واتاشاراوەکانى زمانى جەستەى سیاسیەکان(بەشى دووەم)
Thursday, 14/01/2016, 0:23
کەسایەتیە سیاسیەکان لە کاتى بەریەکەوتنى ڕاستەو خۆ و ناڕاستەو خۆیاندا لەگەڵ جەماوەردا، جا لە ڕێگاى هەر هۆکارێکى دەرکەوتنەوە بێت، بە ئاگا و وشیارى باڵاوە سەرجەمى ئاماژە و جوڵە و ڕەفتارەکانیان ڕێکدەخەن، بەتایبەتى لە کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسیەکاندا لە دانوستان و بازنەى پەیوەندییە دبلۆماسى و کونسوڵى و نوێنەرایەتیەکاندا، چونکە دەوڵەتان تواناکانى خۆیان وەگەڕ دەخەن لە هەردوو بارى (تێۆرى و پراکتیکی) دا، بۆ پەروەردە کردن و بارهێنانى کادیر و سیاسەتمەدار و دبلۆماتى سەرکەوتوو و لێهاتوو لە سەر ئاستى دەرەکى و ناوخۆیى ، یەکێک لە خاڵەکانى سەرکەوتنیش لەوەدا دەبیننەوە کە ئەندامەکانیان بەلایەنى کەمەوە گەر هەموو کاتێکیش نەبێت تەنیا ئەو کاتانەى لەبەر چاوى خەڵک و کامێرادان، بە جۆرێک جوڵە و ڕەفتار و لێدوان بدەن ، کە لەگەڵ ویست و بەرژەوەندى و ئارمانجى دەوڵەتەکەیان هاوتەریب بێتەوە، لەبەر ئەمە ڕەفتارى شیاو و گوفتارى ڕەوان یەکێکە لەمەرجە بنەڕەتیەکان بۆ پێوەربەندى کەسێـتى سیاسی سەرکەوتوویان، کەبە جۆرێک ئاماژەکان و لێدوانەکانى جەستە ببێتە هۆکارى ڕەنگدانەوە بەسەر کەسایەتى بەهێزیانەوە، دەرکەوتنیان وەک کەسانێکى بە بەزەیى و خودان ڕێز و خودان هێز و دەرکەوتەى هەستى دڵسۆزى و هێمنى و پەراوێزخستنى کۆى ناسینەکانى توڕەیى و بێزارى و بێڕێزى و شڵەژاوى ... هتد بە سەر ڕووبەرى جەستەی دەرکەوتوویانەوە.
تواناى (نوسین و دەنگ و ڕەفتارى جەستەیى) وەک سێ ناسینەى گرنگ لە ناو بازنەى سیاسەتکردندا.
لە دنیاى ئەمڕۆى سیاسەتکردندا، کەسێتى سیاسى سەرکەوتوو پێویستە ، هەر سێ لەم ناسینەیەى تێدابێت، بە تایبەتى ئەو سیاسەتمەدارانەى لەسەر ئاستى جیهاندا خاوەن پێگە و کەسایەتى تۆکمە و بەهێزنن، بەڵام دەگونجێت لەیەککاتدا ئەم سێ ناسینەیە لە کەسێتى سیاسیەکاندا ڕەنگ دانەوەى نەبێت، ئەمە لە ڕابردوودا بە زەقى هەستى پێدەکرێت دەبینین
پێش داهێنانی رادیۆ ، زۆرینەی شێوازەکانی پەیوەندی و گەیاندنى پەیامى سیاسیەکان لەمیانەی نوسین و لە رێگەی وتار و رۆژنامە وە بووە ، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەو سیاسیەیانەى کە گفتوگۆکەر و قسەکەریکی باش و سەرکەوتوو نەبوون، دەکرا لە رێگەی نوسینی وتارێکی باشەوە لە ماوەیەکى کەم خایەندا خەونى سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەشترین نمونەش لە میژوودا تواناکاى (ابراهام لینکۆلن) بووە کە تایبەتمەندیەکى بەرزى نوسینى تێدابوو. بەڵام لە سەردەمی رادیۆدا مەسەلەکە پێچەوانە بووە وە لەم هێڵە نوێیەى پەیوەندى کردندا بوار رەخسا لەبەردەم ئەو کەسانەی کە ژیربێژ و قسەکەرێکى باش و زمان پاراو بوون، بە تۆنى دەنگ و لێهاتووى قسەکردنیان بە باشى ئەوەى ویستیان توانیان بیگەیەنن، لە نمونەى ئەم کەسایەتیانەش سیاسەتمەدارى بەناوبانگى بەریتانى (وینستن چرچڵ) بوو کە بەشیوازێکی نایاب و بێوێنەى تواناى دەربڕینى پەیڤەکانى هەبوو لە ڕێگەى دەنگیەوە، بەڵام لەسەردەمی ئێستادا سیاسیەکان بە باشى لەوە تێگەیشتوون کە لە بەشێکى فراواندا سیاسەت پەیوەستە بە وێنە و دەرکەوتن و جوڵەى جەستەوە، کەر لەم پێناوەدا ، زۆرینەی سیاسیە بەناوبانگەکانی ئەمرۆ راوێژکاری کەسیان هەیە بۆ ڕاهێنانیان بە هەردوو شێوەى تێۆرى و پراکتیکى لە زمانی جەستەدا ، ئەمەش بۆیارمەتیدانییان تا بەو شێوەیە دەربکەون کە لە خەیاڵى خۆیاندا وێنەى بۆ دەکێشن، نەک وەک شێوازى سروشتى ڕاستەقینەى خۆیان. هەروەک دەبینین بە پێى گۆڕانى سەردەمە جیاوازەکان سیاسیەکانیش توانیویانە خۆیان بگۆڕن و لەگەڵ هەر گۆڕانێکیشدا خۆیان بگونجێنن، گەر لە سەردەمانێکدا وتار نوسین بە بەهرەیەکى بەهێز دانراوە بۆ سەرکەوتن و بەنێو دەنگ بوونى سیاسیەکان ئەوە لە سەردەمى دواتردا پەیامە دەنگێگیان لە ڕێگە (ڕادیۆ) وە بووەتە مەیدانى تاقیکردنەوەى سەرکەوتنى سیاسیەکا بۆ دەرخستى ئەو توانا دەنگى و وتاردانەى لە ناخیاندا هەیە، بەڵام ئیستا لەگەڵ بەرەو پێشچوونى هۆکارەکانى پەیوەندى کردن ، زمانى جەستە و وێنە و دەرکەوتنى شیاوى سیاسیەکان گرنگترین مەسەلەیە بە تایبەتى لە شەستەکانى سەدەى ڕابردووە و لەگەڵ پەیدا بوون و فراوان بوونى هۆکارە بینراوەکانى پەیوەندى کردن.
دیدگاى جەماوەر بۆ پەیامى زارەکى و نازارەکى سیاسیەکان
سیاسەت و کارى سیاسەتکردن لە تێگەیشتنى ژمارەیەکى زۆرى مرۆڤەکاندا، بە بەدکارى و بەدویستى و بەدبینى و (فیزۆشیرینى)ەوە گرێدراوە، وەک ئامرازێک وێنا دەکرێت کە ڕۆڵى سەرەکى دەستەبەرکردنى (سود و قازانج و ویستى تایبەت) ەو سەرخستنیەتى بەسەر ( سود و ویست و قازانجى گشتیدا). لە دیگاى مرۆڤەکانیشدا هەر کەسایەتیە سیاسیەکانن کە بە ڕۆڵى نوێنەرایەتى کردنى ئەم سیفەتە قێزەون و نەفرەتلێکراوانە هەڵدەستن، هەر بۆیە بابەتێکى نامۆ نابێت کە بەشێک یان هەموو گوتارە زارەکیە سیاسیەکان جێگاى باوەڕى جەماوەر نەبێت، چونکە ئەو جەماوەرەى لە ژێر سەرکردایەتى کردنى سیاسیەکاندان ئەزمونیان هەیە لە بەدرۆ سەلماندنى گوتارى سیاسیەکان، بە تایبەتى بەراوردکردنى گوتارەکانیان لە سەرووبەندى هەڵبژاردنەکان و دواى گەیشتنیان بە دەسەڵاتى سیاسى .
لەبەر ئەم هۆکارەیە خەڵکى زۆر جار لە تێروانینان بۆ سیاسیەکان ئەوەى بە لایانەوە گرنگ نیە وتەو پەیامە زارەکیەکانیانە و ئەوەى بەلایانەوە گرنگە ڕامان و بەدواداچوون و شیکردنەوەیە بۆ ئاماژە خۆنەویستەکانى جەستەیان. ئەویش بە وردبینى و سرنجدانیان لە سەر کۆى ئەندامەکانى جەستەى سیاسیەکان و ئاماژە شاراوەکانى پشتى ئەم ئاماژانە، ئەویش لە ڕێگەى ( جوڵەى پەنجە ، جوڵەى شان، تێڕوانینى چاوەکان، بزواندنى باڵ و قاچ و لێو برۆ و ... هتد، لەگەڵ لە بەر چاوگرتنى شوێن و کات و تەمەن و کلتور و ڕەگەز و هەروەها لەبەرچاوگرتنى ئاماژەکانى جەستە لە کاتى قسەکردن و بێدەنگى و لە کاتى توڕەیى و هێمنى و لە ناوەندى فەرمى و نافەرمى و یان بە تەنیا یان بەرکەوتنیان لەگەڵ جەماوەر هەموو ئەمە خاڵانە بۆ لیکدانەوە و خوێندنەوە و ئەنجامگیرى زمانى جەستە پێویستە کە لە بەشەکانى دواتردا ورتر قسەى لەسەر دەکەم.
هێز و زاڵدەستى لە زمانى جەستەى سیاسیەکاندا
زۆرێک پێیان وایە کەجەوهەرى سیاسەت بەشێوەیەکى سەرەکى دەربارەى یەک چەمک و یەک ئامانج و ستراتیژ دەسوڕێتەوە کە ئەویش ( بەدەستهێنانى هێز و پەرەپێدان و زیاترکردن و پاراستنى ئەم هێزەیە) ، بەدەر لەوەى هەموو دەوڵەتێک توانا سیاسى و ئابورى و سەربازى و ستراتیژیەکانى بەشێوەیەکى کارا ، لە خزمەتى قەبەکردنى هێز و تواناکەیدا دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەى لەسەر ئاستى دەرەکى و ناوخۆ بە چاوێکى خودان هێزەوە، حسابى لەسەر بکرێت و شوێن پێى خۆى لەناو هێڵە ئاڵۆزەکانى سیستەمى نێودەوڵەتى و گەمە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا بپارێزێت ، بۆئەوى لە لایەن هێزەکانى ناوخۆ و دەرەکیەوە نەکرێتە سوتەمەنى ململانێى و پێکدادانەکان، بەڵام خۆسەپێنەرى و زیاترکردنى هێزى خۆى تەنیا لەو ڕێگایانەوە ناگرێتەبەر کە باسمکردن، بەڵکو و ڕەفتار و جوڵەى نوێنەرە دبلۆماسى و سیاسیە دەرەکى و ناوخۆییەکان ، ڕۆڵێکى کارا دەبینێت لە نمایشکردن و پیشاندانى ئەم هێزەدا، بۆیە ئەرکە لەسەر سیاسەتمەدار سود ئەندامەکانى جەستەى وەربگرێت بۆ بەکارهێنانى بەلاى ئەوەدا کە زۆرترین هێز و تواناى سەرکەوتنى خۆى بۆ بەرامبەر بسەلمێنێ، لە ڕێگەى جوگرافیاى زمانى جەستەیەوە جوگرافیاى هێز و نفوى خۆى زیاد بکات و تا ببێتە مامۆستایەکى هونەرى و کارامەى سەرکەوتوو تا هەلى بردنەوەى خۆى دۆڕاندنى بەرامبەر لە گەمە سیاسى و دانوستانیەکاندا مسۆگەر بکات، دەکرێت نوێنەرێکى دبلۆماسى لە ڕێگەى یەک ئاماژەى بچوکەوە زاڵدەستى و هێزی خۆى بەسەر بەرامبەردا بسەلمێنیت ، هەر وەک چۆن نوێنەرى دبلۆماسى ڕەفتارەکانى بە درێژکراوەى کارى دەوڵەت دادەنرێن بۆیە دەرکەوتنیشى وەک کەسێکى بەهێز بە واتاى دەرکەوتنى هێزى دەوڵەتەکەى دێت، هەر چەندە ئەو دەوڵەتە لە ڕووى توانى سەربازى و سیاسى و سابوریشەوە لاواز بیت لە و دەوڵەتەى کە لەبەرامبەردا نوێنەرێک نوێنەرایەتى دەکات، باشترین نمونە دەرکەوتنى ئۆباما و سیاسیەکى سعودى بوو لە ساڵى پاردا ، کە شێوازى تەوقەکردنى کەسایەتیە سعودیەکە بە شێوەیەک بوو کە تەواو سەلماندبووى کە بەسەر لایەنى بەرامبەردا زاڵە کە ئەویش( ئۆباما) بوو سەرۆکى بەهێِزترین دەوڵەتى جیهان لە بوارى سیاسى و ئابورى و سەربازى تەکنەلۆجى و ... هتد، لە دواى کۆبوونەوەیەکان دەربارەى نەوت و وزە لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا بەم شێوەیە کەسایەتیە سیاسیە (سعودیە)کە دەستى ئۆباماى گرت لە کاتى تەوقەکردندا کە دەستى خۆى زاڵکرد بەسەریدا ، زۆرینەى شارەزایانى زمانى جەستە بە سەرکەوتنى سعودیە و دەوڵەتانى کەنداو بە سەر ئەمریکادا لێکیان دایەوە.
پێویستە ئەوە بوترێت کە کاراترین ئەندامى جەستە کە بۆ مەبەستى زاڵدەستى هێز بەکار بهێندرێت( جوڵەى پەنجەکان و دەستەکان و چاوەکان)ە، کە باشترین ئەندامن لە ئەندامەکانى جەستە کە خۆ نەویستانە بۆ مەبەستى هەڕەشە و توڕەیى و هێز بەکار دێن لە لایەن سیاسیەکانەوە لە پێش هەموشیانەوە جوڵەى پەنجەکان بە تایبەتى بەرزکردنەوەى بەنجەى شایەتمان یان سوڕاندنى بۆ لایەنى بەرامبەر.
سیاسیەکان و ساختەکاریان لە بوارى زمانى جەستەدا
سیاسیەکان باش لەوە تێگەیشتوون کە بێدەنگبوونیشان جۆرێکە لە قسەکردن، ئەمە بەدەر لەوەى خەڵکیش لەوە حاڵى بوون کە زمانى جەستەى سیاسیەکان هاوئاهەنگ نیە لەگەڵ ویست و نیازە درۆینەکانیاندا ، بۆیە لە هەوڵى ئەوەدان ئەو تایبەتمەدییە جەستەییانە لە خۆیاندا پاک بکەنەوە کە کە لە کاتى ( توڕەیى و شڵەژان و درۆکردن و بێزارى و بێتاقەتیدا) لێیان دێنە دەنگ نیازە ڕاستینەکانیان دەردەخەن، هەر بۆیە سیاسیەکان لەگەڵ خۆیان دەجەنگن لە پێناو پێچەوانەکردنەوەى ئەو هاوکێشەیەدا کە پێى وایە ( زمانى جەستە ئەو زمانەیە کە ئەوەى مێشک بیرى لێدەکاتەوە دەرى دەخات و ئەوەى زمان نایەوێت بیلێت ئەم دەیدرکێنیت) بۆیە تێدەکۆشن بۆ دۆزینەوەى هاوسەنگى لە نێوان زمانى زارەکى و نازارەکیدا، کە ئەم پرۆسەیەش پێى دەوترێت( ساختەکردن لە زمانى جەستەدا) کە ئەمەش کەسى زیرەک و وریا و لێزانى دەوێت بۆ بەکارهێنانى جموجۆڵ و هەڵوێستەکانى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى بارودۆخە نەخوازراوەکان بە جوڵە و دەرکەوتنێکى لە سەر خۆ و نەرم و سرنجڕاکێشەوە، ئەم کارەش ئەنجامدانى زۆر ئەستەمە و توێژەرانى بوراى زمانى جەستە پێیان وایە جڵەو دان و سەرکردایەتى کردنى زمانى جەستە کارێکى سەختە و ئەو سیاسیانەى خوازیارى ئە کارەن پێویستە ڕاهێنانى و پەروەردەى زۆر بکرێن هەتا بەسەر ڕووبەرى جەستەیانەوە گوڵبژێرى ئەو ئاماژانە بکەن کە دەیان کاتە کەسێکى سەرکەوتوو لە مەیدانى سیاسیدا، بەڵام ئەم کارە بۆ کاتیە و مرۆڤ ناتوانێت بە تەواوى جڵەوگیرى زمانى جەستەى بکات چونکە لە نێوان جڵەو گیرى قسەکردن و جوڵەکردندا سەرى لێدەشێوێت، هەر بۆیە زۆر لە سیاسیەکان کاتێک ناتوانن زاڵ بن بەسەر زمانى جەستەیاندا میکانیزمى تر بەکار دەیهَنن ، بۆ ئەوەى ڕووکارێکى نەویستراویان نەبێت بۆ نمونە، دەربڕینى چاوەکانى پۆتین بە شێوەیەکە زۆرجار ناتوانێت ئەو ئاماژە نەرێنیانەى چاوى کۆنترۆِل بکات کە زیاتر وەک سیخوڕێک دەردەکەوێت بە حوکمى کارکردنى لە دەزگاى هەوڵگرى ڕووسى بۆیە لە هەندئ بورادا ناچارە چاویلکەى ڕەش بکاتە چاوى.مونەیەکى تر(نیکۆڵا سارکوزى)سەرۆکى پێِشووى فەڕەنسا بە هۆى کورتى (باڵا)یەوە زۆر جار بۆ ئەوەى وەک سیاسیەکى بەرز و خاوەن هێز دەربکەوێت لەسەرئەو (مەنەسە)یەى قسەى لەسەر دەکرد، زیاتر لە ( 17) سم بەرزکەرەوەى بۆ قاچەکانى دادەنا، بەڵام ئۆباما وەک بەرزترین سەرۆکى دنیا بە شێوەى سروشتى خۆى کاتى وەستانیدا، بێ هیچ بەرزکەرەوەیەک لێدوانى دەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست