کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گرنگى زمانى جەستەى کاندیدەکان لە مێژووى هەڵبژاردنەکانى ئەمریکادا لە ساڵى (1960هەتا 2012). (بەشى دوانزەهەم)

Thursday, 23/06/2016, 18:10


هەڵبژاردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەنجام دەدرێت، ئەم هەڵبژاردنە بە پرۆسەیەکى ورد و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت، هەر یەکە لە پارتى ( کۆمارى و دیموکرات)ى چەند کاندیدێک بۆ ئەم پرۆسەیە دیارى دەکەن ،  لە دەر ئەنجامى کێبڕکێى یەکتریدا لە کۆتایدا تەنیا دوو کاندید دەمێننەوە کاندیدێک لەسەر پشکى کۆمارییەکان و کاندیدێکى تر لەسەر پشکى دیموکراتەکان دەبێت، لەم کێبرَکێیەشدا تەنیا یەک کاندید دەچێتە کۆشکى سپى و بەفەرمى دەبێتە سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، هاوکات پروپاگەندەى هەڵبژاردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ئێستادا لە قۆناغەکانى سەرەتایدایە و بڕیارە لە (8/11/2016) ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت، هەروەها ئەم هەڵبژاردنە گرنگى و بایەخێکى زۆرى هەیە نەک تەنها لە ئەمریکا بەڵکو لە تەواوى جیهاندا کاریگەرى هەیە و سەرجەمى دەوڵەتان بە چاوى بایەخەوە لەم پرۆسەیە دەڕوانن، چونکە پۆستى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ، یەکێکە لە دەسەڵاتە هەرە گرنگەکانى ئەمریکا ، بە حوکمى ئەوەى سیستەمى سیاسى ئەو وڵاتە سیستەمى سەرۆکایەتیەو ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاش هەتا ئێستاش لەسەر ئەم ئەستێرەیە یەکەمین دەوڵەتى زلهێزە له سەرجەمى بوارەکاندا لە لوتکە و گەشە دایە و هیچ دەوڵەتێک بە تەنیا ناتوانێت بچێتە سەنگەرییەوە هەر لەبەر ئەوە سەرۆک کاریگەرى مەزنى بەسەر سیاسەتى ناوخۆ و دەرەکى ئەمریکا و وڵاتانى دیکەى جیهانەوە  هەیە.

گرنگى زمانى جەستەى کاندیدەکان لە مێژووى هەڵبژاردنەکانى ئەمریکادا لە (1960هەتا 2012).
 یەکەم:  هەڵبژاردنى (1960) و  ( جۆن کەنەدى و ڕیتشارد نیکسن) بە نمونە
هەر لە شەستەکانى سەدەى بیستەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا ، زمانى جەستە بووە بابەتێکى گرنگ و هەستیار بە تایبەتى لە سەرو بەندەکانى هەڵبژاردندا، بە شێوەى زانستى و ئەکادیمى لە چوارچێوەى ناوەندى ڕێکخراو باڵا و لەسەر ئاستى کەسانى خاوەن بڕوانامەى بەرز لێکۆڵینەوە و وردبینى و بە دواداچوون بۆ ئەم بابەتە کرا، بە هێزترین و بەرچاوترین کەسیش کە لەو کاتەدا وەک کاندێکى بەهێز و بەتواناى جەستەیى دەرکەوت ( جۆن کەنەدى _35مین سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا) بوو  کە لە ساڵى (1960) و لە تەمەنى (43) ساڵیدا، لە لایەن حیزبى دیموکراتەکانەوە هەڵبژێردرا بۆ سەرۆکایەتى ئەمریکا و هاوکات هەر بە هۆى توانا جەستەییە سرنجڕاکێشەکانیەوە بوو، کە جەنگى هەڵبژاردنى لە  لە ( ڕیتشارد نیکسۆنى) ڕکابەرى بردەوە و بوو بە یەکەمین سەرۆکى گەنج و یەکەمین سەرۆکى کاسۆلیک لە مێژووى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا، زۆرێک لە شارەزا و پسپۆڕە ئەمریکیەکانى ئەم بوارە درکیان بەوە کرد کە شکست هێنانى ( ریتشارد نیکسن) بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە خاوەنى جوڵەو ئاماژە گەلێکى نەگونجاو ساردوو سڕ بوو لە بەرابمەر ( جۆن کەنەدى) کە تواناى بەستنى پەیوەندى گەرم و گوڕ و متمانە پێکراوى نەبوو لەگەڵ جەماوەرەکەیدا، بە پێچەوانەوە ( جۆن کەنەدى) لە ڕوانین و تەماشا کردنیدا متمانەى لێدەچۆڕا، 
دووەم: هەڵبژاردنى ساڵانى (1968 و 1972) و (ڕیتشارد نیکسن) وەک پاڵەوانى ئەم ماوەیە! لە بەرامبەر هەر یەکە لە (هۆبیرت هەمفرى _ کاندیدى دیموکراتەکان) جۆرج وۆلەس _ کاندیدى سەربەخۆکان)  .
بەڵام ئەوەى جێگاى سەر سوڕمانە ئەوەیە ( ڕیتشارد نیکسن) هەر لەم دۆخەدا نەمایەوە کە لە هەڵبژاردنى (1660) دا هەستى پێدەکرا،  دواى ئەوەى ( جۆن کەنەدى) لە سەر ساحەى سیاسى ئەمریکا نەما ، ( نیکسن) پێداچوونەوەیەکى جدى بە گوتار و جوڵە و ڕەفتاریدا کردەوە، ڕاوێژکارى بە توانا لە پشتیەوە ڕاهێنان و پێداچوونەوەى گرنگیان بۆى کرد، ئەویش دواى ئەوەى زۆرێک پێیان وابوو شکستەکانى لە بەرامبەر ( جۆن کەنەدى) بۆ لاوازى ڕاوێژکارەکانى دەگەڕایەوە، هەر بۆ ئەم مەبەستە لە هەڵبژاردنى (5ى نۆفەمبەرى 1968) خۆى کاندید کردەوە و لە بەرامبەر هەر یەکە لە ( هۆبیرت هەمفرى _ کاندیدى دیموکراتەکان) و (جۆرج وۆلەس _ کاندیدى سەربەخۆکان) ، توانى سەرکەوتن بەدەست بهێنت ، بەڵام ئەوەى تیبینى دەکرێت بەهێزى کاندیدى دیموکراتەکا ن( هۆبیرت هەمفرى)  لە بەرامبەریدا بە جۆرێک بوو تەنیا بە (0.7) جیاوازى هەبوو لەگەڵ ( نیکسن) دا، هەرچەندە ( هەمفرى) نەیدەتوانى خۆى کۆنتڕۆڵ بکات و توڕە بوون و بێزارى لە تایبەتمەدییە دیارەکانى سەر جەستەى بوون، بەدەر لە توڕە بوون و بێزارییەکانى  (جۆرج وۆلەس) بەدەگمەن لە دیبەیتێکدا دەبینرا توڕە نەبێت هەستى بێزارى و بێتاقەتى بە جەستەیەوە دیار نەبێت ، هەر یەکە لە ( جۆرج وۆلەس و هۆبیرت هەمفرى) بەوە دەناسرانەوە زۆربەى کات دەستیان بەرز دەکردەوە و لە شێوەى بۆکسدا بەنجەکانى دەستاین  کۆ ئەکردەوە و بە ڕوخسارێکى توڕە ئامێزە وە لێدوانى  ئاگرینیان دەدا، ئەوەى سەیر بوو هیچ یەکێک لە ڕکابەرەکانى (نیکسن) لە سەر بارتى کۆمارى نەبوون چونکە خودرى (نیکسن) کانیدى کۆمارییەکان بوو ، بەڵام نیکسن لەم ماوەیەدا زیاتر لە هەردوکیان لە سەر خۆتر و هێمن تر بوو هەر چەندە کۆماریش بوو لە کاتێکد کۆمارییەکان بە توند ڕەوى و خولیاى جەنگ ناسراون، بەڵام ( نیکسن) تەواو پێچەوانەى ئەو دۆخە بوو کە لە (1960) دا لەبەرامبەر ( جۆن کەنەدى) هەیبوو لە لاوازى جەستە و گوتارى زمانەوانیندا.لە  (7ى نۆفەمبەر 1972) دا بۆ جارى دووەم ( ڕیتشارد نیکسن) جەنگى هەڵبژاردن دەباتەوە ، لەم خولەدا تەواو سەرکەوتوو و بە ئەزمون و بە هێز دەر دەکەوت ، بە جۆرێک لە بەرامبەر ( جۆرج مەکگۆفەرن) توانى بە (23.2) خاڵ لە پێشیەوە بێـت و شکستى پێبهێنیت، ئەویش لەبەر ئەوەى ( مەکگۆفەرن) یەکێک بوو لە کاندیدە لاوازەکانى دیموکراتەکان و هاوکات کەسێکى ناچالاک و ناکۆمەڵاەیتى بوو ، لە کەمترین حاڵەتدا پێکەنین لەسەر لێوەکانى دەبینرا و بە شکڵ و شێوە لە کەسێکى بە تەمەن و ناسرنجڕاکێش دەچوو، زۆرێک لە توێژەرانى ڕێبازى زمانى جەستە دەلێن لە ئێستادا کاندیدى دیموکراتەکا ( ساندەرز) هاوشێوەى ( مەکگۆفەرن) دەربرین و ئاماژە دەکات ، بەڵام ئەزمونى سیاسى و ستراتیژیەتى ورد و هێمنى و لەسەرخۆى و تێڕامانى وردى لە دۆخەکان واى کردووە بەهێزتر لەو دەر بکەوێت، لێِرەدا ئەوەى گرنگە بوترێت ئەوەیە ( زمانى جەستە) لە دۆخێکى چەقبەستودا نامینێتەوە ، هەروەک چۆن ( نیکسن) لە  هەڵبژاردنى (1970) کاندیدَکى لاواز و بێ ئەزمون و شڵەژاو بوو ، بەڵام لە هەڵبژاردنى (1968) دا بە شێوەیەکى بەرچاو گۆر ِان لە جەستە و ئاماژە و دەرکەتنیدا بەدى کرا ، هەتا لە هەڵبژاردنى (1972) بە لوتکە گەیشت و باشترین ئەدا و جوانترین دەرکەوتنى هەبوو.
سێهەم: هەڵبژاردنەکانى ( 1980 و  1984 ) و کارایى زمانى جەستەى (ڕۆناڵد ڕیگان) لەبەرامبەر ( جیرمى کارتەر_ کاندیدى دیموکراتەکان ) و ( جۆهن بى ئەندرستون _ کاندیدى سەربەخۆکان ).
لە (4 ى نۆفەمبەر 1980) دا و لە (6ى نۆفەمبەرى 1984) دا ، لە دوو خولى هەڵبژاردندا (ڕیگان) توانى یەکەمى هەڵبژاردنەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەدەست بهێنیت، ئەم سەرکەوتنەى ( ڕیگان) بە پلەى یەکەم دەگەڕایەوە بۆ ئەو کاراییەى لە زمانى جەستە و وتاردانیدا بەدى دەکرا، بەجەستە کەسێکى ماندوو نەبوو و بەهێز دیار بوو بێزار نەدەبوو لەوەى چەندین سەعات قسە بکات و وەڵامى هەڵویستى لایەنى مەبەستدار بداتەوە، زۆرینەى توێژەرانى زمانى جەستە ناتوانن لە ڕۆَڵى بەهێزى ئەم کەسێتیە سیاسیەى ساڵانى هەشتاکانى ئەمریکا کەم بکەنەوە، لە هەڵبژاردنى ساڵى (1980) دا ئەوەى تێبینى دەکرێت خۆکاندید کردنەوەى ( جیرمى کارتەر)ى دیموکرات  بوو بۆ خولى دووەم ، هەر چەندە لە هەڵبژاردنى(  2ى نۆفەمبەرى 1976) توانى بەسەر ( جەنەڕاڵ فۆرد) دا سەربکەوێت بەڵام لە خولى دوووەمدا نەیتوانى لە بەرامبەر (ڕیگان) شانسى بردنەوە تۆمار بکات، کاریگەرى ( ڕیگان) لە هەڵبژاردنى (1980) دا بە جۆرێک بوو ، هەر یەکە لە ( جیرمى کارتەر_ کاندیدى دیموکراتەکان ) و ( جۆهن بى ئەندرستون _ کاندیدى سەربەخۆ ) نەیاتوانى هێندەى ( ڕیگان) دەنگ کۆبکەنەوە کە هەر بەتەنیا (50.7%) ى دەنگەکانى بەدەست هێنا کە ئەمەش بەرزترین ڕێژەى دەنگدان و بەرزترین ڕیکۆرد بوو هەتا سەددەى 21، لە کاتێکدا ڕکابەرەکانى بەهەردووکیان تەنیا (47.6%) ى دەنگەکانیان بەدەست هێنابوو، توێژەرانى زمانى جەستە دەڵێن ( ڕیگان) لە جەستەیەدا تایبەتمەندى گەلى زۆر سرنجڕاکێش هەبوون بەدەر لە دەربڕینە زمانەوانیە کاراکانى ، ئەو تایبەتمەندیانەش وەک کاریگەرى لە پێکەنیدندا، کاریگەرى لە بیرکردنەوەدا، کاریگەرى لە ڕوانینى چاوەکانیدا و چەندەها خاڵى دیکە کە بوونە یاریدەدەر لە پێدانى ڕۆڵێکى مەزن بەم کەسێتەیە سیاسیە.
چوارەم: زمانى جەستەى جۆرج بۆشى باوک لە هەڵبژاردنى (1988)دا، لە بەرامبەر ( مایک دوکۆکیسى) کاندیدى دیموکراتەکان
جۆرج ئیج دەبلیو بۆش ( بۆشى باوک) لە هەڵبژاردنى (8ى نۆفەمبەرى 1988) دا بە شێوەیەکى زۆر کارا و کاریگەر لە بەرامبەر ( مایک دوکۆکیسى) کاندیدى دیموکراتەکاندا دەردەکەوت، بۆش خاوەن باڵایەکى بەرز و ڕێک و سرنجڕاکێش بوو، بە پێچەوانەوە ( دۆکۆکیس) بە شێوە هێندەى ( بۆش) سرنجڕڕکێش نەبوو ، زیاتر وەک ڕۆژهەڵاتیەک دەردەکەوت، بەم شێوەیە جوڵە و ڕێکخستنە جەستەیى و دەرکەوتەى ئاماژەکانى نەبووە پێدراوێک بۆ پێدانى چانسى سەرکەوتن بەم کاندیدە ، لەبەر ئەمە بۆش بە (7.7) لە پێشیەوە بووە براوەى یەکەم، دەبینین ( بۆش)ى باوک لە بەرامبەریدا جیاواز تر و ڕۆح سوکتر و کاریگەرتر دەردەکەوت، بەڵام ( بۆشى باوک) لە هەڵبژاردنى خولى دووەمدا ڕکابەرەکەى زۆر لە ( دۆکۆکیسى) بەهێزتر بوو ، ئەویش( بیل کلینتن ) بوو کە توانى دوو خولى هەڵبژاردن ببباتەوە،بە (5.6) پلە کەوتە دواى (بیل کلتنەوە)،  ڕاستە ( بۆشى باوک ) لە هەڵبژاردنى (3ى نۆفەمبەرى 1992) نەیتوانى بۆ خولى دووەم جەنگى هەڵبژاردن بباتەوە بەڵام لە دواى دوخولى ( بیل کلتن) (بۆشى کوڕ) لە سەر شانۆیى سیاسى ئەمریکا دەردەکەوێت و کە بە جەستەو جوڵە بەهێز و سرنج ڕاکێشەکانى دووخولى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکاى بەدەست هێنا، بەڵام سەیر ئەوەیە لە ئیستادا و لە هەڵبژاردنى (2016) دا ، (جیب بۆش) براى بۆشى کوڕ بە جەستەیەکى لاواز و بێتاقەتەوە دەر دەکەوێت کە هەر لە سەرتاوە نەیتوانى کێبرکێکارێکى بەهێز بێت کە جانسى بردنەوەى هەبێت بۆ پۆستى سەرۆکایەتى ئەمریکا .
پێنجەم: هەڵبژاردنەکانى ساڵانى (1992 _1996) و زمانى جەستەى (بیل کلینتون) لە بەرامبەر هەر یەکە لە (بۆشى باوک، بۆب دۆڵ، ڕۆس پیرۆت)
زمانى جەستەى ( ڕیگان) لە هەشتاکانى سەدەى بیست و زمانى جەستەى ( کلینتون) لە نەوەدەکانى هەمان سەدەدا ، زیاتر لە هەموو کاندیدەکانى دیکە جیگاى مشتومڕ و قسە لەسەر کردن بوون، بە جۆرێک توانا و جوڵە و ئاماژە و دەرکەتنەکانیان هەتا ماوەیەکى زەمەنى درێژ لە زیهنى هاوڵاتیانى ئەمریکادا کوێر نابیتەوە، بە جۆرێک هەر یەکێک لەم دوکاندیدە بە وریاى و چست و چالاکیان دەناسرێنەوە، هەر وەک دەببینین چۆن لە هەڵبژاردنى ( 3ى نۆفەمبەرى 1992) دا ( بیل کلینتن) چۆن دەبێتە بەربەست لەبەردەرم دووبارە بەدەست نەهێنانەوەى پۆستى سەرۆکایەتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەبەردەم ( بۆشى باوک) دا ،  بە جۆرێک لەم خولەدا توانى (43%) ى دەنگەکان بەدەست بهێنیت بەمەش  (5.6) پلە پێش (بۆش) کەوت ، ئەمە لە کاتێکدا ( بۆشى باوک) زیاتر ئەزموندار بوو بە حوکمى ئەوەى خولێکى ( 4) ساڵى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بوو، بەڵام لەبەرامبەر (کلینتون) دا نەیتوانى جەنگى هەڵبژاردن بباتەوە،  بەپێچەوانەوە ( بیل کلینتون) لەگەڵ مانەوەى زیاترى لە پۆستەکەیدا توانى زیاتر لە خولى یەکەم سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بە جۆرێک لە خولى دووەمى هەڵبژاردنیدا و لە (5ى نۆفەمبەرى 1996) توانى سەرکەوتوانەتر دەربکەوێت و (49.2%) دەنگەکان بەدەست بهێنیت و بە (6.2) پلە  بەراورد بە خولى یەکەم بەرەو سەرەوە ڕۆیشت و (9.9) پلەش لە پێش ( بۆب دۆڵ) ى ڕکابەرییەوە بوو،  شایەنى باسە (ڕۆس پیرۆت) کاندیدى ڕیفۆرمەکان لە هەردوو خوڵى هەڵبژاردنى (1992_1996) خۆى کاندید کرد، ئەم کاندیە جەستەیەکى شپرزەو ناهاوسەنگى هەبوو، زۆرینەى کات شێوازى بە پێوەوەستان و دانیشتنى نەگونجاو بوو، زیاتر لاواز و نا ئەکتیف و بێهێز دەردەکەوت و پیرێکى بێ جوڵەى بێ کاریگەر بوو، هەر بۆیە بەراورد بە هەڵبژاردنى (1992) (10.5) پلە دەنگەکانى دابەزی و بۆ جارى دووەم شکستى بۆخۆى تۆمارکرد، پێویستە خاڵێک لەبەر چاو بگرێن ناساندنى (بیل کلینتۆن) وەک کاندید و سەرۆکیکى کارا لە بوراى زمانى جەستەدا بۆ هەموو دۆخەکان و کاتەکان ڕاست نیە ئەوەى خرایە ڕوو وێنەیەکى گشتیە، حاڵەتى ڕیزپەڕیش هەیە نەک بۆ ئەو بەڵکو بۆ هەموو سیاسیەک و کەسێتیەک بۆنمونە گەر ساتە وەختى دادگایى کردنى (بیل کلینتۆن) وەربگرین بەهۆى ئەو باڕووچونەوەى توشى هات لە خولى دووەمى سەرۆکایەتیەکەیدا دەبینین لە ناو هۆڵى دادگایکردنەکەیدا زۆر لاواز دەردەکەوت شارەزایان (26) جار دەستبردنى (بیل کلینتۆن) یان بۆ لوتى بە ئاماژەى درۆکردن تۆمار کردووە، ئەمە لە لایەک لە لایەکى تر ئاماژەى زۆرى (کلینتون) بە لێَوەکانى و گەستنى زۆرى لێوەکانى ببووە خاڵێکى ئەرێنى بەسەر جەستە و ڕوخسارییەوە بە تایبەتى لە کاتى توڕە بوون و بێزار بووندا ئەم ئاماژەیەى زۆرینەى کات لەسەر دەردەکەوت.
شەشەم: زمانى جەستەى جۆرج بۆشى کوڕ لە هەڵبژاردنى ساڵانى (2000_2004) دا، لە بەرامبەر (ئەل گۆرى) کاندیدى دیموکراتەکان و (جۆن کیرى) کاندیدى کۆمارییەکان
    هەڵبژارردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا لە (2000_2004_2008) ، دەر فەتێکى بێوینەیان ڕەخساند هەتا گریمانەى زمانى جەستە و کاریگەرى ئەم زمانە لە پرۆسەى پەیوەندى کردندا ، بە شێوەیەکى ئەکادیمى و باوەڕپێکراو بسەلمێنن، ( دانیاڵ کاساسانتۆ) پڕۆڤیسۆرى یاریدەدەر لە نیۆرک و ئەندام لە لە پەیمانگاى ( ماکس پلانگ) لە هەڵبژاردنى ( 2004) و ( 2008) دا هەموو تواناکانى خۆى خستە گەڕ بۆ سەلماندنى گرنگى زمانى جەستەى کاندیدەکانى سەرۆکایەتى ئەمریکا و لە بردنەوە و دۆڕانیاندا ،پێشوەخت گریمانەى شکست و سەرکەوتنى دیارى دەکرد و هۆکارى هەر بردنەوە سەرکەوتنێکیشى دەبەستەوە بە گرنگى  زمانى جەستەى کاندیدەکان.
جۆرج دەبلیو بۆش (بۆشى کوڕ) یەکەمین سەرکردەى سەدەى بیست و یەکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایە و یەکەمین سەرۆکیشە کە لە دەستپێکى ئەم سەدە نوێیەدا دوو خولى هەڵبژاردنى بردەوە ، دیسانەوە یەکەمین سەرکردەیە کە لە مێژووى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا لە ژێر پرۆسەى دیموکراسى و دەستاودەستکردنى دەسەڵاتدا دواى (8) ساڵ لە کۆتایى هاتنى دەسەڵاتى باوکى بوو بە سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ئەم سەرکردەیە جیاوازتر لە زۆرینەى سەرکردەکانى تر ببووە سەرکردەیەکى چوست و چالاک ، بە پێى بارودۆخەکان تواناى وەڵامدانەوە و خۆگونجاندنى هەبوو ، بە جۆرێک وەک کەسێکى بە سام و توند ئامێز دەردەکەوت، بەدەر لەوەى زۆر ڕاستگۆیانە تەعبیرى لە زادە و بیر و عەقڵى خۆى دەکرد و بێباکانە دەربڕینەکانى دەگەیاندن و زمانێکى جەستەى ئاشکراو ڕوونى هەبوو، چەند سیاسیەکى توڕە و هەڵچوو بوو دوو ئەوەندەش ڕۆمانسى و ڕۆخۆش و هاوسەنگ بوو هەر ئەم خاسیەتەشى زیاتر ویستراو دڵگیرترى دەکرد لە لاى زۆرینەى هاوڵاتیانى ئەمریکا، دەر ئەنجامەکەیشى لە هەردوو هەڵبژاردنى ساڵانى (2000 و 2004) دا دەرکەوت، وەک دەبینین لە هەڵبژاردنى (7ى نۆفەمبەرى 2000) دا ، لێهاتوانە بەرامبەر ( ئەل گۆرى) کاندیدى دیموکراتەکان بە لە (47.9%) توانى سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، هەرچەندە ناکرێت چاو پۆشى لە ڕۆڵى سەرکەوتوویى ( گۆرى) بکەین کە تەنیا بە (0.5) پلە لە دواى ( بۆش) ەوە بوو، بەڵام دروشم و بانگەشەکانى هەڵبژاردنى (بۆش) و بڕوابوونى بەهێزى بە خۆى و بوێرى و بێباکى لە هەڵبژاردنەکاندا واى کرد سەربکەوێت بەسەریدا، بەڵام ئەگەر (گۆرى) لەگەڵ هەریەکە لە ( ڕیتشارد نیکسن) بەراورد بکەین لە هەڵبژاردنى ساڵى (1968) ى (نیکسن) و ساڵى (1992) ى (کلینتون) ئەوە  (گۆرى) دەبێتە براوە چونکە (48.4%) دەنگەکانى بەدەست هێنابوو ، کە زیاتر بوو لە دەنگى بەدەست هاتووى هەریەکە لە ( نیکسن و کلینتن) لە خولى یەکەمى سەرۆکایەتیاندا. بەڵام ئەوەى شکستى هێنا بە ( گۆرى) ڕاوانینە نامۆ و فێڵاویەکانى بوون ، هەروەها نەتوانینى بەرگریکردنى بوو لە بەرامبەر هەڵچوون و هێرشە توندەکانى بۆشدا لە سەردەمى بانگەشە و دیبەیتکردنیاندا. توانا سەرسوڕهێنەرەکانى (بۆش) جارێکى تر سەرکەوتنى پێ بەخشیەوە، لە هەڵبژاردنى (2ى نۆفەمبەرى 2004) دا توانى بە (2.8) پلە دەنگەکانى زیاد بکات بە راورد بە هەڵبژاردنى ساڵى(2000) ،  (کاساسانتۆ) دەڵێت، بەرزکردنەوەى دەستى ڕاستى ( جۆرج بۆش) لە زۆرینەى دیبەیتەکاندا لە هەڵبژاردنى خولى دوەمیدا، بووە هۆکارى دەرخستنى خاڵى بەهێزى ئەم کاندیدە چوونکە بەرزکردنەوەى دەستى ڕاست ، هەڵگرى واتا و دەلالەتى ئەرێنى و کاریگەرە  و زیاتر متمانە دەدات بەو کەسەى بەکارهێنەرى ئەم ئاماژەیەیە لە حاڵەتى قسەکردندا، بەڵام بە پێچەوانەوە ( جۆن کیرى) لە زۆرینەى دیبەیتەکانیدا لە ساڵی ( 2004) دا دەستى چەپى بەرز دەکردەوە، کە ئەمەش واتا و دەلالەتى بێهێزى و لاوازى و ڕووکارى نەرێنیە لە گفتوگۆکردندا، هەر لەبەر ئەمە دەتوانین بڵێن کە ( بۆش) زیاتر لە ( کیرى) کاریگەر تر دەردەکەوت و زیاتر هەستى جوڵاندى جەماوەر وهێزى ڕاکێشانى دەنگدەرى هەبوو، بە پێەوانەوە ( کیرى) زیاتر وەک سیاسیەکى بێزار بێتاقەت و ڕەق دەر دەکەوت و جوڵە و ئاماژە و ڕەفتار و دەربڕینى زیاتر لە کۆمارییەک دەچێن نەوەک دیموکراتێکى هێمن و ئاشتى خواز، هەر لەبەر ئەمە زۆرێک لە چاودێران  بە دەربڕینێکى تەنزەوە دەیانگوون هاوڵاتیانى ئەمریکا لە نێوان دووکۆماریدا هەر بە هێزترینیان هەڵدەبژێرن.
  حەوتەم:  زمانى جەستەى ئۆباما لە هەڵبژاردنى (2008_2012) لە بەرامبەر (جۆن مەکین) و (میت ڕۆمنى ) دا
بە بڕ،اى ( کاساسانتۆ) لاوازى زمانى جەستە جارێکى تر ( جۆن مەکین) ى لە بەرامبەر ( ئۆباما) لە ساڵى (2008) توشى شکست کرد،  هۆکارى ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ ئەو لاوازى جەستەییەى ( جۆن مەکین) هەیبوو کە نەیدەتوانى لەگەڵ دەربڕینە زمانەوانیەکانى هاوسەنگیەکى باش لەگەڵ ئەندامەکانى جەستەى بگونجێنێت، بە هۆى ئەوەى لە جەنگى ڤێتنامدا هەردوو باڵەکانى پێکرابوون و بە باشى نەیدەتوانى دەست و باڵى بجوڵێنیت، هەر ئەمەش واى کردبوو کە ( جۆن مەکین) وەک کاندیدێکى جەستە لاواز دەربکەوێت لەبەرامبەر ( ئۆباما) دا نەتوانێت کاردانەوەى باڵاترى هەبێت، لە لایەکى ترەوە خاڵى لاوازى مەکین ئەوە بوو دەیویست بئ ئاگادارى (ئۆباما) و لە پشتى ئەوەوە ( ئۆباما) بچوک دەر بخات و بە ئاماژەکانى جەستەى گاڵتە بکات بە ئۆباما کە ڕکابەرى بوو، بەم شێوەیە چەند وێنەیەک بڵاو بوونەوە کە دەر ئەنجامێکى شایستەیان نەبەخشى بە ( جۆن مەکین) و وەک کەسێکى دووڕوو دەر کەوت ، بە پێچەوانەوە ( ئۆباما) ڕاستەخۆ و بێ پەردە وەڵامى ( مەکین) ى دەدایەوە، لەبەر ئەمە (ئۆباما) توانى (52.9%) ى دەنگەکان بە دەست بهێنێت و بە شێوەیەکى سەر سوڕهێنەر و بەمەش (7.2) پلە پێشى کەوتەوە، هەر پەیوەند بەم بابەتە ( دەیڤید گەڤیستن) لێکدانەوەیەکى وردى کردووە بۆ زمانى جەستەى هەر یەکە لە ( ئۆباما و میت ڕۆمنى) لە هەڵبژاردنى نۆڤەمبەرى 2012دا، ئەو دەڵێت لە زۆربەى دیبەیتەکاندا (میت ڕۆمنى) بە شێوەیەکى پەلاماردەر دەر دەکەوێـت لە بەرامبەر ( ئۆباما) کە ئەم شێوازە خاسیەتى زۆرینەى کۆمارییەکانیشە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئۆباما لە شوێنى خۆیدا دێتە گۆ و لە شوێنى خۆیدا وەڵام دەداتەوە بێ ئەوەى توڕە بێتـ یان بشڵەژێت، بە شێوەیەک ئاراستەى وەستان و قسە لەسەرکردنى لە سەر خۆبوو و زۆرینەى جوڵەو ئاماژەکانى هاوڕابووە لەگەڵ دەبڕینەکانیدا، هەر بەم تایبەتمەندییە بەرزانەش بوو توانى لە دوو خولى هەڵبژاردندا ، خەونى سەرکەوتن بەدى بهێنیت، بە پێچەوانەى ( میت ڕۆمنى) کە زیاتر ویستى زاڵدەستى هەبووە و جوڵەکانى زیاتر سەلمێنەرى هەڵچونێکى زۆر و توڕەبوونێکى زۆربوو، ئەمەش بووە پیشاندانى لاوازى ئەو پەیامە سیاسیەى دەرى دەبڕى بە گفتوگۆکردن و دیبەتکردن، ئەمە وێڕاى ئامادە سازى پێشەوەختە بۆ وتنى ئەوەى مەبەستێتى کە لە ئێستاشدا (مارکو ڕۆبیۆ) هەمان سیفەتى هەیە و زیاتر پشت بە نوسراوى سەر کاغەز دەبەستێت ، هەر لە سەر ئەم بابەتە ، شارەزایەکى دیکە بە ناوى ( کیرەن ستود) لە زانکۆى ( جۆرج مێیسن) باس لەوە دەکات (ڕۆمنى) لە ڕابردوودا بە شێوەیەکى زاڵ دەر دەکەوت و چەندەها ئاماژەى جەستەى بوونە شکست پێهێنانى وەک ( شڵەژان ، سەردانەوەاندنى زۆر، چاوتروکاندنى زۆر، هەستکردن بە ترس و هەڕەشە، سەرخستى پەیامە ڕەسمیەکانى خۆى بێ قەناعەت پێکردن، پەستان خستنە سەر لێو و هەروەها دەرکەوتنى زەردەخەنەى ساختە لەسەر لێوەکانى، سەر لەقاندنى زۆر، تێڕوانینى توڕە ئامێز، ڕوخسارێکى شەڕانى، خۆدزینەوە لە وتە و ڕەخنەکانى بەرامبەر) ، بە پێچەوانەوە ئۆباما بەو ڕادەیە توندگیر دەرنەدەکەوت، بە شێوەیەک نەدەترسا لەوەى دەیگوت نەدەشڵەژا لەوەى گوێى لێدەگرت، بە شێوەیەکى لەسەر خۆ و هاوسەنگ تەعبیرى لە وتە و ویستەکانى دەکرد، هەر بەمەش بووە سەرکردەیەکى بەهادار لە بەدەست هێنان و  پێشڕەوى کردن و سەرکردایەتى کردنى گەلى ئەمریکادا و لە هەڵبژاردنى خولى دوەمیدا توانى (51.07%) ى دەنگەکانى ئەمریکا بەدەست بهێنیت بەم شێوەیەش (3.86) پلە کەوتە پێش میت ڕۆمنیەوە ، بەدەستهێنانى ئەو ڕێژە بەرزە لە دەنگ کە لە هەردوو خولى هەڵبژاردنیدا  لە سەروو (50%) وە بوو کە ئەم ڕێژەیە تەنیا چەند سەرکردەیەک لە مێژووى (60) ساڵى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەدەستیان هێناوە کە ئەوانیش ( لیندون جونسون لە 1964، کارتەر لە 1976،  دۆناڵد ڕیگان لە هەرودد هەڵبژاردنى 1980_1984، نیکسن لە 1972، بۆشى باوک لە 1988) کەواتە ئەگەر (60) ساڵ بگەڕینەوە بۆ دواوە تەنیا ( ڕۆناڵد ڕیگان) دەبینین لە سەرو (50%) وە دەنگى بەدەست هێنابێت بەم پێیە هەتا ئێستا ( ئۆباما) یەکەمى سەدەى بیست و یەکە لەو ڕیکۆردەدا.

بۆ هەر ڕەخنە و تێبینى و پێشنیارێک لێرەوە لەگەڵمدا بن
ئیمێڵ:    [email protected]
ئەکاونت  Hawkar rafiq :

بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکاندا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە