کەڵە شێرە بەزیوەکان بۆ لەو هەموو بۆردمانە بێدەنگن؟

Wednesday, 07/02/2024, 20:26


کەم ڕۆژ هەیە تورکی فاشی و ، ئێرانی تاوان کورد نەکوژن و سوکایەتی بەنیشتمان و خاکو خەڵکەکەی نەکەن ، دەسەڵاتی کوردی  ، یان چاکتر بڵێین کەڵەشێرە  بەزیوەکانی ناو دەسەڵات ، دەست دەکەن بە هاش و هوش و خۆ گیڤ کردنەوە ، بەڵام خێرا لیژنەیەک لەجوجکی تۆقیو  پیک دەهێنن  بۆ ئەوەی تورک و ئێرانێکان  بەچاوی  دوژمنەوە لییان نەڕوانێت و  ئەوەی کە کوژراو خوێنی ڕژا بکەنە  قوربانی  بۆ درامایەکی  فاسیدی تورک یان حەیرانی  پازدارێکی ئێرانی بێت .
ئەو ساتەی کە تۆ بەرپرسیاریت لە هەموو شتێک لە وولاتدا، ئەو ساتەیە کە دەسەڵاتت هەیە بۆ گۆڕینی هەموو شتێک لە ژیانی ئەووڵاتەدا . بەختەوەریت بەندە بەوەی کە متمانە بەخۆبوونت چەندە گەورەیە بۆ بەرپرسیارێتی ژیانت و ووڵاتەکەت . ئێوە هەرچیتان  بەسەردێت  خەتای خۆتانە ،  چونکە ناتوانن هەمیشە کاریگەری لەسەر ئەوە بکەیت کە بەسەرتاندا دێت چونکە ئێوە مرۆڤ گەلی پارە پەرست و لەرزۆکی دەسەڵاتدارن  ، بەڵام دواجار ئێوە  هەمیشە بەرپرسیاریتان هەیە  لەوەی چۆن کاردانەوە دەکەن  بەرامبەر ئەوەی بەسەرتاندا  دێت و چۆن نیشتمان و خەڵکەکە دەپارێزن ؟  کەواتە دڵنیابن لەوەی کە پاڵەوانی ژیانتان بن  نەک قوربانی دەستی دەسەڵات و کورسی و پارەی پیس و دزی و هەراجی ژێرخانی خاکەکەمان . 
 ئێمە گەلێکین مێژوویەکی زۆر ئاڵۆزمان هەیە ،  هەرگیز نەمان توانیووە  بچوکترین سود لە مێژووی لەخوێن هەڵکێشراومان ببینین .  هەمیشە  مرۆڤ گەلی چروکو ترسنۆکمان کردۆتە ڕابەری خۆمان  ، یان بۆیان کردووینەتە ڕابەرو  خەمی گەلێکیان کردۆتە سەر دەستیان . لەکاتێکدا ئەو کەسە لەرزۆکو بێ هزرو ترسنۆکانە  هیچ نەبوون و هیچ نین،  بەڵام هەر پێشرەوایەتی  گەلەکەمان دەکەن.
 کوردستان کونجی ئارامیمانە .نیشتمان حەرەمی نهێنی و ئاسودەیی و لانەی بەختەوەریمانە ، بەڵام ئێمە وەک دوژمن سەیری خاکو خۆڵ و خەڵکەکەی دەکەین  و نامانەوێت ئەو بەرپرسیارێتیە هەڵگرین کە نیشتمان   داوامان لێدەکات و  بەرەنگاری ئەو هەموو نەهامەتیە ببینەوە . 
ئێمە تاک بەتاکمان بەرپرسیارین لەو  بەدبەختیەی بەسەر گەلەکاماندا دێت .
 هەمیشە وا بیردەکەمەوە کە کەڵەشێرە بەزیوەکان  شادمانن بەخوێن لەبەرچووی ئەم خەڵکە داماوە ، بەڵام هەر ئەوان واتە سیاسیە بێهزرەکان تاوان بارنین ، ئێمەش بەشێکین لە قبوڵکەرانی ستەم و بۆردومان  وخاک سوتانمان ، ئەی ئەوە ئێمە نین کە شەو بەدیار درامای تورکێوە دەبەینەسەرو بەردەوام  خۆراکی ئێرانی تورکی دەئاخنینە ناو ورگی داماومان ؟ 
 کەواتە  ئەمە ستایشی درۆن و بۆردمانەکان  نەبێت چییە ؟
 بەئازارترین مردن بۆ زیندوو ئەوەیە ، کە پێش بینی مردن بکەیت . لەو هەرێمەی ئێمەدا  خەڵکی  بەهەموو شێوەیەک  دەمرن  کە دەکرێ  ئەو مردنە ڕاگیرێت ، بەردەوام   بەڕووداوی هاتووچۆ ، بەخۆراکی پیس و نەخۆشی کە بازرگانە بەدڕەوشتەکان  لە ڕێگەی ئێران و تورکیاوە دەیهێنن و دەرخواردی خەڵکی دەدەن ، نەخۆشی ترسناک و  درۆنی تورکی و بۆردمانی ئێرانی و  تیرۆرو ژن و کچ کوشتن و  سوتاندن و سوکایەتی مەلاکان بەژنان و کچانی نیشتمان .  دواجار ئێمە لەشوێنی خۆمان وەستاوین و ناتوانین بەرەو پێشەوە بڕۆین . هۆکارەکەشی دیارە ، ئەو دەسەڵاتەیە کە خۆیان تاک بەتاکیان لەبەر دەمی داگیرکەراندا وەک مشکی تاقیگان و ئەوانیش ئێمەیان کردۆتە مشکی تاقیگاکانی خۆیان . هەر بەڕاستی ئەم دەسەڵاتە نائومێدمان دەکات  و نائومێدی کردووین  هەربۆیە  سەدان مرۆڤی داماوی لەرزۆک جوێن بەنیشتمان و خاک دەدەن و بەئازایەتی  وێنەی دەکەن .
لەشەقامەکانی شارەکان دەڕوانی  هەزاران خەڵک لەجوڵەدایە ، دەشزانین هەناسەدان مانای زیندوێتی نییە . تەنها ئەوانەی لەژیاندان پرسیاری ئەوەدەکەن  کە ئەم  بۆردمان و ڕەشەکوژیەی داگیرکەران  دەبێت ڕاگیرێت .
 کورد تاخاوەنی  ئەم جۆرە لە دەسەڵات بێت  هەرگیز  ناتوانێت هێرشی پێچەوانە بکات  ، چونکە هیچ ئامانجێک لە ژیانی داهاتوودا  بوونی نییە. خوێنێکی بەهەدەر دراوی هەرزان ڕۆژانە  دەڕێژرێت ، ترسێک کە لەمردنەکە  خراپتر  دەووری داوین  ، ناتوانی دووکەس کۆکەیتەوە  هەمووی سەرگەرمی  سۆسیال مێدیایەو سوکایەتی بەیەک دەکەن ، هەواڵی مەمکدانێک  و قومارچیەک  و خۆراکێکی سەیران  زیاتر دەنگ دەداتەوە لە بۆردمانی  تاروماری تورک و ئێرانێکان . ئەم هەموو کەناڵە زۆڵە  کە زەهر ڕۆدەکەن ، خەمێکی تری پشت کردنەلە خاکو نیشتمان .
 دواجار شەڕ بەسەرکۆنەو واژۆ کۆکردنەوەو سکاڵا کردن  ناکرێ و کەس و هیچ دادگایەک  گوێ لەمرۆڤی لەرزۆک و خەڵکی داماو ناگرێت ،چونکە کەڵەشێرە بەزیوەکان لەبەردەمی مایکەکان و کەناڵەکاندا شتێک دەڵێن و لەبەردەمی داگیرکەرانیشدا لەژوورە داخراوەکاندا جۆرێکی تر خۆیان نمایش دەکەن ، هەر ئەم هۆکارەیە کە توکی فاشی و ئێرانی تاوان شوڵیان لێهەڵکێشاوە .
 فەرمان ڕەوای ڕاستە قینە ووڵات لەترس و خۆفدا ڕاناگرێت ، بەڵکو ترس و خۆف وڕەشەکوژی بەر پێدەگرێت ، کەڵەشێرە بەزیوەکانی ئێمە  ترس دەهێنن ، خێزان لەبەر یەک هەڵدەوەشێن و کردوویانە  ،تۆوی نیفاق و بێحورمەتی لەکەناڵەکانیانەوە بڵاو دەکەنەوە ،نیشتمان سوک دەکەن و حورمەت بۆ هیچ بەهایەک دانانێن ،مێژوو تێک و پێک دەدەن و سوکایەتی بە بەهاکان دەکەن .
بەراستی ئێوە ئەتانەوێت تاکەی ئەم کەڵەشێرە بەزیو تۆقیوانە حوکمتان بکەن.... !؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە