حه‌یف بۆ رۆشنبیرانی هه‌ولێر...
Sunday, 27/02/2011, 12:00
حه‌یف شاری هه‌ولێر که به شاری قه‌ڵاو مناره ناسراوه خاوه‌نی له‌شکرێک به ناو رۆشنبیره هه‌ر له شاعـیــر و چــــیرۆکنووس و رۆماننووس و شانۆکار و شێوه‌کارو ئه‌کته‌ر و گۆرانیبێژ و.... هتد به مانایه‌کی دیکه عاره‌بانه‌ی چه‌مکی رۆشنبیری له‌م شاره‌دا ده‌یان ئه‌سپ رایناکێشێ که‌چی زۆر به داخــــه‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه شامی شه‌ریف بێت ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له شاره‌کانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و سه‌یدسادق و رانیه و کفری و که‌لار و .....هتد هیچ رووینـه‌دابێت و شۆسته و شه‌قامه‌کان به خوێنی گه‌نجانی ئه‌م نیشتیمانه ســـوور نه‌بووبێت و که‌س نه‌که‌وتبێته به‌ر شاڵاوی به‌ربه‌ریــانه‌ی هه‌ڕه‌شـــه‌و تۆقانـــدن و گرتن و راوه‌دوونان ، له کاتێکا هه‌مـــــوو ئه‌و خوێـــن و قــوربانیدانه‌ش له پێنـــاوی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی که‌رامه‌تی زه‌وتکراوو مــــاف و ئازادییه‌کـــانــــی تاک به تاکی مرۆڤه‌کانی ئه‌م نیشتیمانه بێت به‌وانیشه‌وه که خۆیان له ئاستی چه‌ندین رۆژه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی خه‌ڵکی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری کــــه‌ڕو کوێر کردووه وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌مــــوو ئه‌و رووداوانـــه لــــه مۆزه‌مبیق و دوورگـــه‌کانی واق واق بگوزه‌رێن . (له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ گه‌لی مۆزه‌مبیق له رووی مرۆڤایه‌تییه‌وه) .
ئاخر ناکرێت به‌به‌ر چاوی هه‌موانه‌وه ڤایرۆسه‌کانی کوردایه‌تی خه‌ریکی داهێزراندنی جه‌سـته‌ی نیشــتیمان بــن و به ئاگر و ئاسـن وه‌ڵامـی داواکــاری گه‌نجانی هاونیشتیمانییانت بده‌نه‌وه که‌چی تۆی رۆشنبیر بێیت خۆت سه‌رقاڵی نووسینی شیعر بکه‌یت و باسی له‌نجه و لار‌و چاوی شینی ژن بکه‌یت ، ناکرێت له ئاستی رژانی خوێــن و گرتــن و راوه‌دوونـــان و شوونبزرکردنی بێده‌نگ بیت و بێیت چیرۆکی کۆمیدی بنووســیت ، خــۆت به ئه‌مدیووه‌ودیوو کردنی نامیلکه‌یه‌کی شیعریی سه‌رقــــاڵ بکه‌یت ، ده‌ستی سۆزانییه‌کی تورکی بگریت و خه‌ریکی وێنه گرتنی کلیپێکـی قۆڕ بیت ، ئاخر که نیشتیمان بوو به دۆزه‌خ و مه‌نفه‌زێک نه‌مایه‌وه بۆ مومـــاره‌سه کردنی ژیان و ئازادی تاکه‌کان ، که قسه‌ی باڵا بووه قسه‌ی چه‌ک و ئاگــر و ئاســـن و کـــــار گه‌یشته رشتنی خوێنی گه‌نجانی هاونیشتیمانـــی ئه‌رکــــی رۆشنبیــرانه هه‌مـــوو پرۆژه‌یه‌کی شه‌خسی و ئه‌رکێکی لاوه‌کی و عه‌شــــــق و دڵداری کردنێــک به‌لاوه بنێت و پاڵبداته به‌ره‌ی گه‌ل و پشتگیری داوا ره‌واکــــانی خه‌ڵک بکات ، ئاخر مێژوو هه‌موو ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی ریسوا کردووه کـــه به‌ره‌ی گـــه‌ل دابـــــڕاون و له به‌رامبه‌ردا کاسه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و دڕنده‌کانی سه‌رده‌می خۆیانیان لستۆته‌وه .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست