کتێبی چیرۆکەکانی چیا

Sunday, 05/03/2023, 15:57


ئێسترێکی لەڕ،  پوشی  ناوکورتانی هاوڕێیەکی گیان لە دەستچوی دەخوارد...!

 زستانی ساڵی١٩٨٧ شەش پێشمەرگە بووین، گەڕاینەوە بۆ کارێک، دەبوو بەچیای کێلە شیندا هەزنێین و بچینە شاری شنۆ،  بەفر هەر دەباری چیاکان هەمووی سپی و بێگەرد بوون وخانوە خنجیلانەکان کە لەکۆڵیتی داماوی دروستکرابوون   بەفر دایپۆشیبوون  و بەرە بەرە هەموو شتێکی ناشرین لە ژێر ڕووپۆشێکی  جادویدا خۆی شاردەوە، ئێمە بەڕێوە بووین  هاوسەفەرەکانمان ڕەتڵێک پاسداری ڕیشدار و شڕو شێواو بوون، یەکی تفەنگێکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو ، ڕێکردن بەناو قەراغی چەمەکاندا باشتربوو، سەرما ئێمەی گرمۆڵە کردبوو، کەوێکی زۆر لەچیاکانەوە هاتبوونەخوارەوە لە قەراغی ڕووبارەکاندا چینەیان دەکرد  و ئێمە کە لێیان نزیک دەبووینەوە ئەوان چەند مەترێک هەڵدەفڕین، سەرماو بەفرەکە باڵندەکانیشی ناچارکردبوو بێن لەڕەشایی  گوێ ڕووبارەکەدا بەدوایی خۆراکەوە وێڵ بن.
 ئەو ئێوارەیە لەچەند ماڵۆچکەیەک  ماینەوە، من و کاوەی هاوڕێم لەگەڵ پاسدارێکدا لەماڵێک بووین بەر لەوەی تاریکی باڵ بەسەر ووڵاتدا بکێشێت، چەپکێک نان و پەنیری پێستەمان خوار بەچایەکی ڕەنگ زەردەوە، وەک لاشەیەکی بێگیان خەوبردینێوە لە دەوری ئەو زۆپا دارەی کەناڵەی دەهات، کاتێک بەئاگا هاتین  ڕووناک ببۆوە بەڵام بەفر هەر دەباری، پێدەچوو ئاسمان  کون بووبێت، د.شوان لەڕادوێی ئیسرائیلەوە  هەواڵی ئاوهەوای داینێ کە  چەند ڕۆژێکی تر هەر دەبارێت. ئێمە ماڵئاوایمان کردو بەرەو خواکورک بەڕێ کەوتین، ئێوارەبوو گەیشتین  وەک زۆربەی جارەکان دەچوینە بارەگاکانی پارتی گەل دەماینەوە، بەڵام ئەوان میوانێکی بێشوماریان هەبوو، کاک "ئازاد هەورامی " کە لەبارەگاکە بوو پێش ئێمە کە دەگەڕانەوە بۆ بادینان ووتی: خێمەیەک  هەڵدراوە هەرچۆنێک بێت لەوێ بن ئەم شەو.
ئێمە وامان کردو چوینە خێمەکە کە زۆر گەورەبوو لە قەراغی  ڕووبارەکە  هەڵدرابوو پڕبوو لەپیاوی پیر کە لە ئێرانەوە کۆکرابوونەوە بەنیازی شەڕکردن و بەشداریان لەشەڕی ئێران عێراقدا. شەوێکی سەیربوو ئێمە بەدوای جێگەیەکەوە بووین کە سەرما زەفەرمان پێی نەبات. پێشمەرگەیەکی پارتی  لەناو بەفردا سێ ڕۆژ مابۆوە، قاچی چەپی ڕەش ببۆوە  سبەینێ بەرەو ئێراین دەیان برد، یەکەمین جارم بوو ئاوا لەسروشت بڕوانم لەناو ئەو بەفرە زۆرەدا، سەرلەبەیانیان ڕەنگێکی پەمەیی و نیوەڕوان شین و ئێوارانیش وەنەوشەیی بوو هەربەڕاستی جیهان هەمووی لەناو ڕووناکیەکی سپی مانگ ئاسا دا خۆی دەنواند. کە لەخێمەکە هاتینەدەرەوە  بەدارێکەوە کە توێکڵەکەشیان کڕانبۆوە سێ هیستریان بەستبۆوە لەناو بەفرەکەدا، یەکێکیان گیانی دەرچووبوو بەڵام ڕەشمەکەی هەر بەدارەکەوەبوو دووهەمیان گیانی دەدا و کەوتۆ سەر زەویە سەهۆڵەکە  هێسترێکی لەڕوو لاوازیش خەریکی خواردنی پوشی ناو کورتانی هاورێ گیان لەدەسچوەکەی بوو. 
ئەو دیمەنە منی بردە ناو خەیالێکی سەیرەوە، یەکەمین جارم بوو کە بزانم لەناو گیاندارانیشدا  شەڕ هەیە بۆ مانەوە. پیاوێکی پیر لەمنی ڕوانی  بەپێکەنینێکی سەیرەوە ووتی : سەیری چی دەکەیت ؟ 
 من ووتم :هەر بەڕاستی من غەم و کەسەر بۆ ئادەمیزاد ناخۆم، ئێمە هەرچی بەسەرمان بێت شایستەین و خۆمان هەڵمان بژاردووە، بەڵام ئەم گیاندارە بەسزمانانە  تاوانیان چییە...!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە