سمکۆ ئیسماعیلێکی بەئازار کۆچکردوو

Tuesday, 30/01/2024, 21:03


هاوڕێیانە ڕەفتار بکە  ئەودەم هاوڕیەتی  لەسەر ڕووی ژیانت ڕەنگ دەداتەوە،  دێتە یادم شەوێک  لەشەقامێکی شاردا  تەقە وەک برێشکە بەسەرماندا دەباری ، دەبوو شەقامەکە  جێبهێڵین،  ووتم سمکۆ  ئاگات لێم بێت  وادەڕۆم  ، ووتی بووەستە و  سمکۆ ڕۆی بەوردە تەقە کردن دوایی منیش ڕۆشتم  پاشان یەک لەدوایی یەک  شەقامەکەمان تەیکرد و تەقەکانی ئەوانمان بێدەنگترکرد ، تا تەقەوترس لەسەرمان نەما .   
   بۆ سبەینێ   کە زۆر دوورکەوتینەوە لەشار و لەگوندێکدا بەماڵە جوتیارەکاندا  دادەمەزراین تا نان بخۆین ، سمکۆ ووتی: پێکەوە دادەمەزرێین  ووتم نا  ،  ووتی بۆچی ؟
ووتم کارێکی خراپت کرد شەو ، من ویستم بڕۆم تۆ پێش من ڕۆشتی بەناو تەقەکاندا ، ترسام بکوژرێیت  . 
پێکەنی پاشان ووتی: ئاخر من ترسام نەتوانم لاشەکەت دەرکەم ، بەڵام  گومانم نەبوو کە تۆ لاشەکەم جێ ناهێڵیت . ئیتر لەو گفتوگۆیەوە  سمکۆ  نەک هەر هاوڕێ و خزم و  بەڵکو بوو بە بەشێک لە ڕۆحم .
 ژیان  لەگەڵ خۆیدا هەندێک چرکەسات دەهێنێت  کەتێیدا هەستکردن  بەکات نامێنێ . من و سمکۆ و ئازاد   ئیتر لەناو  پێکەنینی ڕووداوەکاندا وونبووین و هەموو ڕۆژێک  هەموو کاتێک و چرکەیەک  چیرۆکی پڕ کۆمێدیایی ڕۆژەکانمان دەگێڕایەوەو  دەسکەنەمان دەکرد  تاڕۆژگارێک بێت گەرماینەوە ببێتە هەوێنی  گێڕانەوە بۆمان . 
 کتێبەکەی بەحرعلوم و  چیرۆکی کیا پیاز و شەڵا نەتهێنایەو گۆرانی کەلسوم و کەوتن لەتولەڕێگاکانداو نانم نەخوارد دوای ساجێ گۆشت خواردن و قەپاڵی سەگێکی هاوشار هتد... بووە کەرەسەی  گێڕانەوەی هەموو ڕۆژێکمان . 
 ڕۆژێک لە جێگەیەک بووین پێڵاوە شەڕۆکەم دڕابوو  گوندێکی ئاوادان و قەرەباڵغ بوو ووتمان لێرە پینەدۆزی لێیە ؟  ناونیشانێکیان داینێ کە پیاوێک لەبن ئەو دارتووە  گەورەیەدا  هەموو کارێک دەکات  ، تفەنگ  چاک دەکاتەوە  دان دەردەهێنێ  دەستی شکاو  لەداردەگرێت ،کراسی دڕاو دوورمان دەکات هتد... ئێمەش چوین بۆلای  پیاوێکی جوان بوو سمێڵەکانی لە چاری چاپلن دەچوو ، ووتم  لالۆگیان ئەم شەوڕێیانەم بۆ چاک دەکەیتەوە  کە دڕاوە ؟  
سەیری کرد  تاوێک ئەم دیوو  ئەو دیووی کرد  پاشان ووتی : "هەموو عەقڵی خۆمی تیا  بەکار دەهێنم "   من و سمکۆ هێندە  پێکەنین ئاو لەچاومان هات .  ئیتر دوایی ئەوە هەرچیەک بوایە  دەمان ووت هەموو عەقڵی تیا بەکار دەهێنم . من زیاتر پێم دادەگرت و دەم ووت ئەنیشتاین  لەچاو ئەوپیاوەدا هەر هیچی نەزانیوە . پێڵاوەکەی چاک کرد بۆم  تا گوندی زارگەڵی چووین    بەرگەی نەگرت و خراپتر دڕا . سمکۆ ووتی ئەو عەقڵەی  نەخۆی..!    جوتێ پێڵاوم کڕی ، کە عەقڵی نەدەویست ، قاچم هەمووی ببوو بەتلۆق و خوێن  .
 تەواوی ژیانمان ، گەڕان و تەقەلامان بۆ سامان کۆکردنەوە ، بۆ دەسەڵات ، یان هەیبەت و ماڵی جوان و شیکی و جلوبەرگ ، هیچ نییە ، جگە لەگەڕانمان  بەدوایی کۆڵەکەو پشتیوانیدا  بۆ بەردەوام بوونی چیرۆکە خەیاڵییەکە کەلەژیان بەردەوام دەبین بێگرفت.  دەشزانین کە مردن لەڕێگەیەو  هەمووئەو شتانەی بەدەستی دەهێنین ،دواجار مردن وێرانی دەکات ، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بێ ئومێد نین و هەر هەڵپەمانە ، چونکە واهەست دەکەین  ڕەنگە هەموویان بمردن و ئێمە قوتار بین لەمردن .
ئەمە ڕاستیەکە  زۆر تاڵ، چونکە بەردەوام خەڵکی لەدەووروبەرت دەمرێت و تۆ ژیان دەکەیت و نابینی کە تۆ خۆت بمریت . لەهەمووی  سەرسوڕهێنەرتر ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ مردۆکاندا دەچین بۆ گۆڕستان وکە دووردەکەوینەوە ژیان دەست پێدەکەینەوە.     مەرگی سمکۆ پێی ووتم ئیتر ڕامەکە ئێمە پێشتر هەڵهاتبووین ، ئەوە ڕاکردنە لەگەنجینەی ڕۆح و زۆر دوور دەکەویتەوە .
ئەمجارە سمکۆ کۆمەڵی قسەی سەیری کرد ، بۆ وا زوو دەگەڕێتەوە ،ناکرێ گەشتی گەڕانەوەکەت دوابخەیت ؟
 من هەمیشە  ووتوومە کاتێک کە سمکۆم بینیوە گەلێ کاتم لەژیاندا  بە قۆشمە وەرم گرتووە و نەم زانیوە کە ئەمجارە سمکۆ لەگەڵ مردن شەڕدەکات  و من بەجدی وەرم نەگرت چونکە پێم وابوو  مرۆڤ لەدووجیهان پێک هاتووە ،جیهانی دەرەوە و جیهانی ناووەوە  بۆیە مرۆڤ بوونەوەرێکی دوولایەنەیە  ، هەم جەستەیەو هەم ڕۆحە .  من تەها جیهانی دەرەوەی ئەوم دەبینی .
 دەبینی جەستەیە لەگەڵتا پێدەکەنێت  و وانیشان دەدات هەمووشتێک  باشەو لەبەر دڵانە ،  ئەوە ڕۆحە شەڕدەکات بۆ ژیانی مانەوە ، بەڵام حەز ناکات باسی بکات ، نایەوێت تۆ بەلاوزی بیبینی ، ئەمە وادەکات  تۆش بەسانایی لەڕەفتارەکانی بڕوانی .
 هاوڕێیەتی بەهاداریشەو ئازار بەخشیشە ، هەم موعاناتەو هەم نەشئەبەخشە . مەرگی سمکۆ  زۆر ئازاری دام  چونکە  لەمەرگدا مرۆڤ هەست بەجۆرێک لەزەلیلی دەکات ، واهەست دەکات کە هەمووشتێک لەدەست دەدات ، هەر لێرەوەیە کەهەست بەئازار دەکەیت ، دەشزانی ساتی نەشئەو ژیان بەو درێژی و ئەو هەمووچیرۆکەی دەسکەنەت کردووە کەچی کورتە . نەشئە لەنەسیمێک دەچێت لەسەر لوتکە  دێت و دەڕوات دوای خۆی تۆ لە حاڵەتێکی سەراب ئاسادا جێدەهێڵێت .  ئێستا لەناو هزرمدا ئەلبومێک لەوێنەی سمکۆو ڕووداوەکان هەیە ، بەڵام گێڕانەوەیان  چ سودێکی هەیە  ، کەهاوڕێکەم  نەخەمەوە پێکەنین ؟ 
 ڕۆحت ئارام سمکۆی براو هاوڕێم  ،بەهیوام لەدنیاکەی تر درێژە بەدەسکەنەکردنی چیرۆکەکانمان بدەین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە