نیشتمانێک لە بێ متمانەیی
Wednesday, 03/02/2016, 16:36
بێمتمانەیی خەریکە دەمانکوژێ ،هەموو ڕۆژان بەفەردە ووتار لە درۆ ودەیان دروشم لە گاڵتەوسوکایەتی ودونیایەک لەڕاگەیاندن کە لێوان لێوە لە دووڕوویی وفریودان کە شکەستمان بەسەرکەوتن ودۆڕانمان بە بردنەوە پێ دەفرۆشنەوە دەچەقننە چاومانەوەو هەناسەیان تووند کردووین و خەریکە فزەممان لێ دەبڕن،دەیان شەویلگە لەسەر تیڤیەکان وەک چەقەنەی ئاش لەسوڕاندایەو کەف دەچڕێ وزمانی وەک درێشوکەی مارهەڵدەسوڕێنێ و پینەو پەڕۆی دۆڕان وبەڵێن وخەرجیە زۆرەکانیان لە خانوو وڤێللاو تاوەرە هەوربڕەکان لەئەمریکاو ئەوروپاو ووڵاتانی کەنداو و لە قاتی ٧هەزار دۆلاری و سەعاتی دەفتەر دۆلاری وسەیارەی دیاری ١٧ دەفتەری وئاهەنگی دەیان دەفتەری وخەرجیەکانی سەفەری کەناراوو نایت کڵەپ وقومارخانەکان ونۆڕینگەی جوانکاریەکانی ووڵاتان! کەچی دەشڵین حکومەت بەڕاستی پارەی نییە! مامۆستای کوڕی سەرۆکەکانیش مووچەیان وەرنەگرتووە!
لەکاتێکدا بەچاوی خۆتان بێهیوایی ووەڕەسی لەژیان دەبینن!بەچاوی خۆتان کولەمەرگی ژیان،وازهێنان لەخوێندن،سەرهەڵگرتن بۆ ڕێگای هات ونەهاتی هەندەران ومەرگی ناوادەی مناڵەچاوگەشەکانی کورد لەدەریای ئیجەدا دەبینن،هەمووی ئەم سیاسەتە چەوتە، ئەم گەندەڵی وبەهەدەردانی داهات و سەرمایەی ئەم نەتەوە خێرلەخۆ نەدیوەیە!ئاخر ئەو مامۆستایەی پێی دەڵێی دانبەخۆتا بگرە،حکومەت پارەی نییە، پێنج مانگە دینارێکی وەرنەگرتووە، خۆی و کوڕەکەی لەسەر جادە یەکێکیان بەدیار جوار لفکەو دوودەسکە سڵقەوە دانیشتووەو ئەوی تریش قۆندەرەی ئەو عەرەبە سەرمایەدارانە بۆیاغ دەکات کەهەردوێنێ بەم قۆندەرانە شەپشەپێن بەخۆی وباوک وتێکۆشەرانی کوردستان کراوە!
ئاخر تۆ دەبینی ئەوەی دوێنێ ووتوتانە ئەمڕۆ ڕێک پێچەوانەکەی دەیڵێیتەوە!دەڵێن پارەمان نییە هەرئەوەندەمان پێدەکرێ کەچی نە ڕێفۆڕمێکی جدیتانکرد نەوازیشتان لەدەستەڵات هێنا!!
سەرکردە بەڕێزەکان؛ بابەبیرتان بێنمەوە کە قسەکانتان هەر بۆ کات بەسەربردن وبەڕێکردن بووە،ئێوە فەرمووتان لەگەل بەغدا ڕێکناکەوین چونکە بەغدا پارەی نییە موفلیسە!کەچی خۆمان بووین پارەمان نەبوو موفلیس دەرچووین! ووتتان داناگاز درۆدەکات ودادگاکەی نەبردۆتەوە کەچی مانگی دوازدەو ئەوا مانگی یەکی ساڵی نوێشی چووەسەر تاقە یەک مووچەتان نەداوە! هۆکەشی وەک شارەزایان دەڵێن و ئێستا دەرکەوتووە کەدراوە بەقەرزی دۆڕاوی داناگاز!فەرمووتان کارەبا ٢٤ ساعاتی دەبێ ئەوەتان وەک سەرکەوتنێکی سەر سوڕهێنەر پێفرۆشتین کەچی، هەر خۆتان دەڵێن ناتوانین کارەبا جگە لەنیوە زیاتر دابین بکەین نەک هەر ئەوە فەرمانبەرانی کارەبا دەڵێن ئەگەر لۆدی تەواویشمان هەبێ هەر ناتوانین چونکە ئەم تۆڕەی کارەبایە بێکەڵک بووەو بەرگەی ئەم لۆدەیە ناگرێت!جگە لەکەمی وبێکەڵکی محاویلەکان!دەڵێن داهات زیاد دەکەین کەچی شارەزایان دەڵێن گۆڕینی گازوایل کە تێچووەیەکی زۆری هەیە بۆ گاز کەهەرزانترە زیاتر لە ٢٥٠٠دووملیار وپێنج سەد هەزار دۆلارمان مانگانە لەخەرجی بۆ دەگەڕێتەوە کەچی ئێوە نایکەن!پاڵاوتەیەک لەدوکان ئامادەیی تەواوی هەیە کە هەرزانتر بەرهەمەکان دابین بکات کەچی مۆڵەتی پێنادەن!دونیایەک دۆلارتان داوە بە کۆمپانیاکانی خۆتان بەقەرز کەچی ئێستا کە حکومەت موفلیسە پارەکەش ناگێڕنەوە،هەر بۆ نمونە ٦٠٠ملیۆن دراوە بەکۆڕەک وچەردەیەکیش بە کۆمپانیای نالیا وچەندین کۆمپانیاو کەسی ترهەر وەک لەڕاگەیاندنەکاندا چەندیجار باسکراوە!!باج لەسەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک دەرمان،پاکەت ،نەوت کەم یان هەر دانانێن!!داهاتی گۆمرگی سنوورەکان ١،٥٠٠ملیاردینارە مانگانە بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەماڵپەڕی پێنوسەکاندا بلاوکراوەتەوە کەچی ٧٢ملیۆن دەچێتە خەزێنەی حکومەتەوە!!...دەیان ودەیان شتی تر...
خەریکەبێمتمانەیی دەمان کوژێ؛
بەدەیان ملیارد دۆلارتان لەبانکەکانی ووڵاتانی دەرەوە داناوەو کەچی دەڵێن بەڕاستی حکومەت پارەی نییە!ئەی ئەم پارانە کە کۆنسوڵی ئەمریکا لەعێڕاق بە ٨٠ملیاردی ئەژمارکردووە ودەڵێ بەشی بەڕێوەبردنی سێ ساڵی حکومەتی هەرێم دەکات،لەکوێوە هاتووە!بۆ نایانهێننەوەو ئەم قەیرانەی پێ چارەسەر بکەن.شەش کۆمپانیاکەتان کە کۆنسۆڵی ناوبراو ئاماژەی پێداوە کە زۆربەی هەرەزۆری بازاڕوبازرگانی ئەم نیشتمانەیان قۆرخکردووە وخاوەنی دەیان ملیارد دۆلارن بۆ مووچەی هەرهیچ نەبێ هێزی پێشمەرگەی پێ دابین ناکەن کە پارێزگاری لە سەروماڵ وناموس ودەستەڵاتی ئێوەدەکەن !کەچی دەچن داوا لەووڵاتان دەکەن یارمەتیتان بدەن موفلیسن!!ئەوانیش هەر ئاوایان وەڵام داونەوە وپێیان ووتوون بەهێنانەوەی پارەکانتان چارەسەری ئەم قەرانە بکەن!!
ئیدی بەم هەموو ڕاستیانەوە کە نازانین قسەی دوێنێتان باوەڕ پێبکەین یان هی ئەمڕۆ!نازانین دڵ بەبەڵێنەکانی دوێنێتان خۆش بکەین یان هی ئەمڕۆ..بێمتمانەیی وێرانی کردوین بێمتمانەیی ناخی خواردوین!نازانین مناڵەکانمان کەبۆ پێڵاوو جل ومەمکۆڵەیەکی شیر هەراسانیان کردووین چۆن وبەکام بەڵێنی ئێوە ژیرکەینەوە!سەرکردەکان خواتان بێ! ئیتر بەسە نەبەڵێن دەبێ بە پێڵاوو شیر نە ئەعسابی ئێمەش لەوە زیاتر بەرگەی قسەوبەڵێنە سواوەکانتان دەگرێ هەر بینە هاڕەی کرد یان بەسەر خۆمانا یان بەسەر ئێوەدا!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست