بهرهو نووسینهوهی پێناسهیهک بۆجاش و کەواسوور(بەشی چوارەم کۆتایی)
Monday, 05/09/2022, 14:54
گەرچی ئەم بابەتە زۆر لەوە گەورەترە کە بەچەند ووتارێک کۆتایی پێ بێت ، بەڵام ناچارم بگەمەخاڵێک کە کۆتایی پێبێنم ، چونکە ئێمە گەلێکین ڕووداوەکان هێندە زۆرە نەک گوێ پێ نادەین بەڵکو لەدوای خۆمان جێی دەهێڵین تا خواچاکی دەکات ، یان لەدەیجورێکدا چاک دەبێت .
نیشتمانی کورد چواربەشە ، ڕەنگە لای زۆرمان پێنج بەش بێت بەکوردستانی سوری جارانیشەوە، یان لێرەو لەوێ دەیبینین و دەی بیستین کە کورد لەقەقاز ئەورپا ، ئەفگانستان ، یان لە جێگەکانی تردا هەیە و تابێت ژمارەمان لەهەڵچوندایە ، گەلێکین نیشتمانمان نییە ، بەڵام بەدوای هۆکاردا نەگەڕاوین بەڵکو تەنها وەک "پیرێژنی دۆڕژاو" هەر بۆڵەمان دێت .
مێژوو چیمان پێدەڵێت ...!
لەهەموو جیهاندا مرۆڤی لەرزۆک و نەفس نزم هەیە ،کەلەپێناوی بەرژەوەندی خۆیدا نیشتمان و گەل و خەڵکەکەی دەکاتە بەردەباز بۆ ئەوەی خۆی دەسکەوتێکی کاتی دەستکەوێت ... سەیرکەن کە چۆن بەریتانێکان ووڵاتێکی گەورەی وەک هندستان داگیر دەکەن بە٤٠٠٠ سەربازەوە !؟
خۆ ئەگەر جاشی هندی نەبوایە ئەوە محاڵ بوو هەموومرۆڤایەتی ئەوە دەزانن کە بە٤٠٠٠سەرباز تەنانەت شارێکیش ناتوانن داگیر بکەن. بەهەمان شێوە لەووڵاتانی ئەفەریقاشدا لەناو هۆزەکاندا جاش هەبووەو بۆیە زۆربەی ووڵاتانی ئەفەریقا کۆڵەنیارکراوە .
جاش لەباکوردا
کەبەشەگەورەکەی نیشتمانە لەڕێگەی ئیمارەت و میرە گەورەکانەوە کورد خەریکی خۆفرۆشی بووە ، گەر دورتر بڕۆین لەشەڕی چاڵدێرانەوە کورد سوتەمەنی ئەو شەڕانەبوەکە لەمابەینی عوسمانی سەفەویدا ڕووی داوە . بەڵام لەهەموویان خراپتر سوڵتان عەبدول حەمیدی دووهەم بووکە "سوارەی حەمیدی" دروستکرد لە ناوچەکانی ئەرزەرۆم موش ، ئامەد ، وان و ئەرزینکان و ڕۆحا و چەند جێگەی تر . کەبەم لەشکرە خۆفرۆشەی کورد کۆمەڵکوژی ئیزیدی و ئەرمەنێکانی پێکراو ئێستا گەلێک باجی ئەم مێژووە ڕەشە قێزەونە دەداتەوە .
سەمەرە لەوەدایە کە دوای سوڵتان حەمید، بەسوارەی حەمیدیان دەووت: حەشەرات و سوکایەتیان پێدەکردن . لەسەردەمی ئەتاتورکداو دوایی ڕوخانی ئیمپراتۆرە نەخۆشەکەی عوسمانی . چەند ناوێکی پیس چونە مێژووی گەلەکەمانەوە کە بونە مرۆڤی خائین و قێزەون "حەسەن خەیری و دیاب ئاغا "ی خۆفرۆش . بەتایبەتی حەسەن خەیری زۆر بەئاگایەوە گەورەترین فرسەتی مێژووی لەدەستی گەلەکەیداو دوایی وەک ڕسوایەک خۆشی لەداردرا چونکە خۆفرۆشێکەی بەجلی کوردێەوە بوو. لەسەر جل و بەرگی کوردی ئابڕووی مێژووی برد و ناردیان بۆ جەهەندەم ... بەڵام کوا کەی کورد وانە لەمێژووی خۆی وەردەگرێت ؟
لەڕۆحی ئەم مرۆڤە پیسەدا "تەها یاسین ڕەمەزان " تەهاجەزراوی کە لەجەرزیرەی بۆتانەوە هاتبوون یەکەمین خائین بوو لەناوڕژێمی بەعسدا نیشتمانی کوردی تەعریبکرد و تالەداردرا هەر دژی گەلەکەی بوو. لەباکوردا هەندێک مرۆڤی کوردی خۆفرۆش هەبوو لەتورکەکان خراپتربوون کە دەیان ووت : یەک تورکیا، یەک نەتەوە ،یەک ئاڵا ، هەمووشیان وەک خۆفرۆش لەناو مێژوودا ڕۆچوون . بەئێستاشەوە دوایی بانگەوازی شۆڕشی چەکداری پارتی کرێکاران دیسان ڕژێمی تورکیا "قروجی " واتە پارێزەری گوندیان دروستکرد ،گەرچی خەڵکی بەجەردەوان پێناسەی دەکەن ، ئێستا ژمارەیان زۆرە زیاترە لە ٨٠٠٠٠ لەباکوردا .
جاش لەڕۆژهەڵاتدا
لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی شا لە ئێران و لەڕۆژهەڵاتدا جاش کە جاران لەڕێگەی دەزگا بەدناوەکەی ساواکەوە کاریان دەکرد کە هەزاران مرۆڤی لەرزۆک ببونە ئەندام و کاری سیخوڕیان بەسەر گەلەکەیانەوە دەکرد ، بەڵام دوای بەئاشکرا بونە جاشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەنمونەی "ئەحمەد موفتی زادە" و سلێمانی شەریف زادە جاش پێشمەرگەی ئیسلامیان دروست کردو دەستیان کرد بە پاکردنەوەی نیشتمان. سەدان نمونە لە جاش لەشارەکانی بانەو مەریوان سنەو سەردەشت و مهاباد و ئورمێ بونیان هەیە لەڕێگەی ئاغاو دەرەبەگ و مرۆڤی لەرزۆکەوە کە نەبەهای خۆیان دەزانن نەهینی نیشتمان . لەسەردەمی شادا عەقڵێتی جاش لەڕێگەی نوسەرو خۆفرۆشانەوە بڵاو دەکرایەوە بۆ نمونە "ڕەشید یاسەمی: کوردێکی خۆفرۆشی شاپەرست بوو کتێبی دەنوسی و دەیووت کورد نەتەوە نییە ... رەشید یاسەمی ئیران وەک ناوەندی نژادی کورد پێناسە دەکات و دەنووسێت کورد یەکێک لە چڵ و پۆی دارەپیرە و لەسەرپێی نژادی ئێرانییە.
باشورو جاشایەتی
لەکاتی شۆڕشی شیخ مەحمودا لەدژی ئنگلیزەکان لەڕێگەی ئەفسەرێکی بەریتانێوە بەناوی "لۆنگ ڕینگ" دەستی کرد بەگرتنی "جاش پۆلیس" ئەم جاش پۆلیسانە ڕاوەدووی شۆشگێڕەکانیان دەکرد لەگەڵ جاش پۆلیسە هندێکاندا کە نیشتمانی خۆیان هەراج کردبوو . دواتر لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا لەکاتی گفتوگۆی کوردو بەعس لەساڵی ١٩٧٠دا جاشەکان کە دەستە بژێری بەعس بوون و لەساڵی ١٩٦٣وە تۆوی نیشتمان فرۆشیان چاندبوو هەڵوەشانەوە ، هەڵەکە لێرەوە سەرچاوەی گرت و ئەوانە نەک دادگای نەکران بەڵکو وەک پێشمەرگە لەڕیزی چەکداراندا وەرگیران بێئەوەی لەگوڵ کاڵتریان پێبڵێن . ئیتر کەلتوری جاشایەتی و پاشایەتی بووە کەلتورێکی قێزەون و ڕۆچوە ناو ژیانی خەڵکی ، هەر ئاغایەک کوێخایەک پیاوکوژێک ترسنۆکێک شتێکی لێدەقەوما دەبوە جاش و دەگەڕایەوە باوەشەگەرمەکەی ڕژێم .
لەدوایی ئاشبەتاڵ و دروستبونەوەی شۆڕشی نوێ دیاردەیەکی ترسناک لە ئاستی جاشایەتیدا سەری هەڵدا ئەویش جاشەکان بوون کە سەنگەریان تەنها لەهێزێکی دیاری کراو گرتبوو . نمونە زۆرەو دوای ڕاپەڕین ئەم دیاردەیەزیاتر زەق بۆوە . لەکاتێکدا کە فەوجی جاشەکان کرایەوە کە بەردەوام لەهەڵکشاندابوو بێ لەجاسوس، سەرباز ، سیخوڕ، فایلدار ٤٠٤ فەوجی جاش هەبوو زیاتر لە ٤٠٠٠٠٠جاش هەبوو لەکاتێکدا بەهەموو پارتەکان ١٠٠٠٠ پێشمەرگەبوونی نەبوو ، واتە هەر پێشمەرگەیەک زیاتر لە ٤٥ تا ٥٠ جاشی بەردەکەوت کە شەڕی لەگەڵدا بکات . لەو سەردەمەدا لێکۆڵینەوە لەسنورێکی کەمدا دەکرا بیرمە "نەوشیروان مستەفا " لەچەند بەرگێکی کۆمەڵەدا لێکۆڵینەوەیەکی چڕو پڕی لەسەر ئەفواجی خەفیفە کردبوو ، بەڵام کتێبێک لەلایەن مامۆستا ئەمین قەڵادزێی نوسرا لەژێر ناوی "سێکوچکەی بەعس " تەبعیس ، تەعریب ، تەهجیر " ئەوە هێندە کتێبێکی چاک و ووردبوو یەکەمین جار بیرمە کە ئەو کتێبەم خوێندەوە زانیم بەعس چەنێک دڕندەیە ، مامۆستا ئەمین بەرپرسی کەرتی ڕێخستنی قەڵادزێ بوو ، پیاوێکی هێمن ، نازانم ئێستا ئەو جوامێرە کەوتۆتە کوێ ؟ بەڵام دەزانم مێژووی ترسناکی بەعسی پێ ناساندین ، هیوادارم ئەوکتێبە جارێکی تر بخوێنمەوە ،چونکە کۆنفیشۆز دەڵێت: بۆ سەرکەوتن لەشەڕداسەرەتا ناساندنی دوژمن گرنگە تا شەڕەکە ببەیتەوە . قسەیەکی تاڵەبانی هەیە زۆر بێمانایە بەڵام لەهەمان کاتدا زۆر بەماناشە و دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکەین کە ووتی :
'تا پێشمەرگە هەبێت ، جاشیش دەبێت " .
دوایی ئەم قسەیە دەچینە ڕۆژئاڤا
لە ڕۆژئاڤادا جاش نەبووە چونکە شەڕی چەکداری تێدا نەکراوە ، ئەو کوردانەی خزمەتیان بەڕژێمەکەی ئەسەد کردوە زیاتریان لەناو سوپادابوون یان سیخوڕیان بەسەرگەلی خۆیانەوە کردوە .
ئێستاش کەلە ڕۆژ ئاڤا هێزی چەکداری تێدایە شەڕڤان هەیە لەو بەشەدا . ئەوەتانێ لەڕێگەی تورک و سوریاو خۆفرۆشانی تری کوردەوە لەشکرێکی تەیاری جاش و ڕاهێنراو پێکراویان ئاماداکردوە ، بۆ هەر ئەگەرێک بڕۆنەوەو لەوێش خۆفرۆشان رۆژئاڤا وەک هەرێمی باشور لێبکەن و ژن کوشتن و ئاودیوکردن و سواڵ و سەلەفی و جیهادی ئیخوانی و مزگەوت بکەنە هێرشکردن بۆسەر بەهاکان و نیشتمان و پیرۆزێکان سوک بکەن لەڕێگەی مەلا خۆفرۆشەکانەوە لەبەرگی ئاین و جاشێتیەکی ترسناکدا، تیرۆر بکەنە ئەو یادگاریەی کە نیشتمان و گەل دەکاتە مرۆڤگەلی لەرزۆک و شکۆ شکاو وەک لەباشور ئەمڕۆکە دەیبینین .
سێ نموونەی زیندوو هەیە لە جیهاندا لەسێ گەلی جیاواز لەکەلتورو ئاین و تەنانەت کیشۆری جیاوازیش ئەوانیش نەرویج ، جەزائیر ، ڤێتنامن . کە لەو ووڵاتانەدا دوای رزگاربونیان چۆن بەرخوردیان لەگەڵ خۆفرۆش و جاشدا کردوە ؟ کە چارەنوسی جاش و خزمەتکارانی داگیرکەران چۆن دادگایی کراون ؟
نەرویج
لەسەدەی ١٩وە لەنەرویج بزوتنەوەیەک سەری هەڵدا بەناوی بزووتنەوەی خۆشەویستیی نیشتمان. بەشێکی گرنگ لەم بزووتنەوەیە لەسەر کاراکتەری نیشتمانی و گەورەکردنەوە و ڕازاندنەوەی ئەم کاراکتەرە جەختی دەکرد. لە نەرویژ، زیاتر تەئکید لەسەر جوانیی سروشتی نیشتمان بوو. کۆمەڵگای جووتیاران وەکوو «نموونەی نەرویژیبوون» سەیر دەکران ، بۆیە کاتێک نازێکان نەرویجیان داگیرکرد و ئەو نەرویجێانەی هاوکاری نازێکانیان کرد لەدوایی تەواو بونی شەڕو نەمانی نازێکان ئەو مرۆڤانە هەموویان ڕسواکران تەنانەت ژن و کچەکان سەریان دەتاشین تا لەناو خەڵکدا بناسرێنەوە ، ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو خێزانانەی کە پاشماوەیان ماوە هاوکاری سوپای نازیان کردوە هەر بەچاوی سوک سەیریان دەکرێت ، لەڕۆمانی "نهێنی یاری کاغەز"دا یوستاین گاردەر جوان چیرۆکی ئەوسەردەمەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە چۆن خۆفرۆشانی نەرویجی سەریان پاک دەتاشین بەنێرومێوە تالەناو خەڵکیدا بناسرێنەوە کە نیشتمان هەراج کردن باجی دەوێت .
بیلی قەرە : لەوکاتەی سەربازێکی ئەڵمانی بەپاسکیلەوە لەوڕێگەیەوە دێتەخوارەوە
جەزائیر
شۆڕشێک بەخوێنی یەک ملیۆن شەهید
ڕوداوەکان لەساڵی ١٩٥٧وە تاڕزگاریو دروستبوونی کۆماری جەزائیر لەساڵی ١٩٦٢ دوایی ڕاپرسی بەڵام ئەمەکۆتایی نەبوو یەکێک لەسەرکردەکان "محەمەد خزر" بە١٢ملیۆن دۆلارەوە ڕایکرد بۆ ووڵاتی سویسرا و لەساڵی ١٩٦٧ لەمەدرید لەئیسپانیا تیرۆرکرا . دواتر "محەمد بوچیا" وەک خائینێک حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو بەڵام لەژێر کاریگەری فشاری نێودەوڵەتی حوکمەکەکەی گۆڕا ...دواترشەڕو ناخۆشی لەنێوان دووسەرکردە ئەحمەد بن بلەو هەواری بومیدیان " ڕویداو ئەحمەد بوو بەسەرۆکی جەزائیر بەڵام هەواری بومیدیان کودەتای بەسەرداکرد، خۆزگە هەموو تاکێکی کورد ڕۆمانی "بیری لەش"ی ئەحلام موستەغانی دەخوێندەوە ، بیزانیایە کە ئێمەش چەنێک لەوان دەچین ؟ هەموو ئەوانەی هەوادارو جاشی فەڕەنسێکان بوون لەدوای سەرکەوتنی شۆڕش لە نیشتمان دەرکران و ڕەوانەی فەڕەنسا کران ، گەرچی ئەمەبووە مایەی سەرئێشەو کێشەیەکی گەورەبوو کە فەڕەنساویەکان نەیان دەزانی چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکات ؟ بەڵام دوای ئەوانە توالێت وشەقامەکانیان پێ پاک دەکردنەوەو بەچاوی سوکەوە سەیردەکران .
ڤێتنام
گەلی ڤێتنام لەدوو گەورەترین جەنگی مێژوویی ڕووبەڕووی فەڕەنسا و دواتر ئەمریکا بوونەوە و کۆڵیان نەدا و سەرکەوتن لە ساڵێ (1946_1954) لەماوەی هەشت ساڵدا دژی داگیرکاری فەڕەنسیەکان جەنگان و سەرکەوتن، بەڵام ئەمەریکییەکان لەساڵی (1955_1975) ماوەی بیست ساڵ شەڕی لەگەڵ ڤێتنامیەکاندا کرد و ڤێتنامییەکان بەسەرکردایەتی هۆشی منین ڕووبەڕووی داگیرکاری ئەمریکیەکان بوونەوەو لەو جەنگە خوێناویەشدا سەرکەوتن
نهێنی سەرکەوتنەکەیان وەک پاڵەوانی مێژوویی گەلی ڤێتنامیەکان ووتویەتی (نیشتمانپەروەری) بووە نەک شتێکی تر.
لەدوای ئازادبوونی گەلی ڤێتنام لە جەنگ دژ بەئەمریکییەکان، هۆشێ مین ڕێبەر و سەرکردەی گەلی ڤێتنام بڕیارێکی دەرکردوو گوتی:
هەموو ئەو خۆفرۆش و خاکفرۆشانەی لە ڕۆژە سەختەکاندا چونە پاڵ دوژمن و خیانەتیان لە گەل و نیشتیمانەکەی خۆیان کرد بیانکوژن و تەرمەکانیشیان بخەنە ناو ڕوبارەوە گوناه و تاوانەکەش بخەنە ئەستۆی منمن ناتوانم هەرگیز لەو کەسانە ببورم کە ئێمە لەناو قوڕ و چڵپاو و کێوەکاندا بەرگریمان دەکرد لە دژی داگیرکەردا، ئەوانیش لەپاڵ ئەمریکای دژ بەخوشک و براکانیان چەکیان هەڵگرتبوو دەیانکوشتین
ئەو نیشتیمانە هی ئەوانەیە کە ئامادەبوون لەپێناویدا گیانیان ببەخشن، نەک هی کەسانی سوک و خۆفرۆش کە لەپێناو حەوانەوەو ژەمێک ناندا ئێمە و نیشتیمانیان هەراج دەکرد، ئەو نیشتیمانە بۆ خۆفرۆشان تەنانەت گۆڕستانیش جێگەی بۆ خۆفرۆشان نییە، هەربۆیە ئەو خائینانە بخەنە ڕوبارەکانەوە باببنە خواردنی قرشەکان و بەرنەفرەت بکەون و تۆوی خیانەت بنبڕبکەین و مێژووی شکۆو کەرامەت و سەرکەوتن بنوسینەوە.
هەندێ سەرچاوە دەڵێت ئەو ڤێتنامانەی تر کە سزای کوشتنیان بەسەردا نەدرا چوونە وولاتانی تر و کاتێک کاریان دەکرد دەبوو باج بدەن بەنیشتمان و پارە بنێرنەوە تانیشتمان دروست بکەن .
ئێمە چۆن بەرخورد لەگەڵ خائیناندا دەکەین ؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە هەمیشە دەمان باتەوە ناو ئەو تونێلەداخراوەی کە بێهیوای دەبێتە مایەی داماویمان ، بۆیە شەرم نییە کە مرۆڤی کورد خۆی بفرۆشێت و خەریکە لەگەڵ ئەم کەلتورەدا وا ڕادێین کە بڵێین ئێمە بۆ خۆفرۆشی دێنە دنیاوە . بیرمە ساڵی ١٩٨٠کان کوردێک وەزارەتێکی لەبەغدادا تەقانەوە ، کوردێکی ئیسلامی جاش بوو ، بەڵام وەک تڕی بن گۆم ڕۆی بۆجەهەندەم . سەیری هەموو سوپای ئێران سوریا ، تورکیا عێراق بکە هەموو جەنەڕاڵەکان کوردن ، تەنانەت ئەوەی سوپای عێراقی دروستکرد کوردبوو ئەمە لوتکەی خۆفرۆشی نەبێت چیییە؟
بەڕاستی زۆر حەزدەکەم جارێکی تر ئاماژە بەقسەیەکی سەمەدی بێهرەنگی بدەم کە دەڵێت : دکتۆرەکان بۆئەوەی نەخۆشێک چارەسەرکەن ، سەرەتا بەدوایی میکرۆبی نەخۆشێکەدا دەگەڕێن " ئێمەش هۆکاری ئەوپاشاگەردانیە میکرۆکەی ناو خۆمانە ، کە خۆفرۆشان و یەک نەگرتمانە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست