کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاماژەکانى بەکارهێنانى چاویلکە لە زمانى جەستەى سیاسیەکاندا (بەشى پێنجەم)

Friday, 29/01/2016, 20:59


پەیوەندى نێوان چاویلکە و زمانى جەستە
هەر جوڵەیەکى خۆنەویستى سیاسیەکان، ئەگەر هاتوو دەرخەرى دیووە شاراوەکانى دەروون بێت، دەچێتە خانەى زمانى جەستەوە،  بەهەمان شێوە دەستبردن و جوڵە پێکردن و بەکارهێنانى  هەر کەرەستەیەکى دروستکراو  بە شێوەى خۆنەویست و ئیعازى هەست و نەست دیسانەوە دەچێتەوە خانەى زمانى جەستەوە، دەکرێت یەکێک لەسەرەکى ترین کەرەستەکان (چاویلکە) بێت ، کە ئەم کەرەستەیە سیاسیەکان لە دانوستان و لێدوان و دەرکەوتەکانیاندا بەکارى دەهێنن ، ئەم کەرەستەیەش بوار دەدات بەهەر سیاسیەکى چاویلکە لە چاو تا زیاتر ئاماژە دروستبکات لە ماوەى دەرکەوتنیدا  ، و بە ئاشکرا نهێنیە شاراوەکانى کەسێتى خۆى دەربخات.
 دیووە خراپەکانى (چاویلکەى پزیشکى)  بە نیسبەت سیاسیەکانەوە
سیاسیە بەتەمەنەکان پشکى شێریان بەردەکەوێت لە بەکارهێنانى چاویلکەى پزیشکیدا ئەویش بە هۆکارى لاوازى ئاستى بینینان بە بێ چاویلکە، هەر بۆیە هەر دەستبردن و جوڵە پێکردنێکى چاویلکەکانیان، یان جوڵەى چاوەکانیان لە ژێر چاویلکەوە ماناو دەلالەتى تایبەتى هەیە، کە لە خوارەوە بە وردى باسم کردووە، بەڵام چاویلکەى پزیشکى زیانێک بە زمانى جەستەى چاوى سیاسیەکان دەگەیەنێتن ئەویش بە حوکمى ئەوەى چاوى هەر مرۆڤێک دەوڵەمەنترین ئەندامە بۆ لە خۆگرتنى ئاماژەکان و نهێنیە شاراوەکانى ناخ، بەدەر لەوەى بە ڕاستگۆترین ئەندامى جەستە هەژمار دەکرێت ئەندامێکە ناتواندرێت ساختەکارى تیا بکرێت و بە خۆویستى درۆى پێبکرێت، بۆیە هەتا (زەڕەبینى ) چاویلکەى سیاسیەکان پلەیەکى بەرز ترى هەبێت ئەوەندە کار دەکاتە سەر گەورە دەرخستنى چاوەکان، لەم کاتەشدا جوڵە و ئاماژەى چاوەکان بە گەورەیى و ڕوونى دەردەکەون و نهێنەیکان زەقتر و ئاماژەکان گەورەتر بەدیاردەکەون، سەرەڕاى ئەوەى هەر سەیر کردنێک لە سەر چاویلکەوە یان لە ژێر چاویلکەوە دەرکەوتەیەکى ناشرین پیشاندەدات و وەک ئەوە وایە لە پشتى دیواریکەوە یان لە درزى دەرگایەکەوە بە دزیەوە لە شتێک بڕوانێتن ئەمەش خێرا گومان بۆ لایەنى بەرامبەر دروست دەکات.
 
سودوەرگرتن لە (چاویلکەى تاریک) بە لاى سیاسیەکانەوە 
 وەک لەسەروە باسم کرد چاوەکان ڕاستگۆترین ئەندامى جەستەن و لە لایەن سیاسیەکانەوە ناچارناکرێن درۆیان پێبکرێن، هەر لەبەر ئەمە بۆ ئەوەى ئاماژە ڕاستەقیەنەکانى چاویان دەر نەکەون هەڵدەستن بە ڕووپۆش کردنى چاوەکانیان بە (چاویلکەى تاریک) بەتایبەتى لە کاتى دانوستان و گفتوگۆ هەستیارەکاندا، هەر وەک چۆن ( پۆتین) یەکێکە لەو سەرکردانەى ناتوانێت ئاماژەکانى سیخوڕى و وەرگرتنى زانیارى و گومان لە چاوەکانیدا بسڕێتەوە،بە حوکمى کارکردنى لە دەزگاى سیخوڕى ڕوسیان بۆیە پەنا دەبات بۆ لە چاوکردنى (چاویلکەى تاریک)، بەڵام هەموو کاتێک ئە  شێوازە لە چاویلکە بۆ شاردنەوەى ئاماژە ڕاستەقینەکانى چاو بەکار نایەت بەڵکو چەند حاڵەتێک هەیە بەدەرە لەم پۆلێنە:_
 
 1: زۆر کات لە کەشێکى کراوەدا  لە کاتى بەدەر کەوتنى تیشکى خۆر بۆ پاراستنى چاوەکان لە هێزى  بەتینى (تیشکى خۆر) ئەم چاویلکەیە وەک ئامرازێکى خۆپارێزى بەکار دێت.
2: بۆ مەبەستى جوان دەرکەوتن بەکار دێت زۆر جار ئەگەر کەسەکە پۆستێکى سەربازى هەبێت، بەم جۆرە چاویلکەیە زیاتر هێزى دەبەخشێتە ڕووکار و جەستەى.
 3: شەرم کردنى مرۆڤەکان لەیەکترى زۆرکات هۆکارە بۆئەوەى نەتوانن سەیرى چاوى یەکتر بکەن بۆیە ناچارن چاویلکەى تاریک لە چاویان بکەن، چونکە ئەگەر بێت و بێ چاویلکە سەیرى چاوى بەرامبەر نەکرێـت لە کاتى قسەکردندا ئەوە بەوە لێک دەدرێتەوە کە ئەو کەسە ڕاستێتى لە قسەکانیدا نیە، بۆئەوەى خۆى بپارێزێت لەم هەڵە خوێندنەوەیە چاویلکەى تاریک لە چاو دەکات و بەمەش پەیوەندى بینینى ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرامبەر دەپچڕێنێت.
کەواتە بە شێوەیەکى گشتى گرنگترین ئاماژەکانى چاویلکە بریتین لەم ئاماژانە،  زۆرینەى کاتیش ئەم ئاماژانە لە دانوستان و  دیبەیتە سیاسیە چڕ و پڕەکاندا ڕوودەدەن.
یەکەم: خستنە ناودەمى یەکێک لە دەسکەکانى چاویلکە:
ئەم ئاماژەیە زۆرترین لێکدانەوەى بۆکراوە بەڵام ئەوەى ڕاستێتى هەر لێکدانەوەیک دەسەلمێنیت لە بەر چاوگرتنى بارودۆخ و جۆرى پەیوەندى  وڕەگەزى  سیاسیە بەریەککەوتووکانە، دیاریترین لێکدانەوەکان ئەمانەن.
لێکدانەوە و بیروباوەڕەکانى ئەم شێوازە بەم چەشنەن
 1: بە بڕواى زاناى دەروناس (د.درمۆند مریس) ئەم جۆرى بەکارهێنانە ، بەواتاى هەوڵێکى کاتى دادەنرێت بۆ گەڕانەوەى دڵنیایى و کۆنتڕۆڵ کە لە دانوستاندا یان لە گفتوگۆیەکى سیاسیدا ئەگەرى تووش بوونى شڵەژان و هەڵەکردنى هەیە، کەواتە بەم کارە دڵنیایى و ئارامى کۆنتڕۆڵ بۆ خۆى دەگەڕێنێتەوە.
 2: زۆرێک پێیان وایە ئەم ئاماژەیە بە واتاى بیرکردنەوەیەکى قوڵ دێت، بەتایبەتى لەکاتى بێدەنگبوون دواى قسەکردن و گفتوگۆیەکى چڕ لەگەڵ بەرامبەرن تا بەم کارەى وچانێک بدات و بیر لەوە بکاتەوە لە وتەکانى دواتردا چیبلێت.
 3:دەکرێت ئەم ئاماژەیە بۆ دواخستنى بڕیار بەکار بهیێدرێت بە تایبەت لە کاتى دانوستانەکاندا، کە زۆر جار لە کۆتایى گفتوگۆدا بەکار دێت کاتێک کەسێتى سیاسى دەگاتە حاڵەتى بڕیاردان و داواى لێدەکرێت بڕیارى کۆتایى بدات.
3: ئاستێکى کەمى زانایانى دەرووناسى پێان وایەن ئەم ئاماژەیە لە حاڵەتى توڕەیى و دەمارگیریشدا بەکاردێت و لە لایەن سیاسیەکانەوە لەم دۆخانەدا هاناى بۆ دەبردێت.
دووەم:بەرزکردنەوەى چاویلکە بۆ ناوچەوان یان بۆ سەر سەر:
بە گشتى سێ لێکدانەوەى بۆ کراوە
 1:واتاى لەسەرخۆیی و ئارامى دەگەیەنێت بە نیسبەت ئەو سیاسیەى ئەم ئاماژەیە بە چاویلکەکانى دەکات.
 2:یان بە واتاى بەرزەفڕى لە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنى دۆخى هەبوو چاوچێوەى بابەت و قسەکردن.
 3:بەم کارەى وانیشان دەدات هێز و پایە و دەسەڵات لاى خۆی کۆبۆتەوە سەرکردایەتى کردن و خاوەندارێـى قابیل بە خۆیەتى.
سێهەم:سەیرکردن لە سەرەوەى چوارچێوەى چاویلکەوە:
هەڵبژاردنى ئەم شێوازە لە ڕوانین لە لایەن کەسى بەرامبەرەوە لێکدانەوە و تێگەیشتنى نەرێنى و هەڵوێست وەرگرتنى نەگونجاو بەدواى خۆیدا دەهێنیتن ئەویش بۆ هەڵگرتنى ئەو ئاماژە گوماناویانەى ئەم شێوازە هەڵى گرتوون ، زانایان بە پێى جیاوازى باروودۆخ و لیدوانەکان چەند لیکدانەوەیەکیان خستۆتە ڕوو بەم چەشنە:_
1:واتاى هەڵوێستَکى ڕەخنەیانە دێت بۆ بەرامبەر ، گەر بەم شێوەیە ڕوانینمان هەبێـ بۆ سیاسیە بەرامبەرەکانمان ئەوە ، واهەست ئەکەن دادگایمان کردوون و بە هەستێکى خراپەکارى و دوژمنکارانە و پڕ لە هەڵەوە لێیان دەڕ،انین.
2: زۆرێک لە توێژەرانى سەر بزمانى جەستە ئەم ئاماژەیە بەوە لێکدەدەنەوە کە کەسى ئەنجامدەر ، کەسێکى گوماناوییە و بە گومان و سکاڵاو کەمى متمانەوە لەو دۆخ و لێدوان و دانوستانە دەڕوانێت کە تێدا دانیشتووە، هەست بە ئارامى و سەقامگیرى دەروون ناکات.
3: بۆ گوێگرێکى چاویلکە لەچاو لێکدانەوەیەکى دى بۆ ئەم حاڵەتە ، بریتیە لە هەست کردن بە بەدرۆزانینى ووتەکانى بەرامبەر و وا نیشانى دەدات ربەهاى ڕاستێتى لە ووتەکانى بەرامبەر دا نیە.
چوارەم: لابردنى چاویلکە پێش دانوستان:
زۆرێک لە ئینسانەکان کاتێک تووشى نەخۆشى نزیک بینى دەبن بۆیە بۆ بینینى کەرەستە نزیکەکان هانا بۆ لە چاوکردنى چاویلکە نابەن ، بەم ڕەفتارەش وا هەست دەکەن باشتر لە جوڵە و وتە و هەڵویستى بەرامبەر تێدەگەن و وردبینانە تر دەچنە پرۆسەى دانوستانەوە.
پێنجەم: دەستبردن و جوڵەکردن بە چاویلکە بە بەردەوامى:
ئاماژەیە بۆ نەمانى هەستى ئارامى و شڵەژاوى لە گفتوگۆ و دیبەیى سیاسیەکاندا.
شەشەم: لادانى چاویلکەى سیاسیەکان چەند جارێک لە گفتوگۆیەکى کورت خایەندا:
واتاى ئەوەیە دەیەوێت جارێکى دیکە بەڵگە و ڕاستیەکان بخاتەوە گەڕز
حەوتەم: کۆکردنەوەى دەسکەکانى چاویلکە و دانانى لە لاوە, یان خستنە ناو جانتاوە یان خستنە ناو باخەڵەوە:
واتاى کۆتایى هاتنى دانوستان دەگەیەنێت و والێکدانەوى بۆ دەکرێت کە ساتەکانى کۆتایى دیبەیت  وگفتوگۆ سیاسیەکە بێت و بە بڕیاى کۆتایى یان بە دەست خۆشى و داخستنى بابەتە قسە لەسەر کراوەکە دانیشتن و دیبەیتەکە بە خاڵى کۆتایى دەگات.
هەشتەم:ئەوانەى قسەدەکەن و ئەگەر هاتوو چاویلکەکەیان لابرد و دواتر کردیانەوە چاویان
 کەسى بەرامبەر هەست بە ئارامى دەکات، تەنیا ئەوە نیە بەڵکو ئامرازێکە بۆ دەربڕینى هەستى خۆشى تاوەکو قسەکەر بتوانێت کۆنتڕۆڵى دەربڕینەکانى خۆى بکات ، ئەم ڕەفتارەش یاریدەى گوێگر دەدات کاتێک کەسى قسەکەر چاویلکە لا دەبات ئەتوانێ قسەکانى ببڕێت و بۆچوونى خۆى بلێت ، هەر کاتێکیش بەرامبەر چاویلکەککەى کردەوە چاوى بچێتەوە دۆخى گوێگرتنەوە  و چاوەڕوانى وەڵامى بۆ چوونەکەى بێت کە لە دەرفەتى داکەندنى چاویلکەى بەرامبەر دا وتویەتى .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە