کەمپی مەخمور و بێدەنگی ئێمە لەداگیرکردنیدا

Saturday, 27/05/2023, 12:26


ئۆریانا فالاچی لە ڕۆمانی "نامەیەک بۆ ئەوکۆرپەیەی کەهەر لەدایک نەبوو" دەڵێت : یاسای زاڵمەکان تەنها یەک چاکەیان هەیە، ئەویش ئەوەیە تەنها بەشەڕو گیان فیداکردن، دەتوانیت بەرامبەریان بووەستیت، هەرکەس بەهێزترو دڵڕەقتربێت ئەوە دەیباتەوە.
مرۆڤ ئەوکاتە بێترس دەبێت کە بەقوڵترین ترسا گوزەرابێت، گەرچی نیشتمانی ئێمە نیشتمانی هەموو کوردێکە لەهەر جێگەیەکی ئەم دنیادا لەدایک بووبێت. کەمپی مەخمور جێگەیەکە بۆ خوشکو براکانی باکورمان، ئەو مرۆڤگەلەی کەلەستەمی فاشیەکانی تورکەوە ئاودیوی بەشە داگیرکراوەکەی نیشتمان بوون. ئەوان پێیان ووتین ئازایەتی تەنها بەشێکە لەترس، مرۆڤ چەند ئازابێت هەمیشە ترس لەپشتێوە بە شاراوەی هەیە، بۆیە لای هەموان دەبێت ڕوونبێت کە بێ ترس ئازایەتی هیچ نییە، کاتێک ترست نییە، هیچ پێویست ناکات ئازابیت. هەموو جەنگاوەرێک پێش ئەوەی بچێتە بەرەی جەنگ، بەترسا تێدەپەڕێت پاشان لەجەنگەکەدا بەئازایەتی خۆی دەپارێزێت و جەنگەکە دەباتەوە.

ئێمە بۆ وامان لێهاتووە؟

بەبەر چاومانەوە ڕۆژانە سوکایەتی بەبەشێک لەجەستەمان دەکرێت، کەچی لە کەسایەتی پەرشروبڵاوی خۆمان ناتوانین قوتاربین. مێژوو سەلماندوێتی بۆمان کە هەموو ئەوانەی ئامادەی مردنن ئەوانە بەنەمری لەدایک دەبنەوە. ئەو مرۆڤانەی کە نیشتمان جێناهێڵن، لەو درەختانە دەچن کە دەزانن ڕەگەکانیان هەڵکێشن لەخاک دەمردن، لەجێگەی تر ناتوانن ژیان بکەنەوە. هاوڕیەکم گێرایەوە کە دایکێکی باکور لە مەخمور بۆ ڕۆژنامە نوسێک قسەدەکات، کە ڕۆژنامە نوسەکە لێی دەپرسێت سەیرە لەناو ئەم دەشتە چۆڵەدا لەدەوروبەری ئێوە هیچ سەوزایی نییە دار نییە ؟ دایکەکەی باکور لەوەڵامدا دەڵێت، کاتێک من دەسنوێژ هەڵدەگرم، یان کە ئێمەدەسنوێژ هەڵدەگرین ئاوەکە فڕێ نادەین بۆ سەرشەقامەکە بەڵکو دەیکەینە ژێر درەختەکان، بۆیە کەمپی مەخمور سەوزایی زۆرە. ئاخر کەدایکت نەخۆش کەوت، شەرمە جێی بهێڵی و بڕۆی بەدوای دایکێکی تردا بگەڕێت.
 ئەوەی ئەمڕۆ سوپا لەرزۆکەکەی عێراق دەیکات بەرامبەر هۆردوگای مەخمور، سبەینێ لەهەولێرو سلێمانی و دهۆکیش هەمان شۆ دەکەن و داگیرمان دەکەن، ئێمە کە بێدەنگین لەو داگیرکاریە، مانای وانییە کە پارێزراوین و ئەو لەشکر کێشیە ناکرێتە سەر ئێمەش.
 ئەوەی سەمەرەیە لەو هەرێمە لاقەکراوەدا تەنها خەڵکەکە نییە، بەڵو ئەو سیاسیە کارتۆنانەن کە لەبەغدادی تاواندا موچە وەردەگرن لەسەر میلاکی گەلێکی ئەنفالکراو، ئێستا بەبەر چاوی زەقیانەوە هەمووڕۆژێک تارو مار دەکرێن و ئەوانیش نقەناکەن، وەک ئەوەی کوێرو کەڕ و لاڵبن. عەوامی خەڵکیش تەنها سەرگەرمی دراماو، پوچی ئەو مرۆڤە لەرزۆکانەن کە دەچنە سەرگۆڕێکی نەفرەتلێکراو، یان شەکرێک لەدەمی بۆگەنیان دەکرمێنن، مەلایەک قسەیەکی پوچ دەکات، سیاسیەکی مێشک پوت باسی قارەمانێتی خۆی دەکات و وەک دۆکیشۆت چیرۆکی پڕ مەهزەلەی شەڕمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئێمەش لەناو تۆڕی جەنجاڵی کۆمەڵایەتیدا نمایشی دەکەین. بەڵام کەسمان نایەین لەسەر لەشکر کێشی تورک و فارس و عەرەب قسەیەک بکەین، یان خوانەخواستە پەچەکردارێکمان هەبێت. بۆیە دووبارەی دەکەمەوە کە مشکی ناو تاقیگا زۆر بەنرخ ترە لە گەلێکی خەسیو کە هەموو ستەمێک قبوڵ بکات. 
 ماوەی هەفتەیەکە سوپا شەق وشڕەکەی عێراق چواردەوری کەمپی مەخموریان داوە، ئایا دەزانن لەشکری ٧٠ و ٨٠ و چەکدارەکانمان لە کوێن ؟ کاتێک وەک خەنجەری بەر پشتێنی کابرا بۆ لێقەومانە کەی هەڵگرتووە.
 تێگەیشتن لەم بابەتی بێدەنگیە، یان بێ هەڵوێستیە جێگەی سەر سوڕمان نییە لام، چونکە ئێمە لەدوای ئەنفالەکانەوە وا شکۆمان شکاوە کە هیچ ڕووداوێک ناتوانێت لەژێر چەترێکدا کۆمان کاتەوەو پەچەکردارێکمان هەبێت.
 زۆرێک لەخەڵکی وابیر دەکەنەوە کە هیچ نەکردن و نەووتن مانای سەلامەتیە، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە ٣٢ساڵە وەک گەڵای دار خەڵک مرداردەبێتەوە، نەخۆشی و داماوی و بۆردمان قات وقڕی بۆتە ناسنامەمان، بۆیە هیچ ڕووداوێک نابێتە ئەوەی بڵێن بەسە ئەم نادادپەروەری بەدڕەوشتیەی پێمان دەکەن.
 ئەوە ماوەی چەند ساڵێکە لەڕۆژئاڤا کورد دەکوژن تورک و داعش و ئیسلامی سیاسی و ئیخوانەکان وئەسەدی بەعسی، ماوەی چەندا ساڵێکە تورکی فاشی مۆڵگای سوپاکەی لەنیشتمانە کڵۆڵەکەمانە لەکوێدا بیانەوێت کورد دەکوژن لەئاسمان و زەوێوە، ئێران کەی پێ خۆش بێت تۆپ و ساروخەکانی تارو مارمان دەکات و ئێمەش حسێنی بۆدەکەینەوەو ستایشی ستەمەکەی دەکەن. ئێستادوای ڕوخانی بەعس و نەمانی پۆلیسێکی هاتوچۆی عێراق بەهەڵەداوان چوینە بەغدادی تاوان و دروستمان کردەوە دەوڵەتی خوێن، ئیتر ئەوانیش هێواش هێواش نیشتمان بەعەرەب دەکەن و پلایس و گاز دەنێرنە سەرتان و کەمپی مەخمورو خانەقین و شارەبان و کەرکوک و نیوەی هەولێرو دهۆک و سلێمانیش هێواش دەكڕن و ئێمەش بێدەنگین، چونکە شکۆی تاک بەتاکمان شکاوە. چ شانازیەکە  دانیشتوانی هۆردوگای مەخمور هەفتەیەکە بەجیهانی کەڕو کوێر دەڵێن مرۆڤ تەنها بوونەوەرێکی کەم و لاواز نییە، بەڵکو خاوەنی تواناو هێزێکە کەدەتوانێ ئازادی خۆی بەخوێنی خۆی بەرجەستە بکات. با بێدەنگ نەبیت لەو بەدڕەوشتی و لەشکرکێشیە، تا نەوەی داهاتوو شەرمان لێنەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە