میدیای نزیک لە پەکەکە بکوژانی شەهید شوکری دەستگیر نەکراون
Sunday, 19/09/2021, 19:44
دوای ئەوەی بەرپرسی دەزگای زانیاریی ڕایگەیاند، کە بکەری دوو هێرشەکەی دوێنێی سلێمانی دەستگیرکراوە، بەڵام میدیاکانی نزیک لەپەکەکە بڵاویانکردۆتەوە دەستگیرکراوەکە ئەو کەسەیە، هێرشی کردووەتە سەر فەرهاد باریش و بکوژانی شەهید شوکری سەرحەد هێشتا دەستگیر نەکراون.
لەوبارەیەوە ئاژانسی ڕۆژ نیوز بڵاویکردۆتەوە" دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکاتە سەر کورد و نرخەکانی، دوای ئەوەی ١٦ی ئەم مانگە هاوڵاتییەکی باکووری کوردستانی بەناوی فەرهاد باریش کردە ئامانج و برینداری کرد، دوێنێش شۆڕشگێڕێکی کوردی بەناوی یاسین بولوت (شوکری سەرحەد) لە شاری سلێمانی تیرۆرکرد.
دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو:”بە پاڵپشتی دۆکۆمێنت و زانیاریی تایبەت سەرەداوی وردمان دەربارەی ئەو ڕوداوانە دەستکەوتووە، پاش یەکلاکردنەوە و پشتڕاستکردنەوەیان بە بەڵگەوە بۆ ڕای گشتیی کوردستان بڵاویان دەکەینەوە”.
بەیانی ئەمڕۆش، ئەژی ئەمین، سەرۆکى دهزگاى ئاژانسى پاراستن و زانیاریی/ زانیاریى، لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە:” تاوانبارى تاوانەکانى چەند ڕۆژی ڕابردوو دەستگیرکرا و ڕاپێچى بەردەم یاسامان کرد، بەزووترین کات بەڵگە و دانپێدانان دەخەینە بەردەم ڕاى گشتىی”.
هەروەها کەمێک پیش ئێستاش، دەزگای زانیاریی و ئاسایشی سلێمانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ‘بکەری هێرشەکانی ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی ئەم مانگە، یەک کەسە و دەستگیرکراوە’.
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، بکەری هێرشەکەی سەر ‘فەرهاد باریش’ـە
هەرچەند ئەو دەزگایانە وێنەی کەسیکیان بڵاوکردووەتەوە، کە گوایە ئەو کەسە هەردوو هێرشەکەی ئەنجام داوە، بەڵام بەپێی هەندێک زانیاریی و سەرچاوە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، هێرشکار تەنیا کەسێک نییە و ژمارەیەک کەسن و بە پیلان ئەو کارەیان کردووە، هەروەها ئەو کەسەش کە دەوترێت دەستگیرکراوە، بکەری هێرشەکەی سەر ‘فەرهاد باریش’ـە، لە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، بەڵام هێرشکارانی سەر شەهید شوکری سەرحەد هێشتا دەستگیر نەکراون.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژ نیوز ، ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر شەهید شوکری سەرحەد، چوار کەسن و یەکێکیان تەقەی لە شەهید شوکری کردووە، ئەوانی دیکەشە لەو دەوروبەرە بوون و دوای هێرشەکە، بە ئۆتۆمبێلیلکی جۆری پیکاپ- تۆیتا، هەڵهاتوون".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست