌چیاكانی سه‌رسنوری ئێران-عێڕاق شه‌ڕی هێزه‌ كوردیه‌ ڕكابه‌ره‌كانی ڕژێمی عێڕاقی ده‌كرد ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ داواكاریان فیدڕاڵی تێپه‌ڕاندبوو و داوای ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردیان ده‌كرد.
كه‌واته‌ دژایه‌تی كردنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی عێڕاق ڕیشه‌ی میژوویی هه‌یه‌و به‌تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌نیش ئه‌و دژایه‌تیه‌ توندتر بووه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی سه‌رۆكایه‌تی پارتی دیموكڕاتی كوردستانیان به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌ به‌ئێستاشه‌وه‌ بۆیه‌ ناوی ئه‌وان به‌ڕوونی ده‌هێنم.
بارزانی باوك هه‌رگیز بڕوای به‌سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نه‌بووه‌و له‌ حوكمی زاتی زیاتر ناوی یه‌ك جۆریتری سیسته‌می حوكمڕانی نه‌زانیوه‌ ته‌نانه‌ت واتای ته‌واوه‌تی حوكمی زاتیشی نه‌زانیوه‌، له‌واتاو پرێنسیپه‌ حزبیه‌كانیش زۆر كۆڵه‌واربووه‌ بۆیه‌ش ڕه‌وتی ئیبڕاهیم ئه‌حمه‌دو تاڵه‌بانی له‌كۆنگره‌ی ساڵی ١٩٦٤جیابوونه‌وه‌ باشتر وایه‌ بڵێم ده‌رپه‌ڕێنران به‌هۆی جیاوازی دیده‌گا له‌ كاری حزبایه‌تی و جیاوازی داواكاریه‌كانی كورد.
كاتێ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دروست بوو كاری حزبی و داواكاریه‌كانی كورد پێی نایه‌ قۆناغێكی مۆدێرن و فراوانتر، سه‌ربه‌خۆیی و ڕێفراندۆم بوونه‌ به‌رنامه‌ی كاری سیاسی و چه‌كداری، سه‌ركردایه‌تی‌ كاتی پارتی دیموكڕاتی كوردستان ئه‌و دیده‌گا ڕوون و گه‌شه‌داره‌ی قبوڵ نه‌بوو بۆیه‌ شه‌ڕی نێوخۆیی له‌شاخ له‌ساڵی ١٩٨٣هه‌ڵگیرسا.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ٩١ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌و شێوازه‌‌ فره‌ حزبی و فره‌ ڕه‌ئیه‌ی كه‌ یه‌كێتی داینه‌مۆی بوو دڵشاد بوون، به‌ڵام به‌هۆی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كه‌تێیدا سه‌دان جۆری گزی كردن وته‌زویرو خه‌وش معاده‌له‌كه‌ تێكچوو، چونكه‌ پارتی دیموكڕاتی كوردستان ده‌نگی نزیك له‌نیوه‌ی ده‌نگده‌ری هه‌رێمی كوردستانی به‌ده‌ستهێنا، به‌مه‌ش حكومه‌تێكی فیفتی به‌فیفتی پێكهێنرا، له‌م حكومه‌ته‌ دوو جه‌مسه‌ریه‌دا  بڕیاردرا خیانه‌تكاره‌ كورده‌كانی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس بدرێنه‌ دادگا، كه‌چی پدك له‌پاش ئه‌و بڕیاره‌ هه‌رچی سه‌رۆك جاش و ئه‌من و هه‌واڵگر هه‌بوون وه‌خۆی گرتن، به‌شێك له‌وانیش به‌شداری ڕاسته‌وخۆبوون له‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر كوردهێنران وه‌كو ئه‌نفال و ڕاگواستن و ده‌ربه‌ده‌ری، زۆرینه‌ی سه‌رۆك جاشه‌كانیش خاوه‌نی چه‌ك و پاره‌و هێزی جاش بوون، پدك بێ گوێدانه‌ یاسای په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌روونی هاوڵاتیان سه‌رۆك جاشه‌كانی له‌لای خۆی گلدایه‌وه‌، جاشه‌كانیش دژی ئامانه‌ ڕه‌واكانی كورد بوون به‌ئێستاشه‌وه‌.
بونیادنانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ سه‌ره‌تا زه‌رووری زه‌مینه‌سازی بواره‌كانی; سیاسه‌تی حه‌كیم، ئیداره‌ی ته‌ندروست، ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، پته‌وكردنی سێكته‌ری ئابوری، ئامانجی ڕوون له‌ بڕیاره‌ چاره‌نوسسازه‌كان، كه‌چی هیچ یه‌كێك له‌مانه‌ له‌هه‌رێمدا‌ وجودیان نیه‌، به‌هۆی پاوانكردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌لایه‌ن دوو حزب ودوو بنه‌ماڵه‌وه‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، به‌ڵام له‌دوای ساڵی ٢٠٠٥ه‌‌وه‌ ته‌نها بنه‌ماڵه‌و حزبێك به‌ته‌واوی ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر حوكمگێڕێ هه‌رێمدا، گشت جومگه‌و سێكته‌ره‌كانیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كارهێنا، ئیستغلالی سوڵته‌یان كردو هه‌رچی له‌به‌رژه‌وه‌ندیان نه‌بوو وه‌لایان نا.
پایه‌كانی حوكمداریان به‌ره‌ودواوه‌ گه‌ڕانده‌وه‌، له‌جێی دادگا ده‌زگای كۆمه‌ڵایه‌تی خێڵیان خسته‌گه‌ڕ، له‌جێی وه‌زاره‌تی ئابوری ته‌نها جانتایه‌كی ڕه‌ش كارپێكراوه‌، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ته‌نها بۆ دامه‌زراندنی كارمه‌ند دروستكرا، له‌كۆی ٢٥ساڵ حكومڕانی كوردی تاكه‌ كه‌ناڵێكی اعلامی حكومی نیه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ده‌یان كه‌ناڵی حزبی به‌تێچوونی زۆره‌وه‌، فكروسه‌قافه‌ چڕكرایه‌وه‌ له‌وانه‌ی كه‌ وه‌كو چاوه‌ش بۆ خاتری تاقمی سوڵته‌ ڕه‌ها ده‌نووسن، دام وده‌زگا ئیداریه‌كانی حكومه‌ت كران به‌كرێچی حزب، تیرۆر و گه‌نده‌ڵی و دزی به‌یاسا كراوه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژئاوا ئاسا بۆ ڕابواردنی سوڵته‌ڕه‌هان دروستكران و هه‌رێمیش گه‌ڕێنراویه‌وه‌ ‌قۆناغه‌كانی به‌ر له‌ڕاپه‌ڕین و له‌هه‌ندێ باردا زۆرخراپتر، فكرو فه‌لسه‌فه‌و دیده‌گا جیاوازه‌كان تیرۆرده‌كرێن، جینۆسایدی سه‌قافه‌و په‌روه‌رده‌ی مۆدێرن و مه‌ده‌نیه‌ت ڕوو له‌هه‌ڵكشانه، دیموكراسی ناشیرنترین مۆدێلی تۆماركردو كرداری ناڕه‌واو ناشه‌رعی دژ به‌مافه‌كانی مرۆڤی له‌په‌نادا ده‌كرێت‌، هه‌موو مانگێك نیوه‌زیاتری داهاتی میلله‌ت دیارنامێنێ و نیوه‌كه‌ی تریشی نیوه‌ی بۆ موچه‌یه‌كی بێ بنه‌ماو نیوی تریش بۆ پڕۆژه‌ پوچه‌ڵه‌كان ته‌رخانده‌كرێت، حزبی بنه‌ماڵه‌ی سوڵته‌ڕه‌ها ئاماده‌ نیه‌ ته‌نانه‌ت بۆ چركه‌یه‌كیش حوكم ڕاده‌ستی براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكات، (برازا) به‌بێ هیچ بڕوانامه‌یه‌كی زانستی٢٠ساڵ سه‌رۆكی حكومه‌ته‌، مامی میراتگریش ١١ساڵه‌ به‌ بڕوانامه‌ی شه‌شی سه‌ره‌تایی سه‌رۆكی شه‌رعی وناشه‌رعی هه‌رێمی كوردستانه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌بڕوای من ته‌نها خوله‌كێكیش سه‌رۆكی شه‌رعی هه‌رێم نه‌بووه‌، چونكه‌ نه‌یتوانیوه‌ خۆی ڕزگار بكات له‌حوكمی عورف و حزب.
ئێستاش بۆ به‌رده‌وامیدان به‌مجۆره‌ حوكمگێڕیه‌ مه‌سه‌له‌ی ڕێفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ده‌وروژێنێ بۆ گۆجتركردنی تاكی عه‌قڵ گۆج.
دوای ٢٥ساڵ له‌هه‌بوونی په‌رله‌مان چه‌ندین جار سوكایه‌تی به‌م ده‌زگایه‌ كراوه‌، دیارترینیان خیانه‌تی گه‌وره‌ی ٣١ی ئاب كه‌ بریتی بوو له‌ هێنانی هێزی عێڕاقی به‌عسی بۆناو په‌رله‌مان و انقلابی ١٩ی ئاب كه‌ به‌سه‌ر شه‌رعیه‌تدا كرا بۆ ڕێگریكردن له‌گفتوگۆی هه‌مواری پڕۆژه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.
ئه‌مانه‌ش ته‌نها له‌پێناو مانه‌وه‌ی میراتگری مسته‌فا بارزانی كران، كه‌چی مسعودی میراتگر ئێستا بۆ داپۆشینی كرده‌وه‌ ناشه‌رعیه‌كانی زوو زوو مه‌سه‌له‌ی ڕێفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی دێنێته‌ به‌رباس، كه‌چی له‌بنه‌ڕه‌تدا خودی میراتگرو هیچ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی تۆزقاڵێك بڕوایان به‌سه‌ربه‌خۆیی نیه‌، ئه‌وان جگه‌ له‌ هه‌واڵگریه‌كی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر هیچ پڕۆژه‌یه‌كیتریان نه‌بووه‌و نیه‌، سیاسه‌ت و كرداریان له‌ئێستاو له‌ڕابردوودا كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كردن ده‌لیلن بۆ ئه‌مه‌.
له‌م ساته‌شدا سه‌ركردایه‌تی پدك زۆرجار ده‌ڵێت; (ئه‌گه‌ر له‌گوندێكیش بێت سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌نین)، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ سه‌ركردایه‌تی پدك كه‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانین نیازیان له‌تكردنی باشوری كوردستانه‌و مه‌به‌ستیانه‌ به‌هه‌رجۆرێك بێت ئیدامه‌ به‌ سیخوڕیكردن و هه‌واڵگری ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی بده‌ن و به‌شێك له‌باشوری كوردستان بۆ ئه‌و پێناوه‌ سیسته‌مێكی شانشینی بێ سنوری تێدا دابمه‌زرێنن، گشت ده‌زگا ئیداریه‌كانیش به‌موتله‌قی بخه‌نه‌ خزمه‌تی شه‌رعیه‌تدان به‌هه‌موو كرداره‌ ناڕه‌واو ناشه‌رعیه‌كانیان كه‌ ئێستا به‌شێك له‌ده‌زگاكان له‌موقیفی ئه‌و خزمه‌ته‌دان.
به‌بڕوای من هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی له‌لایه‌ن پارتی و بارزانی تاوانبار بكرێت به‌ دژایه‌تیكردنی پڕۆژه‌ی ڕێفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وا ئه‌و لایه‌نه‌ به‌بڕواوه‌ كاری جددی بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات، ئه‌وانه‌شی ئێستا موجامه‌له‌ی بارزانی ده‌كه‌ن له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا وه‌كو خودی بارزانی دژی ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی باشوری كوردستانن.
چونكه‌ به‌م نه‌فه‌سه‌ له‌ئیداره‌دانی هه‌رێم و سیاسه‌ت كردنه‌ نه‌ك سه‌ربه‌خۆیی نایه‌ته‌دی به‌ڵكو سیسته‌می فیدڕاڵیش مه‌وفه‌ق نابێت، بۆیه‌ كورد له‌باشوری كوردستان زه‌روورتره‌ به‌ر له‌عێڕاق له‌و سیاسه‌ت چه‌وتیه‌ جیابێته‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە