کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بوەستن قانوون قسەدەکات

Thursday, 18/02/2016, 23:23


دوای بیست وچوار سال حوکمڕانی خۆماڵی نەمانتوانیوە کۆمەڵگا لەکۆمەڵگایەکی سروشتیەوە بگوازینەوە بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی وشارستانی ودەولەتی ما ف و قانوون دابمەزرێنین! دیارە ناکرێ بڵێین هیج هەنگاو نەچووینەتە پێشەوە،بەڵام هێشتا پەیوەندیەکانی خێڵ زاڵن،هێشتا بەهاکانی خێڵایەتی نەک لەنێو کۆمەڵگادا بڵاون بەڵکو بەناو بواری سیاسیشدا ڕۆچوون وحزبەکان هەریەک بەئەندازەیەک قانگدراون بەکەلتورو بەهای خێڵایەتی، لەبواری بەڕیوەبردنی دام ودەزگاکانی حزب و دەستەڵات، هەر ئەمەش شٶڕبۆتەوە بۆ بواری حوکمڕانی ووڵات و ڕوانگەی سیاسی وفەلسەفیان بەتەواوی بەم بەها خێڵەکیانە زاخاوداوە!کورتبینیەکی گەورەیە گەر تەنها حزبێک یان دووان بەم خەوشە تۆمەتبار بکەین چونکە سەرجەم حزبەکانی کوردستان ئەوکاتە بەرگری لەقانوون دەکەن کە بەقازانجی خۆیان بشکێتەوە!ئەوکاتە هاواریان لێ هەڵدەستێ کە قانوون لەلایەن ئەوی دیکەوە پێشێل دەکرێ!من دەپرسم کام حزبەیان مڵک وماڵی گشتی داگیر نەکردووە؟کام حزبەیان دەیان وسەدان گەندەڵکاری تیانیەو بچوکترین لێپرسینەوەشیان لەگەل هیچکامێکیان نەکردوە؟،خۆئەوەی گەندەڵکاری تیانەبێ ئەوا لانی کەم هەلوێستێکی جدی وبەرپرسانەی نەبووە لەسەر کەیسی گەندەڵکاری وهەر ئەوکاتانە ووروژاندویەتی کەمەبەستیکی سیاسی لەپشتەوە بووبێ دەنا دواتر لەبیرخۆیان بردۆتەوە!
کێشمەکێشی دەستەڵات وقانوونی سەرۆکایەتی هەرێم؛
هەرێم وناوچەکە بەقۆناخێکی هەستیارو گرنگدا تێدەپەڕێ بۆ هەرێم قۆناخێکی گواستنەوەی گرنگە گواستنەوەیەک لەکۆمەڵگای سروشتی وخێڵەکی وەک ئاماژەم پێدا بۆ کۆمەڵگای مەدەنی وشارستانی وبەرەو چەسپاندنی قانوون،ئەم کێشمەکێشە هەرچەند خاڵی نیە لەهەڵوێستی هەلپەرستانە بۆ دەستکەوتی حزبی وکەسی لەلایەک و ڕەنگکردنی ململانێکە بەگرەوی دۆڕاندن وبردنەوە کەزیاتر لەشەڕی کۆنە قینان دەچێ، سەرەڕاش،دەکرێ بڵێین قۆناخی گواستنەوەکە ئەگەر سەداسەدیش دەستکەوتەکانی بەدینەیەن هێشتا دەکرێ بڵێین گوستنەوەیە بەرەو چەسپاندنی قانوون ودەستوور بۆیەکەمجارلەمێژووی کوردیدا! ڕاستکردنەوەی هەڵەکان؛
 ململانێ لەپێناو بردنەوە ودۆڕاندنی بەرانبەر،گفتوگۆکان بەرەو بنبەست دەباو وادەکات هیچ لایەک لە داواکانی خۆی نەیەتە خوارەوە،ئەو گفتوگۆیانەو کۆبوونەوانە بەکۆبوونەوەکانی پەرلەمانیشەوە زۆر دڵگەرمانە و حەماسیانە بەڕیوە چوون کە، پێشانی دەدا هەرلایەو خۆی بەحەق و سەرکەوتووبزانێ وبەرانبەرەکەی بەناحەق و دۆڕاو! تائەو رادەیەی نەک هەر کادیرە سیاسیەکان بەڵکو کادیرە قانوونی وخاوەن ئەزموونەکانیش بەئانقەست تەفسیری ناڕاستیان بۆ ماددەو بڕگەکانی قانوونەکان دەکرد!!ئەوە خەریکە دەبێتە دیاردەیەک بۆڕەتکردنەوەی لۆژیک وسەرخستنی ئەو قسەیەی کەدەڵی(بشفڕێ هەر بزنە!)..بۆنمونە؛
 یەکەم؛ مادەی سێیەم لەقانوونی سەرۆکایتی هەرێم دەڵێ؛(ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بۆ چوار ساڵەو،دەشێ بۆ جاری دووەمیش هەڵبژێرێتەوە.)
دوای هەڵبژاردنەوەی بۆ جاری دووەم،بەیاسای ژمارە ١٩ی سالی ٢٠١٣ دووساڵی تر بۆسەرۆکی ئێستا دریژکرایەوە؛
دووەم؛مادەی یەکەم ویلایەتی سەرۆکی هەرێم لە٢٠/٨/٢٠١٣دا تەواودەبیت،بەردەوام دەبیت،درێژدەکریتەوە تا١٩/٨/٢٠١٥کەئیتر بۆجاری دووەم یارای درێژکردنەوەی نیە.پێموایە هیچ لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرن جگە لەوەی کەماددەکان بەدێڕەکان خۆیان ڕوونکردۆتەوە!
سێیەم؛پەنابردن بۆ ئەنجومەنی شورا،تاچەند قانوونیە؟
ئەمجومەنی شورا سەر بەوەزاڕەتی دادە وسەرۆکەکەی لەپلەی بەڕێوە بەری گستی دایەو لەئاستیکدا نیە ڕایەک دەرببڕێ کە لەسەروی وەزاڕەتەوە بێ و پابەند بن پێیەوە،تەنهاوتەنها دەتوانێ ڕاویژ پێشکەش بکات، چونکە زۆر بەڕوونی لەمادەی هەشتەم دەڵێ؛ئەنجومەن ڕاوێژی یاسایی پێشکەش دەکات لەوپرسانەی کەلەلایەنی باڵاوە(واتا سەروی ئاستی خۆیەوە)بۆ پرسپێکردنی دەخرینە بەردەمی...وەک ئێستا.بەڵام مادەی نۆیەم کەئەورایانە دەگرێتەوە کەدەریان دەبڕێ لەسەر ئەوکێشانەی لەلەلایەن وەزارە ت و دەستەکانەوە دەخرینە بەردەمی وئەوکات دەبێ لایەنەکان پابەندبن پێوەی ،ئەویش بەومەرجەی کە مادەی دەیەم دایناوەکەلەبڕگەی یەکەمیدا بەڕوونی دەڵێ ؛(نابێ جگەلەوەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی  لایەنی پەیوەست نەبوو بەوەزاڕەتەوە کێشەکان بخرێنەبەردەمی).بۆئەم کێشەیە سەرۆکی پەرلەمان ئیمزای نەکردووە کەواتە لەڕووی شکڵیشەوە هەر ناقانوونیەو دەبوایە ئەنجومەن بیگێڕێتەوە هەروەک پێشتر ئەو نوسراوانەی گێڕاوەتەوە کەئیمزای سەرۆکی پەرلەمان یان وەزیری بەسەرەوە نەبووە.!
 دەبێ هەموو ئەو هەڵوێستە حەماسیانەو لێکدانەوە ناڕاستانە بۆ ماددەو برگەکانی یاساکان ڕاستبکەینەوەو تێپەڕێنین وحزبەکان ڕاستگۆیی خۆیان بسەلمێنن لەو دروشم وبانگەوازانەی کەبۆ چەسپاندنی یاساوڕێساکان وپرەنسیپەکانی دێموکراسی دەریان بڕیوەو خۆیان پێوە باداوە و دەنگیان پێ کۆکردۆتەوە.
با قانووون قسەبکات؛
کاتی ئەوە هاتووە کوردستانیش خاوەنی دەستووروقانوون بێت وئەوانیش سەروەربن،سەروەریش سەرەتا لەوەوە دەست پێدەکات کە ئەو حزب ولایەنانەی پروپاگەندەی بۆ دەکەن کاری پێبکەن وڕێزی بگرن وببنە نمونەی ئەوانی تریش بۆئەوەی چاوتان لێبکەن.دەستکاری قانوونەکان لەبەر خاتری کەسی دەبێتە پێشینەیەکی خراپ بۆ نەوەی داهاتوو.باگومان نەکەوێتە سەر ئەوڕابردوە پڕ لەخەباتەی چەندین دەیەیە بەخوێن وماندووبوونی پێشمەرگەو کادیرەکانتان ڕەنگڕێژکراوە لەپێناو ئازادی وسەربەخۆیی کوردستان کوردستانیان،لەپێناو دەوڵەتی قانوون ودێموکراسی،ئێستا ڕاستگۆیی ئێوە حزبەکان لەمەحەکدایە داخۆ وەک داواتان کردووە بەکردەوەش جێبەجێی دەکەن؟!
 بارزانی هەر سەرۆکە؟
مامەڵەکردن لەگەل سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی مامەڵەیەکی تەواو کەسی ودووڕویانەیە،لەکاتیکدا هەمووان قانوون دەکەنە بەڵگە بۆ تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی،لەهەمان کاتدا کەس ئازایەتی ئەوەی نیە یان لەبەرژەوەندی نیە بەکردەوە پێشانی بدا کە سەرۆکێکی ماوە بەسەرچووە!!بەپێچەوانەوە وەک جاران پابەندن بەکۆبوونەوە ومامەڵەکان وەک پێشووتر!نە سەرۆکی پەرلەمان ونە تاقە یەک کادیرو حزبیش خۆی لەقەرەی ئەوباسە نەداوەو هەروەک جاری جاران بارزانی سەرۆکە!بێجگە لەوەی هیچ حزبێکیش پڕکێشی پێشکەشکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی ناکات!کەچی وەک ئاماژەم پێدا کادیرو ئەندام پەرلەمانەکانیان بە ووتەو ووتاری ئاگراویەوە بەرداوەتە مەیدانەکەو لەگەڵ ئەوانی پارتی تا ڕۆخی دۆخی شەڕی ناوخۆ هەراکەیان تاوداوە!!ئەوە جگە لە بێموبالاتی وخەمساردی سیاسی وباش نەخوێندنەوەی دۆخەکە وهەلپەرستی سیاسی وگەمەکردن بەهەستی هاوڵاتیان چی دیکەی لێ دەفامرێتەوە؟
 بەکەسیکردنی کەیسەکە؛ 
لەهەموو ئەوانە خراپتر قانوونی سەرۆکایەتی بەباڵای سەرۆک بارزانی دەبڕن وکەس بیر لەوە ناکاتەوە ڕەنگە ڕۆژێک بێت کەسیکی تر ئەو جێگایە پر بکاتەوە!ئایا ئەوانەی ئێستا شەڕلەسەر دەستەڵاتەزۆرەکانی سەرۆک بۆدرێژکردنەوەی ماوەکانی سەرۆکایەتی دەکەن سبەی بۆ ئەوکەسەش هەمان شت ڕازی دەبن؟یان ئەودەم داوای هەموارکردنەوەو بەسونبولکردنی دەستەڵاتەکانی سەرۆک دەکەن، وەک ئێستای چوار پارتەکە؟!یان پەنادەبرێ بۆڕێگای دووەم کە هەڵگەڕانەوە دەبێ لەوکەمەپرەنسیپ وئازادیەی بەدەیان ڕوباری خوێن وفرمێسک بەدەستهاتووە!!
قانوون چیە؟ 
قانوون بریتیە لە(مجموعة قواعد عامةومجردة)کۆمەڵێک بنەمان کەگشتی ودابڕاون..ئەگەر کوردیەکەی تەواو بێت .واتا گشتی بۆ هەموانن وەک یەکیش هەموان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی،دابڕاون واتە پەیوەست نین بەکسێک یان گروپێک بەڵکو مەبەست هەرکەس وگروپێکە بەبێ هیج جیاوزی ونیشانەیەک.کەواتا لێرەدا کە قانوونی سەرۆکایتی هەرێم دەنوسرێتەوەوهەمواردەکرێت دەبێ گشتی ودابڕاوبێ نابێ کاتی نوسینەوە کەسێک لەخەیاڵی یاسادانەراندابێت وبۆئەوی بنوسنەوە! چونکە ئەم یاسایە بۆدواڕۆژەو کەس نازانێ کی ئەم پۆستە وەردەگرێت ئەگەر ئێستاش بزانین کێ دەبێ بەسەرۆک دوای ئەو یەکێکی تر دێت،بەتایبەت بۆ کوردستان کەیەکەمجارە قەراردراوە دەستورو یاسایەکی مەدەنی دێموکرات بنوسینەوەوتازە بەتازە خاوەنی حکومەت ودام ودەزگای خۆمانین، جەختکردنەوە لە ئینسانی بوون ودێموکراسیبوون زۆر گرنگترە لەوە ی کێ ئەم دەستەڵاتە وەردەگرێ،دەبێ یاساو دەستورێک بن؛ڕێگە بۆ دێموکراسیەت ودەستاودەستکردنی دەستەڵات وهێنانەدی دەوڵەتی سەربەخۆ خۆشکەن وڕێگە لەدیکتاتۆریەت وتاکڕەوی وهەڕەشە لەیەکپارچەیی خاکی کوردستان بگرن.
 جۆرج واشنتن وئەوانی دی؛
مێژوو پڕیەتی لەسەرکردەو کەسانێک کەبەڕاستگۆیی خزمەتی ووڵات وگەلەکەیان کرد،جۆرج واشنتن (١٧٣٢-١٧٩٩)یەکەمین سەرۆکی ئەمریکاو(١٧٨٩-١٧٩٧)،یەکێک لەباوکە دامەزرێنەرەکانی ووڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا،ئەو پیاوە دوای تەواوکردنی دوودەورەی سەرۆکایەتی وازی لەکورسی دەستەڵات هێنا هەرچەند خەڵک وڕوناکبیران داوایان کرد بەردەوام بێ وهیچ یاسایەکیش ماوەی سەرۆکایەتی دیاری نەکردبوو بەڵام ئەودیاری کردوو لەخۆیەوە دەستی پێکرد، کەدەبێ سەرۆکایەتی دەستاودەست بکات وکەسیش لەدوو دەورە زیاتر بۆی نەبێ خۆی کاندید بکاتەوە، هەرچەند ڕۆشنبیران وجەماوەر داوایانکرد بمێنێتەوەو پێشبینی دەکرا شەڕی ناوخۆ ڕووبدات هەرواش دەرچوو!بەڵام ئەو نەریتی دێموکراسیانە ی دەستاودەستکردنی  دەستەڵاتی داهێناودەستەڵاتی تەسلیم بەجۆرج ئادمزکردو هەتائێستاش ئەم نەریتە بەردەوامە.
نمونەی دووەممان لولا داسلڤیا(١٩٤٥- ) سەرۆکی  پێشوتری بەرازیلە کەساڵی (٢٠٣-٢١٠)چوە سەر کورسی دەستەلات و ئابووری ووڵاتەکەی بوژاندەوەو دوای دوودەورە وازی لەدەستڵات هێناو هەرچەند خۆپێشاندانی ملیۆنی ڕێکخرا بۆ بەردەوام بوونی وهەموارکردنی یاسا بۆ مانەوەی بۆ خولێکی تر،ئەو ڕەتیکردەوەو ووتی"ماوەی بیست سال خەباتم کرد وچوومە زیندان بۆئەوەی سەرۆکەکان لەماوەی یاسایی خۆیان زیاتر نەمێننەوە،چۆن ڕێگە بەخۆم دەدەم ئەو کارەبکەم"
ئەوە ماندێلاوگاندی و (خۆسیە مۆخیکا){کەئەمەی دواییان ٩٠%مووچەکەی بۆ هەژاران تەرخان کردووە لەکاتیکدا بڕی مووچەکەی تەنها ١٢٥٠٠$دۆلاری ئەمریکیە،بەهەژارترین سەرۆکی دونیا هەژماردەکرێ} سەرۆکی ئۆرۆگوای و دەیان سەرۆکی تریش نمونەی جوانی دێموکراسی ومافی مرۆڤ ونیشتمان پەروەرین ونەک هەر گەلەکەی خۆیان بەڵکومرۆڤایەتی تاهەتایە شانازیان پێوە دەکات.
بۆ گلەیی هەر لەسەرۆک بارزانیە؟؛ 
مرۆڤ بەسروشتی خۆی حەزی لەدەستەڵاتە،بەڵام دەستەڵات گەندەڵکارەو مرۆڤ لەڕەفتارە مرۆییەکانی لەچاکەو خۆشەویستی ومرۆڤدۆستی دووردەخاتەوەو بەرەو گەندەڵی دەبات،رۆسۆ دەڵی"دەستەڵات گەندەڵکارە،تادەستەڵات زۆرتر بێ زیاتر گەندەڵکاردەبێ،دەستەڵاتی ڕەها بەڕەهایی گەندەڵکارە"ئێستا ڕووی دەمی هەموان لەمەسعودبارزانی سەرۆکە،بەڵام ئەوانی دی لەمەکتەب سیاسی وسکرتێرو ئەمیرو سەرۆکی حزبەکان کامیان باوەری بەدەستاودەستکردنی دەستەلاتە؟!جگەلە ئەمینداری یەکگرتوو و دووئەندام مەکتەب سیاسی یەکێتی ،تاقە یەک کەسیش شکنابەم بەئارەزووی خۆی وەک پرەنسیپی دەستاودەستکردنی دێموکراسیانەی  دەستەڵات وازی لەدەستەڵات وپلەو پایەکەی هێنابێ!گەلۆ کەسێک لەحزبەکەیدا دێموکراسیخواز نەبێ دەستەڵات بۆ هەڤاڵەکەی حزبەکەی خۆی بەجێنەهێڵێ سبەی بێتە جێگای مەسعود بارزانی ئایا هەڵوێستێکی دیکە ی لێ چاوەڕوان دەکرێ؟کەچی مەسعود بارزانی ڕەخنە باران دەکەن!!باشترە ئەم کەلتورە خۆسەپێنە تۆتالیتارە بگۆڕدرێ ئەوەش بەقانوون دەکرێ وئەویش بەپەرلەمان بسپێرن وڕێزی لێبگرن.
خەمی خەڵک مەکەنە قوربانی؛ 
 خەڵک لەخەمی نان وخەمی ژیاندا دەست وپێی خۆی بزرکردووەو نازانێ فریای چی بکەوێ!هەتادێتەوە کارەبا نیە دەچێتە دەرەوە کار نیە چەندمانگ دەڕوات مووچەنیە ،لەولاشەوەخۆشەویستانی لەبەردەم گوللەی غەدری داعشەکاندا کاتەکانیان دەبەنەسەر! کەچی مەسەلەی کورسی دەستەڵاتیان لێکردوونە خەمی گەورەوکێشەی ژیان ومردن لەکاتێکدا بێکاری ونەبوونی وبێهیوایی گەنجان بەرەو تاراوگە ڕاودەنێ،کەچی برادەران شەڕیانە لەسەر کورسی بۆئەو بێ یان لێی بەسننەوە!!
قسەی کۆتایی بابۆ پەرلەمان بێ؛
 پەرلەمان گەورەترین دەزگای یاسادانانە ئەو یاسای سەرۆکایەتیەش هەرلەدەستەڵاتی ئەوە چۆنی هەمواربکات،وازی لێ بێنن با پەرلەمان کاری خۆی بکات،سازان مەکەنە ڕێگر لەبەردەم کارە یاساییەکاندا،خەمی ژیان وگوزەرانی خەڵک وچاکسازی وبەگژاچوونەوەی گەندەڵی بەسستەمکردنی دام ودەزگاکان بەتایبەت وەزاڕەتی سامانە سروشتیەکان با پێشنۆرەی کارەکان بن نەک کورسی سەرۆکایەتی،بارزانی دادەنێنەوە یان هەرکەسێک دادەنێن گرنگ نیە گرنگ ژیان ودێموکراسی وئازادی خەڵکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە