کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاماژەکانى درۆکردن و ڕەنگدانەوەى بەسەر زمانى جەستەى سیاسیەکانەوە (بەشى چوارەم)

Saturday, 23/01/2016, 20:47


ئاستەنگەکێک کە سیاسیەکان لە کاتى دەرکەوتن و وتاردانیاندا دووچارى دەبن ئەوەیە کە ئەقڵى نائاگا لەکاتى دەربڕنى ناڕاستیەکاندا پەیام دەنێرێت بۆ جەستە و بە شێوازێکى ئۆتۆماتیکى و خۆنەویست لەبەرامبەر درۆ زارەکیەکانیان شەرمەزاریان دەکات، بە بێدەنگى پێیان دەڵێت ئەوەى ئەوان دەیڵێن درۆیە، ئەوەى جەستە دەیڵێت ڕاستە،هەربۆیە لەو ماوەیەى کە سیاسیەکان پەنا بۆ درۆکردن دەبەن جەستەیان ئاماژەى دژبەیەک دروست دەکا، ئەم نیشانەیەى سەر جەستەش ئەو هەلەدەدات بۆ ئەو کەسانەى بینەرن کە ناڕاستیەکان بە ئاشکرا ببینن و  دەربڕینە ناراستەیکانیش وەلابخەن، چونکە عەقڵى نا ئاگا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵى ئینسانەکاندا نیە پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو وتەیەدا کە سیاسیەکان دەیلێن، بۆیە ئەوەى گرنگە بە دواداچوون و وردبینى و ڕامانە لە جوڵە و بزوتنەوە جەستەییەکان تا پەى بەو ڕاستیانە ببەین کە ناوترێن، ئەویش بە وربینى کردنى ئەو ئاماژانەى کە درۆکانى سیاسیەکان دەردەخەن .
نیشانەکانى درۆکردن لە  بەسەر جەستەى سیاسیەکانەوە
یەکەم: پەنجەبردن بۆ لووت ، کاتێک کەسایەتیەکى سیاسى لێدوان دەدات دەستبردنى خێراى بۆ لوت ئەوە دەگەیەنێت کە ناڕاستیەک لەوەدا هەیە کە دەرى بڕیوە، ئەمە لە کاتى قەسەکردندا بەڵام ئەگەر خۆى گوێگر بوو و ئەم ئاماژەیەى کرد، ئەوە واتاى ئەوە دەگەیەنێت کە بە گومانەوە لە قسەکانى بەرامبەر دەڕوانێت .

 چەند حاڵەتێکى ڕیز پەڕ هەیە پێویستە بۆ ئەم حاڵەتە لەبەر چاوى بگرین
هەموو پەنجە بردنێک بۆ لووت بەواتاى درۆکردنى سیاسیەکان لێکدانەوەى بۆ ناکرێت، بۆیە پێویستە ئاماژەى خوراندنى لووت و ئاماژەى پەنجەبردنى لووت لەکاتى درۆکردندا تێکەڵ نەکەین، لەکاتى خوراندنى لوتدا زۆرجار دووپەنجە یان سەرى پەنجەکان بە کۆکراوەیى بەکار دەهێندرێت، بەڵام لەکاتى درۆکردندا تەنیا یەک پەنجە دەهێندرێت بە لوتدا، هەروەها خوراندنى لووت زۆر جار هێزى پەنجەکانى لەگەڵ دایە بەڵام لە کاتى درۆکردندا فشارى  پەنجەکان لەسەر لووت هەستى پێناکرێت، خاڵێکى تر جیاوازى ئەم حاڵەتە ئەوەیە پرۆسەى خێراى بردنى پەنجە بۆ لووت لەکاتى درۆکردنا خێراترە بە راورد بەکاتى خوراندنى لووت.

دووەم:دەستبردن بۆ گوێچکە یان ڕاکێشانى نەرمایى گوێچکە دیسانەوە بۆ سیاسیەکى قەسەکەر ئەو پەیامە ناواخنیەیە کە بێ ئاگا ئیعاز دەدات بە جەستە لەبەرامەر ناڕاستى وتەکانی دا، بەڵام ئەگەر سیایەک خۆى گوێگربوو بۆ وتەکانى کەسى قسەکەر و دەستى برد بۆ گوێچکەى یان نەرمایى گوێچکەى ڕاکێشا ئەوە واتاى ئەوەیە حەز بە گوێ گرتن ناکات لە پەیامەکانى کەسى قەسکەردا،  نیشانەکانى سەر گوێچکە گەلێک زۆرن کە هەر یەکەو واتایەکى هەیە ، خوراندنى ڕووکارى گوێچکە، یان ڕاکیشانى تەواوەتى، یان پەنجەکرد بە گوێچکە یان خستەناوەوەى هەر کەرەستەیەکى مادى بە گوێچەدا،   یان پاڵنان بە ڕووکارى گوێچکەوە لە پشتەوە، یان داپۆشینى تەواوەتى گوێچکە ... هەر یەکێک لەم نیشانانە واتا و دەلالەتى خۆى هەیە کە بە پێى دەرفەت و کات لە بەشەکانى داهاتوودا هەڵوەستەى لەسەر دەکەم.
 پێویستە ڕیزپەڕەکانى ئەم ئەم حاڵەتە لەبەر چاوبگرین
پێویستە ڕاکێشانى نەرمایى گوێچکە و دەستبردن تێکەڵ نەکەین لەگەڵ خوراندنى گوێچکە ، خوراندنى  گوێچکە هەروەک خوراندنى لووت بەشێوەى خۆویستانە ئەنجام ئەدرێت بەڵام پرۆسەى دەستبردن بۆ لووت و گوێ لەکاتى درۆکردندا کارێکى خۆنەویستە لە ژێر کۆنتڕۆڵ و  جڵەوگیرى سیاسیەکاندا نیە،ڕیزپەڕێکى دیکە لەم حاڵەتەدا کە پێویستە ئاماژەى وێبدەین، جیاوازى کردنە لە نێوان ئافرەت و پیاو لەناو بازنەى سیاسەتکردندا، ڕەنگە پیاو شێوازى ڕیکخستنى جەستەیى و هەیکەلیەتى جەستەى بەجۆرێک بیت زیاتر بتوانێت ئەم ئاماژەیە بەکار بهێنیت، بەڵام ڕەنگە ئافرەتێک لە وەزیفەیەکى سیاسیدا شێواز و ستایلى قژى ڕێگرى بۆ دروست بکات یان لەو وڵاتانەى کاریگەرى ئاین بەتایبەت ئاینى ئیسلام ڕەنگدانەوەى هەیە بەسەر سیستەمى سیاسى وڵاتەوە بەهۆى (سەرپۆشەوە) گویچکەیان دەرنەکەوێت و ئەم ئاماژەیە بەکار نەهێنن.

سێهەم: ڕاکیشانى ملوانەى کراس
زۆرێک لە زانایانى بواى دەرونزانى، ئەم حاڵەتە پشتڕاست دەکەنەوە، پێیان وایە ئەو کەسانەى لە قسەکردنیاندا هانا بۆ درۆکردن دەبەن، ملوانەى کراسەکەیان ڕادەکێشن هۆکارى ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کاتێک سیاسیەکان  لە دەر ئەنجامى درۆکانیانەوە گومان و دوودڵى باڵ دەکێشێت بەسەریاندا بەشێک لە جەستەیان کە داخرواوە ئارەق دەکاتەوە، بەتایبەتى دەرووبەرى مل ئەویش بە هۆى قەپاتى ئەو ناوچەیەوە ، بەهۆى ملوانەى قەپات و بۆینباخى تاوندەوە، بۆیە لە کاتى دروستبوونى ئارەقەدا جۆرێک لە کارلێک لەسەر پێستیان دروست دەبێت کە ناچارن ئەو ناوچەیە بخورێنن بۆ ئەم مەبەستەش توندى ملووانەکەیان شل دەکەنەوە یان بە بەدەست ڕایدەکێشن، ئەم حاڵەتە زیاتر لە باروودۆخى دانوستانە سیاسیەکاندا بەکار دێت کاتێک سیاسیەک هەست بە دۆڕاندن بکات لەو دانوستانە.

چەند خالێکى  ڕیزپەڕ هەیە پێویستە بۆ ئەم ئاماژەیە لەبەر چاوى بگرین
 هەڵەین ئەگەر هەموو کاتێک وابزانین کە ڕاکیشانى ملوانەى کراس بە واتاى درۆکردنى کەسى قسەکەر دێت ، بۆیە پێویستە چەند خالێک لەبەر چاوبگرین 
 ڕ: ڕاکێشانى ملوانەى مل لەکاتى بێزارى و توڕە بوونى کەسایەتیە سیاسیەکان دیسانەوە ڕوودەدات و هاناى بۆدەبەن.
 ب: لە وەرزى گەرمادا ئارەق کردن زیاترە، بۆیە دەکرێت سیاسیەکان  لە دۆخى گەرمادا هانا بۆ کردنەوەى ملوانەى ملیان بەرن، بەبێ ئەوەى واتایەکى نەرێنى بگەیەنێت.
 ج: یاخود کاتێک پۆشاکەکانى بەریان جۆرێک لە زبرى تێدایە و ئەم ڕەفتارەشیان بۆ لابردنى ئەو لێکخشاندنە زبرەى دەور وبەرى ملیان ئەنجام دەدەن.
 ْ: کەسایەتیە سیاسیەکانى دەوڵەت بەشێوەیەکى گشتى گرنگى زۆر دەدەن بە ڕێک پۆشى جل و بەرگیان بەدەر لەوەى  لە ماوەیەکى کورتدا چەندین جار پۆشاکەکانى بەریان دەگۆڕن بۆیە پێویستە دۆخى ڕاهاتنى سیاسیەکان لەگەڵ جلوبەرگە نوێکانیاندا لەبەرچاو بگرین بە تایبەتى بەشى سەرەوەى جەستەیان کە  زۆرجار  ناچارن دەست بەرن بۆ هەندێ ناوچەى جەستە بۆ ئەو شێوازى ڕێکخستنەى کە خۆیان دەیانەوێت.
چوارەم: دەستبردن بۆ لێوى سەروە لەکاتى قسەکردندا، سەلمێنەرى ناڕاستیەکانى کەسێتى سیاسى قسەکەرە، لەکاتى گوێگرتنیشدا نیشانەى بەدرۆزانینى قسەکانى بەرامبەرە.

ڕیز پەڕیەکانى ئەم حاڵەتە
 پێویستە جیاوازى بکەبن لە یەک پەنجە لەسەر لێو لەگەڵ دەستگرتن بە دەمەوە ، چونکە دەلالەتەکانى ئەم دوو ئاماژەیە جیاوان، چونکە دەستبردن بۆ دەم بەکار دەهێندرێت بۆ پەشیمانى لە وتنى قسەیەک یان  دەربڕنى وشەیەک کە دەبوایە نەوترایە، یان لەحاڵەتى بینینى بارودۆخێکى ناخۆش و سەرسوڕهینەر و چاوەڕوان نەکراو سیاسیەکان دەست دەگرن بە دەمیانەوە، لە حاڵەتى بێدەنگیشدا بۆ هەڵسەنگاندنى وتەکانى بەرامبەر ئەم ئاماژەیە دەکەن، یان کاتێک لەگەڵ ناخى خۆیان دەدوێن سەیرى زەوى دەکەن و دەست دەگرن بە دەمیانەوە.

پێنجەم: پەنجە هێنان بە پشتى چاودا، بە بڕواى توێژەرانى سە بە ڕێبازى زمانى جەستە سیاسیەکات لەکاتى دەربڕینە ناڕاستەکانیاندا هەنا بۆ ئەم ڕەفتارە جەستەیە دەبەن و پاڵنەرەکانى هەست و نەست کاریگەریەکانى ئەم درۆیە بەسەر جەستەى سیاسیەکانەوە دەردەخەن.

 چەند خاڵێکى ڕیزپەڕ لەم حاڵەتەدا
ڕ: دەکرێت بەنجە بردن بۆ چاو بۆ مەبەستى خورادنى پشتى چاو بێت نەوەک ئاماژەى درۆکردن.
ب: لەکاتى خەوبردنەوە یان لەکاتى خوێندنەوە دەکرێت سیاسیەکان پەنجە بەرن بۆ چاویان وەک ئاماژەى ماندویەتى چاوەکان.
س: دەست هێنان بە هەردوو چاودا و جیاوەزە لە حاڵەتى پەنجە بردن بۆ یەک چاو.
ْ: ئەو کەسێتیە سیاسانەى چاویلکەیان لە چاوە ناتوانن ئەم ئاماژەیە بکەن بۆیە جەستە نیشانەى تر دەخاتە ڕوو لەسەر جەستە سیاسیە درۆزنەکان.
د: زۆرکات ئافرەت بۆ ئەوەى میکاژى پشتى چاوى نەشێویت خۆدەپارێزیت لە ئەنجامدانى ئەم ئاماژەیەداز
ح:سیاسیەکانیش وەک کەسانى ترى ئاسایى ڕەنگە بگرین، بۆیە پەنجە هێنان بە چاودا لەم دۆخەدا بۆ لادانى فرمیسکى چاوە نەوەک واتاى درۆکردن.
شەشەم: سەیرنەکردنى چاوى بەرامبەر لەکاتى قسەکردندا، دیسانەوە خوێندنەوەى ئەوەى بۆ دەکرێت کە بەرامەبەر لە دەربڕینى قسەکانیدا ڕاستگۆ نیە، یان ئەگەر بە ڕووخسارێکى مۆن و بێدەنگەوە سەریى بەرامبەر ى کرد واتاى هەڵسەنگاندى خراپى بەرامبەر دەگەیەنێت ، بەڵام پێویستە ئەو ڕیزپەڕە لەبەر چاو بگرێن زۆر کات هۆکارى شەرم کردن وا دەکات کە کەسێک نەتوانێت لە کاتى قەسکردندا بە تەواوى سەیرى چاوى بەرامبەر بکات بەتایبەتى لە ڕووبەڕوو بوونەوەى دووکەس کە ڕەگەزیان جیاواز بێت.

حەوتەم:چەند نیشانەیەکى ترى وەک ،دەست بردن بۆ پشتى سەر یاخود تێکچوونى ڕەنگ و پچڕپچڕى لەکاتى قسەکردندا ، جوڵە و حەرەکەى نامۆ و هەڵەکردن لە قسەکردنا، سەرقاڵ بوون بەهەندێ کەرەستەى لاوەکى دوور لە بابەتى گفتوگۆ، ئەنجامدانى بزەى ساختە و شانۆیى بۆ خۆپارێزى لە تەریق بوونەوەن ئەم ئاماژانە و چەندین ئاماژەى تر لەکاتى قسەکردن و بێدەنگیدا بۆ شاردنەوەى بابەتێک یان بیرکردنەوە لە بیرۆکەیەکى خراپ یان هەوڵدان بۆ فریودانى بەرامبەر و دەربِینى ناڕاستى بەکار دەهێندرێن.
Hawkar19

تێبینى: نوسینى ناوى خۆم لەسەر وێنەکان تەنیا وەک بەربەستێکە بۆ ئەو کەسانەى وێنەکانم بەکار دەهێنن بەبێ ئەوەى ئاماژە بە سەرچاوەکە بدەن بێ ماندوو بوون خۆیان دەکەن بە خاوەنى وێنەکان چەند جار ئەم حاڵەتەم بینیوە هیوادارم ئاماژە بەسەر چاوەکان بدرێت لەگەڵ رێزم.

بەکالۆریۆس لە زانستەڕامیارییەکاندا


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە