چیرۆکەکانی شار " دوا وانە "

Thursday, 01/12/2022, 23:50


ئەو ڕۆژەی" سەدام" هات بۆ سلێمانی


زەنگی دواوانە لێیدا ، قوتابیەکان بەرەو پۆلەکانیان دەچنەوە . زەنگەکە درێژەی کێشا  فەڕاشە لوت زلەکە دەلێی ماخۆلانێتی زەنگەکە ناوەستێنێ ، قوتابێکان  بڕوایان وابوو کەفەڕاشەکە گوێی گرانبێت  بۆیە نایبڕێتەوە . شوان  پشتی بەدارئاڵاکەوە ناوەو دەستی ڕاستی لەناو قژە لوولەکەیدا دەگێڕێت و بیردەکاتەوە .لەبەرخۆیەوەدەڵێت: ئەمە دواپشووە دواوانەیە ، لەسیمایدا لەوە دەچوو کەکاپتن بێت و کەشتێکەی نقوم  بووبێت . لەدەرونیشدا بەختەوەرترین قوتابی قوتابخانەکەیە .  ئیدی بەرەو پۆلەکەی هەنگاوی نا و هۆشی هەر لای گەزۆ بوو ئەمڕۆی  بەساڵێک لێ گوزەرا. قوتابێکان سەرگەرمی وەرگرتنی  ئەنجامی تاقیکردنەوەی مێژووبوون . دەنگێک  ووتی :شوان ٨١ لەبەر خۆیەوە دوایی وەرگرتنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکە ووتی: ئەمەش بە گەزۆ دەڵێم . ماوەی ساڵێک و دوومانگە گەزۆی خۆشویستوە  بەڵام دوێنی ...ئا دوێنێ  هەمووشتێکی پێووت ،پێشتر لەسەیرکردن بترازێ  هیچ ڕووی نەدابوو ، بەڵام شوان جارناجار هۆنراوەی دەنوسی ، یان نامە پڕخەیاڵەکانی دەهۆنێوە و دوایش دەیخستە ناو تونی حەمامەکەی ماڵەوەیان تا ببنە پەپولەی ڕەش دوایی سوتانیان .
شوان لەسەر کورسیەکەی دانیشت کە لەڕیزی پشتەوەبوو  ، ئەمڕۆ حەوسەڵەی نەبوو لەگەڵ کەس قسە بکات. 
سەرپەرستکەر بەدەنگی بەرز ووتی :مامۆستا هات ، پۆل بێدەنگ بوو چونکە مامۆستا نەوزاد کە کوردی پێیان دەووت هەموو قوتابیەکان خۆشیان دەویست و هۆگری ببوون ، ئەو هاوڕێ یەکە بەیەکەیان بوو . 

هەستن ، ڕۆژتان باش .

مامۆستا دەرکی پۆلەکەی پێوەداو  ، بەرەوتەختە ڕەشيکە ڕۆی ...وانەی پێنجەم ، کوردی ، بەرواری  ٢٣. ٢. ١٩٨٣ .ئەمڕۆ ئاو هەوا خۆش بوو خۆر لەپەنجەرەکانەوە  هاتبونە ژوورەوەو ژوورەکەیان گەرم کردبۆوە ، گەرچی  هەندێک لە پەنجەرەکان لەبەر شکانیان بەکارتۆن گیرابوون  و ئازادیان لەخۆرەکە گرتبوو. دیواری ژووەکە  کەس نەی دەزانی کامە ڕەنگە چونکە چەند جارێک ئاگردانەکە گڕی گرتبوو ڕەشی دوکەڵ ڕەنگەکەی کاڵکردبۆوە و بنمیچەکەشی بۆرکردبوو . دیوارەکان و کورسێکانیش  کۆپلەی شعرو  وێنەو بەروارو کورتە نوسینی لەسەر کێشرابوو ، پێدەچوو  ساڵانێکی زۆر ئەمە  نۆژەن نەکرابێتەوە .
شوان خەریکی بیرکردنەوە بوو لە گەزۆ  لەبەرخۆیەوە دەیووت ئێستا چاوەڕێ دەکات . پەڕاو پەڕتوک لەسەر مێزەکە دانرا ، مامۆستا بەتیلەی چاو سەیری شوانی دەکرد چەند جارێک . مامۆستا بەهەڵەدا نەچووبوو دەیزانی شوان لەچ بارێکدایە ، لەڕاستیدا ئەوڕۆچونەی شوان ئەو قوڵبوونەوەیە ، لەوەپتر دەچوو تەنها بیرکردنەوە بێت .
وانەکە بەرەو تەواوبوون دەچوو ، مامۆستاووتی کێ داڕشتنی مانگی پێشوم پێدەڵێت ؟
مامۆستا ، مامۆستا ، مامۆستا  قوتابێکان دەستیان هەڵبڕیبوو .
قوتابیەک لەپێشەوە کە مامۆستا نەوزاد ووتی تۆ .
"لەهەندەران بەسەرهاتێک کلیلێکی ونووی گریاند، بەشوێن ئەودا نەگەڕان و بەزۆر دەرگای ساریان شکاند"
شوان گا سەیریبنمیچی ژوورەکەو گۆشەی ژوورەکان و  تەنەکەی خۆڵەکەو وێنە چڵکن و گومێشيکەی  سەرۆک و تەختە ڕەشيکەو  پاشانیش سەیری پێڵاوە بۆیاخکراوەکانی و  دوایش بەتیلەی چاو کاتژمێرەکەی دەستی . 
شوان ... بەڵێ مامۆستا  .. لەسەر تەختە ڕەشيکە نوسی    
"لەبێروتدا چەقۆیەک قوڕگێکی فڕاند، چونکە لەئاهەنگی ئەودا نەبووە هەسان " 
دوایش نوسی "لەچ نیشتمانێکدا  هەستکردن بەئازاری گیانی قەدەغەیە "؟  ئێوە کامەتان پێخۆشە دەتوانن  بینوسن  چونکە  ڕۆژنامەی سەردیوارەکە نوێ دەکەینەوە . ئەمەیە داڕشتنی ئەم جارەمان  وانەی داهاتوو نامەوێت کەس بیری چێت ، چونکە جگە لەنمرە کەلەسەرێتی  بیریش لەڕۆژنامەی سەردیوارەکە بکەنەوە . 
مامۆستا لە شوانی پرسی ،چییە درەنگە ؟ 
خەریک بوو بەمامۆستا بڵێت کە" بەڵێنی دڵدارانە بەدەست دڵدار نییە" لەوکاتەدا زەنگەکە لێیدا . لەپۆلەکە کەس لەجێگەی خۆی نەجوڵا لەدەرەوە دەنگە دەنگ دروست بوو .
شوان وانەی ڕابردوو داڕشتنەکەت بیرنەچێت ، بەڵێ بەچاوان مامۆستا .
قوتابێکان دەوری مامۆستا نەوزادیان دابوو بۆ پرسیارگەلی تر ئەو هاوڕێ خەمی هەموویان بوو .
شوان لەچاو تروکانێکدا باخچەی حەوشی قوتابخانەکەی جێهێشت و لەدەرگا گەورەکە چووەدەرەوە بۆسەر شەقامەکە  پەڕتوک و تیانوسەکانی کە بەلاستیکێک بەستبوو  لەبن هەنگڵی ناو  چەند کۆڵانێک وەک تانجی دوای نێچیر کەوتبێت  هەڵوڕەی دەکرد لەوێوە بۆشەقامە قیرەکەو پاشان بۆ ویزگەی پاسەکان لەبەردەم مزگەوتی گەورەکە ، لای شوان وابوو کە زۆربەی دڵدارەکان ئەمە جێگەی  یەکتر بینینیانە ، چونکە قەرەباڵغ بوو پاشانیش بۆزۆر گەڕەک لێرەوە پاسەکان دەڕۆی . 
شەقام قەرەباڵغ بوو ،ڕێبوارەکان شێوەهەڵهاتن دەڕۆشتن ،ڕەشمار ئاسا خشەیان دەهات ،ڕۆژێکی چەند سەیرە شوان وای ووت..! 
شوان چاوی لەو شەقامە نەدەتروکاند کە گەزۆ پیادەهات ، لەبەر خۆیەوە ووتی : گەزۆ ووتی: دێم مامای ئەوەیە دێت . 
سەیری خەڵکی دەکر سڵاو کردن و پرسیارو وەڵامەکنیش هەر بەڕۆشتنەوەیە ،کەسی وەستاوت نەدەبینی ، ئۆتۆمۆبیلە  ڕينگاوڕەنگەکانیش  بەناو یەکدا دەهاتن و یەکیان جێدەهێشت . 
شوان بەبەر دەم هەر دوکانێکدا بڕۆشتایە کە شوشەبەند بوایە سودی لێوەردەگرت و لەبەردەمیا دەوەستاو نیگای خۆی دەکرد و دەیووت چاک خۆم گۆڕیوە ..تۆچیت ؟
 گەیشتە ویزگەی پاسەکە ، وەک ڕۆژان نەبوو  ، کەم کەس وەستابوو ، لەخۆی پرسی  بڵێی درەنگ نەکەوتبم، ئەی بۆ نەهات...!؟
سەیری کاتژمێرەکەی دەستی کرد ..پاشان ووتی :  نا ، نا  ..تەواوە . لە پیاوێکی پرسی کاکە بەئەرک نەبێت  کاژمێر چەندە ؟ 
دەبێ زویر نەبووبێت، نا، لەچی زویربێت  ؟  قسەکانی ڕۆژی ڕابردووی وەک شریتی تۆمارکراو لێدایەوە .. نا باوەڕ ناکەم ئەی ناڵێن دڵ لەدڵ دەڕوانێت .
سەیرە بەردەم ویزگەی پاسەکە زیاترو زیاتر چۆڵ دەبوو  خەڵکەکە بڵاوەی دەکرد ، ئەمڕۆ دەرۆزەکەرو کوێرەکانی بەر مزگەوتەکەش دیاریان نییە . 
سەیری ئەوبەر شەقامەکەی کرد ڕێگەی هاتنی  گەزۆیە . لافیتەیەکی  پەڕۆی سەوزی بینی بە دیوارەکەوە  کە دوو کونی لەبەر ڕەشەبا تێکرابوو ، هێواش هێواش پەڕێوەو لەبەردەم لافیتەکەدا وەستا ، لەخۆی پرسی ئەی بۆ نەهات ؟ 
لافیتەکەی خوێندەوە  کە بەخەتێکی خۆش لێی نوسرابوو ....
"ووڵاتەکەمان وەک کەشتیەک وایە هەموومان تێیدا دەژین ، هەر لەبەر ئەوە کەسناتوانێت لەخۆیەوە کونی کات ،چونکە دەبێتە خنکاندی هەمووان "  سەرۆکی فەرماندە 
چەند جارێک خوێندیەوە ، تێنەدەگەشت کەچۆن کەشتیەک بەقەدەر ووڵاتێک دەبێت ، بڵێ لەوێش من و گەزۆ بکەنەناوکەشتێکە ... پێکەنی  ... سەری هەڵبڕی ڕیزێک سەرباز بەسەربانەکەوەبوون ..ئیتر پێی هەڵگرت بەرەو ماڵ ..لەخۆی دەپرسی چییە ؟ چی بووە ؟ وەڵامێکی نەبوو ، خێراتر پشتی کۆم کردبوو هەنگاوی دەنا ، گوێکانی قوڵاغ ببوو هادەنگی تەقە ئەم بێدەنگیەی  شڵەقاند ... زۆرخێرا شەقامە چۆڵ بوو ، ئەم شارە دەڵێ هەمووڕۆژێک ماراسۆن دەکات .  شوان ووتی دەڕۆم داڕشتنەکە دەنوسم  هەردووکیان دەنوسم .. چەقۆکەی قوڕگی فڕاند   و هەستکردن بەئازاری گیانی قەدەغەیە . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە