تەقینەوەکانى سعودییە و کیمیابارانکردنى هەڵەبجە
Wednesday, 06/07/2016, 21:05
کاتێک حیزبى بەعس بە سەرکردایەتى (سەدام حسین) بڕیارى کیمیابارن کردنى هەڵبجەى دا، لە ماوەى تەنیا دوو ڕۆژدا (5000) هەزار بووە قوربانى، دەوڵەتە ئیسلامی و ڕێکخراوە ئیسلامیەکانى ئەو کاتە هیچیان دەنگى ناڕەزایەتیان بەرز نەکردەوە بۆ ئیدانەکردنى ئەم کارە نامرۆڤایەتیە، هیچ کام لەو دەوڵەت و ڕێکخراوانە لە بەرژەوەندى کورد تەنانەت بەیاننامەیەکیشیان دەرنەکرد!، زیاتر لەم بێدەنگیەش بوونە پاڵپشتى حکومەتى ئەو کاتى عێراق.
( ڕێکخراوى کۆبوونەوەى ئیسلامى، ڕابیتەى جیهانى ئیسلامى ، ڕێکخراوى هاریکارى ئیسلامى، ڕێکخراوى ڕزگارى خوازى فەلەستینى ، یەکێتى زانایانى جیهانى،ئیخوان موسلیمین، وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەب) هەموو ئەمانە بێدەنگیان هەڵبژارد لە کاتى هاتنە دەنگیشدا پاڵپشتى تاوانبارى فعلیان دەکرد نەوەک قوربانیانى بێ تاوان، بە جۆرێک هەڵویستیان دەنواند وەک ئەوەى قوربانیەکان تاوانبارن.
با بڕوانین لە بە یاننامەى جامیعەى وڵاتانى عەرەب ، کە لە (13/ئەیلولى/1988) دەریانکرد ، یان بڕوانین لە هەڵوێستى وەزیرانى دەرەوەوى وڵاتانى عەرەب دواى چەند ڕۆژێک لە کارەساتى کیمیاباران کردنى هەڵەبجە ، سەرجەمى وتەکانیان لەمەدا کورت دەکرێتەوە کە وتیان (ئیدانەى ئەو هەڵمەتە جیهانیەى ڕاگەیاندنەکان دەکەین، کە هەوڵى شێواندنى دەستکەوتەکانى عێراق دەدەن!) ، تەنانەت (یاسر عرفات) لە 20/ئەیلولى/1988 و ڕاستەوخۆ دواى چەند ڕۆژێک لە کیمیابارانکردنى هەڵەبجە لە بەیاننامەیەکى فەریمیدا وتى ( ڕگەیاندنەکانى ئەمریکا سومعە و دەستکەوتەکانى عێراق دەشوێنن، هەڵمەتەکانیان بێ بنەمان و عێراق چەکى کیمیاى بەکار نەهێناوە!)، بەدەر لەم بەڵگانە دواى چەند ڕۆژ لە کارەساتى هەڵەبجە (وەزیرانى دەرەوەى دەوڵەتانى ئیسلامى) لە (عمان) کۆبوونەوە و ڕەتیانکردەوە هیچ هەڵوێستێکى دژیان هەبێت بەرامبەر ئەم کارە وەحشیگەرییەى حکومەتى عێراق.
جێگەى خۆیەت بپرسین هۆکارى ئیدانەنەکردن و پشتگیرى کردنى حکومەتى ئەوکاتى عێراق لەبەر چى بوبێت؟ ئایە لەبەر ئەوەى خودى (سەدام) ئیسلام بوو؟ یان بەواتایەکى تر تاوانبارى ئیسلام ئیدانەناکرێت؟ یان لە خودى (سەدام) دەترسان ؟ ئێ خۆ کوردەکانیش وەک هاوڵاتیانى (بۆرما_فەلەستین_ئیخوانموسلیمین) ئیسلام بوون؟ یان ترسى تێکچوونى بەرژەوەندییە سیاسیەکانیان بوو لەگەڵ عێراق؟ یان کورد هیچ سودێکى بۆ ئەو دەوڵەت و ڕێکخراوە ئیسلامیانە نەبوو؟ بەڵام ئەوەى لە ئێستادا جێگاى تێڕامانە ئیدانە کردن و دەرکردنى بەیاننماى فەرمى سەرجەم ئەم ڕێکخراوى دەوڵەتانەیە بۆ تەقینەوە و قوربانیەکانى 4/7/2016 ى سعودییە، لاى ئەوان قەبارە و کاریگەرى ئەو تەقینەوەیە گەورەترە لە کارەساتى هەڵەبجە کە (5) هەزار کوردى کردە قوربانى؟
هەموو ئەمانە لە لایەک بەڵام کاتێک ئێمە دەزانین، خودى کوردیش ئیسلام بووە و ئەوەش هەڵوێستى دەوڵەتانى ئیسلامى و ڕێکخراو یەکێـتى زانایانیان بووە بەرامبەرى ، بۆچى دەبێت هێزە ئیسلامیە کوردییەکان زۆر جار هێزە کوردییەکانى دەرەوەى پارتى ئیسلامیش، هاوخەمى و پشتگیرى خۆیان دەرببڕن بۆ قوربانى و هێرش و تەقینەوە و کارەساتەکانى ناوخۆى ئەم دەوڵەتە ئیسلامیانە ، چ پێویست دەکات بەناوى بەرگریکارى لە ئاینى ئیسلام ، لە مەڕ قوربانى دانى فەلەستینیەک بێتە دەنگ، کە بینیمان هەوڵوێستى (یاسین عرفات) لە (1988) دا لە برى پشتگیرى بی َتاوان بکات هات پشتى تاوانبارى کرت، چ پێویستە دەکات پارتە ئیسلامیەکان لەمەڕ گیرانى سەرکردەیەکى (ئیخوان موسلیمین) بەیاننمامە دەربکەن کە لە ڕابردوو ئێستاشدا لە سەر ئاستى باڵا و فەرمى سەرکردە و ڕێکخرواێکى ئیسلامى میسرى دەنگى ناڕەزایەتى بۆ کارەساتەکانى کورد بەرز نەکراوەتەوە، زەرورە ئەم پارتە ئیسلامیانە لەمەڕ تەقینەوەیەکى سعودییە هاوخەمى دەرببڕن و بکەنە ئیدانەکردنى کە هەرگیز لە مێژووى ئێستا و ڕابردوویدا سعودییە بە تەنیا وشەیەک دانى نەناوە بە گەلى کورد و ئەو زوڵمەى لێکراوە!.
پێویستە کوردلەسەر بنەماى (مامەڵەى هاوشێوە) کار بکات، پێویستە ئاین لە خزمەتى سەرخستنى مەهامە نەتەوەییەکەیدا بخاتە گەڕ نەک نەتەوە بکاتە ئامرازى سەرخستنى پەیامە دینیەکەى ، پێویستە پارتە ئیسلامیەکانى کوردستان وەک چۆن هاوخەمى بۆ فەلەستینى و سعودى و بۆرمایى و میسریەکان دەردەبڕن بەهەمان شێوە هاوخەمیەک بۆ قەتڵوعام و کوژران و سەربڕینى (ئێزیدیەکان) یش دەرببڕن، من لەگەڵ ئەوە دانیم دژى هیچ مرۆڤێک بوەستینەوە جا ئیسلام بێت ، یان مەسیحى یان یەزیدى تەنانەت بێدینیش بێت، بەڵام مەهامى نەتەوەیى و خۆشەویستى نیشتیمان ئازارم دەدات هاوخەمى و پشتگیرى بۆ دەوڵەتێک یان هاوڵاتیانى دەوڵەتێک دەرببڕم کە سەردەمانێک لە مەڕ قەتڵوعامکردن و ئەنفالکردن و کیمیابارنکردنى نەتەوەکەم نقەیان لێوە نەهاتووە، نەک تەنیا ئەوە بەڵکو ئیدانەى نەتەوەکەمیان کردووە و بوونەتە پاڵپشت و هاوڕایى لەگەڵ ئەو هێزەى هەوڵى سڕینەوەى ناسنامە و جوگرافیا و کلتور و زمان و مێژووى منى داوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست