باڵەکان یەکێتی دەفڕێنن یان هەڵی دەدێرن؟
Tuesday, 26/01/2016, 14:04
یەکێتی کۆکەرەوەی راو دونیابینی سیاسی جیاواز بووە ڕێک پێچەوانەی ئێستا،چەندین ڕێکخراوی سیاسی جیاواز لەفکرو میتۆدو فەلسەفەی حزبی لەو پەڕی چەپەوە بۆ ئەو پەڕی راست وتەنانەت هۆزو خێڵ،جێگەی خۆیان لەژێر چەتری کوردایەتی وڕزگاری نیشتمانی یەکێتیدا کردبۆوە[کۆمەڵە،بزوتنەوەی سۆسیالیستی وخەتی گەشتی(پان)]کەدواتر ئەمانەی دوایی یەکێتی شۆڕشگێرانیان پێکهێنا.واتا سەنگەرەکانیان سەرەڕای جیاوزی فکری کەهەریەکەی لەخەون وبەرژەوەندی چینێک ەوە هاتبوون خەونی گەورەی نیشتمان کۆیکردنەوە وبەرژەوەندی نیشتمانیان خستە سەروی بەرژەوەندی کەسی وحزبی.بەڵام ئێستا ڕێک بەپێچەوانەوە،ئەگەر ئەو قسانە ڕاست بن کە هەوڵێک هەیە بۆ دروستکردنی باڵ ومینبەرو گوایە هەر ئێستا دووباڵ لەناو یەکێتیدا کاردەکەن کەمن گومانم هەیە، ئەوە ڕێک هەوڵێکە بەپێچەوانەی فەلسەفەو زەرورەتی دروستبوونی یەکێتی وئامانجەکانی.دەزانم دوو یان زیاتر لە گردبوونەوەی بەرژەوەندیخوازانە هەیە لەناو یەکێتیداو هەر ئەوان یەکێتیان بەرەو لاوزی بردووەو تائەو جێگایەی متمانەی کادیران وجەماوەرەکەی تائاستیکی ترسناک هاتۆتە خوار.بەڵام کەدەگوترێ باڵ ئەوە پێناسی خۆی هەیەو بریتیەلە ڕێکخستنێکی جیاواز لەناو ڕێکخستنە بنەڕەتەکەدا وسەرکردایەتی ولق و پۆپی تایبەت بەخۆی دەبێ وفەرمان وڕێنوێنی و تەنانەت میتۆدی سیاسی کارکردنی خۆی هەیە کە من ئەمانە هیچ نابینم وئەوەی دەیبینم چەند کەسێک لەدەوری بەرژەوەندی گروپەکەیان ئاڵاون وخەریکی ململانێن لەسەر پشکەکانیان ئەوانیش بەپەنجەی دەست دەژمێررێن ولەخوارەوە کەمترین لایەنگیریان هەیەو زۆربەی زۆری کادیران وئەندامانی یەکێتی دژی ئەم ڕەوتەن لەکارکردن وڕەخنەو گلەییەکانیشیان نەشاردۆتەوەو بە ئاشکرا لە تی ڤی وڕۆژنامەو کۆروکۆبوونەوەکاندا هێرش دەکەنە سەر ئەم گروپانەو ڕێگەی بەردەوامیان لێدەگرن کە ڕێگەی وێرانکردنی یەکێتیە و یاریکردنە بە خەون وخوێنی ئەم گەلە.لەدوای کۆنگرەی یەکەمی یەکێتیش هەوڵی دروستکردنی مینبەر درا بەڵام بەحیکمەتی مام جەلال یەکێتی ناویەکێتی کرا بەبیلبیلەو پاراستنی ئەم بیلبیلە بوو بەئەرکی پیرۆزی یەکێتیەکان وسەرکەوتووش بوون.
یەکێتی زەرورەتی بوونی ماوە؟
ئەوە زەرورەت بوو ئەوێ ڕۆژێ یەکێتی دروستکرد،زەرورەتی پاراستنی نەتەوەیەک لە لەناوچووون،زەرورەتی وەرگۆڕینی عێڕاق لەدیکتۆریەتەوە بەرەو سیستمێکی دێموکراسی وفرەحزبی،ئازادی ومافی مرۆڤ ولەکۆتاییدا هێنانەدی خەونە گەورەکە،دەوڵەتی کوردی،ئێستا هەنگاوی گەورەمان بڕێوە بەڵام ڕوووداوەکان ،جینوسایدکردنی یەزیدیەکان بەشێکی ڕەسەنی گەلەکەمان،شەڕی لەناوبردنی کوردستانی خۆراوا و وێرانکردنی باکوور.بەرەی جەنگی تاریکپەرستانی داعش کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەترە، هێشتا هەن و پێمان دەڵێن هەڕەشەکانی سەر گەلەکەمان بەشێوازێکی تر هەر بەردەوامن،لەم لاشەوە هێشتا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە حکومەتی خزمەتگوزاری ڕستەقینە بێ هێشتا دێموکراسی وقانوون ومافی مرۆڤ گاڵتەیان پێدەکرێ،هێشتا زۆنی سەوزو زەرد بەسیمای تایبەتیانەوە زەق وزیندوون هێشتا دەهۆڵی شەڕی براکوژی زرمەی دێت وهۆکارو فاکتەرەکانی لەبەین نەچوون!کەواتا نەبوون یان لاوازی یەکێتی دەرگای چ کارەساتێکی گەورە بەسەر گەلەکەماندا دەکاتەوە؟ڕەوتی دیکتاتۆری کەبەئاشکرا هەڵپەی دەستەڵات قۆرخکردنی هەیە چۆن ئەو ڕێگریەشی لەبەردەمدا نامێنێ؟کەس دەتوانێ پێشبینی ئەو کارەساتانە بکات کە لەغیابی یەکێتیدا ڕودەدەن؟پەرلەمان کە ئێستا ئەتک کراوە چی بەسەردێ؟داهاتەکانی هەرێم کە ئێستا نادیارن بۆکام گیرفانەبانک شۆڕدەبنەوە؟کام حزب وکام ڕێکخراوە دەتوانێ جێگەو پێگەی یەکێتی پڕ بکاتەوە؟
باڵەکان یەکێتی دەفڕێنن یان هەڵی دەدێرن؟
کەواتە لەتکردنی یەکێتی و باڵ ومینبەر و.... چ شتێک دەخەنە سەر خەرمانەی سەروەریەکانی یەکێتی؟ ئایا ئەو باڵانە دوای دووکەرتکردنی یەکێتی کەدەبنە دوو سەرکردایەتی ودوو ڕێکخستن ودوو جۆر مەڵبەندو کۆمیتە یەکێتی بەرزدەکەنەوە بۆ ئاستی فڕین یان هەربەشی هەڵداشتنی یەکێتی فڕەیان دێت؟ئێستا کە ئەم دوو ڕەوتە بەرژەوەندخوازە یەکێتیان تووشی ئیفلیجی کردووە کە هێشتا بە فەرمی خۆیان ڕانەگەیاندووە دوای خۆڕاگەیاندن چی بەسەر یەکێتیدا دەهێنن؟چۆن بڕیار لەیەکێتیدا دەدەن وچۆن کێشە هەڵواسراوەکان وکێشەی نەبەستنی کۆنگرەو ....چارەسەردەکەن؟کورد ڕاستی گووتووە گوریس بەیەکلایی نەدەگەیشت دوولای دەکەنەوە!برا سەرکردە بەڕێزەکانم ئێوە کە هەریەکێکتان خاوەنی خەرمانێک سەروەرین وزەروورەتی خەبات ئێوەی هێناوەتە پێش وکوانوووی ئەزموونەکان ئێوەی خوڵقاندووە،سەرەڕای کەم وکوڕیەکانتان دەتوانن ئەم هەل ومەرجە خراپەی حکومەتیش بەباری چاکەدا بگۆڕن بۆ ناتوانن بەگفتو گۆ ی ڕاکشاوانە کێشەکانی ناوخۆ یەکلایی بکەنەوە؟تکایە بابەس بێ وهیچکە یاری بەهەست وسۆزی کادیران مەکەن وئەوە خۆشەویستی یەکێتیە کە یادگاری خوێنی شەهیدان وحیکمەتی مام جەلالە کە سەبری بەوان بەخشیوە و دانیان بەخۆیاندا گرتووە ،ئەوەش سنوری هەیەو تکادەکەین لەوە زیاتر یەکیتیەکان ماندوومەکەن وکۆتایی بەم مردنە لەسەرخۆیەی حزبەکە بهێنن کە مردنی دێموکراسی وئازادی وهەڵبزرکانی خەونی دەوڵەتی کوردیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست