ستەم لەدەسەڵاتەوە شۆڕ دەبێتەوە

Friday, 30/09/2022, 22:40


ژینا "مەهسا" بڕیاری دابوو کە بمرێت ، تکایە ئیتر مەگرین ، ئەو مردنەی کەمەنکێشمان دەکات  بۆئەوەی لێوەی فێربین ، کەئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگایە .


ژینا کچێک پڕلە ئیرادە ، ژینا ویستی  لەمیانەی مەرگی خۆیەوە شتێکمان پێ بڵێت . ئەویش ئەوەیە  ئەگەر  دوای مردن ژیانێکی تر هەبێت... !؟ ئەوا ژینا بەختەوەرتر درێژە بەژیان دەدات .  خۆئەگەر ژیانێکی تریش نەبوو، لایەنی کەم  زەوی هەیەو  لەگۆڕستانی شارەجوانەکەی سەقزدا  بۆ هەتاهەتایە بەنەمری  تێدا غەرقی شادمانی دەبێت .
 زۆر مردن هەیە دوایی قسەمان بۆدەکەن . ئێمە زیاد لەپێویست لەمردن دەترسین ، وادەزانین کە خۆمان پاراست بێدەنگیمان هەڵبژارد ئیتر زیاتر دەژین ، بێئاگا لەوەی درەنگ یان زوو مەرگ دێت و دەمان پێچێتەوە .
ژینا لەمەملەکەتی  حیجاب و لەچک  بەبێ ئەوەی پلانی هەبێت یاخی بوو ، ئەو نمایشی پرچی  ڕەشی خۆی کرد بەشەقامەکانی تارانی تاواندا . پۆلیسی بێڕەوشت  ، بەناوێ ڕەوشتەوە ڕۆحی ژینایان کێشا ، ئیتر لەدوایی ئەم مردنە پڕ جوانییە ، ژینا  بووە سمبوڵی دژ بەحیجاب و لەچک . ئاخر مردنێک نەتوانێت قسەمان بۆ بکات ، ژیانی  مرۆڤەکەش هیچ نەبوە . ٣٠ساڵە  ژن لەباشور دەکوژرێت  ودەسوتێت و دەکوژن و ئاگرلەجەستەی بەردەدەن ، بەڵام  هیچیان نەیان توانی  ستەم تاوان بەرامبەر ژن  بوەستێنن . 
بیرمە کە دوعا بەردباران کرا ووتم: ئیتر ژن وکچانی نیشتمان  بەسەر پردی دوعادا ئازادانە دەپەڕنەوە . بەڵام دوعاو سەدانی تر و  هەزارانی تر  نەیان توانی هیچ بگۆڕن، چونکە مردنەکانیان  وەک ژیانەکانیان  سادەبوو .
 خەڵکی لەگەڵ ستەم و خوێن و نادادپەروەریدا  ڕاهاتوون و بۆیە لەنیشتمانە کڵۆڵەکەماندا بەردەوام دەسوتێن و  دەکوژن و بەگولەی پیاوە پوتەکان ڕۆحیان دەکێشرێت . لەکاتێکدا لەیەکێک لەو تفەنگە زۆڵانەوە نەتوانراوە  ئاراستەی مرۆڤێکی زۆڵ و خائین و خۆفرۆش بکرێت .
ڕووداوەکان  زۆر بەخێرایی ڕوودەدەن و بەردەوام گۆرانکاری بەسەر ژیان و خەڵکیدا دێت . وەک مارکس دەڵێت : "مرۆڤ بەنرخترین سەرمایەیە لەجیهان" بەڵام لەئێران و تورکیاو نیشتمانە  داگیرکراوەکەمان بێنرخترین  کاڵایە مرۆڤ ، ئەوەتانێ وەک شتگەلی زۆر بێنرخ هەموو سوکایەتیەکیان پێدەکرێت .
دواجار ژینا بوە بەخەوێکی ناخۆشی دەسەڵاتدارانی کۆماری  تاوان  لەئێران ،هەرئەوەنا  ژینا تێگەیشتنێکی باڵای دەوێت ، ئەویش مرۆڤ بوون و کورد بوونە ، کاتێک پۆلیسی بەڕەوشت  دەیگرن ، ژینا دەڵێت من  لێرە غەریبم و خەڵکی نیشتمانی کوردم و خۆم کوردم ، ئەوان ئیتر دەهری دەبن و لەسەر کورد بوونەکەی  هێرشی دەکەنەسەر ، دوایش دەڵێن پرچی  هەشيڕەشەبووە بۆ سەر سیستەمی ئیسلام و ڕۆحیان کێشاوە .دنیا سەیری هەوڵی  شکست خواردووی کۆماری تاوان  دەکەن و  ژینا پلە بەپلە  بەسەر پەیژەی نەمریدا سەردەکەوێت و دەبێتە ئەوەی پرچەکانی کۆمارێکی ٤٣ساڵی هەرەس پێبێنێت . ئەمەیە نەمری  هەتاهەتایی .
ئێمەی مرۆڤی کورد دەکرێ چێژ لەژیان بکەین ، دەکرێ بەژیان ئاسودەبین، دەشکرێ ببین بەبەشێک لەنهێنی  ئەم ژیان و کورد بوونەمان ،  کە مێژوومان پڕە لەتاوانی ئەم دراوسێ داگیرکەرە بەدانەوە ، کە هەرجارەو لەجێگەیەکەوە شاڵاومان بۆ دێنن و شەڵاڵی خوێنمان دەکەن .  بەڕاستی ژینا بووبەمەتەڵێکی ئاڵۆز بۆ ئیسلامی  سیاسی خۆفرۆش و دەولەتی شەریعەش دۆش داماوە لەئاستی  ئەم هەموو  ناڕەزایی  و هاوارە بۆ ژن ژیان ئازادی  دەوترێتەوە .
ژینا  بەکۆماری ئیسلامی تاوانی ووت : هەڵەن ژیان یەک ڕەنگ نییە ،  ژینا بەدونیایەک خەون‌و خولیاوە بۆ ژیانی دەڕوانی، دوو گرفت بەرۆکی ئەویان گرت، یەکەمیان دەیویست ژنێکی ئازادبێت‌و دووهەمیشیان کوردێکی ئازابێت، بەپێی پێوەری سیاسی‌و حوکمداری لەکۆماری تاواندا ، ئەو دووانەش لەقەدەغەکراوەکانن ، بۆیە ژینا بەهۆی ئازادی‌و  ئازاییەوە مرد کە کچێکی ئازاد و کوردێکی یاخی لەشەقامەکانی تارانی ئاخوندەکاندا. 
هەمووان دەزانین کاتێک مرۆڤ دەیەوێت ئازادبێت ، گرفتێکی زۆر دێتە سەر ڕێگەی ، هەربۆیە بەدەستهێنانی ئازادی  ئیرادەو خۆڕاگری دەوێت ،  کەسی ئازاو ئازادی خواز دەکرێت لەپێناو خەونی ئازادیدا بمرێت ، بەڵام دواجار  لەچکی سوتاو دەبێتە شتگەلی پوچ و دەچێتە زبڵخانەی  شەریعەتەوە . دەبێ لەوەبگەین کە ژینا لەپێناوی فڕێدانی لەچکدا  نەبوو    بەڵکو لەپێناو  ئازادیەکدا بوو کە ژینا هاندا  کە خەونی بەئازادیەوە دەبینی، یان هەوڵی ئازادبوونی دەدا، هەربۆیە  ئەو ڕیسکە گەورەیە بەژیانی خۆی بکات تا بەجیهان بڵێت : من مرۆڤێکی ئازادم  لەووڵاتێک دەژیم پرچەکانم لە بۆمبی ئەتۆمی ترسناکترە  ، ئێوە نایبینن  چۆن بەکێشم دەکەن  بۆ دادگای ڕەوشت ، ئەم بێڕەوشتانە ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە