واتاکانى حەڤدە جۆرى تەوقەکردن لە زمانى جەستەى سیاسیەکاندا (بەشى نۆیەم)
Wednesday, 30/03/2016, 22:15
لە بەشى هەشتەمى نوسینەکەمدا باسى ڕۆڵ و گرنگى تەوقەکردنم کرد لاى کەسێتیە سیاسیەکان، لەبەر فراوانى و گرنگى ئەم بابەتە لە چوارچێوەى زمانى جەستەى سیاسیەکاندا ، بۆ دووبەش نوسینەکەم فراوانکرد، لەم بەشەدا جۆرە باو و سەرەکیەکانى تەوقەکردن دەخەمە ڕوو ، لەگەڵ لێکدانەوەى واتا و لێکەوتەکانى هەر جۆرێک لەو تەوقەکردنانە لەگەڵ دەستنیشانکردنى باشترین و خراپترینیان بە پێى جۆرێتى پەیوەندى نێوان دەوڵەتان و بارودۆخ و شوێنى بەیەک گەیشتنەکان و چەندەها هۆکارى دیکە. پێویستە ئەوەش بڵێم زۆرێک لەوانەى خۆیان بە خودان زانیارى دەزانن دەربارەى زمانى جەستە، شێوازەکانى تەوقەکردن بۆ سێ جۆر پۆلین دەکەن کە ئەوانیش تەوقەکردنى (زاڵ، هاوسەنگ، ملکەچ) ە، کە ئەمەش دوورە لە ڕاستیەوە ، بەڵکو شێوازەکانى تەوقەکردن و واتاکانیان زیاتر لە (60) جۆر تێدەپەڕێنیت، ئەوەى من لە خوارەوە ئاماژەم پێداوە (17) جۆرى باوە، هاوکات ئاماژەشم بە سێ سەرچاوە داوە بۆ دەستخستن و ئاشنابوون بە جۆرەکانى دیکەى تەوقەکردن .
جۆرە باو و بەرچاوەکانى تەوقەکردن لاى کەسێتیە سیاسیەکان
یەکەم:تەوقەکردنى زاڵ
لەم جۆرە تەوقەکردنەدا کەسێتیەکى سیاسى مەبەستیەتى دەست بگرێت بەسەر بەرامبەردا و بیسەلمێنیت کە دۆخەکە لە بەرژەوەندى هێزى خۆى کۆنتڕۆڵ کراوە، شێوازى دەست گرتن لەم جۆرە تەوقەکردنەدا بە شێوەیەکە کە پشتى دەستى بەرامبەر ڕووە و زەوى دەکرێتەوە، پشتى دەستى کەسى زاڵدەستیش ڕووە و سەرەوە دەکرێتەوە واتا دوو جۆر دەرکەوتنى پێچەوانەى دەست دروست دەبێت لە دوکەسى جیاوازدا. ئەو نوێنەرە دبلۆماسى و سیاسیانەى کە زۆر شارەزان لە حاڵەتى پێویستدا هانا بۆ ئەم جۆرە تەوقەکردنە دەبەن، گرنگ نیە دەوڵەتەکەیان لە واقیعدا کەم هێز و بچوک بێت، گرنگ ئەوەیە نوێنەرى دبلۆماسى بە ڕواڵەت و بە جەستە و جوڵە و ڕەفتار بەهێزبوونى خۆى بسەمێنیت.
دووەم: تەوقەکردنى ملکەچانە
ئەم جۆرە تەوقەکردنە پێچەوانەى جۆرى تەوقەکردنى زاڵە، چونکە لەم شێوازەدا لەپى دەست ڕووە و سەرەوەیە و کار ئاسانى دەکرێت بۆ زاڵ دەستى بەرامبەر، دەگونجێت کەسێتەیەکى سیاسى بەمەبەست ڕێگە خۆشبکات تا ملکەچ بوونى خۆى بۆ نوێنەرى سیاسى بەرامبەر بسەلمێنێت لە ڕێگەى جۆرێتى تەوقەکردنیەوە، زۆر جار دەبینین سەرکردەیەک نوێنەرایەتى دەوڵەتێکى بەهێز و کاریگەر دەکات، بە ڵام بە هۆى لە بیرکردن یان نەزانینەوە تەوقەیەکى ملکەچانە ئەنجام دەدات، زۆر جار "ئۆباما " سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ڕابردودا کەوتۆتە ئەم دۆخەوە، لەگەڵ ( حەیدەر عەبادى ، پۆتین، سەرۆکى ئالسعود) تەوقەکردنى ملکەچانەى ئەنجامداوە ، جا دەکرێت ئەمە بە مەبەست بێت بۆ دەستکەوتێکى سیاسى ، یان شارەزایى و هونەرى بەرامبەرە لە بەڕێوەبردنى پرۆسەکەدا.
سێهەم: تەوقەکردنى هاوسەنگ (ستوونى)
زۆرجار ڕوودەدات دووکەس ویستى زاڵدەستیان هەیە بەسەر یەکتریدا و لە کاتى تەوقەکردندا جۆرێک لە ململانێ و بەریەککەوتن دروست دەبێت ، هەر یەکەیان لاى خۆیەوە دەیەوێت شێوەى دەستى بەرامبەر بگۆڕێت بۆ ئاماژەى گوێڕایەڵ و دەستى بەسەردا بگرێت ، لە دەر ئەنجامى ئەم ململانێیەشدا شێوازى تەوقەکردنەکە بە شێوەى هاوسەنگ ئەنجام ئەدرێت و دەستى هەردوو لا بە شێوەى ستونى دەردەکەوێت، ئەم شێوازەش واتاى شکۆ و ڕێزى و وەک یەکى دەگەیەنێت و هەر یەکەیان لاى خۆیانەوە ڕێز و دڵنیایى و ویستى بەیەکەوە بوون بۆ یەکتر دەردەخەن، زۆر جار دەکرێت ئەم شێوازە لە تەوقەکردن لە نێوان نوێنەرانى باڵاى دوو دەوڵەتى بەهێز و کاریگەردا ڕووبدات کە هەر یەکەیان خۆى بە گەورەتر دەزانێت لە ویتر، هەردوو لایان هەوڵ دەدەن ڕکێفى خۆیان زاڵ بکەن بەسەر یەکتریدا و هاوکات بەرگرى و ڕێگریش بکەن لە ڕکێفى بەرامبەر لە ئەنجامى ئەم دوو هەوڵە هاوتایەوە شێوازى تەوقەکردنى هاوسەنگ ڕوودەدات، وا دەر دەکەوێت کە ئەو دوو دەوڵەتە پێکەوەیى و ڕێز و خۆشەویستى لە نێوانیاندا هەیە بە ڵام لە واقیعدا بە ناچارى ئەم دۆخەیان هەڵبژاردووە .
چوارەم: تەوقەکردن بە جۆرێک فشار بخرێتە سەر دەست بەرەوخوار
ئەم جۆرە لە تەوقەکردن ئەو سیاسیانە هاناى بۆدەبەن کە هەمیشە خولیاى دەست بەسەراگرتن بە سەریاندا زاڵە و لەم جۆرە تەوقەکردنەدا کەسى دەستپێشخەر بە باڵێکى ڕەق و ناو دەستێکى ئاماژەکەر بۆ خوارەوە پرۆسەى تەوقەکردنەکە بە ڕێوەدەبات، واتاکانى ئەم جۆرە لە تەوقەکردنە وەک هێرشێکى فیسیۆلۆجى لێکدانەوەى بۆ دەکرێت و کەسى بەرامبەر هەست بە شادى و پەسەندى ناکات لەم شێوازە تەوقەکردنەدا، سیاسەتمەدارە دژەکان و ململانێ کەرەکان لە نێوان خۆیاندا هان بۆ ئەم شێوازە دەبەن، یان تەوقە ناکەن یان هەر یەکەیان لاى خۆیەوە گەر تەوقەش بکات گەرەکیەتى ویستى باڵادەستى و هەژمونى خۆى بەسەر بەرامبەرەوە بسەپێنیت، جا ئەم ویستەش بە چەندین شێواز دەکرێت دەربڕینى لیبکرێت کە ئەمە شێوازێکیانە.
ئەو ڕێکارانەى ڕێگە لەم جۆرە تەوقەکردنە دەگرن
سیاسیەک گەر هەست بکات توشى ئەم جۆرە لە تەوقەکردن دەبێت ، پێویستە ئامادە سازى بکات بۆ ڕووبەرووبوونەوە یان بۆ پەکخستى واها نیازێکى لەم شێوەیەى بەرامبەر ئەویش بەچەند میکانیزێک دەبێت.
A: ئەگەر لە حاڵەتى بە پێوە وەستاندا ئەم تەوقەکردنە ئەنجامدرا، ئەوە بە قاچى چەپ هەنگاو بنێ بەرەو لاى چەپى کەسى بەرامبەر و دەستى ڕاست بە توندى بگرێت و ڕێگەنەدا هێرشى بەرامبەر توندى دەستى شلبکاتەوە. بۆ زانیارى زیاتر بڕوانە نوسینى بەشى هەشتەمم لەسەر ئەم بابەتە.
B: ڕوانین لە ڕوخسارى بەرامبەر و ڕۆچوونە ناو مەوداى گەرمیەوە بەمەش بە رامبەر ناچار دەکەیت هێندەى هەوڵى خۆ دورکەوتنەوە بدات، هێندە خەیاڵى لاى چۆنیەتى و جۆریەتى تەقەکردنەکەى نامێنیت، چونکە داگیرکردنى ئەم ناوچەیە وەک ئیهانەیەک وایە بە نیسبەت کەسى بەرامبەرەوە.
سێهەم: پێویستە دەست و باڵى ڕاست بە ڕەقى بگیرێت و مل نەدات بۆ تەسلیم بوون، هەموو هەوڵێکیش بدرێت بۆ ئەنجامدانى تەوقەکردنێکى ستنووى و ڕێگرى کردن لە هەر مەبەستێکى خراپى کەسێتى سیاسى بەرامبەر.
C: تەکتیکێى دیکە هەیە ئەویش گرتن و ڕاوەشاندنى مەچەکى بەرامبەرە بە توندى ، ئەمەش هەموو فیز و تەکەبور و هێزە دەرخەرەکانى بەرامبەر سفر دەکاتەوە لە سەرکەوتنەوە بۆى دەکرێت بە شکست و دۆڕان و شەرمەزارى، زۆر جار بەم حاڵەتە ڕەنگە توشى شۆک و ترسیش ببێت.
پێنجەم: تەوقەکردنى لێک ئاڵاو ( لێک ئاڵاندنى هەردوو دەست لە دەستى بەرامبەر)
ئەم جۆرە تەوقەکردنە زیاتر لە هەموو جۆرەکانى تر بە شێوەیەکى گشتى بە تەوقەکردنى سیاسى دەناسێندرێت، بە تایبەتى لە نێوان ئەو سیاسیانەدا ئەنجامدەدرێت کە پەیوەندیەکى پتەو بەهێز لە نێوانیاندا هەیە، دەوترێـت زیاتر سەرۆک کۆمارەکان ئەم شێوازە تەبەنى دەکەن، کە ئەمەش واتاى ڕاستگۆیى و هەستى متمانە و بێگومانى دەگەیەنێت بە نیسبەت کەسى دەستپێشخەرەوە، ئەوەى گرنگ بێت هەڵنەبژاردنى ئەم شێوازە تەوقەکردنەیە لەگەڵ کەسێتیەکى سیاسى سارد و سڕ یان ئەو سیاسیانەى یەکەم جار بەر یەکدەکەون و پەیوەندى تۆکمە دروست نەبووە لە نێوانیاندا.
شەشەم: تەوقەکردن لە شێوەى ماسى مردوو یان ماسى تەڕ
ئەم شێوازە تەوقەکردنە لەبەر ئەوە ئەو ناوەى لێنراوە کە کەسى دەستپێشخەر بۆ تەوقەکردن دەستى وەک ماسى مردوو دەردەکەوێت، یان دەگونجێت کەسێکى سیاسى بە گەرم و گوڕى دەست بەرێت بۆ تەوقەکردن ، بەڵام وەڵامدانەوەى هاوتا سیاسیەکەى بە شێوەیەک بێت وەک وابێت دەست بدات لە ( ماسى تەڕ) . ئەمەش ئەو شێوازەیە کە کەسەکە لە دۆخێکى زۆر ساردو سڕدایە و تەنیا گیانى بەکار ئەهێنیت بۆ تەوقەکردن بە بێ ئەوەى دڵ و مێشک ئەم نیازەى هەبێت، ئەمەش لێکدانەوەیەکى لاواز و ناپەسەندى بۆ دەکرێت و هەستى نامۆیى و گومان و بێڕێزى بە بچوک زانین دروست دەکات.
حەوتەم: گوشینى جومگەکانى دەست لە کاتى تەوقەکردندا
ئەم جۆرە تەوقەکردنە لێکدانەوەیەکى نەرێنى بۆ دەکرێت و ئەو کەسەى دەست پێشخەرى ئەم شێوازە دەکات بە سیاسیەکى تونڕە و هێرشکار و بەرگریکار لێکدانەوەى بۆ دەکرێت، زۆرجار کەسانى بەهێز و وەرزشوانان وا ڕاهاتوون ئەم شێوازە لە تەوقەکردن بکەنە نەریتى کەسێتى خۆیان بۆ پیشاندانى هێزى جەستە و تواناى خودیان.
هەشتەم: تەوقەکردن لە مەوداى فراواندا
مەبەست لەو شێوازە تەوقەکردنەیە کە جەستەى سیاسیە تەوقەکەرەکان لە یەکتریەوە دورە و وەک ئەوە وایە بەربەستێک لە نێوانیاندا هەبێـت و بە زۆر دەست درێژ بکەن بۆ یەکتر، ئەم شێوازە سەلمێنەرى خۆبەزلزانى نێوانیان و پەیوەندى ساردوسڕیانە و خۆشیان نایە لە نزیبوونەوەى یەکتر و زیاتر وەک تەوقەکردنى ناچاریانە وایە ، هەر لەبەر ئەمە ئەتوانین ئەو ناوەشى بۆ دابنێن، یان دەگونجێت دوو کەسایەتى سیاسى سەر بەیەک کلتورى هاوشێوە بن و بە زاندنى مەوداى یەکترى بە پێدراوێکى گونجاو نەزانن و مەوداى یەکترى و بەریەک نەکەوتنى مەوداکان بۆ دورى زیاتر لە مەترێک بپارێزن.
نۆیەم: تەوقەکردن لە مەوداى تەسکدا
پێچەوانەى حاڵەتى پێشوو ئەو کەسایەتیە سیاسیانەى پەیوەندیەکى تۆکمە و بە هێز لە نێوانیاندایە هەیە و هاوکات خاوەنى کلتورێکى کراوە و سەردەمیانەن ، لە کاتى تەوقەکردندا جەستەیان لە یەکترى نزیک دەکەنەوە تا دەگاتە حاڵەتى بەر یەککەوتن و باوەش بەیەکدا کردن.
دەیەم: گرتنى مەچەکى بەرامبەر لەکاتى تەوقەکردندا
هەموو ئەو جۆرە تەوقەکردنانەى بە دوو دەست ئەنجام دەدرێن، واتا و ئاماژەى ئەرێنیان هەیە و زیاتر ویستراوترن لە شێوازەکانى دیکە بەڵام پێویستە جۆرى پەیوەندى کەسێتى و بارودۆخ و کلتور و تەمەن و ڕەگەز و سەرجەمى هۆکارەکانى دیکە لەبەر چاوبگرین، چونکە فۆرمى جیاواز دەدەن بەم شێوازە وجۆرێتیەکەى دەنەخشێنن، ئەم شێوازە زیاتر واتاى دڵپاکى و ڕاستگۆرى و سادەیى هاوتایى و یەکسانى دەگەیەنێت، بە جۆرێک بە دەستى ڕاست تەوقکردنەکە ئەنجام دەگەیەندرێت و بە دەستى چەپیش مەچەکى ڕاستى بەرامبەر دەگیرێت ، بەڵام پێوستە زیاتر بە رە و سەر نەچێت، چونکە واتا و دەلالەتى جۆرى تەوقەکردنەکە دەگۆڕێت. ئەم شێوازە تەوقەکردنە واتایەکى گەرم و گوڕ دەگەنێت و گەر هەست بە خۆشى بینینى بەرامبەر بکرێت و مەبەستتبێت لە بیرت نەکات و تۆى بیر بمێنێ ئەوا تەبەنى ئەم شێوازە کارێکى ناپەسەند نیە
یانزەیەم: دەست دانان لە سەر باڵ و شانى بەرامبەر لە کاتى تەوقەکردندا
ئەم دوو شێوازە لە تەوقەکردنى شێوازى گرتنى مەچەک جیاوازە، ئەویش لەبەر ئەوەى لەم دوو شێوە تەوقەکردنەدا سنورى مەوداى کەسێتى سیاسیەکان تەسک دەبێتەوە و جەستەیان تەواو لەیەکرت نزیک دەبێتەوە، ئەم جۆرە لە تەوقەکردن هەرگیز لە نێوان ئەو سەرکردە و نوێنەرە دبلۆماسیانەدا نایەتە ڕوودان کە پەیوەندى نێوانیان ساردى تێکەوتووە ، بۆیە بژاردەکردنى ئەم دوو شێوە لە تەوقەکردن زیاتر لە نێوان کەسێتیە سیاسیە لێک نزیکەکان دێتە ڕوودان.
دوانزەهەم: کێشان بە سەر شانى بەرامبەردا لە کاتى تەقەکردندا
ئەمەش شێوازێکى دیکەى تەوقەکردنە کە کەسێتەیە سیاسیە بەهێزەکان بەکارى دەهێنن ، کە واتاى پاشکۆ بوون و بچوککردنەوەى دەڵەتەى بەرامبەر دەگەیەنێت لە ڕێگەى بچوک پیشاندان و ملکەچکردنى نوێنەرە سیاسیە نێردراوەکەیەوە، ئەم شیوازە زیاتر لە هەمووو سەرکردەیەک ( ئۆباما) سەرۆکى ئێستاى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئەنجامى ئەدات لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەى کە خۆى خولیایەتى وەک پاشکۆ و قەوارەیەکى لاوازتر لە خۆى دەربکەون، باشترین نمونەش دەرکەوتنى ئەم شێوازە بوو لەگەڵ ( ڕاول کاسترۆ) سەرۆکى ( کوبا) کاتێک ( ئۆباما) ویستى دەست بکاتە سەرشانى و وەک کەسێکى گوێڕایەڵ و ملکەچ دەریبخات، ئەویش زۆر بە زیرەکانە ئەو هەوڵەى ئۆباماى شکست پێهینا و لە زەلیلترین دۆخدا ئۆباماى دەرخست.
سیانزەهەم: تەوقەکردن بە سەرى پەنجەکان ( تەوقەکردنى ئافرەتانە) .
بریتیە لەو جۆرە تەوقەکردنەى کە بە سەرى پەنجەکان و بە شێوەیەکى سست و فشەڵ بێ هەستى گەرم و گوڕى ئەنجامدەدرێت، زیاتر ئەم شێوازە لاى سیاسیە ئافرەتەکان باوە ، چونکە بە سروشت ئافرەتان حەز بە تەوقەکردنى سەرى پەنجەکان دەکەن.
چواردەهەم:دەست جوڵاندن و ڕاوەشاندنى دەستى بە رامبەر بە گەرمى و هەستێکى زەردەخەنەوە
ئەم شێوازە زیاتر لە نێوان ئەو سیاسیانەدا پەسەندکراوە کە پەیوەندى هاوڕێیەتى و یەکتر ویستنى تۆکمە لە نێوانیاندایە، واتاى هەستى خۆشەویستى و گرنگیدان دەگەیەینَت، بەڵام لە نێوان سیاسیە نەناسراوەکان یان ئەو سیاسیانەى پەیوەندیان لە دۆخێکى فشەڵدایە ئەم شێوازە پەسەند نیە و گەر ئەنجامیش بدرێت هەستى نامۆى دروست دەکات.
پانزەهەم: تەوقەکردن بە هێزەوە لەگەڵ ڕاکێشانى بەرامبەرەکەت بە رەو لاى خۆت
ئەمە زیاتر لاى ئەو سیاسیانە باوە کە حەز بە نمایشى هێزى خۆیان دەکەن و خولیاى ئەوەن کۆنتڕڵى خۆیان دەربخەن و بەرامبەر سەریان بۆ دانەوێنیت.
شانزەهەم: تەوقەکردنى توند و بەهێز گوشینى جومگەى دەستى بەرامبەر
ئەم شێوازە لە تەوقەکردن واتاى بە هێزى و پیاوەتى دەگەیەنێت، ئەمەش بە شێوەیەکى عادەتى لە نێوان کەسێتەیە سیاسیەکاندا بەکار دێت، بەڵام بە پێى گۆڕانى بارودۆخەکان ئەم شێوازە بەردەوام نامێنێتەوە، بۆ نمونە لە سەروبەندەکانى هەڵبژاردندا کەسێتەیە سیاسیەکان زۆر تەوقە دەکەن لەبەر ئەوە توندى و بە هێزى لە تەوقەکردنیاندا دەپوکێتەوە، یاخود لە هێرش و ململانێ و جەنگەکاندا ئەم شێوازە تەوقەکردنە بە جێگرى نامێنێـتەوە.
حەفدەهەم: تەوقەکردنى ناچارى یان دودڵى
ئەمەش زیاتر لەو کاتانەدا ئەنجامدەدرێن کە سیاسیەکان ناچار بکرێن بە ئەنجامدانى تەوقەکردن ، لە کاتى دانوستان بێت یان لە کاتى کۆبوونەوە و بە یەکتر گەیشتندا بێت، کە لە ناخەوە ویستى ئەنجامدانى تەوقەکردنیان نیە بەڵکو دۆخەکە وادەکات ئەم ڕێکارە بگرنە بەر کە ئەمەش زیاتر تەوقەکردنێکى ساردو سڕ دیار دەخات، بە شێوەیەکى خاو دەست درێژ دەکات بۆ بەرامبەر و بە خێرایى دەست دەکشێنیتەوە، باشترین نمونەش تەوقەکردنى نێوان ( جەلال تاڵەبانى و مەسعودبارزانى) بوو لە (7/ ئەیلولى/1998) دواى جەنگى ناوخۆ و ئاشتوونەوەیان لە واشنتۆن، گەر لە گرتە ڤیدیۆیەکە بڕوانین دەبینین ناچار بە تەوقەکرد دەکرێن، لە بەشى هەشتەمى نوسینەکەم زیاتر ئاماژەم پێداوە، هەروەها زۆرێک پێیان وایە سەرۆکى هیندستان و هۆلاند سەرۆکى فەڕەنسا لەو جۆرە سەرۆکانەن کە بەرامبەر زۆر کات ناچار دەکەن بە تەوقەکردن یان کات و دۆخى تەوقەکردن نازانن و زۆرجار توشى ڕەتکردنەوە دەبن .
بۆ زانیارى زیاتر بڕوانە ئەم سەرچاوانە:
یەکەم: ( تونیا ریمان، قوە لغە الجسد، ترجمە بۆ عرەبى رفیق غدار، چاپى یەکەم، 2009، بیروت.
دووەم:(د. جوان لیبمان و سمیس جاکلین، اشارات الجسد، وەرگیڕانى بۆ عەرەبى زین العابدین .
سێهەم: جوزیف میسینجر، المعانى خفیفە الحرکات السیاسین، وەرگێڕانى بۆ عەرەبى، عقیل شیخ حسێن، 2009.
تێبینى:
نوسینى ناوى خۆم لەسەر وێنەکان تەنیا وەک بەربەستێکە بۆ ئەو کەسانەى وێنەکانم بەکار دەهێنن بەبێ ئەوەى ئاماژە بە سەرچاوەکە بدەن بێ ماندوو بوون خۆیان دەکەن بە خاوەنى وێنەکان و وەک پاڵەوانى زمانى جەستە سیمینار و نوسین و قسە دەکەن بە وێنەکانى منەوە، چەند جار ئەم حاڵەتەم بینیوە هیوادارم ئاماژە بەسەر چاوەکان بدرێت لەگەڵ رێزم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست