خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان

Monday, 18/11/2024, 20:53


خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بەرەو تێگەیشتنێکی قوڵ و ڕامانمان دەبات و مەحکومان دەکات بە بیرکردنەوە لەو هەموو ڕووداوە.


ئەم ڕۆمانە بەرهەمی نوسەر، شاعیرو شێوەکار " ناسر حەفید"ە. ڕۆمانێکە کە ساڵی ٢٠٢١ لە سلێمانی چاپکراوە و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە دەکرێت بە ڕۆمانی بیۆگرافی شارێک یان نیشتمانێک ناوی لێ بنێین. باسی سەردەمی دوای ئاشبەتاڵ و هەشتاکانی سەدەی پێشوو دەکات، کە سەختترین قۆناغی مێژووی نوێی گەلەکەمانە لە باشوری نیشتمان.
 لەو بەشە داگیرکراوەدا کورد بە ئاگری سێ شەڕ دەسوتا. هەموو ڕۆژێک هەواڵێک شارو کۆمەڵگایان قان دەدا. لە ڕاستییدا شار زیندانێکی داخراو و ترسناک بوو کە لە سەربازگایەک و ئۆردوگایەکی داخراو دەچوو. 
 شەڕی عێراق و ئێران و بزووتنەوەی چەکداریی کورد، لەگەڵ گرتن، کوشتن، لە داردان و زیندان ناسنامەی ئەو سەردەمە بوو.
 شەڕی نێوان هێز و لایەنە چەکدارەکانی شاخ و سایکۆلۆژییەتی گەلێکی ڕوخاو لە ناخەوە، کە ئاشبەتاڵ بڕسکی لێ بڕی بوو. لە ناو ئەم ڕۆمانەدا بە وردەکارییەکی جوان و ئەدەبیی خوێنەر دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو رۆژگارانە.
 دەکرێت ئێمە کارەکتەری سەرەکی رۆمانەکە وەک حیکایەتخوانێک سەیر بکەین.
 "پیران" کە قوتابییەکی زانکۆی سلێمانییە، لە کۆلیژی کشتوکاڵ لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری شارەکەیە و خۆشی لە ناو کایەی ڕۆشبیری و شیعردا سەرگەرمە و جارێک لە ڤیستیڤاڵی دەرچوانی زانکۆ لە سینەمای دڵشاد شیعرێکی یاخیبوون دەخوێنێتەوە، لەوێوە دەیەوێت شکۆ بگەڕێنێتەوە و ترس بڕەوێنێتەوە. پیران بۆ خۆشی زۆری ئەوانە دەناسێت کە بەشێکن لە نەیارانی رێژیمی بەعس و زۆربەی هاوڕێکانی سیاسین کە لە ڕێخراوەکانی دژی بەعس کاردەکەن. هەر بۆیە پیران ئاگاداری کار و چالاکیی نهێنیی ئەوانەیە و بۆ خۆشی لەبەر مەترسیی گرتن و لەسێدارەدان روو لە شاخ دەکات. چەندین جار لەگەڵ سەرانی شۆڕشدا گفتوگۆ دەکات کە خۆی بڕوای وایە شەڕی چەکداریی دیسان بە هەڵدێرماندا دەبات و ئەنجامێکی خراپی دەبێت.

 پیران بۆ گرتنی خاڵە شەهاب و هاوڕێکانی قسەی جیدیی هەیە.

 من بیرمە جارێک لەگەڵ "ئاوات عەبدول غەفور"دا گفتوگۆمان دەکرد لێم پرسی بۆچی لە پێنجوێن هەوڵتان نەدا ڕابکەن ؟ لە وەلامدا وتی: ئاخر خاڵە شەهاب قاچی لەجێ چوبوو. 
 نوسەر باسێکی وردی ئەوسای زانکۆمان بۆ دەکات، کە تەنانەت قوتابییەکان مانگی ٢٠ دینار قەرز وەر دەگرن و ئەزمونیان لە دانەوەی قەرزەکە هەیە، دەزانێت حکومەت دوایی ئازادیان دەکات لە قەرزەکە، پێشمان دەڵێت کە لە هندستانەوە مامۆستایان هێناوە بۆ وانە وتنەوە.
 لە ناو ڕۆمانەکەدا هەمان چیرۆک دەخوێنیتەوە. لە چوونی پیران بۆ شاخ، لەوێ بە سەر شەڕ و کوشتاری نێوان پێشمەرگەی حیزب و لایەنە چەکدارەکاندا دەکەوێت. دەبینێت هەندێک لە قوربانیانی دوێنێ کە لە ستەمی بەعس دەرباز بوون، لە شاخ بوونەتە جەلاد، دیلکوژ و قارەمانی شەڕی ناوخۆ. پیران لە سەر کۆی ڕووداوەکان وەک ڕووناکبیرێکی سەربەخۆ ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و پێشانمان دەدات، لەگەڵ باڵادەست و کادێرەکاندا کە ئایدۆلۆژیا کوێری کردوون، گفتوگۆ دەکات،  پێمان دەڵێت: کە بزووتنەوەی چەکداریی و شەڕی نێوخۆ تا چ ئەندازەیەک توانیویانە هێزی شەڕخوازیی و وێرانکاریی ناو کۆمەڵگای کوردستان بێدار و چالاک بکەنەوە و بەو ئەنجامەی بگەیەنن کە ئەمڕۆکە لەمەیدانەکەدا دەیبینین. 
  لە ناو ئەم ڕۆمانە بیۆگرافییەدا ڕۆژژمێری ڕووداوەکان دەبینین، هەر لە شەهیدەکانەوە تا لە داردان و ڕۆحکێشانیان، تا دەگاتە دەسەڵاتی سەدام و سەربازی هەڵهاتوو، باسی خائین، سیخوڕ، لێبوردنی گشتیمان بۆ دەکات، هەر بەڕاستیی کتێبێکە زیاتر لە ڕۆژمێرێکی وردی ڕووداوەکان دەچێت.
 من بیرمە لە چاپخانەی کاکەی فەلاح کە ڕۆژمێری پیرەمێردی چاپ دەکرد هەموو ساڵێک منیش فریا دەکەوتم تا چەند ساڵێک دەمکڕی و هەموو شتێکم تێدا تۆمار دەکرد. ئەو ڕۆژمێرانەی دەمکڕین و ڕووداوەکانم بە زمانێکی هەرزە و سادە تیا تۆمار دەکرد. دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە ئەو خەمەم نەما لە فەوتانی ئەو رۆژگارانە. دیارە دەبێت ڕاستگۆبم من هێندە کامڵ نەبووم ڕووداوەکان ئاوا تۆمار بکەم، بەڵام بیرمە کاتێک سەدام بوو بە سەرۆک و ئەو لێبوردنە گشتییەی بۆ زیندانییەکان دەرکرد، چەند گەنجێک لە گەڕەکی ئێمەش بەر بوون. خەڵک تا چەند ڕۆژێک هەڵدەپەڕین و ئاهەنگیان دەگێڕا.
 ئەم ڕۆمانە بریتییە لە ٧٢ بەش کە لە توێی ٥٣٣ لاپەڕەدا ئەو هەموو شتانەمان بۆ دەگێڕێتەوە. هەر بەشەی لەچیرۆکێکی سەربەخۆ دەچێت و ناوێکی هەیە، نەک ژمارە. هەر بەشە پڕە لە کەسایەتیی سیمبوڵیی و بەڵام مام مەجید و دایکە گریانە (گریانە ناوە) کە دەردەکەون ئیتر خوێنەر بە ناو گەشتی مێژووی ڕووداوەکاندا بەکێش دەکەن. مام مەجید لە دوکانێک جگەرەی زەل دەفرۆشێت لە بەردەرکی سەرا. لە پەنا دیواری بن دوکانەکەیدا تاقێک و پەردەیەک هەیە لەگەڵ کەوێک لە قەفەزدایە و زستانان ماش و بەهارانیش تاڵیشکی دەداتێ. کاتێک سەردەمی ڕاویش دێت دەچێتە سیتەک بۆلای شیخ لەتیف. لەوێ کەوە دەنوک سورەکەی کەوەکانی هاو رەگەزی خۆی بانگ دەکات تا بە کوشتیان بدات.
 مام مەجید عەشقی دەنگی کەوەکەیەتی وجێگەی شانازییەتی. ئەو بە دیلکردنی کەوێک لە دوکانەکەیدا پێمان دەڵێت: کورد چەنێک داماوە...!؟
 ئەمە قسەیەکی فەیلەسوفی ڕۆحیی چین کۆنفیشیۆسی بیر هێنامەوە کە دەڵێت: "گەر حەزتان بە دەنگی باڵندەکانە دار بڕوێنن تا لە سەری بنیشنەوە نەک باڵندەکان لە قەفەزدا زیندانی بکەن!"
 کاک ناسر حەفیدی نوسەر بیرمان دەخاتەوە کە کورد و کەو چەند لە یەک دەچن. مام مەجید پێشمەرگەی سەردەمی شیخ مەحمود بووە و لە نزیکەوە ئەو ڕۆژەی بیرە کە ئاڵای ئینگلیزەکان دادەگرن لە سەرادا و ئاڵای دەوڵەتی کوردستان هەڵ دەکەن لە سلێمانی. مەلیکی کوردیش دەڵێت: "ئاڵاکەیان بۆ قەد بکەن و بیدەنەوە دەستیان با لە ولاتی خۆیان هەڵی بکەن! ئەو ناڵێت ئاگر لە ئاڵاکەیان بەربدەن. چونکە ئەوە پیشەی مرۆڤگەلی هیچ لەباردانەبووە.
 ڕۆژێک کە هەواڵی ڕۆح کێشانی کوڕەکەی مام مەجید دەگات، پیاوانی گەڕەک و مەلای مزگەوتەکە دەچن تا بە مام مەجید بڵێن هاو خەمتین با تەشریف بەرینەوە بۆ ماڵەوە. مام مەجید ئامادە نەبوو کە سەردانی کوڕەکەی بکات لە زیندان. ئەو بڕوای بە کڕوزانەوە و داماویی نەبوو بەو تەمەنە هەڵکشاوەیەوە بۆ تۆڵەکردنەوە لە ستەم خەونی بە تفەنگێکەوە دەبینی. ئیتر خوێنەر دەبێت چاوەڕوانی چیرۆکی باوکێکی جەرگ سوتاوبێت.
 ژنان لە پرسەیەکدا هەر یەکەیان بۆ ئازیزێکی خۆی دەگری. کچێکی گەنج لە ناو ئاپورەی پرسەکەدا بە شیعرێکی شەهید مەلاعەلی شیوەنەکە دەکاتە ئاگرێکی جۆشدارو لە دوای تەرمی خاڵە شەهابەوە ئیتر لە داردراوەکان لاشەکانیان نەدرایەوە بە خێزانەکانیان. دوای لەدار دانیان یەکە یەکە لاشەکان چەند دەیە زیندانی دەکران. "گریانە"ی جەرگسوتاو کارەکتەرێکە تا کۆتایی ڕۆمانەکە بە شەقام و پرسە و بازاڕ و دواجار گوندەکەی زێدیدا لە سەر گۆڕی کوڕەکانی سەرسنگی توند دەبێت، کێلی سەپانی کوڕی و حەسەنی کوڕی تۆزێک دوورتر بوو. لالۆی مێردی پێشتر شەهید بوبوو. گریانە بیری کردەوەو بە گۆڕەکەی حەسەنی کوڕی وت داخی هۆمەری کوڕی ناچێت کە گۆڕ غەریب بووە. چونکە ئەو لە موسڵ لە دار دراوە و لاشەکەی وەرنەگیراوەتەوە و لە گەرمەسێر ئەسپەردە کراوە.
 خێزانێک سندوقە بۆراقەکەی یادگاری ژیانیان بوو. ئێستا هەموو شت کۆتایی هاتووە و لیرەکانێش کە ماڵە سپییەکە بوو بۆ ڕۆژی ڕەش، نە مان.
 ڕۆمانی" خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان" دیوە تاریکە بێوەفاییەکەی بزوتنەوەی چەکدارییمان بۆ دەردەخات و دواجار بینیمان، کە کۆمەڵێک مرۆڤی بوردەڵە و فایلدار هاتونەتە سەر حازریی و بەری ئەو هەموو قوربانیی و شەڕە لە خوێن هەڵکێشراوە دەخۆن. شەرم لە باوکە مام مەجید و دایکە گریانە ناکەن. دایە گریانە کاتێک گوندەکەیان دەکەوێتە بەر دەمی شۆفلەکان، بۆرە سەگەکەیان بەرگریی دەکات. دوایی بە زامداریی دێتەوە حەوشەکەیان. باوکی گریانە دەڵێت دوری بخەنەوە با لە دور بتۆپێت و بەگڵەسور بسمیلی جێگەکەی بکەن! بۆ بەیانی سەگ دیار نامێنێت. گریانە کە بە دوایدا دەگەڕێت لە دەرەوەی ئاوایی گیانی سپاردووە. گریانە دەڵێت تێگەیشتم کە بۆرە هەموو قسەیەک تێ دەگەیشت. گریانە خەم لەوە دەخوات کە سەری کاسی سەگەکەی نەکردۆتە سەر ڕانی و زامەکانی بۆ ساڕێژ نەکردووە، مرۆڤ چەنێک گڵاوە نەک سەگ؟
  تا ئێستا چەندین  باس و نوسین لە بارەی ئەو سەردەمە و بزووتنەوەی چەکداریی باشوری نیشتمان بڵاو کراونەتەوە. ئەوەی من بینیومن و خوێندومەتەوە، دەگمەنیان تێدا بووە کە بێلایەنانە نوسرابن. ئەوەی کە نوسەری ئەو رۆمانانە خۆیان لێبۆتە پاڵەوانی ڕووداوەکان ودەیانەوێت بلیمەتیی و ئازایەتیی خۆیانمان بۆ بگێڕێنەوە. ئەو نوسەر و رۆماننوسانە لە بچوکی خۆیاندا گەورەیی ڕووداوەکان پیشان دەدات تا پێمان بڵێن: "من پاڵەوانی سەرەکی بووم!" بەڵام لە ڕۆمانی "خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان"دا کاکە نالە وەک کەسێکی سەربەخۆ و خاوەن مەعریفەیەکی ئازاد لە ڕوانگەیەکی فراوان و بێلایەنانە دیمەنەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. زوتر لە هەموومان دیوی ناوەوەی ڕووداوەکان دەبینێ و بە وردیی سەرنجمان بۆ ئەو لایەنانە دەبات کە چاومان لە سەریان نەبووە. ناسر حەفید وەک میراتێکی مێژوویی هەمووی بۆ تۆمارکردووین. هەر بە ڕاستیی لایەنێکی گرینگی مێژووی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە. بۆیە خوێنەری هوشیار دەتوانێت متمانە بە گێڕانەوەی هەموو رووداوەکانی ناو ئەو رۆمانە بکات و وەک سەرچاوەیەکی بیۆگرافی بە نرخ لێی بڕوانێت.
 ئەمە شانسێکی گەورەیە بۆ ئەو مرۆڤە کوردانەی کە منداڵ بوون یان لەو سەردەمەدا هێشتا گەشتی ژیانیان دەستی پێ نەکردبوو کە ئەم رۆمانە بخوێننەوە تا بزانن لە پێش خویاندا چی رووی داوە.
 ئەگەر دەڵێن بۆ ئەوەی جوان لە مێژووی ڕووداوەکان تێ بگەیت دەبێت ڕوو لە خوێندنەوەی ئەدەبیی بکەیت بە تایبەتیی ڕۆمان.
 وەک نمونە ئەگەر شەڕ و ئاشتی تۆڵستۆی نەبوایە کێ دەیتوانی لە شکرکێشیی ناپلیۆن ئاوا بە وردەکاریەوە بزانێت؟ 
 ئەم ڕۆمانەی ناسر حەفیدیش باسی مێژوو دەکات، باسی شەڕمان بۆ دەکات، چیرۆکی ئەو سەردەمەمان بۆ دەگێڕێتەوە.
 کورد ئەو میللەتە دەردەدارەیە کە لە ناو پڕۆسەی سڕینەوەی خۆیدا بەشدارێکی کارایە. هەرگیز لە جەستەی زامداری خۆی ناڕوانێت و بە دوای شوناسی خۆیدا ناگەڕێت. ئەمە ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانەیە کە پێمان دەڵێت: مێژوو حیکایەت نییە بەڵکو بە ئاگابوونەوەیە لە ڕابردوو، وانە وەرگرتنە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە