کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


‎هه‌رێم له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ململانێكانی دوو ئامۆزادا(نێچیر+مسرور)بارزانی

Sunday, 03/07/2016, 19:53


‎به‌وپێیه‌ی‌ پارتی دیموكڕاتی كوردستان فه‌ڕمانگێڕی یه‌كه‌مه‌و له‌سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی سوڵته‌‌ ڕه‌هایه‌، له‌گشت پرسه‌ چاره‌نوس سازه‌كانی هه‌رێم بڕیارده‌ره‌، بۆیه‌ ده‌كرێ شیكاری بۆ سیاسه‌تی وڵات ڕاسته‌وخۆ ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ كاراكته‌ره‌ باڵاكانی ناوپارتی.
‎له‌ هه‌رێمی كوردستان دوو بنه‌ماڵه‌ خاوه‌نی امتیازی ئابورین، به‌ڵام به‌ده‌ره‌جه‌یه‌ك بنه‌ماڵه‌ی بارزانی هه‌م له‌ ئابوری هه‌میش له‌سیاسه‌ت و ستراتیجیه‌تی وڵات و ده‌سته‌ڵاتی ئه‌منی.
‎له‌ناو پارتی دیموكڕاتی كوردستانیشدا دوو جه‌مسه‌ر هه‌م پێكه‌وه‌ كاری حزبی ده‌كه‌ن و هه‌میش ڕكابه‌رن و هاوشێوه‌ی دوو سایدی ئۆتۆبانێكن و ئاراسته‌یان پێچه‌وانه‌یه‌.
‎دیدو بۆچوونیان تاڕادده‌ی له‌یه‌كترازان پێچه‌وانه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌یان به‌ستێته‌وه‌ بنه‌ماڵه‌یه‌و له‌فه‌قه‌ڕه‌ی پشتی بارزانی باوكن.
‎جه‌مسه‌ری مه‌سرور بارزانی كه‌ نوێنه‌رایه‌تی فكری مه‌سعود بارزانی ده‌كات تاڕادده‌ی دیكتاتۆریه‌ت توندڕه‌وه‌و قبوڵی ڕه‌ئی جودا ناكات، پێكه‌وه‌ كاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌حزابه‌ سیاسیه‌كانیتری كوردستان ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، مه‌یلی كوێخاو سه‌ره‌ك خێڵی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌رچی جه‌مسه‌ری نێچیرڤان بارزانیه‌ میانڕه‌وتره‌، ده‌توانرێت دانوستانی له‌گه‌ڵدا بكرێت.
‎گومان له‌گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سته‌ڵاتی هه‌ردووكیاندانیه‌، چونكه‌ به‌هۆی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ ڕه‌هایانه‌وه‌ بوون به‌قاڕوونی هه‌زاره‌ی سێیه‌م، سه‌روه‌تی بێ شوماریان به‌ڕێگا ناشه‌رعیه‌كان پێكه‌وه‌ ناوه‌، داتاو ده‌لیل بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر بابه‌تی گه‌نده‌ڵی ته‌نها سه‌ردانێكی هه‌رێم كیفایه‌ته‌ و كه‌مێك تێڕامان له‌كۆشكه‌كانی ژیان گوزه‌رانیان.
‎مه‌سرور بارزانی ئاماده‌كراوی جێگره‌وه‌ی باوكیه‌تی، به‌و پێوه‌رانه‌ كه‌ پارتی دیموكڕاتی كوردستان دایناون بۆ سه‌رۆكی حزب، مه‌سرور بارزانی میراتگری یه‌كه‌می كورسیه‌كه‌ی سه‌رۆكه‌، چونكه‌ له‌دایك و باوكێكی بارزانیه‌، ئه‌زمونداری سلكی پاراستنی حزبه‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت كه‌ هاوكات سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستنی هه‌رێمه‌.
‎هه‌رچی نێچیرڤان بارزانیه‌ له‌باوكێكی بارزانی و دایكێكی سۆرانیه‌، باوكی بۆ ته‌نها خوله‌كێك سه‌رۆكی حزب نه‌بووه‌، خۆیشی هیچ كات له‌ده‌زگای پاراستن كاری نه‌كردووه‌، بۆیه‌ سه‌رۆكی حزب بۆ نێچیرڤانی نیوه‌ بارزانی نیوه‌ سۆرانی مه‌حاڵه‌.
‎نێچیرڤان بارزانی به‌و پێیه‌ی ٢٠ ساڵی ته‌واوه‌ له‌حوكمی ئیداریدایه‌، سێ ساڵ جێگری سه‌ره‌ك وه‌زیران و ١٧ ساڵیش سه‌رۆك وه‌زیران، بووه‌ به‌ كارێزمای ئابوری و خاوه‌نی زۆرترین سه‌روه‌تی ناشه‌رعیه‌، لۆبیه‌كی به‌هێزی شه‌خسی له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وی وڵات دروستكردووه‌، به‌هۆی ده‌ست ئه‌ستوری سه‌دان ڕاوێشكاری لێهاتووی له‌ده‌وری كۆبۆته‌وه‌، هێزی منه‌ززه‌می چه‌كداری تایبه‌تی هه‌یه‌، گروپێكی ئه‌كادیمی باڵا فكرو قسه‌كه‌ری به‌توانای كۆكردۆته‌وه‌‌، ڕاگه‌یاندكاری پڕۆفیشناڵی به‌كرێ گرتووه‌ بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌كاره‌كانی، هاوبه‌ندی و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی نه‌وتی هه‌یه‌، به‌واتایه‌كیتر حزبێكه‌ له‌ناو حزبی فه‌رمانگێڕدا.
‎هه‌رچی مه‌سروربارزانیه‌ سه‌رقاڵه‌ به‌كاری حزب و ئیدامه‌دان به‌ بنه‌ماڵه‌و هێشتنه‌وه‌ی له‌دۆخی هۆزایه‌تی، هه‌رچه‌نده‌ مه‌سرور بارزانی ده‌مێكه‌ هه‌ست به‌مه‌ترسیه‌كانی ئامۆزاكه‌ی ده‌كات، كه‌ دوای نه‌مانی باوكی ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر كورسی سه‌رۆكی حزب، ئه‌گه‌ر تموعی دانیشتنی سه‌ر كورسی حوكمی حزبیش نه‌بێت نێچیربارزانی ده‌توانێ له‌پارتی دیموكڕاتی كوردستان جیاببێته‌وه‌، ئه‌و زه‌مه‌نه‌ش پارتی تا ڕادده‌ی حزبی سۆسیالیست دیموكڕات لاوازو بێ كاریگه‌ر ده‌بێت.
‎مه‌سرور بارزانی به‌تێڕامان له‌ ئامۆزاكه‌ی خه‌ریكی دووباره‌ی هه‌مان كرداره‌كانیه‌تی، خاوه‌نی بیره‌ نه‌وتی شه‌خسیه‌، هێزی چه‌كداری دروست كردووه‌، زانكۆی تایبه‌تی بونیاد ناوه‌، بۆ نمونه‌; زانكۆی ئه‌مریكی له‌ده‌هۆك كه‌ ئه‌و دواییانه‌ كرایه‌وه‌ به‌ناوی(مه‌لا مسته‌فا بارزانی)، خه‌ریكی لوبیكردنه‌ له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، له‌بڕیاری گرنگی سیاسی به‌شداری ده‌كات، وجودی هه‌یه‌ له‌ دانان و لادانی كاراكته‌رانی ئیداری، له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم جه‌مسه‌ری به‌هێزه‌، به‌هۆی به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ ئامۆزاكه‌ی زه‌خت له‌باوكی ده‌كات بۆ سه‌رگرتنی بڕیاره‌كانی، بۆ نمونه‌; له‌ده‌ركردنی كاربه‌ده‌سته‌ ئیداریه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیاره‌كه‌ی خۆی به‌جێ گه‌یه‌نرا به‌ ئیعتڕافی نێچیرڤان بارزانی، كاتێ نێچیرڤان ده‌ڵێت; (خراپ و خراپتر هه‌بوو، ئێمه‌ بژارده‌ی خراپه‌كه‌مان هه‌ڵبژارد)، ئاشكرایه‌ كه‌هیچ كه‌سێك دان به‌خراپه‌ی خۆیدانانێت له‌م هه‌رێمه‌، ئه‌وه‌ش سه‌لمێنه‌ری بڕیار به‌ده‌ستی مه‌سرور بارزانیه‌ له‌قه‌زیه‌ی په‌كخستنی په‌رله‌مان و ده‌ركردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌حكومه‌تدا.
‎كێشه‌كه‌ له‌وه‌‌دایه‌ ڕكابه‌ری نێوان ئه‌و دوو ئامۆزایه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانی هه‌رێم ده‌كرێن و یه‌كلایی ده‌بنه‌وه‌، كاریگه‌ری سلبی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، نه‌ك ڕكابه‌رێتیه‌كی حه‌كیم بێت له‌پێناو زۆرترین گه‌یاندنی خزمه‌ت به‌ وه‌ڵاتیان.
‎ئه‌و دووانه‌ هه‌م شه‌ڕی ئابوری ده‌كه‌ن هه‌میش شه‌ڕی باڵاده‌ستی سیاسی، له‌ته‌سفیه‌ی ده‌سته‌ڵاتی یه‌كتر به‌رده‌وامن و هه‌مووشی به‌زه‌ره‌ری خه‌ڵكی كوردستان ده‌شكێته‌وه‌، خۆ لێك ترازانی یه‌كجاری ئه‌وان قازانج به‌ پڕۆسه‌ی سیاسی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێ به‌ڵام له‌به‌ر لاواز بوونی پێگه‌ی خۆیان جورئه‌تی بڕیاری كۆتاییان نیه‌، ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵگیراوه‌ بۆ دوای نه‌مانی مه‌سعود بارزانی.
‎له‌دانوستانه‌كانیش له‌گه‌ڵ پارته‌كانیتر هه‌میشه‌ پارتی به‌ دوو بڕیار هاتۆته‌ده‌ره‌وه‌، بڕیارێك نه‌رم یه‌كێكیش ڕه‌ق، هه‌ردوو بڕیاره‌كه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتی یه‌كلا بوونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و دوو جه‌مسه‌ری و دوو شێوه‌ له‌بڕیاردانه‌ بووه‌ به‌ خافڵێنه‌ری پارته‌كانیتر، هه‌م یه‌كێتی وه‌كو شه‌ریكه‌ به‌شی ئابوری پارتی و هه‌میش گۆڕان و كۆمه‌ڵ وه‌كو ڕكابه‌ری سه‌رسه‌خت و یه‌كگرتووش وه‌كو بینه‌رو ناوبژ.
‎له‌م نێوه‌نده‌شدا زه‌ره‌مه‌ندی یه‌كه‌م گه‌ل و داهاتووی وڵاته‌.
‎له‌دیتنی شوێنی ژیانیان زۆر به‌ڕوونی دیاره‌، نێچیرڤان بارزانی مافی دروستكردنی كۆشكی نیه‌ له‌ سه‌ری ڕه‌ش، ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ڤه‌ری بارزان ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌ شوێنی كۆشكه‌كانی حه‌وانه‌وه‌یان له‌دووری زیاتر له‌٥٠ كیلۆمه‌تر دروست كردووه‌، متمانه‌یان به‌یه‌كتری له‌وپه‌ڕی لاوازیدایه‌.
‎ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی نه‌بێت ئه‌و دوو ئامۆزایه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع دژایه‌تیه‌‌كانیان وه‌ده‌رده‌كه‌ون، دوژمنایه‌تیشیان وه‌گه‌ڕ ده‌خرێت، دوژمنایه‌تیه‌ك كه‌ له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و پارتی فه‌رمان به‌ده‌ست نه‌بووبێت، چونكه‌ سه‌روه‌ت و كورسی هه‌میشه‌ بوه‌ته‌ فاكته‌ری له‌یه‌ك ترازانی ته‌نانه‌ت دوو برا نه‌ك ئامۆزا، وه‌ك ئه‌و دژایه‌تیه‌ی كه‌ له‌نێوان شێخ سلێمان برازای مه‌لا مسته‌فاو خودی مه‌لا مسته‌فادا هه‌بوو، دژایه‌تیه‌كه‌شیان له‌وكاته‌وه‌ زیاتر وه‌ده‌ركه‌وت كه‌ له‌یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بوون، هه‌رده‌م خه‌ریكی ته‌سفیه‌ی لایه‌نگرانی یه‌كتر بوونه‌، كۆی دژایه‌تیه‌كه‌ش ئه‌وكاته‌ له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی ناو بنه‌ماڵه‌و حزبدابووه‌، له‌ ئازه‌ربایجان بڕیاری ئۆتۆنۆمیه‌كی كاتی بۆ كورده‌ په‌نابه‌ره‌كان ده‌رچووه‌ له‌م وڵاته‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی نه‌بێت‌ كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ نیشتمان ئه‌زمونی حوكمداریان هه‌بێت یاخود ئۆتۆنۆمیه‌كه‌ له‌داهاتوودا كاریگه‌ری بۆ پارچه‌ دابڕێنراوه‌كان هه‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و دوو به‌ره‌كیه‌ی له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات به‌ر له‌دایك بوون بڕیاڕه‌كه‌ی له‌باربرد.
‎له‌ ئێستاشدا كۆی سیاسه‌تی كوردی به‌هۆی هه‌ڵكشانی ململانێی ئه‌و دوو ئامۆزایه‌ به‌ره‌و شه‌له‌لی ده‌ڕوات، ڕێكه‌وتنی پارته‌ سیاسیه‌كان سه‌رناگرێت، ڕێكخستنی بڕیاری سیاسی كوردی نایه‌ته‌ وجود، به‌هۆی ته‌ماعی (هه‌رچی زووه‌ زه‌نگین ببه‌)، یان سیاسه‌تی (برسیكه‌ و زاڵبه‌)چاكسازی ڕوو نادات، هه‌میشه‌ خه‌زێنه‌ی میلله‌‌ت به‌تاڵه‌و سندوقی ئه‌وانیش سه‌ر ڕێژه‌ له‌ سه‌روه‌ت.
‎مه‌سعود بارزانی له‌سه‌رئاستی ئاشكرا ڕۆڵی ته‌ماشاكه‌ری نێوان ئه‌و دووانه‌ ده‌بینێ، به‌ڵام له‌ كڕۆكی مه‌سه‌له‌كه‌ هاوشانی كوڕه‌كه‌ی دژایه‌تی برازاكه‌ی ده‌كات، ڕێگه‌خۆشكه‌ری یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی ململانێكه‌یه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی پڕۆژه‌ی مه‌سرور مه‌سعود بارزانی به‌بێ گوێ پێدان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌كانی گه‌ل، چونكه‌ تاكه‌ ململانێیه‌ له‌دونیادا له‌سه‌ر قوت و به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت بكرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە