کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە ئەمریکادا کاندیدى سەرکەوتوو دەبێت تایبەتمەندى زمانى جەستەى چۆن بێت (بەشى یازدەهەم)

Sunday, 29/05/2016, 21:00


چوارچێوەیەکى گشتى بۆ تێگەیشتن
لە هەموو دنیادا ساتە وەختەکانى هەڵبژاردن هەستیار ترین کاتە کە کاندیدە دیارى کراوەکان پرۆسەى  جوڵە و ئاماژە و دەرکەوتنەکانیان لەبەر دەم جەماوەردا ڕێکدەخەن،  تێکۆشان دەکەن بۆ ئەوەى وەک کەسانێکى میهرەبان و خاوەن هەست و سۆزى پڕ لە  نەرم و نیان دەربکەن (دەشگونجێت تونڕەوى و شەڕانگێزیان بکەنە هۆکاریک بۆ سەرکەوتنیان بە مەرجێک دەنگدەرەکانیان ئەمەیان لێبخوازن و بە پێویستى بزانن) ، بەم چەشنە کاندیدانى دیاریکراو بە موجامەلە و تێکەڵاویى و ڕەفتارە جەستەییەکانیان خۆیان یەکسان دەکەن لەگەڵ پێکهاتەکانى خوارەوەى کۆمەڵگا، بۆ ئەوەى دەنگەکانیان مسۆگەر بکەن، ئەگەر سروشتى دواکەوتووى سیاسى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کەمتر گرنگى دانى تێدا بێت لەم بوارەدا ، ئەوا لە دەوڵەتانى ئەوروپا و ڕۆژئاوادا گرنگى دان بەم بابەتە زۆر زیاتر و کاریگەرترە ،  بە تایبەت (ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا) لە گرنگى دان بەم  بابەتە بە پێشەنگ دادەنرێت بە تایبەتى لە سەروبەندى هەڵبژاردنەکاندا ، توێژەرانى سەر بە ڕێبازى زمانى جەستەى ئەمریکا، لە چوارچێوەى لێکدانەوەى ئەکادیمى و زانستى توێژینەوەکانیان دەخەنەڕوو، ئەوە دەسەلمێنن کە ئەو کاندیدە براوەیە کە باشترین مامۆستایە لە نمایشکردنى نیشانەکانى جەستەیدا، هەر لەبەر ئەمەش توێژەرانى سەر بە ڕێبازى زمانى جەستەى ئەمریکى، لە پەیمانگا و زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیە باڵاکاندا هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە بۆ خوێندنەوەى زمانى جەستەى کاندیدە ئەمریکیەکان لە کاتى بانگەشەکانى هەڵبژاردندا .
ئامادە سازى جەستەیى کاندیدەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ پۆستى سەرۆکایەتى ئەو وڵاتە
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا بە شێوەیەکى گشتى هەر کاندیدێک پێشوەختە لاى خۆیەوە ئامادە سازى دەکات بۆ پرۆسەى هەڵبژاردن و ڕێکخستى پڕوپاگەندە و کۆکردنەوەى دەنگ ، ئاماژەکانى جەستە و بزاوت و جوڵەکانیان بە شێوەیەکى وا دەنەخشێنن کە لەگەڵ بارودۆخ و کاتە جیاوازەکان بگونجێت، بۆ ئەم پرسەش ڕاوێژکارى کەسى تایبەت و شارەزاى ئەم بوارەیان هەیە،  چونکە ئەم پاڵیوراوانە زۆر شت دەڵین بە بێ ئەوەى قسە بکەن، زۆر قسە دەکەن بە بێ ئەوەى هاوسەنگى جەستەیان تێک بدەن، بەم پێوەرەش زمانى جەستەیان پێدراوێکى گرنگە بۆ کاریگەرى دانان لەسەر هەست و سۆزى دەنگدەر، هەر کاندیدێک پێش ئەوەى بە رامبەر جەماوەرەکەى دەربکەوێت، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دەرخستنى زۆرترین کارامەیى و لێهاتووى جەستەیان ، هەتا بە باشترین شێوە دەربکەون و زۆرترین لایەنى سرنجڕاکێشى لە خۆیاندا پەرە پێبدەن، هەتاوەکو چاوى دەنگەدەرەکانیان بێزار نەبێت لە بینینى جەستەی لاواز و بێ هێز و بێ توانایاندا.
  ڕوونکردنەوەیەکى پێویست  و گرنگ
 ئەو خاڵە جێگەى مشتومڕ نیە کە دیاریکردنى هەر کاندیدێک بۆ پۆستێکى هەستیارى وەک سەرۆکایەتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ، بە چەند مەرجێکى توند و ئالۆزدا تێپەڕ دەبێت و بە چەندەها فلتەر و مەرجى زانستى و مادى و نیشتیمانى و ناسنامەیەى و سیاسیى بوون ئەزموون و متمانە و ... هتد دا تێپەڕدەبێت، لە سەرو هەمویانەوە تواناى زانستى و ئاستى ئەکادیمى و خاوەن بڕوانامەى کارا ، هەتا شیاویان بکات بۆ کاندید بونیان لەم پۆستەدا، بەڵام ئەوە تەنیا لایەنێکى مەسەلەکە نیە بە تەنیا تواناى هزرى و زانستى و ئەکادیمى و پلەى باڵا و ئەزمونى کارکردن با هەر هەبێت، گەر جەستەیەکى لاواز هەبوو هیچ لەم خاڵەنە ئەرزشێکى ئەوتۆیان نامێنیت، ئەمانە مەرج گەلێکن لە پشتى پەردەوەن بەڵام لەبەر دەم کامێراکاندا ئەم مەجانە مەرجى کۆتایى نین و دەرکەوتە و نواندنەکانى مەرجى سەرکەوتنى کاندید دیارى دەکەن، زۆرینەى توێژینەوەکان سەلماندویانە کە زیاتر دەنگدەر سرنجى بەلاى ئەو کاندیدەدا دەڕوات کە زۆرترین خاڵى سرنج ڕاکیشى تێدایە جا لە جەستەیدا بێت ، یان لە جوڵە و دەربڕین و هەستەکانیدا بێت، دەنگدەر خوازیارى ئەوەیە ئەو کاندیدەى دەنگى پێدەدا کەسێکى چالاک و بەهێز و ڕووخۆش و بەتوانا بێت، هاوکات ئاماژەکانى بە جۆرێک بن بیسەلمێنت کە کاندید لە کاتى پەیڤینیدا متمانە و ڕاستگۆى لە قسەکانیدا ڕەنگدانەوەى هەبێت، تاکى ئەمریکى ئەو وشیارییەى هەیە کە هەر کاتێک بینى  کاندید لەگەڵ ئەو قسانەى دەیکات پەنجە دەبات بۆ لوتى یان سەرى دەلە قێنیت یان توشى شڵەژان دەبێت یان هەر ئاماژەیەکى تر کە ناڕاستى بوونى قسەکانى بسەلمێنیت، ئەوە ئەویش متمانەى بە دەربڕینەکاى ئەو کاندیدە نایەت و دەیکاتە بەرنامەى کارییەوە کە دەنگى پێنەدات. ( پێویستە بە وردى و زانستیانە سەرجەمى ئاماژەکان دیارى بکرێت چونکە هەموو دەستبردنێک بۆ لوت یان هەموو سەر لە قاندنێک، واتاى ناڕاستى بوونى پەیفینەکانى قسەکەرناگەیەنێت) .
بە پێى پێوەرە زانستیەکانى بوارى زمانى جەستە و بە لەبەرچاوگرتنى نوسینە زانستیەکانى ئەم بوارە، لە ئەمریکادا کاندیدى سەرکەوتوو دەبێت  زمانى جەستەى بەم چەشنە بێت : _
(پاتى وود)  ئافرەتێکى شارەزاى ئەمریکیە لە بوارى زمانى جەستەدا و خاوەنى (7) پەرتووکى زانستى لەم بوارەدا و ( بین لینى) شارەزایەکى دیکەى باوەڕپێکراوى ئەمریکىیە ، پێیان وایە کەسى پاڵێوراو بۆ پۆستى سەرۆکایەتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پێویستە چەند مەرجێکى جەستەیى تیادا بێت کە ئەمانەن:_
یەکەم: گەڕم و گوڕى لە دەرکەوتندا
  بە بڕواى ( پاتى و لینى ) ، گەرم و گوڕى کاندیدەکان لە  پێش توانایانەوە دادەنرێت، پێویستە لە دەرکەتندا گەرم بن، بێزار و سارد و سڕ نەبن، چونکە جەستە و دەرکەوتنى گەرم و گوڕ هۆکارێکى  بنەڕەتیە بۆ بە دروستکردنى  هاوڕێ و پتەو کردنى پەیوەندى زیاترى دۆستانە لەگەڵ بێگانەدا ، نا بێت بە ئاماژەکانمان هەستى بێزارى و توڕەیى لە بەرامبەر دەوڵەتێک یان ڕێکخراوێک یان گروپ و تاکێک بخەینە گەڕ، چونکە ئەمە هۆکارە بۆ دروستکردنى پەیوەندى ناباش و لاواز.
 دووەم: جەستەیەکى خاوەن هێز
لە ڕابردوودا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا چەندین کەسایەتى سیاسى هەبوون ، لە هەڵبژاردنەکاندا بە ئاماژە و جوڵەى جەستەیان ئەوەیان سەلماندوە کە کەسانى بەهێزن و باشترین تواناین هەیە لە دروستکردنى پەیوەندى  گونجاو لەگەڵ جەماوەرکەیاندا، لە نمونەى ئەوانەش ( ڕۆناڵد ڕیگان _  جۆن کەنەدى _ بیلکلتن _ بۆشى کوڕ _ ئۆباما) .
 هاوکات بە پێچەوانەوە جەستەى لاوازى ( میت ڕۆمنى و جۆن مەکین، بۆشى باوک، کیرى ، بۆب دۆلف) هۆکار بوو لەوەى ڕێگربن لە نمایشکردنى دەرکەوتنێکى هێزدار،  بە بڕواى توێژەرانى ئەم بوارە ئەداکردنى هێز و تواناى سرنجڕاکێش بە نوێنەرایەتى کردنى ئەندامەکانى جەستە دەبێتە هۆکارێکى سەرەکى بۆ دروستکردنى پەیوەندی سەرکەوتوو لەگەڵ بەرامبەردا، ئەم هێزەش زیاتر لە ئەنجامى ڕۆشتنێکى گەرم و گوڕ و وەڵامدانەوەى گونجاو لەکاتى گونجاودا و جوڵاندنى دەستەکان بە شێوەیەکى ئەرێنى و کارێگەر ڕەچاوکردنى هەموو ئەو خاڵەنەى لە کەسێکى لاوازەوە کاندید دەکەن بە کەسێکى بەهێز و خودان هێز.
 سێهەم: نەرم و نیانى لە دەربڕیندا
ئەو خاڵە هەتا ئەو ڕادەیە پێویستە کە دەربڕینەکان هێندە خاو نەکرێنەوە کە پێچەوانە ببنەوە لەگەڵ دەرکەوتنێکى ئەکتیڤ و جوڵاو بەهێز و هێندەش خێرانەبن کە وەک کەسێکى سەرشێت دەر بکەون، نمونەى ئەو کەسێتیە سیاسیە ئەمریکیانەى لە ڕابردوودا لە سەرخۆ و هێمن بوون ( کەنەدى و ئۆباما و  کلینتن) بوون ، هەر چەندە (میت ڕۆمنى) یش لە دەربڕیندا لاواز نەبوو بەڵام شڵەژاوى و توڕەبوونى ڕێگربوون لە دەرکەوتنى زیاترى ئەو لایەن ئەرێنیەى، لە ئێستاشدا ( ترامپ) یەکێکە لە کاندیدە سەر شێتانەى دەربڕینەکانى بە شێوەیەکى توند و خێرا دەر دەبڕێت و چاوەڕوانى کاتى گونجاو شوێنى گونجاو ناکات لە دەربڕینى مەبەستەکانیدا و زۆرینەى کات توشى هەڵەى پەلەکردن و خێراى دەربڕین دەبێتەوە، هاوکات ( تید کروز) یش بەهەمان شێوە ناتوانێت نەرمونیان بێت و زۆرینەى کات بە ڕقێکى زۆرەوە مەبەستەکانى دەر دەبڕێت و بە تەواوى زەخت لە جەستە و ڕوخسارى دەکات، هەر چەندە وەک پێشبینى دەکرا نەیتوانى دەنگى پێویست بهێنیت لەسەر ئاستى ویلایەتەکان و پاشکشەى خۆى لەسەر لیستى کۆمارییەکان ڕاگەیاند، بە پێچەوانەوە ( هیلارى) یەکێکە لەو کاندیدانەى بە شێوەیەکى هاوسەنگ و وتەکانى دەر دەبڕیت کە نەوەک کەسێکى لاواز و نە وەک کەسێکى سەرشێت دەر ناکەوێت.
 چوارەم: بوونى زەردەخەنەى ڕاستەقینە و خۆپاراستن لە زەردەخەنەى فێڵاوى
جۆرەکانى زەردەخەنە زۆرن، بەڵام ئەوەى سیاسیەکان زیاتر لە هەموو جۆرەکان توشى گرفت دەکات زەردەخەى دروستکراویانە ( ساختە) ، کە ئەم زەردەخەنەیەش بەوە جیا دەکرێتەوە لەگەڵ زەردەخەنەى ڕاستەقینە کە تەنیا بە لێو ئەنجام ئەدرێت و هیچ کاریگەریەک لەسەر چاو دانانێت و چرچ ناخاتە چاوەکانەوە و بە شێوەیەکى خۆیست و بە ئیرادەى کەسەکە خۆى ئەنجام ئەدرێت کە ئەمەش پێچەوانەى زەردەخەى و پێکەنینى ڕاستەقینەیە،ئەم شێوازە لە زەردەخەنە ( کروز) کاندیدى شکستخواردووى کۆمارییەکان ئەنجامى ئەدات و کەمترین کات زەردەخەنەى ڕاستەقینەى هەیە، بەڵام ( هیلارى )  کەمتر ئەم جۆرە زەردەخەنەیە دەکات، کە بەبڕواى توێژەرانى زمانى جەستە ئەم جۆرە لە زەردەخەنە زۆرترین مەترسى و کاریگەرى نەرێنى بەسەر کاندیدى هەڵبژێردراوەوە بەجێدەهێڵن، لە هەڵبژاردنەکانى کۆتاییەکانى سەدەى بیستیشدا ئەم حەڵەتانە بوونى هەبووە، (هۆبیرت هەمفرى لە هەڵبژاردنى 1968)  و (مایک دوکۆکیسى  لە هەڵبژاردنى 1988) ( جۆن کیرى لە هەڵبژاردنى 2004) ، هەرسێکیان شکستیان هێنا و هەر سێکیشیان تایبەتمەندى کەسى زەردەخەنەئامێزیان نەبوو لە کەمترین حاڵەتدا بزەیان دەکرد، بەڵام بە پێچەوانەوە هەر یەکە لە ( کلنتین و جۆن کەنەدى) یەکێک بوون لەو دوو سەرکردە ئەمرییکیەى گەرمترین پێکەنین و زەرەدەخەنەیان هەبوو لە زۆرینەى حاڵەتەکاندا.
 هەر پەیوەند بەم بابەتە ( جۆرج ئێج دەبلیو ) بەهەمان شێوە پێکەنین و زەردەخەنەى زۆرى هەبوو بەڵام زۆرترینى پێکەنینەکانى ساختەوگوماناوى بوون.
 پێنجەم: ڕاگرتنى هاوسەنگى چاوەکان
چاوەکانى مرۆڤ سێهەمین ئەندامى کاریگەرى جەستەن لە دواى دەست و لێوەکانەوە کە زۆرترین واتاى شاراوەى دەروون دەردەخەن، سەیرکردنى سەرەوە بۆ لاى ڕاست، سەیرکردنى سەرەوە بۆ خوارەوە، سەیرکردنى لاى ڕاست بە تەنیا و چەندەها ئاماژەى ترى وەک گەورە بوونى قەبارەى چاوەکان و جوڵەى نائاسایى چاوەکان ، دەلالەتى درۆکردن و شڵەژاوى دەگرنە خۆ(بە پێى تێگەیشتنى دروست و تێگەیشتن لە بارودۆخ و مەرجەکانى هەڵسەنگاندن)  بۆیە پێویستە کاندیدى سەرکەوتوو جوڵەى چاوەکانى بەجۆرێک بەکار بهێنیت کە پیچەوانە نەبن لەگەڵ دەربڕینەکانیدا، ( جۆن کیرى) کاندیدى کۆمارییەکان لە (2004) دا یەکێک بو لەو کاندیدەى زۆرترین ئاماژەى نەرێنى بە چاوەکانى دەکرد، هاوکات سەرجەمى کاندیدەکان توشى ئەم حاڵەتە بوون بەڵام زیاتر لە هەمویان لە ( کیری) دا بوو بە بابەتێکى زەق.
 شەشەم: هاوسەنگى زمانى جەستە و زمانى زارەکى
( پاتى و لینى ) دەڵێن : زۆرجار نیشانەکانى سەر جەستەمان پێش دەربڕینەکانمان دەکەون، بۆیە پێویستە بە شێوەیەک ئاماژەکانمان ڕێک بخەین کە پێچەوانە نەبنەوە لەگەڵ ئەو وتانەى دەریان دەبڕین. هەرچەندە لە بەشەکانى پێشوتردا سەلماندم کە زمانى جەستە خۆنەویستە و بەدەرە لە کۆنتڕۆڵى مرۆڤەکان بەڵام ڕاهێنان و خۆ پەروەردە کردن لەم بوارەدا کاریگەرى خۆى دەبێت، هەر بۆیە زۆرینەى سیاسیەکان ڕاوێژکارى کەسیان هەیە لەم بوارەدا، گەر بە شێوەیەکى ساختەش بێت هاوسەنگى خۆیان ڕادەگرن لە نێوان دەربڕینە زارەکى و نازارەکیەکانیاندا، بەڵام بەم حاڵەشەوە زۆرینەى سیاسیەکان توشى کاردانەوەى زمانى جەستە دەبن لە بەرامبەر وتەکانیاندا، ( جۆن مەکین  لە هەڵبژاردنى (2008) و ( ڕیتشارد نیکسن)  لە هەڵبژاردنى شەستەکانى ئەمریکا توشى ئەم حاڵەتە دەبوون، هاوکات بەرامبەر ڕکابەرەکانیشیان کە ( ئۆباما و کەنەدى) بوون ، توشى پەشۆکاوى و شڵەژان دەهاتن.
  حەوتەم: متمانەدان بە دەربڕینەکان 
پێویستە کاندیدى سەرکەوتوو بە شێوەیەک بێت ، متمانە بە ووتەکانیەوە دیار بێت و بێ باکانە و بێ منەتانە بە بەڵگەوە بێتە گۆ و هەموو ئەو نیشانانە لە خۆیدا پەرەپێبدات کە سەلمێنەرى ڕاستگۆیى و نیاز پاکیەتى، بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژەى دەست و چاو و سەر ، بەکارهێنانیان بە جۆش و خرۆشەوە ڕۆڵى سەرەکى دەبینن لە نەخشاندنى کەسێکى خاوەن متمانەدا.بەمەرجێک ئەم جۆش خرۆشە نەبێتە دەرخستنى توڕەیى و هاوارکردنى نامۆ،  بەم پێیە متمانە هۆکارێکى سەرەکیە بۆ ڕاکێشانى هەستى دەنگدەر،  ئەگەر دەنگدەر متمانە نەکەن بە کاندیدى هەڵبژێردراو ئەوا بیرۆکە و دروشمەکانى دەمرن، متمانە وادەکات دەنگدەرەکان گوێبییست بن و بە حەماسەوە دەنگبدەن. 
 هەشتەم: باشترین نواندن لە بە پێوە وەستان و دانیشتندا
دەرکەوتنى جوگرافیاى جەستە لە هەردوو شێوازى دانیشتن و بە پێوە وەستاندا جیاوازە، زۆرێک بە پێوە هەست بە شڵەژان دەکەن و لە کاتى دانیشتندا جەستەى ئارامیان دەر دەکەوێت، بۆ کاندیدى سەرکەوتوو پێویستە لە هەردوو حاڵەتەکەدا گونجاندن دروست بکات و خۆى بە دور بگرێت لە شڵەژاوى و ناڕێکى پێویستە لە کاتى بە پێوە وەستاندا کە زیاتر لە شێوازى دانیشتن ئەندامەکانى جەستەى لە جوڵە و دەرکەوتندان خۆى باشتر ڕێکبخات، نیشانەکانى هێز و باڵادەستى و مەزنى جەستەش هەر لەم کاتەدا دەر دەکەوێت، شوێن زۆر گرنکە بۆ نمایشکردنى جەستە لە کاتى دانیشتندا بێت یان لە کاتى بە پێوە وەستاندا ، هاوکات ئەو کەرەستەیەش پێویستە لەبەرچاوبگیرێت کە لە سەرى دەوەستیت یان لە سەرى دادەنیشیت، کورسى( دەسکدار و تەسک و بچوک ) دەتکەن بە کەسێکى بچوککراوە و گوشراو ، پانتاى گەورە و زیاتر مەجالى جوڵەو دەرکەوتن و ڕکردن هێزى زیاتر دەدەن بە کاندیدى سەرکەوتوو پێویستەلەبەر چاوبگیردرێن، هەڵبژاردنەکانى ڕابردوو پێمان دەڵێن (جۆرج مەک گۆفەرن لە هەڵبژاردنى 1972، وۆلتەر مۆندێیل لە هەڵبژاردنى 1984،  بۆشى باوک لە هەڵبژاردنى 1988، ڕۆس پیرۆت لە هەردوو هەڵبژاردنى 1992 _1996 .
 ئەو کاندیدانە بوون کە هەستى بێزارى بە ڕووخساریانەو دیار بوو کەم تاقەت بوون لە بە پێوە وەستان و دانیشتن و مناقەشەى چڕ و پڕدا، لە ئێستاشدا (مارکۆڕۆبیۆ و بێرنى ساندەرز) لەو کاندیدانە هەژمار دەکرێن کە لە بە پێوە وەستاندا زوو تێکدەچن و زۆر کات قاچى چەپیان وەک پەرچەکردارێکى بێزاربوون و بێتاقەت بوون بەرزدەکەنەوە، هەرچەندە ڕەنگە تەمەنى (بێرنى ساندەرز) هۆکار بێت بۆ ئەوەى بەم شێوەیە دەرى بخات.
نۆیەم: نەترسان و هەست نەکردن بە هەڕەشە
زۆرێک لە کاندیدەکانى ڕابردوو ئەو سیفەتەیان هەبوو لە بەرامبەر دەربڕینەکانى ڕکابەرەکانیان هەستیان بە هێرش و ترس دەکرد ، زۆر جاریش دەپەشۆکان، ڕەنگەلە ئێستاشدا (جێب بۆش) ى کاندید بوو ، زۆرترین ئەم حاڵەتەى تێدا بەرجەستە بێـ بە پێچەوانەوە لە ڕابردودا (بۆشى کور)ِ کەسێک بوو هەستى بە ترس و هەڕەشەى بەرامبەر نەدەکرد، بەڵکو خۆى ببوە ترس و هەڕەشە بۆ ڕکابەرەکانى لە هەر دوو هەڵبژاردنى (2000 و 2004) دا، شاییەنى خستنە ڕووە هەر کاتێک کاندیدێک هەستى بە ترس کرد یان هەڕەشەى بەرامبەر کرد ، ئاماژەى لەقاندنى سەر و پەشۆکاوى و سور هەڵگەڕانى چاوى ، تێدا دەر دەکەوێت، یان سەرى دادەخات و دەست دەنێت بە گوێچەکەیەوە وەک بەرپەرچێک بۆ ئەو وتەیەى گوێى لێدەبێت و وا خۆى پیشاندەدا کە تگوێبیستى نەبووە ، بەم کارەش خۆى لە بەرپرسیارێتى دەتزێتەوە.هەمان دۆخیش بۆ ( میت ڕۆمنى ڕاست بوو لە هەڵبژاردنى 2012 لە بەرامبەر ئۆبامادا) .
دەیەم: باشترین ئەداى دەستەکان
توێژەرانى زانستى زمانى جەستە سەلماندویانە کە دەستەکانى مرۆڤ پلەى یەکەمى کۆى ئەندامەکانى جەستە پێکدەهێنن لە دەرخستنى زۆرترین ئاماژە و واتادا( بە پێى جوگرافیاى دەرکەوتنى جەستە ئەم ڕۆڵە دەگۆڕێ بۆ ئەندامێکى تر)، بۆیە پێویستە کاندیدى هەڵبژێردراو یان هەر سیاسیەکى تر شارەزایى هەبێت لە جوڵاندنى دەست و پەنجەکانیدا، چونکە دەستەکان زۆرجار پێچەوانەى دەربڕینە زارەکییەکان لێدوان دەدەن، بۆ نمونە گەر کەسێک بە دەربڕینى زارەکى خۆشەویستى خۆى دەرببڕێت بەڵام دەستەکانى لە شێوەى بۆگس ، یان لەسەر سینگى کۆکردبێتەوە ئەوە بزانە ڕاست ناکات، چونکە هەر یەک لەم دوو ئاماژەیە واتاى ڕەخنەگرى و بێزارى و توڕەیى دەگرنە خۆیان( بە لەبەر چاوگرتنى مەرجەکانى هەڵسەنگاندن)، لە لایەکى ترەوە پەنجەکانى دەست بە تایبەت ڕاکێشانى پەنجەى شایەتمان بۆ بەرامبەر یان دەستدرێژکردنى خێرا و کاریگەر دەبێتە واتاى هەڕەشە و توڕە لە بەرامبەر، بۆیە باشترین شێواز پیشاندانى لەپى دەستە بە کراوەیى و خۆ بەدورگررتن لە پەنجە ڕاکێشان و کێشان بەسەر مێزدا و نەگرتنى دەستەکان لە شێوەى بۆکسدا و نەجوڵندنى خێراو شپرزەى دەستەکان.
یانزەیەم: بەرگە گرتنى پرسیارى زۆر و خۆپاراستن لە هەڵچوون
کاندیدى سەرکەوتوو پێویستە پەیوەندیەکى باش گرێ بدات لەگەڵ جەماوەرەکەیدا، بە شێوەیەکى شایستە مەوداى زمانى جەستە و هاوڵاتیان ڕێکیخات، هاوکات بەرگەى لێشاوى پرسیارى ڕکابەر و دەنگدەرەکانى بگرێت و لە سەرخۆ و بێ توڕەبوون و شڵەژان وەڵام بداتەوە، چونکە زۆرجار هەر گرژیەک لەوەڵام دانەوە دەبێتە دەرخەرى دیوبَکى سلبى کەسایەتى کاندید، بەم کارەش زیاتر خۆى تاوانبار دەکات یان زیاتر ئەو گومانەى لەسەریەتى دەسەلمێندرێت و بە دەنگ پێنەدان سزاى ئەم هەڵویستەى دەدرێت، لە ئێستدادا (کروز)  (هەرچەندە لە کێبڕکێى هەڵبژاردن هاتە دەرەوە بەڵام زۆرترینە کاتەکان بە ڕوخسارێکى توڕەوە دەر دەکەوت ) ، دیسانەوە ( تڕامپ) یەکێکى ترە لەو کاندیدَانەى بە هاوارکردنى زۆر و توڕەبونى نامۆ ناسراوە ( هەرچەند زۆرێک لە هاواڵاتیانى ئەمریکى ئەم جۆرە کە سایەتیەیان دەوێت ، هاوکات خودى "ترامپ) یش لە پارتێکدایە کە بە توندڕەوى و جەنگ و توندوتیژى ناسراوە لە مێژووى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا.
 دوازدەهەم: پشت نەبەستن بە نوسراوى سەر کاغەز
ڕەنگە وەک خاڵێکى نەرێنى تێڕوانین بۆ ئەو کاندیدە بکرێت کە پشت بە نوسراوى سەر کاغەز دەبەستێت و پێشوەختە خۆى ئامادەکردبێت کە چى بلێت ،  بۆیە باشترە بە پێى قسە و وتەکانى بەرامبەر  بەشدارى و  وەڵامى هەبێت، ئاساییە چەند خالێکى بنەڕەتى بۆ بیر هێنانەوە بە کورتى لەسەر کاغەز تۆمار بکرێت، نەوەک بۆ سەرجەمى دەبڕینەکان پشت بە نوسراو ببەستێت، چونکە کاندید ناچار دەبێت بۆ خوێندنەوەى نوسراوەکانى زیاتر لە حاڵەتى ئاسایى سەرى دانەوێنێت، کە ئەمەش وەک کەسێکى ترسنۆک یان کەسێک کە خۆى لە بەرپرسیارێتى دەدزێتەوە یان ترسى هەیە لە وتەکانى بەرامبەر، بۆیە بۆ ئەوەى توشى شڵەژان نەبێت چاوەڕوانى  بارودۆخى چاوەڕوان نەکراو بکات بۆ ئەوەى قسەى لەسەر بکات  ، نەوەک پێش وەختە وتووێژى نوسراو ئامادە بکات، گەر ئەمە بکات وەک کەسێکى پشت بە خۆ نەبەستوو وێناى بۆ دەکرێت.
 سیازدەهەم: شیکپۆش و جەستەڕێک و سرنجڕاکێش
پێویستە کاندیدى هەڵبژێردراو شپرزە دەرنەکەوێت و گرنگى تەواو بدات بە پۆشاکەکانى ، بۆنمونە پێویستە هەر کەسێتیەکى سیاسى لەهەر پۆستێکى باڵادا لەکاتى دانیشتندا ، دوگمەى چاکەتەکەى بکاتەوە بۆ ئەوەى بەربەست لەبەر دەم جوڵەکردنى جەستەیدا دروست نەبێت، وە لەگەڵ هەڵسانى یان لەکاتى بە پێوە وەستاندا دوگمەى چاکەتەکەى دابخاتەوە،بەڵام دەبینین ئەم شێوازە لاى ( ترامپ) کەڵکى نیە لەو کاتانەشى بە پێوەیە دگمەى چاکەتەکەى کراوەتەوە،بەهەمان شێوە (ساندەرز)یش لە زۆر کاتدا لە بیرى دەکات لە کاتى بە پێوە وەستاندا دوگمەى چاکەتەکەى دابخات،  بەڵام کروز یەکێکە لەو کاندیدانەى زۆرترین بایەخ دەدات بە ڕێکپۆشى جەستەى ، هاوکات جوانى ڕوخساریش بە شێوەیەکى دور مەودا کاریگەرى خۆى بەجێدەهێلێت لەسەر دەنگدەر ، دەبینین ( جۆن کەنەدى ، کلنتن) لە ڕابردودا لە کاندیدە زۆر سرنجڕاکێشەکان بوون، هاوکات( میت ڕۆمنی)ش هەتا ئێستاش سیاسیەکى کەشخە و سرنجڕاکێشە ، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ( میت ڕۆمنى ) کەشخەبوو بۆ شکستى هێنا؟ لە کاتێکدا ووتمان دوور مەودا ئەم پرسە کاریگەرى دەبێت لەسەر دەر ئەنجامى هەڵبژاردن؟ بێ گومان وەڵامى ئەم پرسیارە پەیوەندى هەیە بەوەى ( میت ڕۆمنى) کردەوە لاواز و جوڵە نەرێنیەکانى زەقتربوون لە ڕوخسارە سرنجڕاکێشەکەى، لاوازى جەستەى و دەر نەکەوتنى وەک کاندیدێکى بەهێز ئەم ڕۆڵەى بینى لە شکست پێهێنانیدا.
 چواردەهەم: چەند ئاماژەیەکى دیکەى ئەرێنى و پێکەوەیى
باشترە  کاندید پرۆسەى پەروەردەکردنى خۆى بەو ئاماژانە ڕێکبخات کە دەیکاتە کەسێکى ویسترا و دڵگیر لە نمونەى ئەوانە ( زەردەخەنەى ڕاستەقینە، سەلماندنى توانا و گەرمى جەستە، وەستانى کراوە، بەرزکردنەوەى دەستى ڕاست، جوت نەکردنى پێکان لە یەکتر، وەڵامدانەوەى بۆ زمانى جەستەى بەرامبەر، گونجاندنى ئاماژەکانى جەستەى بە پێى کات و شوێن و کلتورى جیاواز، دەرپەڕاندن و بەرز پیشاندانى سنگ و چەناگە بەڵام بە شێوەیەک نەبیت کە بیکاتە کەسێکى لە خۆ بایى، پاراستنى مەوداى کەسێتى خۆى و بەرامبەر، ڕێگە نەدان لە داگیرکردنى مەوداى کەسى و گەرمى خۆى، سەر دانەواندن زۆر، چاو نەتروکاندنى زۆر، دەست نەبردن بۆ لوت و گوێ و ڕوومەت، سەیرکردنى کتوپڕ، گاڵتە نەکردن و ڕێزدانان بۆ بەرامبەر، خۆپاراستن لە توڕەبوون و بەرپەرچى کوێرانە، بەرز نەکردنەوەى زۆرى پەنجەى شایەتمان، پەراوێز نەخستى زۆرى بەرامبەر مەگەر لە حاڵەتێکدا پێویست بکا .... هتد.

تێبینى:
 *نوسینى ناوى خۆم لەسەر وێنەکان تەنیا وەک بەربەستێکە بۆ ئەو کەسانەى وێنەکانم بەکار دەهێنن بەبێ ئەوەى ئاماژە بە سەرچاوەکە بدەن بێ ماندوو بوون خۆیان دەکەن بە خاوەنى وێنەکان و وەک پاڵەوانى زمانى جەستە سیمینار و نوسین و قسە دەکەن بە وێنەکانى منەوە، چەند جار ئەم حاڵەتەم بینیوە هیوادارم ئاماژە بەسەر چاوەکان بدرێت لەگەڵ رێزم.
*بۆ هەر ڕەخنە و تێبینى و پێشنیارێک لێرەوە لەگەڵمدا بن
ئیمێڵ : [email protected]
ئەکاونت: Hawkar rafiq
هاوکار ڕەفیق ڕەحمان
بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکاندا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە